بورهان شێخ ڕەئوف: ڤایرۆسى کۆرۆنا لە نێوان جیهان و ڕۆژهەڵاتى ناویندا.
ئێستا ئیتر ڤایرۆسى (کۆڤید 19 ) کۆرۆنا لە قۆناغى پشکنین و وردبینى و باسکردن و توێژینەوە، پێى نایە قۆناغێکى ترەوە ئەویش بڵاوبوونەوەیە بە هەموو جیهاندا، ئەمەش نەک بە وتەى میدیایاکان و بانگەشەو لێدوانى ئەملاو ئەولا، بەڵکو ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى بە فەرمى ڕایگەیاند کە ڤایرۆسى کۆرۆنا پەتاو دەردێکى جیهانیەو هیچ سنورێکى دیاریکراوى نیە.
لە هەمانکاتدا، کە دەبێژین ڤایرۆسى کۆرۆنا جیهانیە مەبەست سامناکى و تواناى کوشندەیى ڤایرۆسەکە نیە، بە قەد ئەوەى کە سنورێکى جوگرافیاى دیاریکراوى نیە لە ناوچەیەکدا گەمارۆنادرێت، هەروەکو چۆن سەرەتا لە شارى ئۆهانى چین سەرى هەڵدا کە پێشبینى دەکرا هەر لەوێندەر گەمارۆ بدرێت و کۆتایى پێ بێت، بەڵام دواتر خێرا سنوورەکانى بڕى و بەڵگەکانیش ئەوەن تاوەکو ئێستا 110 دەوڵەتى گرتۆتەوەو 125 هەزار کەس تووش بووەو 4585 کەسیش گیانیان لە دەستداوە، هەرئەمەش ڕێکخراوى تەندروستى جیهانى ناچارکرد بە پەتایەکى جیهانى بیناسێت.
هەرچەندە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا ڕوداوەکانى تایبەت بەو دەردە نەگریسە بە خێرایى بە هەموو جیهاندا پەل دەکوتێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتى ناوین بە شێوازێکى ئاڵۆزتر و شێواو ترە، بەهۆى ئەوەى وڵاتانى ئەم ناوچەیە تێکەڵەیەکن لە دەوڵەمەندو هەژار، داهاتى تاکو کۆى داهاتى گشتى و ژێرخانى سیستمى تەندروستى جیاوازە، ناوچەکە ناسەقامگیرو پڕ کێشەو ململانێ ى چەکدارییە کە ژێرخانى تەندروستى زۆر لاواز کردووە لە زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەکە.
جگە لەوانەش شاڵاوى کۆچبەرى و پەنابەران لە نێوان وڵاتانى ئەم ناوچەو بارى تەندروستى و سیستمى تەندروستى ناوچەکەى شپرزە کردووە، لە هەمانکاتیشدا پەیوەندى جیۆسیاسى وڵاتانى ناوچەکە لە گەڵ هەریەک لە چین و ئێران کە کانگاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى ناوبراون.
کاردانەوەو ڕێکارەکانى وڵاتانى ناوچەکە لە هەمبەر کۆرۆنادا
تا ئێستا ڕاگەیاندنى حاڵەتى تووشبوون و مردن و چارەسەرى ڤایرۆسەکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تر ى ناوچەکە جیاوازە ، ئیتر بە هۆى ئەوەوە بێت کە تواناى ئەوەیان نیە پشکنینى وردو تایبەت بە ڤایرۆسەکە بکەن بە هۆى نەبوون و کەمایەسى لە سیستمى تەندروستى یان هەرهۆکارێکى تر.
1- سوریا : تا ئێستا هیچ حاڵەتێکى تۆمار نەکردووە سەرەڕاى پەیوەندى توندوتۆڵى لە گەڵ ئێران ، لەوانەیە بە هۆى سیستمى تەندروستى ماندوو شەکەتى سوریا بێت، کە ناتوانێت ئەم ڤایرۆسە دەربخات.
2- یەمەن: هەمان دۆخى سوریاى بەسەردا جێ بەجێ دەبێت.
3- عەرەبستانى سعودیە : هەموو سەردان و مەراسیمە ئاینیەکانى حەج و عەمرەى هەڵوەشانەوە و سەردانى شارى مەکە تەنها بۆ دانیشتوانى شارەکەیە تا کاتێکى نادیار.
4- هەندى لە وڵاتانى کەنداو بۆ پێدانى فیزە بۆ سەردانیکەرانى وڵاتەکەیان داواى بەڵگە و ئەستۆپاکى دەکەن لە ڤایرۆسى کۆرۆنا.
5- ئێران: هەرچەندە ئێرانیەکان بە هۆى هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەى مانگى شوباتەوە دواکەوتن لە ڕاگەیاندنى حاڵەتە تووشبوەکان کە ئەمە زیانێکى گەورەى پێگەیاندن و تووشبووان و مردنەکانیشیان دواى وڵاتى چین دێت هەندێکجار.
6- عێراق و هەرێمى کوردستان: لە عێراق و هەرێم تا ئێستا 90 کەس تووشبووەو 9کەسیش مردووە، حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕێکارى وردو زانستى گونجاوى گرتووەتە بەر بۆ بەگژاچوونەوەى کۆرۆنا.
لە کۆتاییدا هەنگاوە سەرەتاییەکانى بەگژاچوونەوەى ئەم پەتا لەئێران و بە شێوازى زۆر کۆن و کە کاریگەرییە ئیدیۆلۆجی و مەزهەبیەکان کارى خۆیان کردوو سەردانى مەزارو شوێنە ئاینیەکان هۆکار بوون بۆ خێرا بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە سەرەڕاى پێشکەوتنە زۆروزەوەندەکان لە بوارى تەندروستیدا کە ئەم هەنگاوانەى ئەمان دەینێن هى سەردەمى پێش شەڕى جیهانى یەکەمە.