زاهیر باهیر: ئایە دەکرێت لۆمەی خەڵکی بکەین لە ڕانەپەڕینیان دژ بە دەسەڵات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرێك لە نوسەران و ڕۆشنبییران و ئەهلی فەیسبووك سوکایەتییەکی زۆر بە دانیشتوانی کوردستان دەکەن، کە گوایە ترسنۆکن، هیچوپوچن، هەر شایستەی ئەو ژێردەستی و زۆرداری و نەبوونییەن. هەندێکیشیان ئەهۆنانە و دەیانکەن بە مەڕ و پێویستبوونیان بە شوان.
من ڕایەکی زۆر جیاوازم لەو کەسانە هەیە و هەرگیزیش ڕێگا بەخۆم نادەم ئەگەر خۆم، یامنداڵەکانم لە پێشەوەی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانەوە نەبم و نەبن ، بێم و بانگەشەیەکی ئاوا بکەم و هاوکاتیش تاوانباریان بکەم بە نەکردنی کارێك لەوانەی سەرەوە.
بەڕای من ئەوەی کە لە کوردستانا دەگوزەرێت هەمان شتە کە لە سەراپای وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریکی و کەنەدا و ئۆسترالیا و وڵاتانی دیکەدا دەگوزەرێت. بە بەراوردیش بە دەوڵەمەندی ئەم وڵاتانە و ئەو جۆری ستاندەرەی کە ژیانی خەڵکی لێرە پێویست دەکات، زەمینەی ڕاپەڕین هەیە. لەم وڵاتانەش زۆر داخوازیی و پرس هەیە کە خەڵکی دەبێت ڕۆژانە بۆی بچێتە سەر شەقام و تەنانەت لە وڵاتێکی وەکو بریتانیا و ئەمەریکادا زۆر ڕەوایە کە خەڵکی بە هەموو چەشنەکان دژایەتی دەوڵەت و دەسەڵات بکات بۆ بەدیهێنانی داخوازییەکانیان.
بەهەر حاڵ ئەوەیان پرسێکی دیکەیە و من زیاتر دەمەوێت لەسەر کوردستان [ باشور ] بدوێم و هۆکاری ئەوەی کە بۆچی خەڵکی ئامادەی ڕاپەڕین نییە، قسە بکەم. گومان لەوەدا نییە کە بارودۆخێکی یەکجار خراپ لە کوردستانا دەگوزەرێت و دانیشتوانی ئەوێ زۆر زیاتر لە ئێمەیەك کە لە دەرەوەی ئەوان دەژین دەزانن و هەر ئەوانیشن کە زیاتر لە هەموو کەسێکی دیکە باجەکەی دەدەن.
بەڕای من هۆکارێك هەن کە خەڵكی لە کوردستانا ڕاناپەڕن و قەبوڵی ئەو بارودۆخە دەکەن. ئەو هۆکارانەش:
یەکەم/ تێکەڵەیەکی کولتوریی خێڵایەتی و دینی: ئەمە ڕێگرێکی گەورەیە لەوەی کە خەڵکی بە خۆیدا بێتەوە و بیەوێت چارەسەری زامەکانی خۆی بکات و پەنا بۆ شتێك لایەنێکی دیکە، نەبات. ئەو کولتورە دینی و خێڵەکییە هەمیشە لەخزمەتی دەسەڵات و سەرەوەریی و باڵادەستیدا بووەو یارمەتی مانەوەی ئەوانی داوە و کاری داخوازیکردن بووە لە هەژاران و بە قەبوڵکردنی ئەو بارودۆخە ، نەبا خوا خراپەی خراپتر بدات ، کە ئەمەش لەڕێگادایە.
دووەم/ کۆمەڵی کوردی: لانی کەم کۆمەڵی کوردی لە ساڵی 1946 وە تاکو ئێستا ڕێگای پینەدراوە کە بە مێشك و عەقڵی خۆی بیر بکاتەوە یاخود متمانە و بروا بکاتە سەر خودی خۆی ئەوەش بەشێکی بە هەبوونی هەمە چەشنە و زۆرینەی پارتی سیاسیی کە هەموو هەوڵ و کۆششیان لە پێناوی دەسەڵاتا بووە. بۆ ئەمەش ئەوان شەڕی فکری و سەربازیی مەیدانییان کردووە بۆ زیادکردنی پانتایی هەژموون و دەسەڵاتیان. هەر بەم هۆکارەشەوە ئەوان هەمیشە لە ڕواندنی تۆوی ئیدۆلۆجییەتی خۆیانا بوون لەو شوێنانەدا. هەموو ئەمانەش وای لە خەڵکی کوردستان کردووە کە بڕوا و متمانە بکەنە سەر ئەوان ، لەبری خۆیان .
سێیەم/ سیستەمی پەروەردەی خێزانی و ڕۆشنبیریی و فەرهەنگیی : ئەمانەش کەهەر هەموویان لە سەر بناخەیەکی قوچکەیانە دامەزراون ، کار و هەوڵیان لە پێناوی دروستکردنی تاکی ئازاددا نەکردووە. تاکێكیان دروستنەکردوە کە بناخەیەکی پتەوی خۆ خۆیی و سەربەخۆی ، هەبێت بەڵکو لەبری ئەوە تاکێکیان دروستکردووە کە دوای کولتوری کۆمەڵایەتی [ بەشە خراپەکەی] و دینی و وابەستەیی و نامۆیی، ببێت.
چوارەم/ ئەو بارودۆخە تایبەتییەی کە کوردستانی تیادایە : ئەو بارو دۆخە تایبەتییە کە کە کوردد لەوێدا پێیدا تێپەڕیوە و هەر لە کارەساتی شەڕی نەگریسی کوردایەتی و ڕاگوێزینی زۆرە ملیی و کوشتن و بڕین لە سەر دەستی حکومەتە یەکبەدوایەکەکانی عێراقدا و کیماوی و ئەنفال و مانەوە لە بەرانبەر هەڕەشەی گەورەتری حکومەتانی دەوروبەر : عێراق، ئێران ، تورکیا .. ئەمان هەمووی وبوونی بارێك لە ئەزموون بۆ خەڵکی وای لێکردوە کە دەڵێت ڕەنگە هەر ” دەستی لینەدەین، باشتر بێت” . بی گومان میدیای دەسەڵات و حکومەتی هەرێم و حیزبەکانیش هەمیشە بەوە خەڵکی کوردستانیان ڕاگرتووە و ترساندووە.
پێنجەم/ فاشییەتی دەسەڵات : حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتەکەی هەر وەکو هەموو دەسەڵاتێکی دیکە دڕندە و فاشین لەسەرکوتکردنی خەڵکیدا. دەسەڵات هەر کات کار بگاتە سەر ئەوەی جێگایان پێ لەق بکرێت بە هیچ شێوەیەك دەستناپارێزن لە کوشتن و بڕین و هەموو شێوەیەکی تۆقاندن و تیرۆر دژ بە خەڵکی ڕاپەڕیو بەکاردەهێنن. خەڵکی لە کوردستانا ئەمەیان بیینوە و دەیبینن و ناکرێت هەر وا بە ئاسانی سنگی خۆیان و منداڵیان بنێنە بەر گولەی دەسەڵاتەوە.
شەشەم/ خودی بارودۆخی کوردستان: ڕاستە ئەمڕۆ بارودۆخی کوردستان خراپە بەڵام هێشتا بە بەراورد بە خەڵکی بەغدا و باشور و ئێران و میسر و هیندستان و پاکستان و نایجیریا و خواروی ئەفەریقا و زۆری تر لە ولاتانی دونیا، بارودۆخی خەڵکی لە کوردستان زۆر لەوان باشترە. ئیتر خەڵکی بە جۆرێك لە جۆرەکان ژیانی خۆی دەبر کردووە و ئەو برسێتی و ڕەشوڕووتییەی کە لەو شوێنانەی کە ناوم هێنان، هەیە ، لە کورستاندا ئەوەندەی من بزانم، نییە. دیارە ئەمەس ئەوە ناگەیەنیێت کە دەبێت برسێتی و نەبوونیی، شۆڕش و ڕاپەڕین دروستبکات، بەڵام بمانەوێت و نەمانەوێت ڕۆڵی خۆی هەیە.
حەوتەم/ ڕۆڵی چەپ و کۆمۆنیست و ئەنارکیستەکان: لە ڕاستیدا چەپ و کۆمۆنیستەکان ڕۆڵێکی ئەو تۆیان نەبووە لەناو خەڵکیدا. شەڕی نێوخۆیی خۆیان لەسەر دەسەڵات و پلەبەندیی نێو حیزبایەتی و شەڕی ئیدۆلۆجیانە کردونی بە چەندەها بەش و کەرتەوە کە ناتوانن دەورێکی ئاوایان لە کوردستانا هەبێت هەم لە پشتگیری خەڵکی و هەم لە بەشداری خۆیشاندانەکانا، لە هەر ڕووداوێکدا کە دێتە پێشەوە.
هەرچیش ئەنارکیستەکانە ئەوانیش پێگە و سەنگێکیان لە کوردستانا نییە تا ئێستاش قورسایی سەرەکی خراوەتە سەر کردنی هەڵمـەتی ڕۆشنگەریی سەبارەت بە ئەنارکیزم و ناسینی و گواستنەوەی ئەزموونەکانی دەرەوە بۆ ئەوێ. بە پلەی دووهەیش بانگەشەی دروستکردنی گروپی خۆجێیی ئاسۆیانە و ڕێکخراوی جەماوەریی ناقوچکەیی و کردنی کاری هەرەوەزی، دەکەن. ئەمە جگە لەوەی کە ئەنارکیستەکان باوەڕیان بە حیزب و ڕۆلی حیزب و سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی هیچ جۆرە خۆپیشاندان و ڕاپەڕینێك نییە. ئەوەی کە ئەوان باوەڕیانە بەشداریکردنە و چالاکبوونە لەو ڕووداوانەدا و گواستەنەوەی ئەزموونەکانە و متمانەپێکردنی تاکە و دروستکردنی وەرکشۆپە بۆ لەیەکدییەوە فێر بوون و هاوبەشکردنی ڕۆشنبیریی و بەهرەی شەخسی [تالەنت] و سەلیقە و توانایە . هاوکاتیش ڕێگەگرتن ، گەر بکرێت ، لە حزب و حیزبییەکان و کەسانی ناودار و ئیدۆلۆجیا بۆ کۆنترۆڵکردنی خەلكی و لە قاڵبدانیان بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ بەرژوەندی تایبەتی حیزبیان و کەسایەتییەکان و دەوڵەتانی دەرودراوسێ و ناوچەکە.
ئالێردا پێ لەوە دەنێم کە بەشێكی نەبوونی جوڵەی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە سەر ئەستۆی ئێمە هەموومان کە دەکرێت لۆمەی خۆمان بکەین ، نەك خەڵکی کە نەمان توانیوە ئەو پێگە و سەنگەمان هەبێت چونکە لە ڕاستیدا هۆکارێکی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئێمە وەکو پێویست چالاك نین و نەمانتوانیوە و ناتوانین ، فکر و مەبادیئەکانمان بە باشی و بە ڕوونی بگەیەننیە خەڵکی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت