ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا. به‌شی دووه‌م.
یه‌كه‌مین پێكداهه‌ڵپژانی كورد و عوسمانی 1879
تا ئێستا هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر مێژووی شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵایان نووسیوه، به درێژی باسی ڕاپه‌ڕین و له‌شكركێشی شێخ عوبه‌یدوڵڵایان له ساڵی (1880) كردووه بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌تی قاجاری، بۆ ڕزگاركردنی كوردستانی بن ده‌ستی ئێران، به‌ڵام زانیاری ورد و باوه‌ڕ پێكراو ده‌رباره‌ی سه‌ره‌تای شۆڕش له نیوه‌ی دووه‌می ساڵی (1879) به‌ده‌سته‌وه ناده‌ن، به‌تایبه‌ت سه‌ره‌تاكانی شۆڕش و یه‌كه‌مین پێكداهه‌ڵپژانی كورد و عوسمانی، چۆن سه‌ره‌تا شۆڕشه‌كه دژ به بابی عالی به‌رپابوو، چۆنیش دواتر ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان وهرسوڕانهوه بۆ له‌شكركێشی بۆ سه‌ر ئیمپڕاتۆری ئێران، بێگومان كۆمه‌ڵێك هۆكار و ڕووداوی جیۆپۆلیتیكی و ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی ڕۆڵیان بینی له ته‌قینه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه و ئاراسته‌كردنی شۆڕشه‌كه ڕووه و ئێران. له‌وانه: شكانی ئیمپڕاتۆری عوسمانی له‌به‌رامبه‌ر ڕووسیای قه‌یسه‌ری، به‌شی زۆری هه‌رێمه موسڵمانه ناتوركیهكانی له ڕۆژهه‌ڵات دژی بابی عالی ڕاست كرده‌وه، دواتر كۆنگره‌ی به‌رلین (13ی ته‌موزی 1878) و هێنانه‌پێشه‌وه‌ی پرسی ئه‌رمه‌ن له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌نادۆڵ، بهپێویستیهوه ڕووبه‌ڕووی به‌رژه‌وه‌ندیه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ده‌بوونه‌وه، ماده‌ی (61)ی كۆنگره‌ی به‌رلین، كه داوای چاكسازی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عوسمانی ده‌كرد.
به‌داخه‌وه تائێستا مێژووی یه‌كه‌مین پێكداهه‌ڵپژانه چه‌كداریه‌كانی عوسمانی و شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕوون نیه، چۆن و كه‌ی و له‌كوێ سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ڵام به‌ڵگه‌نامه‌كانی باڵوێزخانه‌ی فه‌ڕه‌نسا له عوسمانی ئاماژه‌یان به‌و ڕووداوانه داوه، كه (د. نه‌جانی عه‌بدوڵا) له دووتوێی كتێبێكدا چاپی كردوون، ئه‌گه‌رچی پێویستی بهڵێكۆڵینهوهی زیاتره، به‌ڵام هه‌ندێك زانیاریمان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كانی ئه‌و ڕۆژگاره بۆ ڕوون ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه گرنگی زۆریان هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه ئاگاداری ڕووداوه‌كان بوون، به‌هۆی ململانێ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه هه‌ریه‌ك له ڕووسیا و به‌ریتانیا ڕۆڵی زیاتریان هه‌بوو له‌به‌رپابوونی شۆڕشه‌كه‌دا وێڕای ئێرانی و عوسمانیه‌كان، به‌ڵام فره‌نسا ئه‌وه‌نده‌ی ڕووسیا و به‌ریتانیا خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی نه‌بوون و بێ لایه‌نانه تر ڕه‌فتاریان كردووه، ئێمه لێره جارێكی دیكه ئه‌وانه بیر دێنینه‌وه، تا شاره‌زایانی ئه‌و بواره زیاتر به‌دواداچوونی بۆ بكه‌ن.
سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌كه
شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه شوێن ئامانجی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ كه‌وتبوو، سه‌ره‌تا ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی له كوردستانی بنده‌ستی عوسمانی ده‌ست پێكرد، له وان و موسڵ به‌ئاراسته‌ی ڕه‌واندز و كه‌ركوك و سلێمانی، سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌كه له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1879 له هه‌ردوو ویلایه‌تی وان و موسڵدا ڕوویدا، دواتر به‌ره‌و ئاراسته‌ی ڕه‌واندز و شاری كه‌ركوك په‌ره‌ی سه‌ند و توانیان كۆنتڕۆڵی لای چه‌پی ڕووباری دیجله تا ئه‌و به‌ری كه‌ركوك بكه‌ن، له‌وباره‌یه‌وه باڵوێزخانه‌ی فره‌نسا له به‌شی ئه‌تاشه‌ی سه‌ربازی له تێراپیا (12)ی ئۆكتۆبه‌ری (1879) ده‌رباره‌ی ڕاپه‌ڕینی كوردستان بۆ وه‌زیری وڵاته‌كه‌ی ده‌نووسێت:هه‌وه‌ڵین نیشانه‌ی ئاشوبی (ڕاپه‌ڕین)ی كورده‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی به‌ر له پێنج مانگ، شۆڕشه‌كه له تخوبی هه‌ردوو ویلایه‌تی دیاری كراوی وان و موسڵدا ده‌ستی پێكرد، هه‌ر له یه‌كه‌م ڕۆژه‌كانی مانگی حوزه‌یرانه‌وه به‌ڕێز سیوفی (Siofi) كارداری جێگری كونسولی فره‌نسا له‌موسڵ ئاماژه‌ی كرد بۆ ده‌ستپێكی ئه‌م بزاڤه له‌ناو هۆزه‌كانی نێوان ده‌ربه‌ندی زابی گه‌وره، له‌ڕۆژهه‌ڵاتی چیای ( Dschoudid- چیاییه‌كانی كاردۆخ) و ناو قه‌زای ئامێدی و ئاكرێ، كه سه‌ر به ویلایه‌تی موسڵن، له‌و كاته‌وه شۆڕش به بهرفراوانیهكی زۆره‌وه خوارووی ڕۆژهه‌ڵات، به ئاراسته‌ی ڕه‌واندز و تا كه‌ركوكی گرتبۆوه.
به‌ڕێز (سیۆفی) ئاماژه‌ی به‌وه داوه سه‌رۆكی هه‌ره دیاری ئه‌م فیۆداڵیتهی كورد شێخێكی چیاییه، ناوه‌كه‌ی له‌كاتی جه‌نگی (ڕووسی – عوسمانی) له ساڵی (1877) دا هاتۆته ناوانه‌وه، پێی ده‌ڵێن شێخ عوبه‌یدوڵڵا. ئه‌وه‌ی ئه‌وه ده‌چه‌سپێنێ ئه‌وه‌یه ئه‌م سه‌رۆكه به پۆلێكی (700) تا (800) لایه‌نگیره‌وه ده‌ستی پێكردووه و له‌مانگی ته‌مووزه‌وه ژماره‌یان بوو به (5000) كه‌س، له‌و كاته‌وه هێزه‌كانی ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاد ده‌كه‌ن، له‌لایه‌كی دیكه‌وه شێخ عوبه‌یدوڵڵا هیچ شتێكی فه‌رامۆش نه‌كردووه، له‌وه‌تای بڕیاری داوه سه‌ركردایه‌تی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بگرێته ده‌ست، كه بنچینه‌كه‌ی وا پێده‌چێ خۆكردی (عفوی) (1) بێت، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو گرنگیه‌كی پێ بدات، كه بشێ بیخاته بنده‌ست خۆیه‌وه، شێخ له‌به‌رامبه‌ر هاونیشتمانیهكانیهوه به‌رپرسیارێتی ئه‌م چه‌ك هه‌ڵگرتنه‌ی خسته‌سه‌ر شانی خۆی و به‌ئاشكرا ڕایگه‌یاند پاڵه‌وانی كورده چه‌وساوه‌كانه، به بانگه‌وازی كردنی كورده‌كان بۆ خۆگردكردنهوه له ده‌وری ئه‌و چه‌ندین نامه و بانگه‌وازی دۆستانه‌ی بۆ هه‌موو هۆز و به‌گه‌كان نارد، تا بانگهێشتیان لێ بكات بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی پێوه بكه‌ن، ته‌واوی ناوچه‌ی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات كه ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دابوون، یه‌كه‌مین ناوچه بوون وه‌ڵامی ئه‌م ده‌ست له‌پشت دانه‌یان دایه‌وه و هه‌موویان به‌ته‌واوی ڕابوون، هه‌قی ئه‌وه‌مان هه‌یه وابیر بكه‌ینه‌وه كورده‌كانی باكوور به پیر جوڵانه‌وه‌كه‌وه ده‌چن، چونكه له كۆتایی ته‌مووزه‌وه له موسڵه‌وه نووسیویانه، ژماره‌یه‌كی زۆر په‌یوه‌ندیان پێوه كردووه، و بێ وه‌ستان ده‌گه‌نه ئامێدی و قه‌زایه هاوسێكانی.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌و نیازه‌ی پشتگیری نه‌ته‌وه دراوسێكانی تریش مسۆگه‌ر بكات، له‌گه‌ڵ مارشه‌معونی سه‌رۆكی ئایینی ئاسوورییه‌كان و شه‌ریفی مه‌ككه و خدێوی میسر كه‌وته گفتوگۆ، عه‌ره‌به‌كانی ویلایه‌تی به‌غدا، له‌ڕێی فه‌رغان پاشای سه‌رۆكیانه‌وه شێخ عوبه‌یدوڵڵایان ئاگاداركرد ئاماده‌ن پشتگیری بكه‌ن.
به‌پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنه ده‌بوو هێزه‌كانی كورد دوای داگیركردنی موسڵ له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عه‌ره‌ب یه‌ك بگرنه‌وه، دابه‌ش كردنی هێزه‌كانی ڕاپه‌ڕینه‌كه به‌م جۆره بوو: به‌شێك له هێزی ڕاپه‌ڕیوه‌كان به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عه‌بدولقادری كوڕه بچووكی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی عه‌شره‌تی مه‌نگوڕ و مامه‌شی ئێران ده‌بوو شاره‌كانی ئامێدی، موسڵ داگیربكه‌ن. به‌شێكی تریش به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌ستگا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی شاری وان بگرن.
له‌و ڕۆژانه‌دا كاتێك ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له خۆ كۆكردنهوهدابوو، له‌شوباتی ساڵی (1879) له باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی گۆماوی وان بزووتنه‌وه‌یه‌كی له خۆڕا (عفوی)(1) له‌ناو عه‌شره‌تی حیدرانلی دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی سه‌ری ده‌رهێنا، به‌قسه‌ی ڕائید تروتێری كونسولی ئینگلیز له ئه‌رزروم هۆی سه‌ره‌كی ڕاپه‌ڕینی حیدرانلی هه‌ژاری و برسێتی و بێ سه‌روشوێنی بوو.
بزووتنه‌وه‌كه‌ی حیدرانلی چالاكانه دایه پاڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵا.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا له سه‌ره‌تای ئابی ساڵی (1879) له‌سه‌ر كورده‌كانی گهراكلی هه‌ڵی دایه و نوێنه‌رانی خۆی نارده لای كورده دراوسێكان و داوای لێ‌كردن لابده‌نه ته‌ك ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی و بانگه‌وازێكی بڵاوكرده‌وه، له‌و بانگه‌وازه‌دا له‌وه ده‌دوا جاران ناوچه‌كانی كوردنشین له‌ژێرده‌ستی عوسمانی‌دا نه‌بوون، ئه‌وه‌شی تیا ئاشكرا كرد كه خه‌ریكی خۆ ئاماده‌كردنه به‌و نیازه‌ی په‌لاماری ئامێدی بدات. شێخ عه‌بدولقادری كوڕیشی نارده سه‌ر هێزه‌كانی سه‌رداری موسڵ كه بێ به‌زه‌ییانه خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان ده‌چه‌وسانده‌وه.
له‌م ڕووه‌وه كرێبلی كونسولی ڕووس له ئێران له كانوونی یه‌كه‌می ساڵی (1879) ده‌نووسێت: شێخ نیازی وایه ڕاپه‌ڕینێك دژی ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌ڵگیرسێنێ، به‌ته‌مای ئه‌وه‌یه له كوردستانی عوسمانی حكومه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ به‌سه‌رۆكایه‌تی خۆی پێك بێنێ و شاری موسڵیش بكاته بنكه و باره‌گا.
یه‌كه‌م كرده‌ی شۆڕشه‌كه له هه‌ر كوێیه‌ك هه‌ستیان بكردبوایه باڵاده‌ستن كاربه‌ده‌سته توركه‌كانیان ڕاوده‌نا. وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ڵێن له به‌رواری ژووروو و له ڕه‌واندز ڕوویاندا. له‌موسڵ واباوه شێخ بۆ ڕاپه‌ڕین عه‌بدوڵڵا ئاغای به‌گی كوردی زێباری هانداوه بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێرشێكی له‌ناكاو شوێنی چكۆله‌ی ناوه‌ندی به‌هێزی ئامێدی بگرێ، كه ده‌یه‌وێ بیكات به باره‌گای حكومه‌ته‌كه‌ی.
له‌هه‌موو ئه‌م جاڕنامانهدا شێخ عوبه‌یدوڵڵا ڕایده‌گه‌نێت بڕیاری داوه ده‌ست بكات، به‌خه‌باتێكی تاسه‌ر دژ بهتوركهكان و هه‌میشه ئه‌وه زیاد ده‌كات كورده‌كان بێ تاقه‌ت بوون له دانی باج و چه‌وساندنه‌وه، داوای خاوه‌ندارێتیه‌كی هاوچه‌شنی ئه‌وه‌ی بوڵگارهكان هه‌یانه ده‌كات، به‌پێشكه‌وتنی ڕووداوه‌كانه‌وه شێخ ڕایده‌گه‌یه‌نێ سه‌ركردایه‌تی ئه‌م ده‌وڵه‌ته نوێیه وابه‌سته‌یه ده‌گرێته ئه‌ستۆی خۆی، كه ساڵانه سه‌رانه‌یه‌كی ساده به ده‌سه‌ڵاتی سوڵتان بدات.
ته‌نیا مه‌به‌ستی كوردستانی نێو قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی نییه
شێخ لایه‌نی دیپلۆماسیشی پشت گوێ نه‌خست، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌مانگی ئه‌یلولدا دووجار پێوه‌ندی بهڕووسهكانهوه كرد و داوای هاوكاری لێ كردن، بۆ ئه‌مه‌ش یوسف ئاغای نارده كونسوڵخانه‌ی ڕووسیا له‌وان، به‌ڵام ڕووسیا ئاماده‌یی ده‌رنه‌بڕی بۆ هاوكاری كورد، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌و بڕوایه‌دابوو شێخ عوبه‌یدوڵڵا ته‌نیا مه‌به‌ستی كوردستانی نێو قه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانی نییه، به‌ڵكو په‌لاماری كوردستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێرانیش ده‌دات، ئه‌م كاره‌یان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان نه‌ده‌بینی، جارێكی دی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له ئۆكتۆبه‌ری 1879پێوه‌ندی بهكونسوڵخانهی ڕووسیاوه كرد، له‌ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه هاوكاری بكه‌ن، بۆ جاری سێیه‌م سه‌ید محه‌مه‌د سه‌عیدی وه‌ك نوێنه‌ری خۆی نارد بۆ لای كامساراكانی كۆنسوڵی ڕووسیا، سه‌ید محه‌مه‌د بۆ ڕووسه‌كانی ڕوون كرده‌وه، خراپی ده‌سه‌ڵاتی عوسمانیه‌كان به‌رامبه‌ر به‌كورد، داوای هاوكاری له ڕووسه‌كان كرد و بیری خستنه‌وه، كه چۆن هاوكاری ڕووسیا بوون، له كاتی ململانێكان له‌گه‌ڵ عوسمانیه‌كان و به‌ریتانیه‌كان، به‌ڵام ڕووسه‌كان به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هاوكاری كوردیان نه‌كرد، به‌پێچه‌وانه‌وه دژایه‌تیشیان ده‌كردن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شێخ عوبه‌یدوڵڵا له هه‌وڵه دیپلۆماسیه‌كانی به‌رده‌وام بوو له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ڕووس و به‌ریتانیا.
په‌راوێزه‌كان:
(1)هه‌میشه شۆڕشه‌كانی كورد تۆمه‌تی ئه‌وه‌یان دراوه‌ته پاڵ، كه به‌ده‌ستی بێگاته دروست كراون، یان كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كی شه‌ڕخوازن و بۆ تاڵان و دزی و جه‌رده‌یی ڕاپه‌ڕیون، ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵاش له‌وه به‌ده‌رنه‌بوو، ئێران به‌ده‌سیسه‌ی عوسمانی ده‌زانی و ڕووسیا و به‌ریتانیاش تۆمه‌تی تاڵانی و ڕاووڕووتیان ده‌دایه پاڵی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باش ده‌یانزانی ئه‌م ڕاپه‌ڕینه له‌ڕووی هۆشی نه‌ته‌وه‌یی سه‌ری هه‌ڵداوه، ئه‌گه‌ر لای هه‌مووشیان وانه‌بێت لای هه‌ندێكیان وایه و لانی كه‌م شێخ عوبه‌یدوڵڵا و به‌شێكی زۆر له سه‌رانی ڕاپه‌ڕینه‌كه بۆ كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ له خه‌بات و تێكۆشان دابوون.
ماویه‌تی