ئارام عەلی عەزیز: خۆرهەڵاتى ناوەڕاست بەرەو کوێ؟
دووبارە داڕشتنەوەى نەخشەى خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئێستا بۆتە ناوونیشانێکى سەرەکى باسوخواسی زۆربەى ناوەندەکان، بەرەو بەدواداچوونێکی گەورەمان دەبات لەوەى، کە ئایا ئەو سنوورە سوورانەی کۆلۆنیالیستی بەریتانی بەر لەسەد ساڵ پێش ئیستا لەناوچەکەماندا کێشای لەئەرزی واقیعدا ماوە؟ ئایا ئێمە لەسەر دەرگای دابەشکردنێکی تازەداین؟
ئەمڕۆ لەگەڵ کاڵبوونەوەی ئەو سنوورانەدا سوپای دەیان دەوڵەت وەکو فارگۆنی شەمەندەفەر ریزیان بەدوای یەکتردا بەستوەو لەسەر خاکەکەمان کەوتونەتە ناو شەڕو ململانێیەکی سەختەوە، هەر لە عیراق و سوریاوە بگرە تا دەگەیتە یەمەن و لیبیا، هەر هەموشیان ئەو شەڕو ململانێیەى کە دەیکەن دەیخەنە ئەستۆی تیرۆرو داعش، لەکاتێکدا ئەو گێژەنەى لەخۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە زۆر نیەت و مەخسەدی قووتداوە.
بەلەبەرچاوگرتنى مێژوى ململانێی نێوان خێروشەڕو رووداوو گۆڕانکاریەکانى، کە ئەمڕۆ لە ناوچەکەماندا روودەدەن، دەگەینە ئەوەى کە، لەرۆژگارى ئەمڕۆماندا بەئاگاهاتنەوەی شارستانیی سەرزەمینەکەمان گەیشتۆتە لوتکەو پارێزگاری خودیی خاکەکەیشمان خەریکە سەرجەم شەپۆل و تەوژمە هاتوەکان تێکدەشکێنێت و پاشەکشەیان پێدەکات و ئاسەوارەکەیشی بۆ شەپۆلێکی دیکە جێدەهێلێت. خاک وسەرزەمینى ئێمە خۆرهەڵاتى ناوەڕاست نیە وەکو مەنزورو روانگەی زاراوە بەریتانیەکە مەبەستیەتی و گوزارشتی لێوەدەکات، بەڵکو راستیەکەى ئەوەیە، کە خاک و سەرزەمینەکەمان ناوین و ناوەندیە لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوادا، واتە ناوەڕاستى خۆرهەڵاتە، خاوەن بەهاو قیەم و پرەنسیپی شارستانیەتێکە، کە سەردەمانێک پرشنگی خۆری مەعریفەى یەکەمین ئەکادیمیاى سەرگۆى زەوی سەرخاکەکەی، جیهانی رۆشنکردۆتەوەو بوەتە نیبراسی چەمکی عەقائیدی بەقەڵەم لەروى فکرەوەو بەتایە لەروى ماددیەوە. ئیتر لێرەوە ئینسانیەت یەکەم هەنگاوی لەهەنگاوەکانى ناوەو رۆژهەڵات و رۆژئاوای دنیای داپۆشیوەو بووە بەپرۆگرام و مینهاجی فەلسەفی ژیانێکی ئاسوودەو بەختەوەر، ئەمڕۆیش لەو قۆناغە هەستیارەى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى پێیدا تێپەڕدەبێت بووژانەوەى شارستانیی بەخۆوە دەبینێت.
بەر لە زیاتر لە سەد ساڵ بە دیاریکراوى لە ساڵى 1916 دا، ئیرنیست چاخ نوسەرى ئەڵمانى لە وتارێکیدا لە رۆژنامەى دویچ پۆلەتیک نوسیویەتى: (جەنگ لە خۆرهەڵاتەوە دێت، بەهۆى خۆرهەڵاتیشەوە هەڵدەگیرسێت و هەر لەوێشدا یەکلایى دەکرێتەوە ).
سەرەڕاى بوونی چەندین سیناریۆى داڕێژراو بۆ ناوچەکەمان، ئاکام و چارەسەری خۆرهەڵاتی نێوەراست لە سەردەمی ئێستاماندا لەم دەستەواژەیەدا کۆدەبێتەوە:( ئوممەتێک لەشارستانیەتێکدا، شارستانیەتەکەیش بۆ ئینسانیەت، تاکە هیوای ئینسانیەتێکى پرشنگداریش میزۆپۆتامیاو عێراقى درێژکراوەیەتی ). بەئاگاهاتنەوەیەک کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا تەنهاو تەنها ئەم لێکدانەوەیە بەخۆیەوە هەڵدەگرێت و هەر ئەوهایشە، ئەو کاتەیش کە پێ دەنێیتە نێوخاکەکەمان لافیتەیەک لەسەر سنوور رووبەڕووت دەبێتەوەو دەڵێ: تۆ ئێستا لەژێر سەروەری یاسادایت.