قوته‌یبه فازڵ: دوای (29) ساڵ له ڕاپه‌رین هه‌ر چاوه‌ڕوانین.
ڕاپه‌ڕین خاڵێكی وه‌رچه‌رخانی گرنگ بوو له مێژووی خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورد، ڕێڕه‌وی خه‌باتی كوردی له به‌رگریكردنه‌وه گۆڕی بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردن و ده‌وڵه‌تداری، قۆناغێكی نوێی هێنایه ئاراوه ئه‌ویش تێكه‌ڵ بوون و ئاوێته بوونی پێشمه‌رگه‌و جه‌ماوه‌ر بوو به یه‌ك ئاراسته، ڕووی تفه‌نگه ناكۆكه‌كان و سه‌نگه‌ره جیاوازه‌كان گۆڕا بۆ یه‌ك سه‌نگه‌ریی و یه‌ك ئاراسته‌یی هه‌مووان بیریان لای ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی بوو .
ڕێك (29) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له (5/3/1991) دا جه‌ماوه‌رو پێشمه‌رگه له ڕانیه‌ی ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌وه تێكڕا ئاوێته‌ی یه‌ك بوون و سروودی ئازادی كوردستانیان ده‌گوته‌وه، ڕاپه‌ڕین بڵێسه‌ی نه‌ورۆزی پرشنگدارتر كردوو سه‌رجه‌م و كوردستان و كوردستانیانی ڕۆشن كرده‌وه.
ڕاپه‌ڕین به‌ربه‌ستی ترس و تۆقاندن و چه‌وساندنه‌وه‌ی تێك شكاند و ئه‌و بته داتاشراوه‌ی ده‌یان ساڵ بوو مۆته‌كه‌ی سه‌ر سینگی كورد بوو له ماوه‌ی ته‌نها شازده ڕۆژدا ڕاماڵدرا، ئه‌و ڕژێمه‌ی ده‌یان ساڵ بوو خه‌ڵكی كوردستانی گه‌مارۆی نێو ئۆردوگاكان و زیندانه‌كان كردبوو ته‌نها به شازده ڕۆژ له‌سه‌ر خاكی داگیركراوی كوردستان ده‌ركرا به شاری كه‌ركوكیشه‌وه.
(29) ساڵ له‌مه‌وبه‌ر هه‌موومان به‌وپه‌ڕی تامه‌زرۆییه‌وه سنگمان دایه به‌ر فیشه‌ك و به گژی مه‌رگدا ده‌چووینه‌وه بۆ ئازادی، بۆ ڕزگاری، بۆ نیشتیمانێكی سه‌ربه‌خۆ، بۆ گێڕانه‌وه‌ی خه‌نده بۆ سه‌ر لێوی دایكانی جگه‌ر سوتاو، بۆ پاككردنه‌وه‌ی نیشتیمان له ژه‌نگی فیشه‌ك و ته‌پ و تۆزی كیمیاوی و زرێپۆشه‌كان ” .
ڕاپه‌ڕینمان كرد تا ڕوحی شه‌هیدان ئاسوودهكهین، ڕاپه‌ڕینمان كرد تا حوكم و ده‌سه‌ڵاتی كورد بچه‌سپێنین و كوردستان به گه‌لانی دونیا بناسێنین .
به‌ڵێ ڕاپه‌ڕین كرا تا گونده خاپور كراوه‌كان ئاوه‌دان بكرێنه‌وه
به‌ڵێ ڕاپه‌رین كرا تا گه‌ل هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسووده‌یی هه‌ڵمژێ
ڕاپه‌ڕین كرا تا سه‌رزه‌مینی كوردستانی باشور ببێته باشترین و جوانترین و نموونه‌ترین سه‌ر زه‌مینی ڕۆژهه‌ڵات، ڕاپه‌ڕین كرا تا زیاتر دایكان جه‌رگ سوتاو نه‌بن، ڕاپه‌ڕین كرا تا چیتر منداڵان بێ باوك و هه‌تیو نه‌بن، ڕاپه‌ڕین كرا تا چیدی وه‌ك سواڵكه‌ر چاو له ده‌ست نه‌بین و سامانی وڵاتی خۆمان بۆ خۆمان بێت، ڕاپه‌ڕین كرا تا هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ندی كوردستان ده‌ست له ملانی یه‌كتر بن و برا بن، به‌ڵێ به‌و ڕوحه‌وه ڕاپه‌رین كرا و بۆ ئه‌و ئامانجانه ڕاپه‌ڕین كرا .
به‌ڵام ده‌بێ دوای بیست و نۆ ساڵ بپرسین :
ئایا ئه‌مانه كران ؟
ئایا ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕین هاتنه دی ؟
یاخود ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕین به لاڕێدا برا؟
له وه‌ڵامدا هه‌ر خۆمان ده‌ڵێین بێ شك ئامانجه‌كان نه‌هاتنه دی و به‌ڵكو به لاڕێشدا برا .
نه‌وه‌كانی ڕاپه‌ڕین و نه‌وه‌كانی دوای ڕاپه‌ڕینیش به‌شێكی زۆر له‌و ئامانجانه‌یان تا ئێستا نه‌بینیوه .
جه‌ماوه‌ری كوردستان بیست و نۆ ساڵه به تامه‌زرۆییه‌وه ده‌ڕوانن بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ی ئامانجه‌كانی ڕاپه‌ڕینی تیادا دێته دی، به‌تاسه‌وه ڕوو له ئاسۆن هه‌ناسه‌یه‌كی ئاسوده‌یی هه‌ڵمژن و بڵێن ” ئۆخه‌ی خوێنی شه‌هیده‌كانمان به هه‌ده‌ر نه‌چوو، خه‌باتی زیندانیانی سیاسی نه‌فه‌وتا، ئاهو هه‌ناسه‌ی ساردی دایكانی جگه‌ر سوتاو هه‌روا نه‌ڕۆی ” تا ئێستا هه‌مووان هه‌ر چاوه‌ڕوانین.
- Latest Posts by قوته‌یبه فازڵ
دکتۆر قوتەیبە فازڵ: جەنگی ئوحود و فەوزای ڕاگەیاندن.
-قوتەیبە فازڵ: ئەمریکا و دۆستەکانی.
-قوتەیبە فازڵ: تەمووز و ڕووداوەکانی.
- All Posts