شێرزاد شێخانى: چه‌ند پێشنيارێك بۆ سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مشتومڕى په‌يڕه‌وى ناوخۆى يه‌كێتى درێژه‌ى هه‌يه‌ و، له‌سه‌ر ناكۆكى نێوان باڵه‌كان خه‌ريكه‌ وه‌زعى ناوخۆى يه‌كێتى به‌ره‌و ئاقارێكى مه‌ترسيدار ببات. مه‌ترسييه‌كه‌ش ته‌نها ئه‌وه‌ نيه‌ پرۆسه‌ى هه‌موارى په‌يڕه‌وه‌كه‌ درێژه‌ بكێشێت و له‌ئه‌نجامدا سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى بۆ ماوه‌يه‌كى درێژتر كاره‌كانى ئيفيليج ببن، به‌ڵكو ره‌نگه‌ كار له‌سه‌ر ته‌بايى وته‌وافوقى باڵه‌كانيش بكات كه‌ كۆنگره‌‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ توانى تا حه‌ددێك ده‌سته‌به‌رى بكات.
ئێستا ئه‌نجومه‌نى دانايانيش خه‌ريكه‌ بێته‌ ناو ململانێكه‌و ئه‌ويش به‌قسه‌ى ميدياكان پرۆژه‌يه‌كى هه‌يه‌ بۆ ده‌ستنيشانكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كانى كه‌ به‌پێى پرۆژه‌كه‌ى مه‌لا به‌ختيار زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌ باڵاكان بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆيدا كێشه‌كان ئاڵۆزتر ده‌كات، چونكه‌ ئه‌و كات هيچ مانايه‌ك بۆ سه‌ركردايه‌تى تازه‌ى يه‌كێتى نامێنێته‌وه‌و هه‌مان ئه‌ندامانى پێشووترى مه‌كته‌بى سياسى وده‌سته‌ى كارگێڕى ده‌سه‌ڵاته‌كان قۆرخ ده‌كه‌ن به‌ناوى ئه‌نجومه‌نێكى تازه‌وه‌.
كێشه‌كه‌ ئێستا له‌سه‌ر دابه‌شكردنى پۆسته‌ باڵاكان و ده‌سه‌ڵاته‌كانه‌، به‌تايبه‌تيش رازيكردنى باڵه‌ جياكانى يه‌كێتى ، له‌سه‌رووشيانه‌وه‌ پۆستى باڵاى كه‌سى يه‌كه‌م و دووه‌مى هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ى باڵاو سه‌ركردايه‌تى. بۆيه‌ ئه‌م پێشنيارانه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م سه‌ركردايه‌تى يه‌كێتى به‌ ئومێدى ئه‌وه‌ى ديراسه‌ بكرێن، به‌تايبه‌تى ئێستا په‌يڕه‌و له‌قۆناغى هه‌مواركردنه‌وه‌دايه‌ و هێشتا مه‌جال هه‌يه‌ گۆڕانكارى له‌ زۆربه‌ى مادده‌كانيدا بكرێ.

پێشنياره‌كان:
1- ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى وبه‌رژه‌وه‌ندى كه‌ به‌شێك له‌ يه‌كێتييه‌كان به‌ ( ئه‌نجومه‌نى دانايان) ناويان بردووه‌ و ئێستا له‌ 9 ئه‌ندام پێكهاتووه‌، به‌راى من ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ مادام خۆى به‌ ئه‌نجومه‌نێكى باڵاو بريارده‌رى يه‌كێتى ئه‌زانێ، با ژماره‌يان زياد بكرێ بۆ 15 ئه‌ندام. هه‌ر ته‌نها ئه‌و ئه‌ندامه‌ پيرانه‌يان تيا نه‌بێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌نجومه‌نى پيرانى يه‌كيتێ نيه، به‌ڵكو وه‌ك له‌ناوه‌كه‌ى دياره‌ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسييه، كه‌واته‌ دانايى مه‌رج نيه‌ ته‌نها شاييسته‌ى پيرانى ناو يه‌كێتى بێت، به‌ڵكو‌ پێويسته‌ ئه‌ندامى گه‌نجيش له‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بوونيان هه‌بێ مادام ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سياسييه‌. به‌مه‌ش كێشه‌ى سه‌رۆك و  جێگره‌كه‌ى چاره‌سه‌ر ده‌بێ، ئه‌ويش به‌ ده‌ستنيشانكردنى كه‌سێك له‌ جه‌مسه‌ره‌كه‌ى باڵى مام جه‌لال ( لاهورى شيخ جه‌نگى ياخود باڤڵ تاڵه‌بانى ) بۆ پۆستى جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌. كه‌ بێگومان ده‌سه‌ڵاتێكى زۆرتريشى ئه‌بێت له‌ ده‌سه‌ڵاتى جێگرى سه‌رۆك يان سكرتێرى گشتى.
2- دانانى يه‌ك جێگر بۆ سكرتيرى گشتى ياخود سه‌رۆكى يه‌كێتى. ئه‌ويش له‌باڵه‌كه‌ى مام جه‌لال ( لاهور ياخود باڤڵ ).
3- دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌شێوه‌يه‌ك بێت كه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسيى بڕياره‌كان به‌ شێوه‌ى 50+ 1 بێت، به‌تايبه‌ت له‌كاتى بڕيارى هه‌ر فيتۆيه‌ك به‌رامبه‌ر بڕياره‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى.
4- هه‌ر بڕياريكى به‌فيتۆ كراو له‌لايه‌ن ئه‌نجومه‌نى بأڵاى سياسييه‌وه‌ ده‌ركرا، ئه‌گه‌ر بووه‌ هۆى ناڕه‌زايى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردايه‌تى، ئه‌وه‌ ئه‌بێ كۆبوونه‌وه‌يه‌كى هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو ئه‌نجومه‌ندا ببه‌سترێ بۆ گفتوگۆو گه‌يشتن به‌رێكه‌وتن.
5- دانانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى سياسى به فه‌رمانده‌ى هێزى پێشمه‌رگه‌ى يه‌كێتى، ئه‌ويش دوو ياريده‌ده‌رى هه‌بێ، يه‌كيان بۆ كاروبارى هێزى پێشمه‌رگه‌، ئه‌ويتريش بۆ كاروبارى ده‌زگا ئه‌منيه‌كان، ئه‌مانه‌ش دابه‌شبكرێن به‌سه‌ر باڵه‌كاندا به‌پێى ته‌وافوق.
6- هه‌مواركردنى په‌يڕه‌وى ناوخۆ به‌شێوه‌يه‌ك كه‌ رێگه‌ بدات ئه‌و شه‌ش ئه‌ندامه‌ى بۆ ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى( دانايان) زياد ده‌كرێ، هه‌ر له‌ناو سه‌ركردايه‌تى ئێستاى يه‌كێتى داخلى ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ ببن.
7- راسپاردنى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى باڵاى سياسى بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى ئۆرگانه‌كانى يه‌كێتى وه‌كو ( مه‌ڵبه‌نده‌كانى هه‌ر پێنج پارێزگاكه‌ى هه‌رێم، مه‌كته‌به‌كانى يه‌كيتى ) وه‌كو پێشتر له‌مه‌كته‌بى سياسيدا هه‌بوو. ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌وانيش بكه‌ونه‌ سه‌ر كاركردن.
به‌م پێشنيارانه‌ ئه‌توانين هه‌م ته‌وافوقێكى به‌هێز له‌نێو باڵه‌كان مسۆگه‌ر بكه‌ين، هه‌ميش كۆتايى به‌و مشتومڕه‌ى ئێستاى په‌يڕه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كاندا بێنين.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت