سەرکۆ یونس: 2020 ساڵى بێ بودجە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆتاییەکانى ساڵى (2019) لە عێراق دا بەو پەڕى نائارامى و ناسەقامگیرى سیاسى و ئابورى گوزەرى کرد، کە تێدا کابینەکەى دکتۆر عبدالمهدى دەستى پێ لەکارکێشرایەوە و حکومەتەکەى بووبە کاربەڕێکەر و لەچاوەڕوانى ڕێکەوتنى لایەنەکان و شەقامدا بۆ کاندیدکردنى کەسێک، کە مەرجى هەمووى لایەکى تێدا بێت عێراق بەم بارودۆخەوە پێ ى خستە ناو ساڵى (2020) ەوە، هەموو لایەک بەگشتى و کورد بەتایبەتى ئومێدى زۆرى بەم کابینەیە هەبوو و تاڕادەیەکى باش بەرەوپێشچوون و لەیەک گەشتن هەبوو لەنێوان هەولێرو بەغدا بەتایبەت لەڕووى کێشەکانى نەوت و باجى گومرگى و پرۆژە یاسای بودجەى گشتى عێراقەوە بۆ ساڵى دارایى (2020).
کابینە دەست لەکارکێشراوەکەى دکتۆر عبدالمهدى لەکۆتاى ساڵى ڕابردودا توانى ڕەشنوسى پرۆژەى بودجە لە ئەنجومەنى وەزیران پەسەند بکات و ئامادەبوو بینێرنە پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردن و پەسەندکردنى. بەڵام بەهۆى ئەو ڕووداوانەى، کە لە کۆتاییەکانى ساڵى ڕابردو ڕوویاندا، کە زیاتر بەهۆى داواکارى خۆپیشاندەران و ڕێکنەکەوتن لەسەر کەسێک، کە پەسەندى مەرجەعیەت و شەقام و لایەنە سیاسیەکان بێت و ناکۆکى ئەمەریکا و ئێران و کوژرانى قاسم سلێمانى و ئەبومەهدى موهەندیس نەتوانرا پرۆژەکە بنێرێتە پەرلەمان هەرچەندە ناردنى پرۆژەى یاساى بودجە بۆ پەرلەمان ئەم کابینە کاربەڕێکەرە دەیتوانى بیکات چونکە ئەنجومەنى وەزیران چەند ڕۆژ پێش دەست لەکارکێشانەوە پرۆژەکەیان پەسەند کرد بوو.
بەپێ ى سەرچاوە حکومیەکان بودجەى گشتى عێراق بۆ ساڵى دارایى (2020) بڕەکەى لە نێوان (140 بۆ 145) ترلیۆن دینار دەبێت واتە نزیکەى (135) ملیار دۆلار، وە کورتهێنانى پێشبینى کراو بە نزیکەى (40) ترلیۆن دینار دادەنرێت واتە نزیکەى (32) ملیار دۆلار، بۆ دابین کردنى ئەم بودجەیە حکومەت پشتى بەستوە بە (%93) داهاتى نەوتى فرۆشراو.کە پێویستە ڕۆژانە عێراق بڕى (3.800) سێ ملیۆن و هەشت هەزار بەرمیل ڕەوانە بکات و بەشى هەرێم لەو ڕێژەیە (250) دوو سەد و پەنجا هەزار بەرمیل بێت ڕۆژانە لەڕێگەى سۆمۆوە ڕەوانە بکرێت. نرخى نەوتیش بۆ هەر بەرمیلێک بە (53) دۆلار دانراوە.
بەڵام ئەوەى تێبینى دەکرێت و مەترسى یە بۆ حکومەت و دەوڵەتى عێراق ئەگەرێکى زۆر هەیە ساڵى (2020) عێراق پرۆژە یاساى بودجەى نەبێت و کاروچالاکى پرۆژە ئابورى و خزمەتگوزارى و بازرگانى و وەبەرهێنان لەم ساڵەدا نەبێت و تەنها حکومەت دەتوانێت بەپێ ى یاساى بودجەى (2019) کار بکات واتە یەک لەسەر دوازدەى بودجەى گشتى بەو مانایە حکومەتى عێراق جگە لە خەرجیە ئاساییەکانى وەک مووچە ناتوانێت دەست بخاتە ناو بودجەى گشتیەوە یان حکومەت دەتوانێت بەشێوەى قەرز لە بودجەى گشتى پارە خەرج بکات بۆ پرۆژە پێویستیەکان و مووچە هەتا ئەو کاتەى بودجەکە لەپەرلەمان پەسەند دەکرێت .
لەلایەکى تریشەوە گومان لەوە دەکرێت کە دکتۆر عبدول مەهدى نایەوێ ڕەشنووسى بودجەکە بنرێتە پەرلەمان بە هەموو ئەو کەموکوڕیانەوە کە لە بودجەکەدا هەیە بەگشتى و بەتایبەت ئەو کورتهێنانە زۆرەى کە بەنزیکەى (40 بۆ 48) ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە لەبەرئەوە سەرۆک وەزیران نایەوێ ئەم مەترسیە بیخاتە سەر شانى خۆى هەر بۆیە دواى خستوە بۆ کابینەى نوێ. ئەمە لە کاتێکدا عێراق (127) ملیار دۆلار قەرزارى دەرەوەیە و ناتوانرێت لە پرۆژە یاساى بودجەدا جێگەى بکرێتەوە و بارگرانیەکى گەورەیە بەسەر دارایى و ئابورى عێراقەوە ئەگەر هەوڵى دانەوەى نەدرێت ئەوا ساڵانە بەهۆى زیادبونى سوودى قەرزەکەوە بڕەکە گەورەتر دەبێت و بارگرانیەکە قورستر دەبێت.
هەر بۆیە پێشبینى دەکرێت عێراق خراپترین بودجەى هەبێت و ساڵێکى مەترسیدار دەبێت بۆ سەرجەم عێراقییەکان و، چونکە لەلایەک دەنگى نارەزایى شەقام هێشتا وەڵامنەدراوەتەوە و کابینەى نوێ پێکنەهێنراوە و فەوزایەکى سیاسى و ئابورى دەگوزەرێت لەعێراقدا دەنگى میلیشیا زاڵتر بەسەر دەنگى حکومەتەوە و لەبەر ئەم هۆکارانە و چەندینى تر بەهیچ شێوەیەک پێشبینى باش بەدى ناکرێت لەڕووى داراییەوە بۆ عێراقى ئایندە.

*ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت