نەبەز گۆران: پاڵەوانەكان دەگۆڕێن.
دونیای مرۆڤ و خەیاڵ و بیركردنەوەكانی، دونیایەكە پڕ لە پاڵەوان، بەڵام لە ئێستادا ئیتر بیر لە پاڵەوانەكانی (مەم و زینی_ ئەحمەدی خانی) ناكەینەوە، ئیدی نە جوانی _زین_ێك لە ئارادایە، تا پاڵەوانێكی وەك _مەم_ دروستبكات، نە _مەم_ ئەو پاڵەوانەیە لەم ترسی مەرگە رزگارمان بكات، ئەوانەش كە دوژمنن، _پسمام_ەكان نین، دوژمنێكی نادیارە و هیچ سیمایەكی نییە، تەنها شتێك گرێمانبدا بە پاڵەوانە ئەفسانەییەكانەوە (ئەوین)ە، ئەویش بۆ جوانی _زین_ نا، بۆ جوانی ژیان. مرۆڤ و ئایدیاكان و وەهمەكانی زۆرجار هەوڵیانداوە ژیان بێمانابكەن، ئەمما كاتێك دوژمنێكی نادیار دێتە ناو ژیانەوە، مرۆڤ ناچارە جارێكی دیكە ماناو حورمەتی ژیان دەرك بكاتەوە.
قۆناغی بەرگری شوناس نییە، تا بەشوێن پاڵەوانێكی شۆڕگێربكەوین بەرگری لەشوناسمان بكات، ئەشێت لەم چركەساتەدا ئەدەبی بەرگری نەتوانێت هیچ پاڵەوانێكی راستەقینەی ناو بەرەكانی شەڕمان بۆبهێنێت و بیكا بە قەڵغان و دورمانخاتەوە لەم مەرگە. ئەوەی جێگای سەرنجدانە، ئەم دونیایەی ئێستا ئێمەی تێداین_دونیای سەرمایەداری_ دەردەكان و پاڵەوانەكانیشی گۆڕی، دونیای سەرمایەداری تەنها مرۆڤ و ژیانەكەی نەگۆڕیوە، تەنانەت شێوازی ئازارەكان و بەرگرییەكان و پاڵەوانەكان و جۆری مەرگیشی گۆڕی. لەناو حیكایەتە كۆنەكاندا_عەلی بابا_ گەریدەیەكە بۆ گەڕان بەناو دونیادا، لەناو ئەم دونیای سەرمایەدارییەدا، گەریدەكە _عەلی بابا_ نییە و بۆ بینینی دونیاش ناگەڕێت، گەریدەكە دوژمنێكی ژیانی مرۆڤە و ناشبینرێت و كیشوەر بە كیشوەر دەگەڕێت، بۆ لێسەندنەوەی ژیان لە مرۆڤ.
دەشێت ئەم دونیایە ئەو دونیا _كافكا_ییە نەبێت، بەیانی هەڵسین ببین بە _قالۆنجە_ لەوە خراپتر لەوانەیە بەیانییەك هەڵیسن گیرۆدە بووبین بە دەردەكەوە، سیمامانی نەگۆڕایبێت، بەڵام ترسناكییەكەمان لە سیمای _قالۆنجە_كە ترسناكتربێت. دونیاكەی _كافكا_ لە گۆڕینی سیماوە دەست پێدەكات، بەڵام لە ئێستادا سیما هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردانایەت وكەچی تووشبوو بە دەردەكەوە لە سیمای _قالۆنچە_ ترسناكترە و هەمووان هەوڵدەدەن خۆیانی لێبەدوربگرن. بەدیوێكی تردا، ئەوەی كەوتوەتە شوێنمان بۆ سەندنەوەی ژیانمان، دوژمنێكە نابینرێت، دوژمنێكە دەقە دینیینەكان و زانست تا ئەم چركەساتە لەبەردەمیدا دۆشداماون. ئێمەی مرۆڤ بەهێز نەبووین، لاوازبووین، دوژمنێكی نەبینراو ناچاری كردین جارێكی دیكە بگەڕێینەوە بۆ بینینی دیوە لاوازەكەی خۆمان. بەجۆرێكی دیكە ئەم دونیایە پێچەوانەی دونیای رۆمانی _دەریاس و لاشەكانی بەختیار عەلی_ یە، ئیدی ئەوە مرۆڤ نییە شوێن وەهمێكی ئایدۆلۆژی بكەوێت، بەڵكو بە پێچەوانەی دونیای ئەو رۆمانەوە مەرگێك شوێن ئێمە كەوتووە، مەرگێك نەبینراو و دەرك پێنەكراو، مەرگێك كە نازانین لە كام دەرگاوە دێتە ناوژیانمان. نازانین چۆن خۆمانی لێبپارێزین، نازانین لە هەناسە و دەستی كام ئازیز و دۆست و خۆشەویستیمانەوە گەرومان دەگرێت، دەمانەوێن سیمای خۆمان داپۆشین بۆ ئەوەی سەر لە دوژمنەكە بشێوێنین، بە پێچەوانەی دونیای رۆمانەكەوە، ئەوە مرۆڤ نییە ئیدی بكەوێتە شوێن وەهم، بەڵكو مرۆڤە دەیەوێت بۆ سیمایەكی دیكە بەخۆی بدات، ئەو سیمایە بكاتە وەهمێك لەبەردەم دوژمنەكەیدا و سەری لێبشێوێنێت. هەرچۆن لە دونیای رۆمانەكەدا هەمووان دەكەونە شوێن وەهمێكی ئایدۆلۆژی، لەم دونیا واقیعییەی ئێستادا بە پێچەوانەكەیەوە دوژمنێك كەوتووەتە شوێن هەمووان و مرۆڤ ئارەزودەكات بۆ فریودانی دوژمنەكە بۆساتێك ببێت بە وەهم.
پاش ئەم شۆكە مرۆڤ و زانستەكەی و دینەكانی لەبەردەم پرسیاری گەورەدان. بێگومان كاتێك دوژمنێكی نادیار دێتە ناو ژیانەوە، دەقە دینییەكان هیچ وەڵامێكی لۆژیكیان بۆی نابێت، ئەو دیوە رۆحی و مەعنەوییەی دەقە دینییەكان بۆ مرۆڤی دورستدەكەن، نابنە لۆژیكێك بۆ دۆزینەوەی دوژمنەكە و رووبەرووبوونەوەی و چارەسەكردنی، چونكە دەقە دینییەكان كۆنكرێتین و هی سەردەمێكن، دوژمن بینرابووە، نەك نەبینراو. ئەو دوژمنەشی نەبینراوە دوژمنێكە دین خۆی وێنەی بۆ كێشاوە و خۆی ئایدیاكەی دارشتووە، كاتێك دوژمنێكی نوێی نەبینراو نەناسراو دێت، ئیدی دین لەبەردەمیدا بێدەنگ دەبێت و ناچاردەبێت رووبەرەكە چۆڵبكات بۆ زانست. بەم شۆكەوە ناچارین گوێ لەهاوارەكەی _نیتشە_ بگرین: ” بگەڕێینەوە بۆلای عەقڵ.” لە ئێستادا عەقڵ و زانست لە ململانێدان لەگەڵ دوژمنەكە، تا بیدۆزنەوە و هەوڵی لەناوبردنی بدەن (بێگومان چاوەڕوانكراوە بیدۆزنەوە)، هەرچۆنێك بێت ئەوەی پێویستە گوێی لێبگرین لەم ساتانەدا، تەنها ئەو پزیشك و شارەزایانەن، دەتوانن مامەڵە لەگەڵ دوژمنە نادیارەكەدا بكەن، جگە لە پزیشكەكان بۆ پاراستنی مرۆڤ لە دەردەكە، هیچ كەسێكی دیكە شایەنی گوێلێگرتن نییە.
بەهەرحاڵ… رەنگە بمانەوێت پرسیاری پاڵەوانە نوێیكان بكەین. وێنەكە روونە: ئێمە ئەگەر _سۆپەرمان_یش بین، لە پشت بەهێزیی و پاڵەوانبوونی ئێمەوە پاڵەوانی دیكە هەیە. ئەمە سەردەمی گۆڕەپانە كۆنەكان نییە، تا كۆببینەوە تەماشای _رۆستەم و زۆراب_بكەین بزانین كامیان پشتی ئەویتر دەدات لە زەوی و دەبێت بە پاڵەوان. سەردەمی _لەیلا و مەجنونەكەی خانای قوبادی_نییە، دانیشین بە دیار _مەجنون_ەوە و ئەو كارەكتەرە دوژمنە بهێنینە بەرچاوی خۆمان دەبێتە هۆی لێكترازانی ئەم دوو پاڵەوانە. بێگومان سەردەمی بەرگریش نییە، تا دەقەكانی _مامۆستا شێركۆ_ بخوێنینەوە و بزانین پاڵەوانی نەتەوەی و دوژمنەكانمان كامانەن و، بۆمان دیاری بكات و پێمان بڵێت: بەم جۆرە بەرگری لەمانەوەی شوناس بكەن.
سەردەمی سەرمایەدارییە، نە ژیانەكەی، نە دەردەكانی، نە مرۆڤەكانی..هتد لەوەی پێش قۆناغەكانی خۆی ناچن. پاڵەوانەكان ئێستا برییتن لە _پزیشك، پەرستار، كارمەندی نەخۆشخانانەكان_ ئەوانەن بە دەست و پەنجە نەرم و سپییەكانیانەوە خەریكی گەڕانەوەی ژیانن بۆ مرۆڤەكان. ئەو دەست و پەنجانەی هەرگیز چاوەروان نەدەكرا لەچاو دەست و پەنجەی پاڵەوانە ئەفسانەیی و كلاسیكیی و سەردەمی بەرگیركردن بەراورد بكرێن.(هەمیشە پاڵەوانەكان دەست و پەنجەیان بەهێزبووە، جگە لەم پاڵەوانە نوێیانە.) دەكرێت هەر ئەو دەست و پەنجە سپی و ناسكانە، ببنە وزەیەك بۆ دروستكردنی ژیانێكی نوێ بۆ مرۆڤایەتی كە لەبەردەم هەڕەشەیەكی نادیاردایە.
ئەم دوژمنە نوێیە، زەنگێكی تایبەتبوو بۆ مرۆڤ، تا جارێكی دیكە بیرلە خۆی و ژیانی سەر ئەستێرەكەی بكاتەوە. ئایدۆلۆژیاكان و دینەكان و چییاوازییە چیانەیتییەكان، وەهمەكان و خۆ بە باڵادەستزانین، مرۆڤیان تووشی غرورێك و رقێكی گەورە كردبوو، مرۆڤیان خستبوویە ناو دۆخێكەوە ئیدی خەریكبوو لاوازییەكانی خۆی نەبینێت، دوژمنێكی بچكۆلەی نادیار هات، زۆر بەهێمنی، زەنگێكی لێداو ناچاریكردین جارێكی دیكە پشت لە ئایدۆلۆژیا و چینایەتی و وەهمەكان بكەین و، خۆمان ببەستینەوە بە ژیانەوە. ژیانێك خۆشەویستی تێدابێت بۆ یەكتری و خەمی مانەوەی مرۆڤی تێدابێت، ژیانێك ئیدی پاڵەوانەكانی شمشێربەدەستەكان نیین، جەنگاوەرەكان نیین، تۆپ و تانك و فڕۆكەكان نین، ئایدۆلیژیستەكان نین، بەڵكو ئەو پزیشك و پەرستار و كارمەندانەن لە نەخۆشخانەكاندا بەشوێن رزگاری مرۆڤدا دەگەڕێن. (هەموو رزگاركەرێك بە پێی نەریتی مرۆڤ، پاڵەوانە. كاتێك دوژمنەكە سیمای روون نییە، رووبەروو بوونەوە لەگەڵیدا، ئاماژەیە بۆ بوونە پاڵەوان.) مرۆڤەكان لە ئێستادا دەیانەوێت رێز لەو پاڵەوانە نوێیە بگرن، لەبەردەم دوژمنێكی نەبینراودا وەستاون. سیمای نوێی پاڵەوانەكان، ئاماژەیە بۆ سیمای سەردەمێكی جیاواز. سەردەمێك دوژمنەكەی مرۆڤ كە مەرگە و ناوێكی تایبەتی هەیە، دوژمنێكە نە شمشێر و نە تانك و نە فڕۆكە پێی ناوێرن، ئەگەرچی زۆر بچوك و نادیارە، بەڵام هێندە بەهێزە دەسەڵاتە زبرەكانی مرۆڤی بچوك كردوتەوە لاوازییەكەی مرۆڤی دەرخست. لەبەرامبەر ئەمەدا ئەوەی بەم دوژمنە دەوێرێت، عەقڵ و ئەو هوشیارییەیە لە رێگەی ئەو كەسانەوە پێماندەگات دەتوانن دەلاقەیەك بۆ زرگای مرۆڤ دروستبكەن، ئەوانەشی ئەم كارە دەكەن، بریتین لەو دەست و پەنجە زۆر ناسك و نەرمانەی هەرگیز دەستەكانیان و هێزەكەیان لە هی پاڵەوانەكانی پێشوو ناچێت، بەڵام بەو ناسكیەشەوە لە تانك و فڕۆكە و بۆمبەكان بەهێزترن بۆ رزگاركردنی مرۆڤ لە دوژمنە بچوك و نەبینراوەكە.