عیماد عه‌لی: ئایا هاوسه‌رۆكی بۆ وه‌زعی یه‌كێتی دهگونجێـت؟
ده‌ركه‌وت، كه چواره‌مین كۆنگره‌ی یه‌كێتی ته‌نها كێشه و بێشه‌كانی دواخستووه و، ئێستا له‌م كۆبونه‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی گشتی به زه‌قی سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و ئه‌و گفتوگۆ و ململانێیه‌ی ده‌بوا له كۆنگره بكرێت، ئێستا له‌م كۆبونه‌وانه به‌ڕێوه ده‌چێت و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان یه‌كترده‌بڕن و ده‌نگه‌كان به‌رزده‌بنه‌وه و توخمه‌كان هه‌ڵوێستی نهێنی و ئاشكرا ده‌رده‌بڕن و، ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت ته‌نها چۆنێتی دانه‌بڕانه له حزبه‌كه و به‌ده‌ستخستنی پارچه‌یه‌ك له كێكه‌كه‌یه. ئه‌گینا نه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی حزبه‌كه و بیر و فكر و فه‌لسفه و رێبازی یه‌كێتی گفتوگۆیه‌كی ئه‌وتۆ و ململانێ ده‌كرێت و نه‌ش له‌سه‌ر كاریگه‌ریی سه‌نگی ئه‌م حزبه له‌سه‌ر كۆی گشتی پرسی كورد و كوردستان و دوارۆژی میله‌ته‌كه. له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌گه‌ر به چركه‌ساتێكیش بێت بریار له‌سه‌ر گۆڕێنی فكر و فه‌لسه‌فه‌ی یه‌كێتی له سۆشیال دیموكراته‌وه بۆ حزبیێكی كۆنه‌پارێز یان سه‌رمایه‌داریی قووڵ یان كۆمه‌ڵایه‌تی یان ئایینی بدرێت، ئه‌وه‌نده مشت‌ومڕ و هه‌ڵوێست وه‌رگرتن له‌سه‌ر دروست نه‌بێت، كه له‌سه‌ر پۆست و پێگه و شوێنه‌كان له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی و سیاسی و باڵباڵێنی نێوخۆیی و پاراستنی سوده مادیه‌كانی نێو بنه‌ماڵه و كوتله و ناوچه‌كانی حزبه‌كه ده‌كرێت.
ئه‌و ده‌نگوباسانه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌مووی له‌سه‌ر ئه‌و بڕگه و مادانه‌یه، كه پۆستی سه‌رۆك یان هاوسه‌رۆك یان ده‌سه‌ڵاتی هه‌ر یه‌ك له‌و پێگه و پۆسته باڵایانه‌ی نێو حزبه‌كه‌یه، كه جێگیر ده‌بێت و یه‌كلایی ده‌بێته‌وه، كێ بڕیاربه‌ده‌ست بێت و توانای مادیی و سیاسی حزبه‌كه ده‌كه‌وێته به‌رده‌ستی و به‌س.
ئه‌و ته‌نها خاڵه‌ی زیاتر به شێوه‌ی سازانێكی نهێنی یه‌كلابۆته‌وه؛ هاوسهرۆكیه، كه ئه‌ویش ژماره‌كانی هاوسه‌رۆكه‌كان بۆته گرفت. كیشه‌كه له‌وێدایه، پۆسته‌كان بۆ كه‌س و بنه‌ماڵه دهسترۆیشتووهكان داده‌رێژرێن نه‌ك پۆسته‌كان بۆ پێویستیه‌كان و قازانجی رێڕه‌و و سیاسه‌تی حزبه‌كه بێت. بۆیه ده‌كرێت نه‌رێنی هاوسه‌رۆكی بۆ یه‌كێتی لهئهڕێنیبونی له چه‌ند خاڵێكدا دیاری بكرێت:
1- یه‌كێتی له نێوخۆی خۆیدا، تا ئێستا په‌یره‌ویی كاریی به داموده‌زگایی نه‌كردووه و به پێی ده‌سه‌لات و كاریزما و توانای جه‌ماوه‌ریی و سیاسی و عه‌سكه‌ریی سه‌ركرده‌كان شوێن خۆیان توند كردووه و ئه‌مه‌ش ململانێی هاوسه‌رۆكه‌كان ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه.
2- ره‌وتی چه‌ندین بنه‌ماڵه له نێو یه‌كێتیدا، كاریی هاوسه‌رۆكی سه‌خت ده‌كات و حزبه‌كه ده‌كاته چه‌ندین به‌شی جیاواز و ههمهجۆر به پێی هه‌وادار و لایه‌نگرانی هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌ك، ئه‌مه‌ش به پێی به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سی سه‌ركردایه‌تی و كادرانی ناوه‌ڕاست وخوارووی حزبه‌كه‌یه نه‌ك خودی حزبه‌كه.
3- ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندی و توانا مادی و سیاسیه‌ی له‌به‌رده‌ست هه‌ندێك سهركردهدایه ده‌بێته له‌مپه‌ر له جێبه‌جێكردنی بچوكترین بڕیار و، هیچ بریار و راسپارده‌یه‌ك شۆر نابێته‌وه و ناتوانرێت متمانه به‌وه بكرێت خه‌ڵكێكی ده‌سترۆیشتوی ره‌وت و بنه‌ماڵه و كوتله‌كان ملكه‌چی هیچ بریارێك بن كه له هه‌ر كه‌سێكه‌وه ده‌ربچێت له‌وان باڵاتریش بێت و له به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی ئه‌واندا نه‌بێت.
4- پێشبینی ده‌كرێت كه یه‌كێتی به‌هه‌مان شێوه‌ی سه‌ره‌تاكانی دروستبونی وه‌ك حزبێكی به‌ره‌یی كه به پێی بیر‌و فه‌لسه‌فه‌ی سێ حزبی جیا دروست بوو ( كۆمه‌ڵه و بزوتنه‌وه‌ی سۆشیالیستی و شۆرشگیڕان) و جیاوازی گه‌وره‌یان له نێواندا له‌هه‌موو بوارێكدا هه‌بوو، به په‌یره‌وكردنی هاوسه‌رۆكیش، كۆمه‌ڵیك ره‌وتی جیا و ئه‌م جاره به دوور له فكر وبیر و فه‌لسفه و ئایدیۆلۆجیا و ته‌نها به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و مادی بنه‌ماڵه‌یی و كوتلهوی و ناوچه‌یی تێدا دروست بێت، ئه‌وه ئه‌گه‌ر بتوانن به‌ره‌یه‌ك وه‌ك پێشتر دروست بكه‌ن و سازانی هاوبه‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی نێوخۆیی بكرێت.
5- وه‌زعی نێوخۆی یه‌كێتی زۆر فشه‌ڵ ده‌بێت و ده‌رگای واڵا ده‌بێت بۆ یاریكردنی لایه‌نی تر و، به‌تایبه‌تی پارتی ده‌توانێت به ویستی خۆی كاری تێدا بكات و ئه‌مه‌ش نه‌ك زیان به‌یه‌كێتی به‌ته‌نها به‌ڵكو به سه‌رجه‌م ره‌وتی سایسی گشتی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت و هاوسه‌نگی سیاسی له كوردستان زیاتر تێكده‌چێت.
6- زه‌مینه‌ی كڕینی كادر و سه‌ركرده و ته‌نانه‌ت ره‌وت و كۆمه‌ڵه كادری یه‌كێتی به گشتی زیاتر دبێت و بوار بۆ دابه‌شبون و جیابونه‌وه زیاتر ده‌ره‌خسێت.
7- برێاری ناوه‌ندی و مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه هه‌ستیاره‌كانی كوردستان ئاسان نابێت و راوبۆچونی جیاواز دروست ده‌بێت كه له نێوان كوتله و ینهماڵه و بۆچوونهكادن به ئاسانی یه‌كلایی نابێته‌وه.
8- دیموكراسیه‌تی نێوخۆیی یه‌كێتی تاوه‌كو ئه‌مرۆ چه‌ند مسقالێكی تیدا ماوه، ئه‌ویش ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه و ته‌نها باڵ و بنه‌ماڵه‌كان تهحوكم به سه‌رجه‌م بابهتهكان ده‌كات.
ئه‌گه‌ر وه‌زعی كوردستان و ئه‌و ململانێی كلاسیكیه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی بخوێنینه‌وه و چاومان له قازانجی هاوسه‌نگی هێزی سیاسیی كوردستان بێت، وا پێویست ده‌كات كه بڕیاری ئازایانه و خێرا و گونجاو و پێویست له‌هه‌ر مه‌سه‌له‌یك بدرێت پێویستی به ناوه‌ندێتی دیموكراتی ئه‌م حزبه هه‌یه و به فره‌باڵی و كوتهلیی و بنه‌ماڵه‌یی و ناوچه‌چێتی هیچ شتێكی له‌م بابه‌ته فه‌راهه‌م نابێت، بۆیه فره سه‌رۆكی و هاوسه‌رۆكی بۆ هیچ تایبه‌تمه‌ندیه‌كی یه‌كێتی له مامه‌ڵه‌كردنی له‌گه‌ڵ كوردستان و نێوخۆیی خۆیشیدا ناگونجێت و هاوسه‌رۆكی دواخستنی كێشه و بێشهكانه بۆ به‌رده‌وامبونی له میانی ره‌وتی كاروباری سیاسیی رۆژانه‌ی حزبه‌كه و ده‌كرێت به‌رده‌وام به‌ده‌ست كێشه یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانیه‌وه بناڵینێت. ده‌بێت یه‌كێتی باش بزانێت كه نه كوردستانی باشوور هاوشێوه‌ی كوردستانی باكووره و نه یه‌كێتیش وه‌ك هه‌ده‌په‌یه كه بتوانێت سیستمی هاوسه‌رۆكی په‌یڕه‌و بكات، به‌ڵام هه‌ندێك جاریش لاساییكردنه‌وه نهگاڵ دێنێت نه په‌مووش.