قوته‌یبه فازڵ: ڕۆژی نیشتمانی پاڕانه‌وه و نوێژ.
زۆرجار له هه‌ندێك كه‌سانه‌وه ده‌بیستین، كه هۆكاری دواكه‌وتن و نه‌گه‌یشتنمان به كاروانی پێشكه‌وتن یاخود نه‌بوونمان به ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ئه‌وه‌یه، كه ئێمه میلله‌تێكی دیندارین و خۆمان وابه‌سته كردووه به خواوه و هه‌موو شته‌كانمان داوه‌ته ده‌ستی خودا.
ده‌كرێت بڵێین زۆربه‌ی نه‌هامه‌تیه‌كانمان له‌سه‌ر ده‌ستی دوژمنانمان به ناوی ئاینه‌وه پێمان كراوه، یاخود له لایه‌ن دوژمنانێكهوه بووه، كه به‌ناو ئاین په‌روه‌ر بوونه. به‌ڵام نه دوژمنانی كورد هێنده دیندار بوونه، كه ببنه ڕابه‌ری دین و پێشه‌وای ئاینی ئیسلام. نه ئێمه‌ی كوردیش هێنده بێ دین بووینه تا فتوای قڕ بوون و نه‌مانمان بده‌ن.
ئه‌وه‌ی من لێره‌دا ده‌مه‌وێت تیشكی بخه‌مه سه‌ر ئه‌وه‌یه، كه نه پێشكه‌وتن و ته‌كنۆلۆجیا به هۆی بێ دینیهوهیه نه دواكه‌وتن و نه‌زانین به هۆی دینداریهوهیه. هه‌ر كات مرۆڤ كه‌وتبێته ته‌نگژه‌و ناڕه‌حه‌تیه‌كی زۆره‌وه، كه نه‌توانێت به‌سه‌ریدا زاڵ بێت، یاخود توانای به‌سه‌ریدا نه‌شكا بێت، ڕاسته‌وخۆ په‌نای بۆ خودا بردووه. ئه‌و په‌نا بردنه‌ش په‌یوه‌ندی به‌سه‌ر نه‌ته‌وه و زمان و ته‌نانه‌ت ئاینێكی دیاریكراویشهوه نه‌بووه. هه‌ر كه‌س به ئاینی خۆی به زمانی خۆی كۆتا په‌ناگه و ئارامترین په‌ناگه و باڵا ده‌ستترین په‌ناگه خودا بووه، كه هانای بۆ بردووه.
ئێستاش له سه‌روو به‌ندی په‌تای كۆرۆنادا، كه زۆری نه‌ماوه ته‌واوی جیهان بگرێته‌وه ڕۆژانه تووشبووی نوێ و قوربانی نوێ زیاد ده‌كات. هه‌موو ناوه‌نده زانستیه‌كانی جیهان ده‌سته‌وستانن له دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ ڕزگاركردنی كه‌سانی تووشبوو.
ئا له‌م كاته‌دا سه‌رۆكی گه‌وره‌ترین و به‌هێزترین و پێشكه‌وتووترین وڵاتی دونیا “دۆناڵد تره‌مپ” سه‌رۆكی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا دێت و ده‌ڵێ: بڕیارماندا ڕۆژی یه‌كشه‌مه 15/3 بكه‌ینه ڕۆژی نیشتمانی نزا‌و نوێژ و پاڕانه‌وه له خودا، داوا ده‌كه‌م هه‌ر كه‌سێك له هه‌ر كوێیه‌كی جیهاندایه و له‌سه‌ر هه‌رچ ئاینێكه با له خودا بپاڕێته‌وه ئه‌م به‌ڵایه به ئاسانی تێبپه‌ڕێنین.
ئه‌مه وته‌ی تره‌مپه، من ده‌پرسم و ده‌ڵێم: ئه‌گه‌ر ئه‌م تویته سه‌رۆك كۆماری عێراق یاخود هه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی كورد بیكردایه، ئێستا به هه‌زاران فه‌ریكه ڕۆشنبیر و به‌ناو خوێنده‌وار هاواریان لێ هه‌ڵده‌ستاو، به دواكه‌وتوو نه‌خوێنده‌واریان ده‌دایه قه‌ڵه‌م. به‌ڵام بۆ تره‌مپ هه‌موان ده‌ستخۆشی لێ ده‌كه‌ن و به هه‌نگاوێكی ژیرانه‌ی داده‌نێن. نابیستین هیچ كه‌س ڕه‌خنه بگرێت یاخود به‌كه‌م سه‌یری هه‌نگاوه‌كه‌ی تره‌مپ بكات.
ده‌سا خودایه ئه‌م به‌ڵای كۆرۆنایه به ئاسانی كۆتایی پێ بهێنه.
- Latest Posts by قوته‌یبه فازڵ
دکتۆر قوتەیبە فازڵ: جەنگی ئوحود و فەوزای ڕاگەیاندن.
-قوتەیبە فازڵ: ئەمریکا و دۆستەکانی.
-قوتەیبە فازڵ: تەمووز و ڕووداوەکانی.
- All Posts