نەوزادى موهەندیس: دیموکراسى و ئازادی، دوو چەمکى نامۆ بە کۆمەڵگا ئیسلامى و ڕۆژهەڵاتیەکان!
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
سیستەمى حوکمڕانى دیموکراتى لەگەڵ ئەوەى مێژوویەکى دێرینى هەیە لەدەستپێک و پیادەکردنیدا کە دەگەڕێتەوە بۆ یۆنان و ئیغریقى کۆنى پێش زاین لە ئەوروپاى کۆن و دواتریش هەڵکشان و چەسپاندنى و گەشەکردنى لەگەڵ قۆناغەکان و پێشکەوتنەکانى کۆمەڵگاکاندا و تێپەڕاندنى سەدە تاریکەکانى ناوەڕاستى ئەوروپیەکان و دواتریش سەرهەڵدانى بزاڤە ئازادیخواز و ڕۆشنگەریەکان و هەڵکەوتنى چەندین بیرمەندى کۆمەڵایەتى و لێکدانەوە و تێگەیشتن و تێڕوانینە نوێکانیان بۆ کۆمەڵگا و چۆنێتى حوکمڕانى و هەڵبژاردن و مافە یاسایى و دەستوریەکان و دواتریش نوسینەوەى دەستورەکان و جیاکردنەوەى دین لە دەوڵەت و دواتریش هاتنى سەدەى هەستانەوە و شۆڕشى پیشەسازى و داهێنانە نوێکانى ئەوکات لە بوارى پیشەسازیدا، بەرودواش سەرهەڵدانى بیرى نەتەوایەتى و بزوتنەوە ڕزگاریخوازەکان و شۆڕش و ڕاپەڕینە جەماوەریەکان دژ بە دەسەڵاتە بنەماڵەیى و پاشا و خانەدان و قەیسەرو تاکڕەوەکانى ئەو سەردەمانە و هێنانە کایەى جۆرێکى تر لە حوکمڕانى بەناوى پاشایەتى دەستورى و لە قاڵبدانى دەسەڵاتەکانى پاشاکان و دواتریش سیستەمى حوکمڕانى کۆمارى کە تائێستاش بەردەوامە. ئەم کاروانى سەرهەڵدان و گەشەکردنەى دیموکراتیەى ئەوروپیەکان کە لە ئێستادا زۆربەى وڵاتانى دونیاى گرتۆتەوە نزیکەى 3 هەزار ساڵێکى خایاندوە کە مێژوویەکى کەم وکورت نیە، هەربۆیە دیموکراتى و مافەکانى تاک و گروپ و کۆمەڵ و حیزبە سیاسى و ڕێکخراوە پیشەى و دیموکراتیەکان گەشەى باشیان کردوە و لە قۆناغى خەمڵین دەربازبوون و لە ئێستادا گەیشتونەتە لوتکەى پێگەیشتن چونکە ئەو سیستەمى حوکمڕانیە بۆتە کەلتور و سلوکى ڕۆژانەى تاک و کۆمەڵگا و سەرکردە و حیزبە سیاسیەکان و بۆتە مایەى پێشکەوتن و داهێنانى سەرسوڕهێنەر و مایەى دابینکردنى سەرجەم پێداویستیە مادى و خۆشگوزەرانیەکانى ژیان،گەرچى لێرەو و لەوێش هەندێکجار زیادە ڕەویشى تیادا کرابێت،بەڵام بۆتە مۆدێلکى سەردەم و زۆرینەى کۆمەڵگاکان لێیڕازین و دەستیان پێوەگرتوە و لێشى پەشیمان نین و ناشبنەوە.
لەبەرامبەردا و لە کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکان بەگشتى و بەتایبەتیش کۆمەڵگا عەرەبى و ئیسلامیەکان و ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بەشێکى زۆرى ئاسیا و کیشوەرى ئەفریقیاش هێشتا و لەگەڵ ئەو هەموو دەسکەوت و سیماو ناوەرۆِکە جوان و گەشاوەیەى سیستەمى دیموکراتى و ئازادیەکانى تاک و گروپەکان لە ئەوروپا و ئەمریکادا، گەرچى سەرکردە و بنەماڵە دەستڕۆیشتوەکان بۆ خۆیان شاگەشکەى ئەو مۆدێلە و داهێنان و پێشکەوتنەکانیانن و زۆربەى ژیانیان لە کەیف و سەفا و گەشتوگوزارى ئەو وڵاتانەدا بەسەر دەبەن بە پارەى دزراوى میلەتەکانیان، کەچى هێشتاش نەیانتوانیوە گەرچى بەشێکى کەمیش بێت لە چەمکى دیموکراتى ڕاستەقینە تێبگەن و لەسەر زەمینەى واقیع لە دەستور و یاسکانیاندا جێگەى ڕاستگۆیانەى بۆ بکەنەوە و لانى کەم هێواش هێواش لەئاستى دەسەڵات و ئۆرگانەکانى حوکمڕانى و نوخبەى دەستەبژێرى دەسەڵاتەکاندا پیادەى بکەن و لێشگەڕێن بە شێوەیەکى سروشتى و دوور لەهەڵپە و پەلەکردن و گەشەبکات و لە مەنهەجى خوێندن و پەروەردەى نەوەکاندا تۆخیبکەنەوە و بۆئەوەى ببێتە کەلتور و بەشێکى دانەبڕاوى کردار و گوتاریان و ببێتە جێگەى ڕەزامەندیان لەتەمەنێکى منداڵیەوە بۆئەوەى لەماوەیەکى کەمى 2-3 نەوەى دوابەدواى یەکدا لانى کەم بتوانرێت هەنگاوێکى باش بەرەو چەسپاندن و تێگەیشتنى زیاتر و پێشخستنى زیاترى چەمک و بنەما و ڕێچکە و ڕێبازەکانى دیموکراتى بخەمڵێت و بتوانرێت لەسایەى ئەو ڕچە و ڕێبازەدا کەمێک نزیک ببنەوە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوەکانى ئەوروپا و ئەمریکیەکان.
بەڵام بەداخەوە دەستەڵاتدارانى ئەم ناوچەیە لەلایەک بەتوندیەکى شێتانە دەستیان گرتوە بە چەمکە کۆن و سواوەکانى دین و دابونەریتى سواو و زیانبەخشەکانى باو وباپیران و بە کۆمەڵە چەمک و بەهایەکى پیرۆز و لەبن نەهاتویان دادەنێن و لادان لێیان بەتاوان دادەنێن و سزاى زۆر قورسیشیان بۆ داناون ، لەلایەکى تریشەوە تەنانەت گەر هەنگاوێکى بچوکیشیان نابێت بۆ پیادەکردن و چەسپاندنى بنەماکانى دیموکراتى و ئازادیەکان و مافەکانى مرۆڤ و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و یەکسانى ڕەگەزى و بنەماى هاوڵاتیبوون و سەروەربونى یاسا،بەڵام هەموانیان تەنها بۆ جوانکردنى سیما ناشرینەکانى دەسەڵاتەکانیان بوە نەک بۆ پیادەکردنیان، چونکە ئەوان بەهەڵگەڕاوەى لەو گوتە کۆنە سواوە تێگەیشتون کە لەلایەن تاکڕەوەکانى کۆنەوە گوتراوە کە دەڵێت ((بەچانسترین یان خۆشبەخترین سەرکردە و ڕابەر ئەو کەسەیە کە کۆمەڵگایەکى مەڕ ئاساى هەبێت)) لەپێناو درێژەدان بەتەمەنى حوکمڕانى و تاکڕەوى و قۆرخکردن و دزین و گەندەڵى لەسەروەت و سامانى میلەت و وڵاتدا.دەبێت سەرکردە و دەستڕۆیشتوە گەندەڵەکانى ئەم ناوچانە لەوە تێبگەن تاسەر حوکمڕانى لەو شێوەیەیان بۆ ناچێتە سەر و ڕەوڕەوى مێژووش چاوەڕاونى ئەوان ناکات و کاروانى پێشکەوتن و داهێنانەکان لەئێستاى دونیاى بەجیهانبوون و کاڵبونەوەى سنورە دەستکردەکان و ڕووخاندنى دیواربەندە پۆڵاینەکان نەماوە و تاک بەتاک و کۆمەڵگا بەکۆمەڵگا هوشیارتر و بوێرتربوون بۆ داواکردنى مافەکانیان،زیندووترین نمونەش ڕاپەڕینە جەماوەریەکانى بەهارى عەرەبى و ناوچەکە و دونیاش بوو لەساڵى 2011 بەدواوە و کە تاکو ئێستاش بەردەوامیان هەیە لە عێراق و لوبنان و جەزائیر و ئێران و تورکیا و ..هتد. گەرچى زۆرێکیان بونە مایەى جەنگى ئەهلى و ماڵوێرانى و کاولبوونى وڵات و کۆمەڵگاکانیان و بەنەبەکامى ماونەتەوە و نەیانتوانیوە یان لێنەگەڕاون بگەنە دوا ئامانجى ڕاستەقینەى خۆیان لە گۆڕانکارى و نوێبونەوە و چێکردنى کۆمەڵگا و دەسەڵاتێکى دیموکراتیک و میللى و خۆشگوزەران دوور لە تاکڕەوى سەرکردە و بنەماڵەکان و گەندەڵى و دزینى سەروەت و سامانى وڵاتەکانیان.کەواتە باشتروایە بۆ سەرکردە نانیشتیمانى و نا نەتەوەیەکانى عەرەب و ئیسلام و ناوچەکەش کە ڕووى ڕاستگۆیانە بکەنە سیستەمى حوکمڕانى دیموکراتیکى ڕاستەقینە کە لەسایەیدا دەتوانن هەم خۆیان و دەسەڵاتەکەیان گەشەپێبدەن و هەم کۆمەڵگا و تاکەکانیش لە کۆمەڵگا و تاکێکى بێبەرهەم و مشەخۆر و نەخۆش و دواکەوتوو و هەژار و بێکارەوە بگۆڕنەوە بە تاک و کۆمەڵگایەکى پێشکەوتوو و داهێنەر و پڕ بەخشش و بەمەش دەکرێت گۆڕانکارى لەهاوکێشە لاسەنگە مێژوویەکەى نێوان ڕۆژهەڵاتى دواکەوتوو پاشکۆ و ڕۆژئاواى ئیستیعمار و پێشکەوتوو داهێنەردا بێتە ئاراوە یان لانى کەم ببێتە سەرەتاى ڕێگا و کاروانە مێژووە دووردرێژکەى بەیەک گەیشتن و پێشکەوتنى مرۆڤایەتى.
ئاساییە کە لەسایەى ئاوها دەسەڵاتێکى تاکڕەودا هەمیشە تاک و کۆمەڵگایەکى پەروەردە بەگیانى تاکڕوەى و توندڕەوى و دەمارگیرى پەروەردە ببێت کە جگە لەکوشتن و خوێنڕشتن کارێکى داهێنەرانە نازانن و هەرئەمەش بۆتە هۆى هەڵگرتنى ماکى ئەم ڕۆحیەتى دژ بەمرۆڤایەتى و هەموو بەهاو ڕەوشتە مرۆڤایەتیە پێشکەوتوو و داهێنانەکانى سەردەم و هیچ دەیە ساڵێک تێپەڕ نابێت کە هێز و جوڵانەوە و بزوتنەوەیەکى توندڕەوى ئاینى یان مەزهەبى یان نەتەوەیى لەم ناوچانەدا سەرهەڵدەدەن و دەبنە بابەتى ڕۆژەڤى دونیا و هەمو دونیا و مرۆڤایەتى بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەکەن و جگە لە خوێنڕشتن و گەڕانەوە بۆسەردەمانى جاهیلیەت و پێشێلکردنى بەهاو دابونەریتە مرۆڤایەتیەکانى سەردەم هیچ کارێکى نوێیان پێنیە و هیچ لە ڕەوتى ڕوداوکانیش ناتوانن بگۆڕن و ڕێگەش بە پێشکەوتن و کاروانى گەشەکردنەکانى ئەوروپا و ئەمریکا و دونیاى پێشکەتوو بگرن ،بەڵکو ئەوەى کە زیانى گەورەى پێدەگات تەنها گەلان و خاک و سەروەت وسامانى ناوچەکەیە و هیچى تر،کەزۆرێک لەو جوڵانەوە تیرۆریستیانە لەکۆتایدا دەردەکەون کە دەستکرد و دەستەمۆى دەزگا جاسوسیە نێودەوڵەتیەکانن و تەنها ئەمان کارى نۆکەرایەتى و بەکرێگیراویان بۆ دەگێڕن.
کەواتە لەکۆتایدا ئەم ناوچە و کۆمەڵگایانە تا ئەوکاتەى خۆیان ڕزگاردەکەن لەکۆتوبەندى هەڵەى ئاین و مەزهەب و نەتەوەیى توندڕەو هەروا دەمێنەوە و هە میشە لەپاشکۆى ڕووداو و پێشکەوتن و داهێنانە مرۆڤانەییەکاندا جێدەمێنن و بەپەراوێز و پشتگوێخراوى ژیان دەگوزەرێنن و وەک پەڵەیەکى ڕەشى نەفرەت لێکراویش بە تەوێڵى مرۆڤایەتیەوە بەناشیرینترین شێوە خۆیان پیشان دەدەنەوە.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی