پشتیوان جەمال: میللەت لەپاداشتی ڕاپەڕیندا.
ئەوەی وەک ڕاپەڕین لەساڵی” 1991″دا ڕوویداو، وەک گەورەترین ڕووداوی سیاسی لەهەرێمی کوردستان هاتە ئەژمار کردن. سەرشێتی”صدام حسین” لەئەنجامی پەلاماردانی کوێت و، وە دەنگە هاتوویی وڵاتانی زلهێز لەسەر ئەو پێشلکارییە یاسایی و نێودەوڵەتییە، بووە هۆی بەخت یاوەری شۆڕشی کورد بێت و، قۆستنەوەی هەلەکە لە لایەن سەرکردایەتی کورد و، ڕەوشی ناجێگیری خەلک لەبەرامبەر زوڵم و زۆری دەسەڵاتی بەعس، هۆکاریی گرنگ بوون بۆ بەرپاکردنی ڕاپەڕین لەباشور. هەرچەندە شۆڕشی کورد لەڕووی توانای هێزی سەربازی و لۆجستی سەربازیەوە ئامەدەگی تەواوی نەبوو، ئەوەی گڕوو تینی دا بەم ڕاپەڕینەش هاوڵاتیانی ڕاپەڕیوبوو، شێلگیرانە توانیان ڕووبەڕووی داگیرکاریی و زوڵم و زۆریی بەعس ببنەوەو، شان بەشانی شۆڕشگێڕان هەنگاوبنێن بەرەو ئازادکردنی هەرێمی کوردستان.
ئەوەی دەمانەوێت باسی لێوەبکەین سەرکردایەتی شۆڕشی کوردە لەدوای ڕاپەڕین. بەدرێژایی مێژووی گەلان لە دوای سەرکەوتنی شۆڕش و بەدیهاتنی ڕەوشی ئازادی، سەرکردایەتییەکەیان لەهەولی دامەزراندنی ئیدارەیەکی شایستە بە ماندوبوونی شۆڕشگیرەکان و گەلەکەیان بوون. ماندوبوون و سووتاندنی تواناکانیان تا سنوری ڕازیی بوونی خەڵکی بەکار هێناوە. بۆ ئەوەی میللەتەكەیان بگاتە كەناری ئارامی و لە سایەیدا هاوڵاتیەکانی لە ژێر ئەو سولگە سیاسیەی، كە سەركردەكان ڕابەڕایەتی دەكەن ئازاد و یەكسان بن، لە وانەیە گەلی كورد پێچەوانەی زۆرێك لە وڵاتان بەخت یاوەریی بەو جۆرە سەركردانە نەبوبێت تا ئێستا، ئەوەی لەدوای ڕاپەڕینەوە کرا بەداخەوە نەهامەتی شەڕی ناو خۆبوو، تا کار بەوە گەیشت پارتی “لە31 ئابی ساڵی 1996” لەدژی یەکێتی دەبابەکانی بەعسی هێنایە سەرپەرلەمان و، هەمان ئەو دەبابانەی بەخوێنی هەزاران لەگەنج و لاو پیرو ژنی ئەم کوردستانە وەدەر نرابوون. وایان کرد کوردستان بەسەردوو زۆن دابەش ببێت و براببێت بەدوژمنی براو، نە هامەتی و قەیران بۆ ئەم خەڵکە ببێتەپاداشتی ئەم ڕاپەڕینە، لەپاڵ ئەوەشدا داگیرکردنی پلەو پایەبەرزەکانی ئەم وڵاتە تەنها لای خۆیان بێت و تەحەکومی پێوەبکەن، دابەشکاری سامانی نەوت و، گومرگ، هەرچی داهاتی ناوخۆ هەیە بدرێن بەفیشەک و بەڕوی یەکتردابیتەقێنن، لەیەکەم ھەنگاوی دوای وەدەرنانی دەزگا سەربازی و ھەواڵگری ئەمنیەکانی ڕژێمی بەعس ئەو دۆخەیان قۆستەوە و ھەموو دەستکەوتێکیان کردە (غەنیمە)ی جەنگ بۆ خۆیان و گلیاندایەوە ، بەگەلیان ووت: “ئەمە کەمترین پاداشتە بۆئێمە، چونکە ئێمە خەباتمان بۆ کردووە” وەک ئەوەی وابێ گەڵ بەشداری لەڕاپەڕین نەکردبێت، لەکاتێکدا ھەموو سوکایەتی و سێدارەوئەنفال و کیمیاباران وڕاگواستن بەرامبەر ھاونیشتمانی کرابوو. تا ئێستاشی لەگەڵەدابێ لەدوای تێکەڵ کردنی دووئیداریی و، بێ هێزبوونی یەکێتی بەهۆی جیابونەوەی بزتنەوەی گۆڕان لێی،هاوسەنگی تێک چوو، ئیتر پارتی دیموکراتی کوردستان بووبە چەقی بڕیاردان وزۆرینەی دارایی هەرێم و پشکی دەسەڵاتی ئەم هەرێمەی لایە، زۆرینەی ئیلاقەی دەوڵەتان و دیبلۆماسیەکان لای ئەم حیزبەبووە،کەچی تەنها بۆخزمەتی حزبەکەی خۆی بە کاری هێناوە، هەرکات ویستبێتی بڕیاری لەچارەنوسی ئەو میللەتەداوەو گەورەترین کارت کەلەدەستی کوردیدا، سەربەخۆی کوردبوو،لەڕێگای ڕیفراندۆمەوە، بەبێ بوونی هیچ ئامادەکاریەک لەدەستی کوردی دا و٪50 ی خاکی هەرێمی لەدەستدا، لەکاتێکدا کەلەدوای 2003 وەو ئازادکردنی عێڕاق دەوڵەتی عێراق تەنها لەسەر کاغەزناوی هەبوو، بەڵام نەویسترا کەداوای سەربەخۆی بکرێت، لەجیاتی سەربەخۆیی پارەو پۆست داواکراو داوای برایەتی عەرەب و کوردکرایەوە، ڕەنگە نەهامەتیەکانی دوای ڕاپەڕین بەچەندوتارێک کۆتایی نەیەت، هێندە زۆرن نەهامەتیەکانی بەسەرکۆمەڵگای کوردیدا هاتووە.
ئەگەر بمان هەوێت ئەم دۆخە باش بێت و هیوا بگەڕێنینەوە بۆ بێ هیواكان و ئینتیمای خاك و نیشتیمان بۆ نەوەی ئێستاو داهاتو دروست بكەینەوەو هەناسەیەكی ئارام بۆ دایكی شەهیدانی نیو سەدەلە خەبات بگەڕێنینەوە، پێویستە ئەو دەموچاوانەی لە دوای ڕاپەڕین و گشت كایەكانی سیاسەت و حكومەت و هاوڵاتیان قۆرخ كردووە، ڕێگابدرێت بەکەسانی ڕیفۆرم خوازی ناو حزبەکان بدرێت تائەو مللەتە کەمێ لە پاداشتی ڕاپەڕین بگاتەکەناری ئارامی، واز لە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان بهێنن و خەمی میللەت و بژێوی گەلەكەیان لە پێش دەستكەوتی خانەوادەییەكانیان بێت.