ناودار زیاد: مرۆڤ و فشارەکانى شار.
گابریل گارسیا مارکیز، لە کورتە ڕۆمانى (بە یادى سۆزانییە غەمبەرەکانم)دا باس لە تیاترۆى شارە گەورەکان دەکات، نەک گوند و ئاوایى و شارۆچکە بچوکەکان، گوند و شارۆچکەکان جێگاى تیاترۆى تێدا نابێتەوە. ئەدیبى ناودارى مەغریبى (محەممەد شوکرى) لە شارى تەنجە ئاشناى سۆزانى و دز و قاچاخچییان دەبێت. شاعیرى گەورەى کورد (شێرکۆ بێکەس)یش لەناو جەنگەى شارى (سلێمانی)دا دڵى دەشکێت و زویر دەبێت، لە کۆتا دیوانى شیعریدا لەژێر ناونیشانى (ئێستا کچێک نیشتیمانمە) هیچ شتێکى شار هیواى پێ نابەخشێت و نایخرۆشێنێت جوانى و ناسکى و شەوقى کچێکى بریندار و دڵشکاو نەبێت.
هەر کاتێک باسى پیسبوونى ژینگە دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکان دووکەڵ و ژاوەژاوى ئۆتۆمبێل و ئامێر و مەکینە بێشومارەکان و ئەو کارگە پیشەسازییانەیە کە سیماى شارە گەورە و قەرەباڵغەکانى ئەم ڕۆژگارەن. ڤایرۆسى (کۆرۆنا)ى کوشندە لە (وۆهان)ى گەورە شار و حەشاماتنشینى (صین)ەوە سەردەردێنێت و تەشەنەدەکات. نەخۆشییە دەروونییەکانى وەک خەمۆکى و شیزۆفرینیا و ڕاڕایى و ترس بە هەمان شێوە زادەى ژیانى شارنشینە. مرۆڤ کاتێک پێ دەنێتە ناو شارێکى گەورەوە یەکەم هەست کە هوروژمى بۆدێنێت و بەریدەکەوێت هەستکردنە بە غەریبى و نامۆیى، ئەو هەستە قوڵە وجودییەى درزێکى بەرین دەخاتە ڕۆحى بونیادەمەوە و پێیوایە بێکەسترین و تەنیاترین مرۆڤى سەر زەوییە.
شار ئەگەر لەسەرێکەوە شوێنێک بێت بۆ خۆڕۆشنبیرکردن و بەرزکردنەوەى ئاستى هۆشیاریى و گەشەپێدانى خودیى بەهۆى دەرگیربوونى تاک لەگەڵ کلتور و نەریتى فرە و جۆراوجۆر و، دەرفەتى بەشداریکردن لە چالاکییە زۆروزەوەندەکان و، دەستڕاگەیشتن بە ناوەند و سەنتەر و ڕێکخراو و دامەزراوە هەمەجۆرەکان، ئەوا لە چەندین لاوە شوێنێکە بۆ گڕبەردان لە هەڵپە و چاوچنۆکى و خواستە لەبننەهاتووەکانى ئینسان، ڕووبەرێکە بۆ چنگ گیربوون لە بەرژەوەندییەکان و، پانتاییەکە تێیدا هەر کردەیەک و هەموو شتێک بە ئەژمارى پارە و نرخ و ڕەواج و بازاڕ دەپێورێت.
لە شاردا سڵاوى ئینسانییانە ونە، ڕۆژێک دەیبینیت و، تا هەفتە و مانگی تر بەرچاوت ناکەوێتەوە. بەهاکان بەئاسانى دەرناکەون، لاى یەکێک هەیە و، لاى دەیان و سەدانى تر گاڵتەجاڕییە. خۆپەرستى و لەززەت و دەستکەوتە فەردییەکان جێگاى هەماهەنگى و هاوکارییە دوولایەنى و دەستەجەمعییەکانیان گرتووەتەوە. شار ئازارى ئەو هەستى مرۆڤایەتیبوونە دەدات کە لە ناخى هەموو کەسێکدایە. وانییە ئەگەر بڵێین تاک لە شاردا بەئاسانى بۆى دەچێتە سەر چاوقاییم و پێداگر و مکوڕ بێت، نەخێر، هەمیشە و هەر سات شیمانەى پاشەکشە و سازش و دەسبەرداربوون بە ئەندازەى پاڵەپەستۆ و فشارەکانیى وارید و چاوەڕوانکراوە.
لێرەدا هێندەى دەمەوێت باسى ئەو مەینەتییانە بکەم کە بونیادەم بەدەست شارەوە دەیچێژێت، هێندە نامەوێت تەفسیرى شار بکەم، لێکۆڵینەوە و ناسینى شار ئیشى ئەو پسپۆڕییەى زانستە کە ناوى (شارناسى)یە. پەیوەندى نێوان شار و دڵڕەقى بەتوندى بەیەکترەوە گرێدراون. (یەشار کەمال)ى ڕۆماننووس لە ئاواییەکەى خۆیانەوە (گۆگچەلى) بەمەبەستى دۆزینەوەى کار ڕوو لە شارى (ئورفا) دەکات، کەچى بۆ ماوەى ساڵێک و زیاتر دایک و خزم و کەسەکانیى گوندەکەى بیرنامێنێت. زۆربەى ئەو کاراکتەرانەى لە ڕۆمانەکانى (دۆستۆیڤسکى)دا تاوان ئەنجام دەدەن خەڵکانى نیشتەجێى شارن، (راسکۆڵینکۆف) لە ڕۆمانى (تاوان و سزا)دا پیرەژنێکى سووخۆر دەکوژێت، هەم سووخۆریى یەکێکە لە سیماکانى شار، هەم ژینگەى جەنجاڵ و سەرقاڵى شار یارمەتیدەرى کردەى کوشتنەکەن. نووسەرى بەناوبانگى یۆنانى (نیکۆس کازانتزاکیس) باڵدەگرێت و تەرەى شار و وڵاتان دەبێت، داناسەکنێ و لە (کرێت) نەبێ لە هیچ کوێ ئۆقرە ناگرێت. (مارتین هایدیگەر)ى فەیلەسوفى سەدەى بیستەم پلە و سەنگ و پێگەى شار توڕ دەدات و، ڕوودەکاتە کوخێکى لادێیى و بە جلوبەرگى جووتیارانەوە ژیان لەگەڵ جووتیار و خەڵکى سادە و خۆشمەشرەفى لادێنشین سەرمەستى دەکات و سووکنایى پێدەبەخشێت. (محەممەد عومەر عوسمان)ى شاعیریش جوانى و سەرنجڕاکێشى شارەکانى سوید ئارامى پێنابەخشن و، هەڵتەک هەڵتەک دەگەڕێتەوە سلێمانى، چونکە بیرى هەر لاى کوچە و شەقام و چایخانە شەعبییەکانى ئەو شارەیە کە هێشتا دەستى پیشەسازى و تەکنۆلۆژیا و سەرمایەدارى نەگەیشتووە پێى و، فکرى هەر لاى دایک و خانووە کۆنەکەى گەڕەکە میللییەکەى خۆیانە، کاتێکیش خەیاڵى شارەکەى بەرەو کوێرەوەبوون و، خەونیى بەرەو نەزۆکبوون دەڕوات ئیدى چاوى بەرایى نادا و بەرگە ناگرێت و خۆى دەکوژێت، (محەممەد عومەر عوسمان) کەس نەیکوشت دڵڕەقى شار نەبێت.