ئیبراهیم عەباس: حکومەتی تیرۆرست یان مافیای دەستڕۆیشتوو؟
ناوەڕاستی مانگی دێسەمبەری 2019 هەواڵی کوژرانی مەجید ئیبراهیم، پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هەر نەبووە شۆک بۆ خانەوادەو هاوڕێکانی، بەڵکو جەمسەرە بەهێزەکانی یەکێتی بەجۆرێک شۆککرد، راستەوخۆ بەپەیامێکی پارتی وەریانگرت، بۆ ئەو لێدوانانەی کە سەرکردە نوێ و دەرچووەکانی یەکێتی دوای کۆنگرە ئەیاندان و باسیان لە هەستانەوەی یەکێتی و بەهێزتر لەجاران ئەکرد.
لەڕاستیدا ئەو پێشمەرگەیەی یەکێتی کە لەسنووری هەریر دائەنیشت، قوربانیەکی گەورەی بەریەککەوتەی پارتی و یەکێتی بوو لە زەمەنێکی تازەتر، هەر بۆیە باڵە بەهێزەکەی یەکێتی کەوتنە لێدوانی ئیعلامی توند، بەجۆرێک مەحموود سەنگاوی نەک هەر حکومەت و پارتی بەتیرۆرست ناساند، داواشی کرد کوتلە وزراییەکەی حزبەکەی لە حوکمەتە تێرۆرستیەکەی پارتی بکشێنەوە!.
بۆ یەکێتی و باڵە دەستڕۆیشتووی ئەو حزبە باشترین و خێراترین رێگا بۆ وەڵامی پارتی بەربەستدانان بوو لە گەیشتنی غازی شل بۆ سنوری پارتی، کار بەوەش نەوەستا، دەستیان کرد بەڕفاندنی خاوەنە نوێیەکەی ئەو کۆمپانیایەی غازی شل بۆ هەولێر و دهۆک ئەگوازێتەوەو دوو شەوی رابردوو تەقەکردنی ئەو تانکەرانەشی بەدواداهات کە لە چەمچەماڵەوە غازی شل بۆ هەولێر ئەگوازنەوە. ئەمەش کاردانەوەی توندی پارتی بەجۆرێک بەدوای خۆیدا هێنا وتەبێژی حکومەتی پارتی لەهەولێر راستەوخۆ بڵێت مافیا دەستڕۆیشتووەکانی سلێمانی و گەرمیان(یەکێتی)، رێگرن لە گەیشتنی غازی شل بۆ هەولێر!.
بەڵام قەیرانی غاز کە زیاد لە هەفتەیەک بوو لە هەولێر و دهۆک هەبوو، سەرچاوەکەی کاردانەوەی یەکێتی بوو بۆ پێڕاکێشانی زیاد لە پێویستی پارتی دەرهەق بە یەکێتی، کەچی حەملەیەکی ئیعلامی پارتی بەس بوو، کە قەیرانی غاز بگاتە سلێمانی و هەموو کوردستان بۆ ئەوەی بەو هەڵڵا راگەیاندنەی پارتی، هێندەی تر یەکێتی لە سنووری ژێردەسەڵاتی پارتی ناشیرنتر نەکرێت.
هەموو ئەو لێکدانەوانە راستن کە قەیرانی غاز بە بەریەککەوتنی کۆمپانیا حزبییەکان ئەزانن، بەتایبەت کە بەناوی چاکسازییەوە کابینەی مەسرور بارزانی لەسنوری قەڵمڕەوی حزبەکەی خۆی دوا بزماری لەهەموو ئەو شوێن و دەزگاو دامەزراوانە داوە کە پێشتر و بەدرێژایی چوار کابینە لەژێر دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانیدا بوون، چونکە ئەم ماوەیە مەسرور بارزانی بەناوی چاکسازی بازی داوەتە سنووری ژێر دەسەڵات و نفوزی یەکێتی، کە گرێبەستی نوێی کۆمپانیای دابینکردنی غاز یەکێک بوو لەم بابەتەنە، بەڵام لە پەنای ئەم قەیرانەی غازە، باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی پێویستی بە جۆرە وەستاندنێکی پارتی هەبوو لە بەرامبەر وجودی خۆی.
ئەو دیدانەش راستن کە ئەڵێن پارتی و یەکێتی پێویستی زۆریان بەیەک هەیە تا هەریەکەیان دەست بەجەماوەرەکەیانەوە بگرێت، بەڵام راستر لە هەموو ئەمانە ناهوشیاری و لە خشتەبرانی خەڵک هەر ساتەوە بە شتێکی لاوەکی و بێ بایەخ، گرەنتی مانەوەی ئەو دوو حزبەیە کە زیاد لە نیو سەدەیە، لە پەنای ململانێی سەرانی حزبەکانیان وەکو ئاشێکی گەورە خەڵکی کوردستان ئەهاڕن.