دکتۆر محەمەدئەمین عەلی: کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان / بەشى شەشەم.
کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان ” کۆنگرەى گەشەکردن وپەرەسەندنى سلێمانى وەک شار ” یاخود ” گەشەپێدانى عەقڵیەتى حیزبى و زیاتر بچوکردنەوەى شار.
شەشەم / کەمکردنەوەى کەلێنى نێوان کۆمەڵانى خەڵک (جەماوەر) و حیزب بنەمایەکى ترى کۆنگرەیەکى سەرکەوتووە.
حیزب وەک ستراکچەر وبونیادى فیکرى بەبێ بوونى جەماوەرێکى پاڵپشت هیچ مانایەک نابەخشى ، بێجگە لەپوکانەوە و بوون بەکۆمەڵێک بازرگان ومافیاى چاوچنۆکى قەزم .
ئەوەندەى ئێمە ئاگاداربین نەک یەکێتى نیشتمانى کوردستانى وەک حیزب، بەڵکو گشت حیزبەکانى دى بەدەسەڵات و ئۆپۆزسیونەوە دابڕاون لەکۆمەڵانى خەڵک، خەسلەتى حیزب و حیزبایەتیان لەدەستداوە.
بەداخەوە لەئێستادا جەماوەرى کوردستانى باشور هیچ متمانەیەکى بەبونیادى حیزبى کوردى نەماوە، هەریەک لە هاوڵاتى ئاسایى و ئەندامى حیزبى کوردى لەدوو خەندەقى جیاوازى دژ بەیەک ڕیزبوون، خەندەقى حیزب و خەندەقى (جەماوەر) کۆمەڵانى خەڵک.
هەرچى خەندەقى حیزبى یە خەمەکەى خەمى خوودە نەک خەمى گشتى و نیشتمان، بەپێچەوانەوە خەندەقى کۆمەڵانى خەڵک لەخەمى ژیان و ژین و بژێوى جەماوەرو ژینگەى کوردستانن نەک خەمى خود.
کاتى ئەوە هاتووە کەلێنى نێوەند خۆتان وەک کەسایەتى حیزبى و جەماوەر کەمبکەنەوە، تۆزێک ئاوڕِ لەکەرتى پەروەردەو تەندروستى و خزمەتگوزاریەکانى تر بدەنەوە، چیدى ئەو کەرتانە مەکەنە قوربانى کۆمپانیا زەبەلاح و حیزبەکانتان.
حەوتەم / یەکلاکردنەوە و هەڵبژاردنى کەسى یەکەمى حیزب ودەستەى بەڕیوەبردنى بنەمایەکى زۆر گرنگ و هەسیتارە لەبنەماکانى کۆنگرەیەکى سەرکەتوو.
وابزانم هەموومان لەسەر ئەو ڕاستیە کۆکین کەگرفت و کێشە سەرەکیەکەى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دواى مام جەلال، ململانێ و کێشەى یەکلا نەکردنەوەى کەسى یەکەمى یەکێتى نیشتمانى بووە .
لەم سەردەمە کەبەسەردەمى دیموکراسیەت و جیهانگیرى ناسراوە، لەهیچ کونجێکى ئەم جیهانە نەمانبینیوە حیزبێک لەدواى مردنى کەسى یەکەمى کەس نەوێرێت جێى بگرێتەوە! تەنانەت باسکردن لەجێگرتنەوەى بڤە بێت، ئەم مۆدێلە لەحیزبایەتى کردن تەنیا لەیەکێتى نیشتمانى کوردستان قەوماوە.
ئەم یەکلایى نەکردنەوەیە بەهەر هۆیەک بێت بەڵگەیەکى حاشا هەڵنەگرە لەسەر ململانێى ناخۆیى قوڵ وناکۆکى گەورە لەسەر (دەسەڵات ـ ئابوورى ـ میدیا ـ هێزى چەکدارى حیزبى) نەک دڵسۆزى و خۆشەویستى بۆ کەسایەتى مام جەلال و نیشتمان ویەکێتى نیشتمانى وەک حیزب ، بەداخەوە شەرەکە شەرى پارەو دەسەڵاتە.
ئەم ململانێ یە لەسەر (دەسەڵات ـ ئابوورى ـ میدیا ـ هێزى چەکدارى ) بۆتە خاڵى لاوازى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و پاشەکشەکردنى وەک بونیادێکى حیزبى نیشتمانى و زیاتر وێرانکردنى سلێمانى وەک شار و ژینگە.
ئێمەى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان، بەتایبەتى شارى سلێمانى لەبەر ئەوەى لەژێر کاریگەرى دەسەڵاتى یەکێتى نیشتمانى کوردستانین، لەدڵسۆزیمان بۆ مرۆڤى کورد و نیشتمان دڵمان بەوە خۆشبوو لەناو کۆنگرەى دواخراوى چوارەمى یەکێتى نیشتمانى کوردستان پرسى یەکلایى کردنەوەى کەسى یەکەم ئەنجام بدرێت، نەک دواجار ببێتە بۆمبێکى کاتى بۆ لێدان و بەرپرچکردنەوەى ئەو کەسەى دواتر لەدەرەوەى شەرعیەتى کۆنگرە دادەنرێت.
یەکلاکردنەوەى پرسەى سەرۆک و هاوسەرۆک و بازنەى بچووکى دەسەڵاتى یەکێتى لەغیابى کەسایەتى قاسم سلێمانى دوستى دێرینى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و مام جەلال فاکتەرێکى سەرەکى گرنگە بۆ وەلانانى ململانێى ناشەرعى قێزەوەن و بەدوور گرتنى شارى سلێمانى لەئاکامەکانى شەڕى ناخۆیى حیزبى و زیاتر بچوکردنەوەى وەک شار و شارستانیەت.
خەمى ئێمەى جەماوەر تەنیا خەمى خود نییە، بەڵکو گەڕاندنەوەى شکۆ وشوناسى مرۆڤى کوردە وەک هەموو مرۆڤێکى ئەم جیهانە دوور لەجیاکارى نەتەوەیى ـ ئاین ـ تایەفەگەرى ـ حیزبایەتى و… هتد.
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا جارێ زۆر زووە تابزانین کۆنگرەى دواکەوتووى یەکێتى نیشتمانى کوردستان کۆنگرەیەکى سەرکەتووە یان شکستخواردوو .
دواجار ئەوە کۆمەڵانى خەڵک و شارى سلێمانى یە بڕیار دەدەن، ئایا کۆنگرە سەرکەوتوو بووە یان شکستخواردوو ؟
لەئێستادا شارى سلێمانى ڕوو لەوێرانەیە، سیماى شارو شارستانيەتى لەدەستداوە ، کۆمەڵیک بازرگان لەژیر سێبەرى یەکێتى نیشتمانى لەقۆرخکردن و داروخانى دامەزراوە حکومیەکانن، گەورەترین و ترسناکترین کێشەى ئێستاى شارى سلێمانى! کۆمەڵانى خەڵکى شار نازانن لەگەڵ کێ ئەو پرسە باس بکەن!، نازانن کێ خاوەن بڕیارە لەناو یەکێتى نیشتمانى تا سنورێک بۆ ئەم بازرگانانە دابنێت و سلێمانى لەم دۆخ و کارەساتەى ئێستا بپارێزێت.
تکایە تکایە یەکێتى نیشتمانى کودستان بپارێزن لە تەڵاقدان و ترۆکردن لەلایەن جەماوەرى شارى سلێمانیەوە ، یەکێتیەکى بێ جەماوەر سەنگى ڕاستەقینەى خۆى لەدەستدەات لەکاتێکدا گەرانەوە بۆ ناو جەماوەر تاکە بنەمایە بۆ گەڕانەوەى شکۆ وسەنگى ڕاستەقینەى رِابردووى.