ئارام عەلی عەزیز: بەریتانیاو ژیاندنەوەى عوسمانیەت.
پێکدادانە سەربازیەکانى چەند رۆژى رابردووى نێوان سوپاى تورکیاو سوریا، ئاماژەى وەرچەرخانى جەنگى بە وەکالەت بەڕێوەچووى ناوچەکەن بۆ جەنگى راستەوخۆى نێوان دەوڵەتەکانى، کە لە پشت ئەو جەنگ و ململانێیەن، ئینجا ئەمە لە سوریا بێت یان لە یەمەن و لیبیاو عیراق.
سەرەڕاى وەستانى ئێستاى شەڕەکە، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتویەکى نزیکدا پێکدادانە سەربازیەکانى نێوان ئەنقەرەو دیمەشق هەڵبگیرسێتەوەو توندترو فراوانتریش بێت. لەبەر چەندین هۆکارو ئامانجی ستراتیجیی، لەوانە:
1- جێبەجێکردنى نەخشەى سەوداى سەدەى ئەمریکا، کە هەشتا لاپەڕەیەو لە بنەمادا نەخشەى جیۆپۆلیتیکی سەدەى بیست و یەکى خۆرهەڵاتى ناوەڕاستە، پێویستى بە هەڵگیرساندنى جەنگێکی گەورەیە لە ناوچەکەدا، وەکو چۆن پێویستى بە ئەکتیڤکردنى هەموو ململانێ و کێشەو گرفتە مەزهەبیی و تایەفیی و قەومیەکان هەیە بۆ ئاستى شەڕو پێکدادان.
2- دابەشکردنى سوریاو عیراق و دامەزراندنى چەند کیاناتێکى مەزهەبیی و قەومیی پێویستى بە هەڵگیرساندنى جەنگە.
3- پشتیوانى واشنتن و بریتانیا لە ئەنقەرە لە پێکدادانى چەند رۆژى رابردوویدا لە گەڵ دیمەشق دەست لە پشتدانە بۆ درێژەدانى ئەنقەرە بەو پێکدادانانە، بە ئامانجی گەورەکردنى شەڕو رووخاندنى رژێمى بەشار ئەسەد.
4- بەدیهاتنى ئامانجى جیۆپۆلیتیکی تورکیاى 2023 پێویستى بە فراوانکردنى سنوورەکانى تورکیایە، بۆ ناو بەشێکى زۆرى خاکی ئێستاى سوریا لە ئیدلبەوە تا حەلەب و حەسەکەو رۆژئاواى کوردستان، ئەویش بە جەنگ دێتەدى.
5- بردنى سعودیەى وەهابی سەدەى بیست بەرەو عەلمانیەت لە سەدەى بیست و یەکدا پێویستى بە بردنى تورکیای عەلمانیە بەرەو ئیسلامیەت لە سەدەى بیستو یەک لە ناوچەکەدا لە ژێر ناوى ژیاندنەوەى عوسمانیەت، هەر لەبەر ئەوەیش رێگاى تورکیا خۆش دەکەن بۆ چوون بەرەو لیبیاو سۆماڵ و سودان…
6- لێدانى پرۆژەى هیلالی شیعیی و ولایەتى فەقیهو پرۆژەى مەهدەویەت.
7- پشتیوانیکردنى مۆدێلی ئیسلامى عوسمانى نوێ بۆ دەست بەسەرداگرتنى زۆربەى قەڵەمڕەوى عوسمانیی، وەکو هەوڵێکى ئیحتیواکردنى سەحوەى راستەقینەى ئیسلامیی.
8- پێشگرتن لە دەوڵەتى خەلافەتى ئیسلامی کە داعش و گروپەکانى دیکەى سوننە داواى دەکەن.
9- دوورخستنەوەى تورکیا لە فەلەکى روسیاو تێکدانى رێککەوتننامەى ئەستانەو سوچی ورووبەڕووکردنەوەیان لە گەڵ یەکتر.
10- ژیاندنەوەى ململانێی مێژوویی نێوان عوسمانیەتى ئەردۆغان و روسیاى قەیسەرى پۆتین.
11- دوورخستنەوەى تورکیا لە گۆڕەپانى ململانێی خۆرهەڵاتى دەریاى سپی لە سەر غاز لە بەرامبەر میسرو یۆنان و قبرس و ئیسرائیل.
12- دوورخستنەوەى تورکیا لە دژایەتى کردنى ئیسرائیل.
13- دابڕینى تورکیا لە ئێران و رووبەڕووکردنەوەیان لە گەڵ یەکتر لە سوریاو عیراق و ناوچەکەدا.
14- ژیاندنەوەى عوسمانیەتى نوێ وەکو پشتوپەناى ئیسرائیلى گەورە، کە ئامانجی ستراتیجی نەخشەى سەوداى سەدەیەو لە فوراتەوە تا نیل درێژدەبێتەوە. بەڵام هەڵوەشانەوەى سیستەمی ستەمکاریی جیهانیی و ئیقلیمیی و گۆڕانکاریەکانى کە لە 2001 وە تا ئەمڕۆ لە جیهان و خۆرهەڵاتى ناوەڕاستدا روویانداوە، ئاماژەیەکى بە هێزى شکستى نەخشەى سەوداى سەدەو ژیاندنەوەى عوسمانیزمى نوێیە.