بەیان ئیبراھیم: هەشتی ئادار لاپەڕەی زێرێنی مێژوو.
هەشتی ئادار و ئافرەتی كورد
پێویستە پێش ئەوەی باسی سەروەری و پیرۆزی هەشتی ئادار بکەین، دەبێت لە ژینگەی خۆمانا هەڵکۆڵینێکی ئەکادیمی بۆ دۆخی ئێستا بکەین، ئەوەی من مەبەستمە بیڵێم ئەو دۆخ و ژینگەیە ئێستە لە باشور لای خۆمان هەیە، ھەڵبەت باشور و ڕۆژئاوا و باکور لە ڕوی بەشداری گشتی و دۆخی مافی ژن جیاوازی زۆر گەورە هەیە، بەڵام لە باشور بە گشتی خاوبونەوەیەک لەسەر ئاستی گشتی هەیە کە هەموو ئاستەکانی گرتوەتەوە (سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، حیزبایەتی و هی تر) وە بگرە لەمەش قوڵتر جوڵەکانی ناو کایەی کۆمەڵایەتی ئەکتیڤی تەواو دابەزیوە، ئەم خاوبونەوەیە گشتییە ئەگەر لەسەر ئاستەکانی تردا ببێت ناگاتە قوربانی. بەڵام کاتێک ئەم خاوبونەوەیە دەگاتە سنوری مافەکانی ژن، ئەوا دەبێت لە بیرمان نەچێت دەچێتە ناو سنوری خوێن و قوربانیەوە، کە ئەمەش حاڵەتێکی ترسناکە لەبەرامبەر ئەمەشدا ڕێکخراوەکانی ژنان، یەکێتی ناوەکییان هێندە بەهێز نیە بتوانێت ڕێ لەم خاوبونەوەیە بگرێت و نەهێڵێت بگاتە ناو مافەکانی ژنانەوەو نەهێڵێت بگاتە قوربانی و خوێن و مەرگی ژنانەوە .
ھەشتی ئادار ئەگەر ڕووداووێک بێت بۆ مافی ژنان یاخود کارگەیەک بوبێت، ئایا ئەو کاڵاو دەستکەوتەی، کە ھەیەتی تا چەند توانیوێتی مافی ژن دابین بکات؟ ئایا ئێمەی ژن کەی لە قسەو باس و ریکلامی سەر تیڤی درەدەچین و کەی وەکو دروشمێک دەبێت بە کردارتا تەواو ڕۆبچێتە ناو خانەوادەکان یان کەی دەچێتە عەقڵی پیاوان یاخود دایکان کە مەلیکەی خێزانە؟ ئایا ئێمە دەتوانین دەستکاریی عەقڵی کلتور بکەین، دەتوانین دەستکاریی عەقڵی پیاو بکەین، یاخود دەتوانین دەستکاری عەقڵی پەیوەندی ناو خێزان بکەین؟. ئەم دەستکاری کردنە دانانی ماف بێت بۆ بەشێک لە بەشەکانی عەقڵی خێزان لە باوکسالاری و دایکسالاری. دەتوانین شوێنێ لە ناو ئەم عەقڵەدا دروست بکەین ناوی بنێن مافی ژن؟. تا ئێستا نەمان توانیوە لە چوارچێوەی ئەم دروشمە دەربچین دەستکاری ئەم عەقڵە بکەین. یان رێکخراوەکانی ژنان، کە ھەڵگری ھەمان مافەکانن وەکو دروشم ئایا تا چەنێ ھەقیقین وە لە بەینی ھەقیقی و کارتۆنیا دەکرێ بڵێین کامیان راستن، بە تاکید ژن لە چوار چێوەی بازنەی ئەم خاو بوو نەوەیە دەبێتە قوربانی مەرگ بۆ ژن، کەواتە ئەم دروشمانە بە ناوچاوانی رێکخراوەکانی ژنانەوە ھەمووی کارتۆنین! لە ھەر شوێنێ ژنێ بکوژرێ پێش تاوانبار رێکخراوەکانی ژنان تاوانبارن، چونکە کارتۆنین نەیان توانیوە ئەو رۆڵە ببینن کە پێویستی ژیانیانە، وە ژن خۆیشی نەیتوانیوە لە پاشکۆی حیزبی پیاوانە دربچێت و ببیت بەخۆی. ھەموو رێکخراوە ژنانیەکان پاشکۆیەکی کارتۆنی حیزبەکانن و حیزبەکانیش حیزبی نێرینەو پیاون، کە خاڵین لە بوونی ژن بە پێێ پێویست، ئەمەش گەورەترین کێشەیە رێکخراوەکانی ژنان نەک ناتوانن کێشەی ژن چارەسەر بکەن، دواجار وەکوو ئەو ئەنتی ڤایرۆسە وان کە خۆیان دەبنەوە بە ڤایرۆس بۆ کێشەی ژنان.
یادی ھەشتی ئادار لە پرسە دەچێت نەک گەران بەدوای مافەکانی ژنان، زیاتر شاشەیەکە بۆ دەرخستنی داتای خوێنی ژنان، یان لاوانەوەیەکەکە زیاتر رێگری نیە لەم داتای خوێنە ھەر وەکو ئەوە وایە لە ھۆڵی پرسە بۆی دانیشی، ئەم دۆخی پرسەیە کە ئێستا ھەیە مافەکان زیاتر بەرەو دواوە دەبات،یان لە رێی سۆشیال میدیاوە وەکو چەکێکی کوشندە بۆ پرسە کردنی دۆخی ژنان، کە ژن ناوێرێ وێنەیەکی خۆی دابنی لە تۆری کۆمەڵایەتی خۆێنی بۆ دەکرێتە کاسەوە، ھەزاران شتی نەشیاوی بۆ دروست دەکەن، لەبەر ئەوە دۆخێک نیە بۆ وەستاندنی ئەم داتایە.
هەشتی ئادار رۆژێكی پڕشنگدارە لەمێژووی مرۆڤایەتییدا، لەو رۆژدا ئافرەت یەك داوا، یەك دەنگ، یەك هەڵوێست، یەك رەنگ دەبێت خۆی بنوێنێت لە سەر مافی یەکسانیی و بەرەو پێشەوە بردنی کۆمەڵگا پێداگری بکات، هەربۆیە كۆمەڵگای پیاوسالاری نەیتوانی داواكاریەکانی نیوەی كۆمەڵ کە تایبەت بە ئافرەتە پشتگوێی بخات و پێشێلی بكات، لەڕاستیدا ئەوە وەچەرخانێكی مێژوویی زۆر گەورە بوو بۆ ئافرەتانی كورد و مەزنایەتی خۆیان لەمێژووی مرۆڤایەتی دەرخست، بەڵام ئێمەی کورد زۆرمان ماوە تا بتوانین بەرەنگاری ئەم ستەمکاریانە ببینەوە کە بە ناوی پارێزگاری لە شەرەف و ناموس و… دەکرێ.
ئافرەت بە ئێستاشەوەلەزۆربەی شوێن و ناوچەكانی كوردستان هەر زوڵمیان لێدەكرێ و وەكو كۆیلە تەماشا دەكرێن، ئەوەتا رۆژانە چەندین حاڵەتی كوشتنی ئافرەتان دەبینین و دەبیستین كە لەژێر هەڕەشەی كەسوكارو ئەملا و ئەولادا لێی دەکرێ و لەدەشتێك یان لە چۆڵەوانییەک فڕێ دەدرێت یان زۆر بێ بەزەییانە دەخرێتە ناو چەمێكەوە و بە دڕندانەیی بە چاوی نا مرۆڤایەتییەوە سەیر دەكرێن، لەكاتێكدا هەر ئەو ئافرەتەیە ، كە پێی دەڵێن ( دایك، هاوسەر، خوشك و… هتد ) ئەی چۆن زاتی ئەوە دەكرێت لەناوببرێت؟ تا کەی بە ڕەوای دەزانن ئەم ستەمکارییە دەرحەق بە نیوەی کۆمەڵگا بکرێ؟ کەس هەیە وەڵام بداتەوە قورئان ووتەنی: بای ذنب قتلت؟