بورهان شێخ ڕەئوف: ئەدلب ململانێکانى سوریاو تورکیا یەکلایى دەکاتەوە؟
ئەوەى زۆر جێگەى سەرسوڕمان و نیگەرانیە بۆ گەلى سوریاو تەنانەت وڵاتانى ناوچەکەو چاودێرانى بارودۆخى سوریا ئەوەیە هەڵوێستى حکومەتى تورکیایە لە مەڕ کێشەو کریزەکانى سوریا بۆ قەڵس و نیگەرانە لە وەدەرنانى تاقم و گروهە تیرۆریستیەکانى لە شارى ئەدلب و ناوچەکانى دەوروبەرى لە کاتێکدا ئەدلب پارێزگایەکى سوریەو خەڵکەکەى ناسنامەى سوریایان هەڵگرتووە.
ئایا تورکیا قایل دەبێت سوریا یان وڵاتێکى دى دەست وەردەنە کاروبارى ناوخۆى؟ ساڵى 1998 هەر بە پاساوى بوونى عەبدوڵا ئۆجەلان لە سەر خاکى سوریا هەڕەشەى داگیرکردنى دیمەشقى دەکرد، ئێستا خێرە خۆى ئاوا بە ڕۆژى ڕوناک و ئاشکرا سوپاکەى لە خاکى سوریادا بڵاوە پێکردووەو؟
پاساوى دەستوەردانەکەى تورکیا لە سوریا
ڕۆژى شەمەى ڕابردوو لە پەیوەندییەکى تەلەفونیدا ڕەجەب تەیب ئەردۆگانى سەرۆک کۆمارى تورکیا بە سەرۆکى ئەمریکاى وت، زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەى سورى لە ئەدلبەوە ملى ڕیگایان گرتۆتەبەر بۆ سنوورەکانى تورکیا، لە کاتێکدا 4 ملیۆن ئاوارەى تر ى سورى لە تورکیان بۆیە بە داخەوە ئێمە ناتوانین لەو ژمارە زیاتر پەنا بدەین، جگە لەمەش نیگەرانى تورکیا زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە مانگى شوباتى 2020 دا (13 ) سەرباز و وا لە کۆتاییەکەیشیدا لە 27 شوبات جارێکى تر 33 سەربازى تورکى لە شەڕەکانى ناوچەى ئەدلب کوژران، کە لە خاڵەکانى چاودێرى جێگیر کرابوون بە مەبەستى کەمکردنەوەى ئاڵۆزى، بەڵام ڕووسەکان دەبێژن ئێمە نەمان زانیووە سەربازى تورکیا لەوێندەرن، ئەوێ شوێنى تیرۆریستەکانە ئەمان چ دەکەن لەوێ؟
هەرچەندە تورکیا کاردانەوەى توندى هەبوو بەرامبەر پەلامارەکانى سوریا، بەڵام هەڕەشەى توند دەکات لە ئێستادا لە هەر پەلامارێکى تر بۆ سەر هێزەکانى و ئەوا پەلامارى سوریا دەدات لە هەموو لایەکەوە، لە هەمانکاتیشدا ئەردۆگان نیگەرانى و گلەیى خۆى نەشاردەوە بەرامبەر بێدەنگى ڕوسیا لە مەڕ پەلامارەکانى هێزەکانى سوریاو وتى ئەمە بەبێ ڕەزامەندى ڕوسیا نەکراوە.
ئەوەىگرنگە لێرەدا هەڵوەستەى لە سەر بکەین ئەو پێشهاتە گرنگەیە ئەوە بۆ یەکەمجارە لە دواى چارەسەرکردنى کێشەى کەوتنەخوارەوەى فڕۆکە ڕوسیەکە لە ساڵى 2015 لە لایەن تورکیا وە کە ئەو دوو وڵاتە لە جۆرێک لە هاوپەیمانى دابوون و بە تایبەتى دواى کڕینى سیستمى بەرگرى S400 ڕوسى لە لایەن تورکیاوە سەرەڕاى نیگەرانى و ناڕەزایەتى توندى ئەمریکا بەو پێ یەى کە ئەندامى هاوپەیمانى ناتۆیە، ئاوا بەو شێوە تورکیا تانەو تۆمەت و ڕەخنەى توند لە ڕوسیا بگرێت.
شکستى خوولى سێ یەمى دان و ستانەکانى مۆسکۆ و ئەنقەر ە:
خوولى سێ یەمى ئەو دان وستانانە ڕووخاو هەرەسى هێنا لە نێوان شاندى سەربازى و ئەمنى هەردوو وڵاتدا بەهۆى پێداگیرى مۆسکۆ لە سەر کۆتایى هێنان بە هەموو تاقمە چەکدارە کان کە پۆلین کراون لە لیستى تیرۆردا و گێڕانەوەى هەموو پارێزگاى ئەدلب بۆ ژێر سەروەرى دەوڵەتى سوریا بە گوێرەى ڕێکەوتننامەى سوتشى، هەروەها ڕەتکردنەوەى ئەوداخوازییەى تورکیا کە دەیەوێت هێزەکانى سوپاى سوریا بگڕێنەوە بۆ شوێنەکانى پێشوویان.
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە سوپاى سوریا بە نیازە هەموو گوندو شارۆچکەکانى پارێزگاى ئەدلب وەکو ناوچەکانى ترى سوریا لە تاقم و گروهە تیرۆریستەکان پاک بکاتەوە بێگومان ئەمەش بە بێ پشتیوانى هێزى ئاسمانى ڕوسیا ناکرێت ، کە ئەمەش تورکیا دەخاتە بەر دوو بژاردەى سەختەوە:
1- قایل بوون بەو دیفاکتۆیەى کە هاتۆتە ئاراوە ئەویش بۆ خۆلادان لە شەڕو پێکادان لە گەڵ سوپاى سوریا و ڕوسیا.
2- خۆسازدان بۆ شەڕو پێکادان لە گەڵ سوریاو ڕوسیا و گرتنەوەى هەموو ئەوناوچانەى کە سوریا لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئازادى کردووە بە ڕێگاى M5 نێودەوڵەتیەوە کە دیمەشق و حەلەب یە یەکەوە دەبەستێتەوە، هەر لەو چوارچێوەشدایە کە ئەردۆگان مۆڵەتى تا کۆتایى ئەم مانگەى بە سوپاى سوریا داوە لەوناوچانە بکشێتەوە ئەگینا بە پێچەوانەوە بە هێز دەریان دەکات.
لە کۆتاییدا پێناچێت ڕوسەکان بوار بدەن هیچ گۆڕانکارییەک لە سەر خاک ڕووبدات بە زیانى ڕژێمى سوریا، ئەگەرەکانى هەڵچوون و بەریککەوتن لە ئاشتى و ئارامى زیاترە، بە تایبەتى لە کاتێکدا درزى گەورە کەوتوتە نێوان تورکیاو ڕوسیاوە چ بەوەى ئەردۆگان سەردانى ئۆکرانیاى کردووە پشتیوانى خۆى بۆ یان دووپات کردۆتەوە لە گەڵ ئەوەدایە کە نیمچە دوڕگەى قرم کە ڕوسیا بە زۆر لکانوویەتى بە خۆیەوە بگەڕێتەوە بۆ ئۆکرانیا و لە لیبیاش دژ بە هێزەکانى خلیفە حفتەر کە هاوپەیمانى ڕوسیان پشتیوانى حکومەتى سەڕاج دەکات.
ڕۆژانى داهاتوو یەکلا کەرەوە دەبێت لە ڕوداوەکانى سوریا و بەتایبەتى ئەدلب، هەرهەنگاوێکى نابەرپرسانە بۆى هەیە بارودۆخەکە بە شێوەیەک بتەقێنێتەوە کە ببێتە قەیرانێکى ئیقلیمى و بگرە نێودەوڵەتیش کە چاەرەسەرکردنى قورس بێت.