ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: كورد له‌به‌رده‌م كاریگه‌رییه‌كانی شەری دەروونیدا.
جه‌نگ كاره‌ساتێكه هه‌موو بنه‌ماكانی ئاوه‌دانی و ئابووری و په‌روه‌رده و كۆمه‌ڵایه‌تی و… هتد، له‌به‌ین ده‌بات. هه‌ر لەسەرەتای دروست بوونی مرۆڤەوە شەڕ و كێشه و ململانێ لەنێوان مرۆڤەکاندا هەبووە، بەهۆی هەستی خۆپەرستی و بەرژەوەندخوازی تاکلایەنەی مرۆڤ، بۆ خۆ پاراستنیان پەنایان بۆ شەڕ بردووه، لەگەڵ ڕكابه‌ر و بەرژەوەندپەرستەکانی تر، هه‌ریه‌ك له لایه‌نه‌كانی جه‌نگ هه‌موو كارێك ده‌كه‌ن بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ردا، سه‌ره‌ڕای به‌كارهێنانی هێزی زۆر و سوپای مه‌شق پێ كرا‌و، فێڵ و ده‌هۆی جه‌نگیش به‌كارهێنراوه، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی ژیان لایه‌نی جه‌نگیش پێشكه‌وتووه و جگه‌له هێز لایه‌نی تریان به‌كارهێناوه، وه‌ك گوشاری ناوه‌كی و جه‌نگی ده‌روونی، بۆ له‌به‌ین بردن و ڕووخانی وره‌ی هێزی دوژمن له ناوه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته سه‌ره‌تای جه‌نگی ده‌روونی له‌لایه‌ن چینیه كۆنه‌كان سه‌ری هه‌ڵداوه و دواتر گرنگی زیاتر به‌م لایه‌نه‌ی شه‌ڕ دراوه و له‌لایه‌ن هیندییه‌كان په‌ره‌ی پێدراوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و كاته شێوازێكی سه‌ره‌تایی هه‌بووبێت، به‌هۆی دۆست و سیخوڕه‌كانیان له‌ناوه‌وه‌ی دوژمنه‌وه كاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی داناوه، له شێوه‌ی ترس و له‌رز خستنه دڵی دوژمنه‌وه، دڵه‌ڕاوكێ و فیتنه‌یی و نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی له‌ناو دوژمن، به‌تایبه‌ت به‌رزه‌فت كردن و كڕینی كه‌سانی لاواز له ناو سه‌ركرده‌كانیان، زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ ئه‌مانه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌كارهێناوه، ته‌نانه‌ت ئه‌مه له‌كۆندا له‌ناو كۆمه‌ڵگای كوردیش هه‌بووه، له چاره‌كی یه‌كه‌می هه‌زاره‌ی دووه‌می پێش زایین، له‌كاتی شه‌ڕی هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتداری كورد، شانشینی توروككی و گوتیه‌كان شه‌ڕی ده‌روونیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌كارهێناوه، بۆ نموونه: كاتی (شێپڕاتۆ) یه‌كێك لهپاشایانی توروككی نامه بۆ (كوواری) فه‌رمانڕه‌وای شمشاره ده‌نێرێت، سه‌ره‌ڕای هاندانی دژی گوتیه‌كان، باسی ئه‌وه ده‌كات یه‌كێك له‌ناو شاری گوتیه‌كان هه‌یه ده‌ڵێت:” له شاره‌كه یه‌كێكی لێ هه‌یه ئه‌وها ده‌ڵێ: وه‌ره من شاره‌كه ده‌ده‌م (ڕاده‌ست) به تۆ ده‌كه‌م.
كاریگه‌ری شه‌ڕی ده‌روونی به‌درێژایی مێژوو به‌رده‌وامی هه‌بووه، ته‌نانه‌ت له دوای جه‌نگی ساردی نێوان بلۆكی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند و گه‌یشته قۆناغی زێڕینی خۆی و په‌نایان برده‌به‌ر هه‌موو شێوه‌یه‌كی جه‌نگی ده‌روونی بۆ سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر و یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كانیان، دیاره به‌هۆی پشكهوتنی ته‌كنه‌لۆژیاوه، شێوه‌ی جه‌نگی ده‌روونیش كاریگه‌ری زیاتر بوو، به‌هۆی به‌كارهێنانی شێوازه‌كانی جه‌نگی ده‌روونی له‌گه‌ڵ یه‌كتر، وه‌ك بڵاوكردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و پڕوپاگه‌نده، سیخوڕی و مینبه‌ری ڕاگه‌یاندن له ڕۆژنامه و ته‌له‌فزیۆن و بڵاو كراوه، ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانی تابووری پێنجه‌م.
تابووری پێنجه‌م و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگا
زانایان كۆك نین له‌سه‌ر پێناسه‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ تابووری پێنجه‌م، پێناسەی جۆراو جۆریان بۆ كردووه، تابوری پێنجەم دەستەواژەیەکە به‌كاردێت بۆ گروپێک لە ناو گروپێکی گەورەتر، لە ناو نەتەوەیەک یاخود شارێکی گەمارۆ دراودا، پشێوی دەنێنەوە. بە ئاشکرا بۆ پشتیوانی سوپا یاخود هێزیکی دەرەکی. لە ڕێگای پڕوپاگه‌نده و تێکدان، بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە، یاخود کاری سیخوڕی لەلایەن دڵسۆزانی هێزێکی دەرەکی لە ناوخۆی هێزی به‌رامبه‌ر، كار و چالاکیەکانی تابووری پێنجەم دەکرێ به ئاشکرابن یان نهێنی.
تابوری پێنجەم ئه‌و پڕوپاگه‌ند و هه‌واڵه چه‌واشه‌كاریانه‌ی دایده‌ڕێژن و بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه كاریگه‌ری زۆری هه‌یه له‌سه‌ر داڕووخانی هه‌ستی كۆمه‌ڵگا، له‌به‌رئه‌وه تابووری پێنجه‌م بەشێکە لە شەری دەروونی بۆ داڕووخانی وره‌ی لایه‌نی دوژمن یا نه‌یار و به‌رامبه‌ر، ئه‌م زاراوه‌یه ئه‌گه‌رچی پێشتر به‌كار ده‌هات، به‌ڵام بۆ یه‌كه‌مجار له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆی ئیسپانیا له ساڵی 1936- 1939 كه‌وته ناو فه‌رهه‌نگی سیاسیه‌وه، كاتێ كۆنه‌په‌رستانی ناوخۆ به سه‌ركردایه‌تی فرانكۆ له دژی كۆماریخوازه‌كان له‌جه‌نگ دابوون.
ئەمیلیۆ مۆلا جەنەراڵی نیشتیمانی ئیسپانیا لە ساڵی 1936دا لە کاتی جەنگی ناوخۆی ئیسپانیادا، بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی وره‌ی لایه‌نگره‌كانی و گومان خستنه دڵی دوژمنه‌كانیه‌وه بە یەکێ لە ڕۆژنامەنووسەکان دەڵێ: بۆ كاتی هێرش بردن هەر چوار تابووری سوپاکەی لە نزیک مه‌درید و تابووری پێنجەمیشی لە ناوەوەی مەدرید ئاماده‌ن و هاوکاری دەکەن، بۆ پەلاماردانی دەوڵەتی کۆماری مەدرید، ئه‌و كاته تابووری پێنجه‌م بۆ ئه‌و خۆفرۆشانه به‌كارهات، كه له‌خزمه‌ت سوپای فرانكۆدابوون، به‌ڵام سیخوریان بۆ مولا ده‌كرد، به بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده و بێزاری ده‌ربڕین له دوژمنه‌كانی.
بەشێک لەزانایانی ئەم بوارە پێیان وایە شەری دەروونی ئەو شەڕەیە کە بەشیکی زۆر لەدەزگاکانی دەوڵەت دەخرێتە خزمەتی و زۆرێک لە پێداویستیەکانی بۆ فەراهەم دەکرێت، بەمەبەستی تێک‌شکاندن و لەناوبردنی بیر‌و هۆشی لایەنی بەرامبەر، شه‌ڕی ده‌ڕوونی كۆمه‌ڵگا تێكده‌شكێنێ و وره و ئارامی خه‌ڵك له‌ناوه‌وه داده‌ڕوخێنێ، (ئەیزنهاوەر) لە پێناسەی بۆ ئەم جۆرە شەڕە دەلێت ( شەری دەروونی هەلێکە بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن بەسەر لایەنی بەرامبەر بەبێ هیچ زیانێکی گیانی ).
ئه‌نجامی ئه‌م كاره پیسه، له‌ڕێگای خه‌ڵكانی شاره‌زا و لێهاتوو به‌م كاره ده‌كرێت، بۆ به‌رزه‌فت كردنی هه‌ستی مرۆڤ به‌كارده‌هێنرێت و ده‌بێته هۆی داماڵینی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی و نه‌ته‌وایه‌تی له زۆرێك خه‌ڵكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه و خودی مرۆڤ له بیركردنه‌وه‌ی ئازاد و به‌ویستی خۆی دوورده‌خاته‌وه و وابه‌سته‌ی وتی و تی و پڕوپاگه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ئاكامی داڕووخان و نه‌هامه‌تی و به‌دبه‌ختی بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵگایه دێنێ.
كورد و جه‌نگی ده‌روونی
كورد به‌درێژایی مێژوو قاره‌مانیه‌تی زۆری نواندووه و سه‌ری بۆ كه‌س نه‌چه‌ماندووه، دوژمنه‌كانیشی ئه‌وه‌یان زانیوه و لایه‌نی ده‌روونی كورد شاره‌زا بوون و نه‌یانویستوه ده‌سه‌ڵاتی میر و پاشاكانی كورد په‌ك بخه‌ن، به‌ڵكو كاتێك وڵاته‌كه‌یان داگیركردووه، هه‌ندێك ده‌سه‌ڵات و سه‌ربه‌ستیان به میر و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد داوه و ته‌نیا به‌وه‌نده وازیان هێناوه دیاری و خه‌ڵات و باجیان لێ ستاندوون، كاتی شه‌ڕی دوژمنیش كوردیان به‌گژ دوژمنه‌كانیاندا كردووه و شه‌ڕی دوژمنیان پێ كردوون و دوژمنیان پێ ته‌مبێ كردوون، له‌لایه‌كی تر هه‌میشه سه‌ركوتیان كردوون و شه‌ڕی ده‌روونیان له‌گه‌ڵ كردوون، كه گوایه ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد بێ شا و سوڵتانه‌كان هیچ نین، واشیان له‌خه‌ڵكی كورد گه‌یاندووه سه‌ركرده‌كانی خۆیان بێ ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌وه شا و سوڵتانه‌كانی فارس و توركن ئه‌وان ده‌پارێزن، ئه‌م گومان چاندنه له دڵی خه‌ڵكی گشتیدا بووه‌ته هۆكارێكی خراپ له‌سه‌ر ده‌روونی كورد، كه ڕابردووی خۆی خۆش نه‌وێ و ڕێز له‌هیچ شتێكی خۆی نه‌گرێ، بۆ نموونه له‌سه‌رده‌می قاره‌مانێكی وه‌كو سه‌لاحه‌دینی ئه‌یوبی، هه‌رچه‌نده له‌و سه‌رده‌مه بیروباوه‌ڕی ناسیونالیستی باوی نه‌بوو، به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ناوی بنه‌ماڵه‌یه‌كی كوردیه‌وه له‌سه‌ر ناوچه‌كه چه‌سپاند و له باخه‌كانی هه‌ورامانه‌وه تا شه‌پۆله‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست حوكمی كورد بوو، نموویه‌كی به‌رزی له ئازایه‌تی و خۆڕاگری و متمانه و دادپه‌روه‌ری پیشانی دۆست و نه‌یاری دا، كه‌چی به‌فیتی دوژمنان سه‌دان تیر و توانجی لێ ده‌ده‌رێت، گوایه كوردایه‌تی نه‌كردووه، نه‌ك هه‌ر ئه‌وه ته‌نانه‌ت تا ئه‌مڕۆش یه‌ك سه‌ركرده‌ی كوردیش نابینیه‌وه هه‌مووان له‌سه‌ری كۆك بن، ئه‌م حاڵه‌ته نه‌شازه ته‌نیا له‌ناو كورد باوی هه‌یه، ئه‌گینا كێ ئاماده‌یه له‌به‌ر چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی خراپ له‌نه‌ته‌وه‌كه‌ی بێزار بێت، هه‌زاران نموونه‌ی زیندوو له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا هه‌ن، هه‌ر بۆ دوور نه‌ڕۆین كاتێك ته‌واوی خه‌ڵكی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌به‌ر دزی و شڕه‌خۆری و گه‌نده‌ڵی و بێ دادی وه‌زاڵه هاتبوون، له ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی بێزار بوون، له‌به‌ر ئه‌وه لاوه توركه‌كان (حزبی ئیتحاد و ته‌ره‌قی) یان دامه‌زراند بۆ ده‌رچوون له‌و بارودۆخه و له‌ناوبردنی خه‌لیفه‌ی عوسمانی، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك بیروباوه‌ڕی ئه‌وانی قبوڵ بوایه، مه‌رجێكیان هه‌بوو، ئه‌ویش ئه‌وه بوو ده‌بوایه یه‌كێتی و پیرۆزی خاكی عوسمانی بپارێزێت، ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆغانیش سه‌دان له دۆست و هاوڕێ و برا موسڵمانه‌كانی خۆی كوشت و ده‌ربه‌ده‌ركردن، ئایا ئه‌مه بووه‌ته هۆی بێزاری ده‌ربڕینی تورك له‌توركیا و وڵاتی خۆیان، بۆ فارس و عه‌ره‌بیش هه‌روا.
له بێ به‌هاكردنی سه‌ركرده و خه‌بات و تێكۆشانی كورد خۆشی كه‌م بێ هه‌ڵه و كه‌موكوڕی نه‌بووه، چونكه سه‌ره‌ڕای به‌شداری كورد له سوپاكانی دوژمن، به‌تایبه‌ت فارس و تورك و عه‌ره‌ب، وه‌ك برا گه‌وره‌یان شه‌ڕیان بۆ كردوون، زۆرجار هه‌ر ئه‌و براگهورانهش ناكۆكیان له‌نێوان سه‌رده كورده‌كان دروست كردووه و به یه‌كتریان به‌شه‌ڕ داون، نموونه‌ی له‌و جۆره‌مان زۆر زۆره، ته‌نانه‌ت تائه‌مڕۆش ئه‌م كاره به‌رده‌وامی هه‌یه، هه‌ر ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی دروست كردنی ناكۆكی و لێك ترازانی لایه‌ن و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد، دوژمن و ولاتانی تریش باشتر توانیویانه له درز و كه‌لێنی ئه‌م ناكۆكیانهوه بێنه ناوه‌وه‌ی كورد، ئه‌وه‌ی ناكرێ بكرێت، پێیان كردووین، له سوك كردن و بێ ئه‌رزش كردنی خه‌بات و تێكۆشان و سه‌ركرده و ڕه‌مز و سونبوله‌كانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان، هه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌زاران كه‌س له‌پێناوی ئه‌م نیشتمانه خۆشه‌ویسته‌دا گیانی به‌خشی و هه‌تا دنیا ماوه به‌نه‌مری ده‌مێنێته‌وه و جێگای شانازییه، كه‌چی دوژمنه‌كانمان وایان له‌لا بێ ئهزش كردووین خۆمان گاڵته به‌ڕابردووی خۆمان ده‌كه‌ین، پێشمه‌رگه ناوێكی پیرۆز و هێمای قاره‌مانه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه، به‌گه‌واهی دۆست و دوژمن له‌جیاتی مرۆڤایه‌تی سه‌رسه‌خترین دوژمنیان ڕیسوا كرد، كه‌چی دژه‌كانمان ئه‌وه‌نده‌یان له‌لا بێ ئه‌رزش كردووین، خۆمان گاڵته‌ی پێ ده‌كه‌ین و تانه و ته‌شه‌ری لێ ده‌ده‌ین و به‌لاقرتێوه به پێشمه‌رگه‌یه‌كی كۆن ده‌ڵێن تۆ پێشمه‌رگه‌ی كۆنی وه‌ره با وێنهییهكت له‌گه‌ڵ بگرم بۆ یادگاری، له‌م سوك كردن و بێ ئه‌رزش كردنه‌دا میدیاكار و گۆڤار و ڕۆژنامه و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیش كه‌میان نه‌كردووه، له بێ به‌هاكردنی خه‌بات و تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌ی كورد و زڕاندنی ناوی خه‌باتكاره‌كانی، ئه‌مانه هه‌مووی به‌پلان له‌لایه‌ن دوژمنه‌كانمانه‌وه كاری وردی له‌سه‌ر ده‌كرێت و كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر ده‌روونی كۆمه‌ڵگای كوردی به‌تایبه‌ت له‌باشوور هه‌یه، به‌شێوه‌یه‌ك نائومێدی ڕووی له‌م كۆمه‌ڵگایه كردووه متمانه به‌هیچ شتێك نه‌ماوه.
ئێمه‌ی كورد به‌تایبه‌ت له باشووری كوردستان بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ست بكه‌ین، به‌سه‌ختی كه‌وتوینه‌ته به‌ر شاڵاوی ئه‌م ده‌رده كوشنده‌یه، دژه‌كانمان وازیان له به‌كارهێنانی له‌شكر و سوپا هێناوه و به‌بێ خه‌رج و باج و بهماندوونێكی كه‌م له ڕێگای سیخوڕ و نۆكهرهكانیانهوه درێغی ناكه‌ن له بڵاوكردنه‌وه‌ی پڕوپاگه‌نده و چاندنی هه‌واڵی خراپ و درۆ و ناڕاست، زۆرجار هه‌واڵی ڕاستیش به‌جۆرێك له پێوانه‌ی خۆی گه‌وره‌تر ده‌كرێت، هه‌موومان ده‌تاسێنێ، سه‌دان هه‌واڵی وا كه ده‌ڵێن: هه‌رچی به‌سه‌رمان بێت ده‌نگ مه‌كه‌ن فارس و تورك و عه‌ره‌ب له ئێمه‌ی بێ پشت و په‌نا به‌هێزترن و له‌ناومان ده‌به‌ن، ئه‌مریكا درۆی له‌گه‌ڵ كردین و ئێمه‌ی فرۆشت و ماڵمان وێران بوو، كه‌س پشتیوانمان نیه و ده‌خورێین، دكتۆر و به‌شی ته‌ندروستی ئێمه زاڵمن و خێرا بڕۆن بۆ وڵاتانی ده‌ره‌وه، سه‌دان قسه و هه‌واڵی له‌م جۆره بڵاو ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام پێشتریش ئه‌وانه هه‌ر هه‌بوون و وا خۆشبه‌ختانه هه‌ر ماوین، له‌لایه‌كی تر ڕۆژانه گوێمان پڕ و مێشكمان كاس بووه له‌وه‌ی برنجه‌كه‌مان هه‌مووی نایلۆنه، ڕۆنهكهمان هه‌مووی سیكۆتین و پلاستیكه، پسكیتهكان پڕن له حه‌بی ژه‌هراوی… ئه‌مانه و هه‌زاران پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی تر، ئێمه بێ بیرلێكردنه‌وه و بێ ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ست بكه‌ین به‌دوا قسه‌ی دوژمنه‌كانمان ده‌كه‌وین و هه‌ریه‌ك له‌به‌ر خۆمانه‌وه، وه‌ك تووتی ده‌یڵێینه‌وه و خۆمان ئه‌وه‌نده‌ی تر هۆكاری ئاڵۆزكردنی بارودۆخهكهین و خێراتر بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه، ئه‌مه وای كردووه هه‌ر یه‌كێك له‌م وڵاته متمانه‌ی به‌هاوڕێی، به‌كۆمه‌ڵگا، به په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه، له‌كاتێكدا كورد زۆر ده‌مێكه ڕێگای ئه‌وه‌ی نه‌دراوه حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی خۆی پێك بێنێ، ده‌بێ به‌هه‌موو گیان و تواناوه ئه‌م حكومه‌ت و په‌رله‌مانه بپارێزێ و بنه‌ماكانی زیاتر بچه‌سپێنێ، كه‌چی ئێستا به‌هۆی چه‌ند كه‌سێكی ناڕاستگۆ و دز و گه‌نده‌ڵ و نابه‌رپرسیار له هه‌موو شتێك ناڕازی و به‌گومانه و هه‌موو شتێك وێران ده‌كات.
ئه‌مانه ڕاستن یا درۆ ئه‌وه كارێكی تره، به‌ڵام من ده‌مه‌وێ بڵێم تابووری پێنجه‌می دوژمن و نه‌یاره‌كانمان ته‌نانه‌ت هی خۆمان له‌ناو ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده كاران، ئه‌گه‌ر فریا نهكهوێن خه‌ڵك ده‌ڕووخێنن و كۆمه‌ڵگاكه‌مان تێكده‌شكێنن و له‌ناومان ده‌به‌ن. زۆربه‌مان له‌بیرمانه سه‌دان گه‌نج و لاوی كورد ژیانی خۆشگوزه‌رانی و ئاسووده‌یی شاری به‌جێ جێشت و ڕووی كرده شاخ و ڕۆحی خۆی له‌سه‌ر به‌ری ده‌ستی دانا و له‌پێناوی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌یدا كه‌وته خه‌بات و تێكۆشان، بۆ گه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌مافه ڕه‌واكانی و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی و به‌ده‌ستهێنانی دادپه‌ره‌وه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه جێگای شانازی و ڕێز لێ گرتنه، به‌ڵام كه دواتر دێته‌وه ناو شار و چه‌ند دانه‌یه‌كیان له‌جیاتی كه‌سێكی تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ ده‌بێته كاره‌كته‌رێكی دز و گه‌نده‌ڵكار، دوژمنانیش سوودیان له‌م دۆخه وه‌رگرتووه و ئه‌و ڕۆژگاره زێڕینه‌ی خه‌باتیان لێكردووین به‌شتێكی زۆر ناشیرین و دزێو، له ڕێگای جاسوس و تابووری پێنجه‌میان ده‌نگۆ و پڕوپاگه‌نده‌ی ژه‌هراوی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه، كه ئه‌مه‌یه كوردایه‌تی و خه‌بات و تێكۆشان، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و كاره پیرۆزه له‌لای خه‌ڵكی كورد سوك و بێ ئه‌رزش بكه‌ن، له ڕاستیشدا كاریگه‌ری زۆریان له‌سه‌ر دۆخی ده‌روونی كورد به تایبه‌ت له باشوور داناوه، هه‌مووشمان به دوای ئه‌واندا ده‌یڵینه‌وه و كه‌س ناڵێت، ئه‌و گه‌نده‌ڵ و دزانه ڕاسته تا دوێنێ تێكۆشه‌ر و خه‌باتگێڕ بوون و مایه‌ی خۆشحاڵی و جێگای ئومێدی ئێمه بوون، به‌ڵام حاشا ئه‌مڕۆ دڵسۆز و نوێنه‌ری كورد نین و پێویسته لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، ئه‌وانه له‌جیاتی سوود گه‌یاندن زیان بهپرۆسهكهمان ده‌گه‌یه‌نن.
گه‌لۆ… وه‌رن مه‌ردی چاك بن با چیتر به‌قسه‌ی دوژمنان دڵی خۆمان و كۆمه‌ڵگاكه‌مان له‌خه‌بات و وڵاته‌كه‌مان نه‌ڕه‌نجێنین، به‌ڵكو به‌هێمنانه و ژیرانه به‌ره‌و ئاقارێكی باشی به‌رین، بۆ پوچه‌ڵ كردنه‌وه‌ی پیلانی دوژمنان و گه‌یاندنی وڵاته‌كه‌مان به كه‌نارێكی ئارام و ئاسووده.