کاوسێن بابەکر: ڕاپەڕینی ڕانیە گیانی نەتەوایەتی و خەونی دەوڵەت.
رەنگە، کەم نەتەوە هەبن وەک کورد بەر نەفرەتى ژیۆپۆلەتیک کەوتبن کە، فاکتەرێکى هەرە گرنگ بووە بۆ شکستى شۆڕشەکانى کوردو بەردەوامى ژێردەستەیىو داگیرکارى.
قەدەرى کورد ژێردەستەیىو شەتەکدرانى بەدەوڵەتانى دراوسێوە بەدرێژایى مێژوو واى لێکردووە، هەستى نەتەوایەتى درەنگ وەخەبەربێ تایبەت، لەساڵى 1514 ى زاینى کە کۆتایى بەشەڕە درێژەکانى نێوان سەفەوییەکانو عوسمانیەکان هێناو هەمووشى لەسەر وورگى کورد بەڕێوە دەچوو، دواى کاولکارىو کوشتارێکى زۆریش لەکوردستان بێ ئەوەى بچوکترین سوودى سەرکەوتنەکانى هیچکامیان بۆ کوردبێ. لەوساڵەدا کوردستان کەپێشتریش لەژێر هەژموونو دەستەڵاتى سەفەوى لەرۆژهەڵاتو عوسمانى لەڕۆژئاوا دابوو، ئیدى بەکردەوە کوردستان بەفەرمى دابەشکرا. تادواتر دواى روخانى دەوڵەتە نەخۆشەکەى عوسمانى چەند پارچەى تریشى لێکرایەوە، باشورى کوردستان بە عیراقى عەرەبىو کوردستانى بچوک بەسوریاوە لکێنرا دواى جەنگى جیهانى یەکەم.
لێرەدا نامەوێ مێژوو بگێڕمەوە هەر هێندە ئەو وەبیرهێنانەوەیە پێویست بوو بۆئەوەى لەقەدەرى ناهەمووارى کورد باشتر تێبگەین کە دابەشکرانى کوردستان بەسەر چوار دەوڵەتداو نەبوونى دەروازەیەک بۆ دونیاى دەرەوە خاکى یان ئاوىو بەستنەوەى بەووڵاتان جگە لەووڵاتە داگیرکەرەکان، چ نەفرەتێکى مێژووینو چ قەدەرێکى تاریکە. کە ئەوەش یەکێک لەفاکتەرە گرنگەکانى شکستى شۆڕشەکان و دروستبوونى دەوڵەتى کوردییە. دیارە وێڕاى دواکەوتوویى ئابوورىو روناکبیرى… کۆمەڵێک فاکتەرى تر کە ئەوانیش هەم فاکتەرو هەم بەرئەنجامى داگیرکارىو نەبوونى دەوڵەتن، چونکە دەوڵەت، فاکتەرێکى بەهێزى بەرزکردنەوەى هەستى نەتەوایەتییە، بزوتنەوەى ناسیونالیستى گەشە پێدەدا هۆکارو بەرئەنجامى یەکترین لەگەڵ دروستبوونى دەوڵەتى نەتەوە.
نەبوونى هەستى نەتەوایەتى کە زەرورەتى بزوتنەوەیەکى ناسیونالیستیە وایکردووە هەموو شۆڕشەکان لەگرفتى نەبوونى یەکێتى و نەبوونى بەرنامەیەکى رۆشنى نەتەوایەتى و لەدواجاردا خنکان لەپەرتەوازەیى و کێشەى گروپە عەشایریى و دەستەگەرییەکاندا، شۆڕشو بزوتنەوەکانى لەنیوەى رێدا شکست پێهێناوە. بۆیە جوغزى ئیمارەت و شۆڕشەکان لەسنورى دین و عەشیرەت و بنەماڵە تێنەپەڕیوە، ئەگەر هەستێکیش هەبووبێ لەشۆڕشى شێخ عەبدوڵڵاو سمایل خان، نەگەیشتۆتە رادەى خەونێکى گشتى یەکگرتوو، تا لەشۆڕشى ئەیلولو کۆمارى مەهاباددا ئەو هەستە گەشاوەتەوە، بەڵام هێشتا بزوتنەوەیەکى ناسیونالیستى تۆکمە نەبووە، کە خەونى هەموان تاقە خەونى رزگارى نەتەوەو دروستکردنى دەوڵەتى نەتەوەبێ. ئەم هەستى نەتەوەییە لەشۆڕشى نوێدا زیاتر گەشەى کردوو خەونەکە گەورەتر بوو بەڵام هێشتا لەگرفتى دەستەگەرىو حزب گەرى رزگارى نەبووە.
بۆ سەربەخۆیىو ئازادى جگە لەیەکێتییەکى پتەوى سەرجەم چین و توێژەکان و سەرجەم باوەڕو حزبە سیاسیەکان رێگایەکى ترنییە.
زەمەن کاریگەرییەکى قوڵى دانا لەسەر رەنگڕشتنى هەلومەرجى سیاسى کۆمەڵایەتى، کەلتورى، پارچەکان، هەربۆیەش هەرپارچەیە، سنورى جوڵانەوەو خەباتى سیاسى خۆى دیاریکرد، باشورى کوردستان دواى شۆڕشە یەک لەدواى یەکەکان، شۆڕشى نوێ لەسەردەستى (ى. ن. ک) و کۆمەڵێک پارتو بزوتنەوەى تر دواى شکستى شۆڕشى ئەیلول هەڵگیرساو بەپێى هەل و مەرجە سیاسیەکان شۆڕش لەبەرزو نزمى دابوو تاکو ساڵى 1988 کە ئەنفالو راگواستنى شارو دێهاتەکانى کوردستان لەسەر دەستى رژێمى گۆڕبەگۆڕى بەعس، فەزاى خەباتى سیاسى و چەکدارى تابێ سنوور بچوک کردەوە، یەکێتى بڕیارى دروستکردنى مەفرەزەى پارتیزانى داو دەیان تێکۆشەر لە کونە ئەشکەوتوو دۆڵەکاندا، خۆیان قایمکرد، بەهیواى جۆشدانى خەباتى شارەکانو راپەڕینێکى گەورەى جەماوەرى. هەرچەند گەلى کوردستان زۆر تەنگى پێ هەڵچنرابوو، زوڵمو زۆرى رژێم هەناسەى لەکۆمەڵانى خەڵک بڕیبوو بەڵام، ئومێدى سەرکەوتن وەک ئاگرى نەورۆز لەدڵى کۆمەڵانى خەڵکدا کڵپەى دەداو هەڤاڵانى رێکخستنیش کە، خۆیان لەشانەکانى بروسکدا رێکخستبوو ئەو ئاگرەیان زیاتر جۆشدەدا. داگیرکردنى کوێت لەلایەن رژێمەوەو تێوەگلانى دیکتاتۆر لەتەڵەى جەنگێکى نێودەوڵەتى هێندەى تر بڵێسەى ئاگرى ئەو ئومێدەى بەرزکردەوە. ئیدى راپەڕین بوو بەکارێکى بێ ئەملاو ئەولا. سەرکردەکانى شۆڕش دەستیانکرد بەپێوەندى گرتن بەسەرۆک جاشەکانو لێپرسراوە سەربازییەکانى رژێم ئەوانەى هێشتا لەزەلکاوى تاواندا نقوم نەبوو بوون، خەونى ئازادى گەورەترو ئاسۆکانى سەرکەوتن روونتر دەبوون، ئیدى رۆژى لەسەنگى مەحەکدانى کورد بوونى هەرتاکێک هاتبوو، ئیدى رۆژى لێپێچینەوەى خود بوو بۆ وازهێنان لەخۆپەرستىو رازى بوون بە دیلێتى، ئیدى، رۆژى سەلماندنى هەبوونى هەستى نەتەوایەتى بوو کە، ئەویش پێش مەرجەکانى وازهێنانى بوو لەهەر ئینتمایەک لەهەستى نەتەوایەتى کەمبکاتەوەو پێداگرتن بوو لەسەر خۆڕێکخستنێکى جیاواز، خۆڕێکخستنێک ئامانجى رزگارى نیشتمانو پێکهێنانى دەوڵەتێکى کوردى بوو، بەچاوپۆشین لەهەر باوەڕێکى سیاسىو حزبىو ئایینىو عەشیرەتى.
لێرەدا پێویستە ئاماژە بەهەموو ئەو دەنگو رەنگو پێکهاتانە بدەین کە رۆڵیان گێڕا لەگەرم داهێنانى هەستو سۆزى نەتەوایەتىو ئازادیخوازى، لەوانە دەنگى گەلى کوردستان رۆڵى دیارو ئاشکراى هەبوو هەنگاو بەهەنگاو هەناسە بەهەناسە گوللە بەگوللە، هاوار بەهاوار لەگەڵ راپەڕیواندا دونیاى خرۆشاندبوو. لەگەڵ یەکەم ریزە گوللەى شەهید على نەبى هەزاران کەس لەژنو منداڵو پیاوى وەتەنگهاتووى شارى رانیە رژانە سەر کۆڵانو شەقامەکانو حاجى ئاواو چوار قووڕنەو… ئیدى سەرجەم شارەکانى ترو ئۆردوگا زۆرەملێکانى تر بەدوایدا هاتن، دۆڵو زوڕناى گۆرانیبێژە میللیەکانى رانیەو شیعرە ئاگرینەکانى شێواو خرۆشانى خەڵکى واجۆشدەدا کەس مەرگى لەبیرنەبوو، ئەوانەى تا ئەوچرکەیە، ژیانو مەرگى خەڵکى کوردستانیان لەدەستدا بوو هەزاران جار مەرگیان بەئاوات دەخواست. ئەو یەکێتیەى لەئەنجامى چەوساندنەوەى هاوبەش دروست بوو، دەبوو سەربکەوێ. ئیرادەى بەکۆمەڵو خەونى گەورەى هاوبەش، راپەڕینیان سەرخست، بەڵێ راپەڕین لەگەڵ ئازادىو رزگارى ئومێدى رەخسینى هەستى نەتەوە بوونى لەگەڵ خۆى هێنا، هەرئەوەش بەردى بناغەى دەوڵەتى کوردى دادەنێ.
هەرچەند ئامانجەکانى راپەڕین زۆر گەورەترو فراوانتر بوون لەوەى تائێستا بەدەستهاتوون، بەڵام سنوورى هەڕەشەکانى تواندنەوەو لەناوچوونمان بڕیوە، بەرەو بەهێزبوونى ئیرادەى نەتەوەیىو حکومەتى خۆماڵى دەڕۆینو ووردە ووردە ئەزموونى خۆبەڕێوەبردن دەکەین، نەک هەرئەوە، ئێستا کورد دیموکراسیترین ئاراستەى سیاسیە لەعیراقداو خاڵى پێکەوە گرێدانى ئاراستە دیموکراتو نیشتمانییەکانە بەرەو دروستکردنى عیراقێکى دیموکراتو فیدراڵ.
پێویستە یادى راپەڕین، جۆشى خواستو خەونەکان بدات بۆ پێداگرتن لەسەر خزمەتگوزارى زیاترو خەبات بۆ ناوچە دابڕاوەکان هیچ شتێک لەو هەنگاوانەمان ساردنەکاتەوە. خەباتى دووەمیشمان دژى گەندەڵىو هەلپەرستى بەپڕۆژەو بەرنامەى جوانو لەقاودانى گەندەڵکاران درێژە پێبدەین. بەخوێنى شەهیدە سەربەرزەکانیش، راپەڕین تاجى سەرکەوتنەکانى خستە سەرى کوردستان، بۆیە هەرچەند خزمەت بەبنەماڵەى شەهیدان بکرێ، هێشتا قەرەبووى ئەو گیانە سپیانە ناکرێتەوە.
زیندووبێ یادى ئەو نەمرانەو بەردەوام بێ گیانى راپەڕین بۆ دەوڵەتی کوردی
- بابەتەکانی تری كاوسەین ىابەکر
-
کاوسێن بابەکر: حزب لەنێوان گۆڕان و پوکانەوەدا.
- -
کاوسین بابەکر: هەرێم لەئەگەری بەڕێوە نەچوونی هەڵبژاردندا.
- -
کاوسێن بابەکر: بێدەنگی مانای ڕازیبوون نیە!
- All Posts