ئارام هادی: کورد لە بغداد پێگەی بەهێزی ناوێت.
حەڤدە ساڵە کورد لە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراقی نوێدا بەشدارە، بەڵام بەشداریکردنەکەی تەنها لەسەر ئاستی پۆستی باڵابوە و شۆڕنەبۆتەوە بۆ خوارەوە، جگە لە سەرۆککۆمار و جێگرانی پەرلەمان و حکومەت و وەزیر و پەرلەمانتار و بریکاری وەزیز و چەند دەستەیەک، گرنگی نەداوە بە پۆستەکانیتری وەک قائمقام و ناحیە و بەڕێوەبەری فەرمانگەکانیتر، دواجار ئەم پۆستانەش بە عەرەبی شیعە و سوننە پڕکراونەتەوە، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکیە کە کورد نایەوێت پێگەی خۆی لە عیراقدا بەهێزبکات، هەروەها دەستوەردانەکانی وڵاتانی دەرەوە دەسەڵاتی بەرپرسانی عیراقی بەهەموو پێکهاتەکانەوە کۆتوبەند کردوە و دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساندون تا پێکهاتەکان لەسەر ئەرک و مافی خۆیان بگەنە لێکتێگەیشتن، لەبری ئەمە هەوڵی لێکترازان و قوڵبونەوەی کێشەکان تادەگات بەقەیران دەدەن.
کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، لەناو دوو کەوانەدا جێبەجێنەکردنی ماددەی 140ی دەستوری عیراق، پرسی دانانی پارێزگارێکی کوردی بۆ شارەکە و کێشەی نەوت و موچە و بودجە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ، هاوتاکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بغداد، داهاتی خاڵەسنوریەکان و پەیوەندیەکانی هەرێم بە دنیای دەرەوە، ئەمانە ئەو ناکۆکیانەن کە لەنێوان هەولێر و بغداد بونیان هەیە و سەرباری ڕێککەوتن لەسەر چارەسەری ناکۆکیەکان، بەڵام باوەڕناکرێت ڕێککەوتنەکەیان بە ئەنجام بگات.
سەرەتای هەفتەی داهاتوو، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عیراق، ناوی وەزیرانی کابینەکەی بۆ متمانە بەخشین پێشکەشی پەرلەمانی عیراق دەکات، هەر لەئێستاشەوە کێشە کەوتۆتە بەینی سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسیە کوردیەکان کە یەکەمیان نایەوێت کابینەکەی هیچ وەزیرێکی حزبی تیابێت و دووەمیش پێداگرە لەسەر مانەوەی وەزیرەکانی ئێستای لە پۆستەکانیان، بۆ ئەم مەبەستەش دوێنێ سێ شەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگرەکانی کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردیەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەهەولێر ئەنجامدا، ئەمەش بۆ ئەوەی فراکسیۆنە کوردیەکان یەکڕیز و یەکگوتاربن لەسەر ئاستی بغداد بۆ پارێزگاریکردن لەمانەوەی وەزیرەکانیان.
دروستکردنی پێگەی بەهێز بە وەرگرتنی سەرجەم ئەو پۆستانە دەبێت کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی کوردە جا گەر پۆستەکە بەڕێوەبەری خوێندنگایەک بێت لە کوێرە گوندێکی (میسان و زیقار و بەصرە)، هاوکات هەوڵی لێکتێگەیشتن و دروستکردنی متمانە لەنێوان پێکهاتەکانی عیراق، گەر ئەمە ئەنجامدرا ئەوکات ئەو یەکڕیزی و یەکگوتاریەی کوردیش ئیشی خۆی دەکات، بەڵام بەو حاڵەی ئێستاوە کە تەنها لەکاتی مەترسیەکاندا کۆبونەوەی بەپەلەی بۆ بکرێت و داوای یەکڕیزی بکرێت هیچی لە شین نابێت.