گۆران هەڵەبجەیی: لە نێوان { کاسەی قەیران} ی دانمارک و بەخشینی مووچەیەکی مەسروور بارزانیدا.
پەندێکی کوردی جوان هەیە، کە دەڵێت [ پارەی سپی بۆ رۆژی ڕەش]، واتە پاشەکەوت بکە بۆ ڕۆژی تەنگانە.
هەر مرۆڤێک، خێزانێک، باژێڕێک، کۆمپانیایەک، دەزگایەکی میری و تا دەگاتە دەوڵەت گرنگە و پێوستە، کە بیر لە تەنگانە بکەوەنەوەو خۆیانی بۆ ئامادەبکەن، چونکە ئەگەری ڕودانی لە ئایندەدا هەیە، ئەویش بە پاشەکەوتکردنی بڕێک لە داهات و دانانی بەرنامەو پلان بۆ ئەو پێشهاتە.
زۆربەی هەرەزۆری وڵاتە تەندرووست و پێشکەوتوو، خاوەن سیستەم و پلان و بەهەند وەرگری ئایندە، لە مێژە یاسایەک پەیرەو دەکەن، کە بریتیە لە پاشەکەوکردنی ڕێژەیەک لە داهاتی ساڵانەی وڵات و هەڵگرتنی لە بانکی ناوەندی وڵاتدا یا لەهەر جێگەیەکی دیکە. جا لەوانەیە ئەو پاشەکەوتکردنە لەهەر وڵاتێک ناوێکی هەبێت، لێ هێندەی دەزانم لە دانمارک ناوی [کاسەی قەیران]ە.
دانمارک یەکێکە لەو وڵاتانەی، کە پلانی کاسەی قەیران پەیڕەو دەکات، کە تایبەتە بە کارەساتی سرووشتی یا غیر سرووشتی بەجۆرێک ڕوودانی هێندە بەزیان بێت کە داهاتی ئاسایی دەرەقەتی نەیەت. بۆنمونە زەمین لەرزە، زریان و لافاو، ئاگری مەزن، وشکە ساڵی، قەیرانی ئابووری درێژخایەن، پەتای مەترسیداری بەربڵاو. چەنگ وکارەساتی دیکە. جا بەپێی قەوارە و مەودای کارەساتەکە بودجەی لەو کاسەیە بۆ تەرخان دەکرێت. تەرخانکردنی یا دەرهینانی پارە لەو سندوقە دەبیت بەڕەزامەندی زۆرینەی سەرۆک فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان ئەنجام بدرێت.
هەر لە سەرەتای پەیدابوونی پەتای کۆرۆنادا و تووشبوونی چەند کەسێکی دانمارکی بەوپەتایە، سەرۆک وەزیرانی دانمارک [ میتە فرەدەرکسن ] لەگەل ستافێکی کارا، کە هەریەکەیان لە بوارێکدا شارەزایی و بەرپرسیاریەتیان هەیە، ڕۆژی 03.10 پرێس کۆنفرانسێکیان بەست. لەوێدا سەرۆک وەزیران بەڕاشکاوانەو دوور لە هیچکردنی یا تۆقاندنی هاوڵاتیان، باسی دۆخەکەی کرد و { وتی پەتاکە جیهانیەو و ئیمەشی گرتوەتەوە، جا دەبێ خۆمانی بۆ ئامادەبکەین. ئیمە وەک حکومەت ئەرکی سەرشانمانە هەموو ڕێگەیەک بگرینە بەر بۆ پاراستنی ژیانتان، ئەوەی لەسەر ئێوەیە هاوکارمان بن تا بتوانین بەکەمترین زیان لێی دەربازببین. } پاشان وتی ئیمە کۆمەڵێک هەنگاو هەڵدەگرین کە ئیستا بۆ ئیوەی باس دەکەین. بە ژمارەو داتا سەرۆک وەزیران هەنگاوەکانی باسکرد کە بریتی بوون لە هەڵگرتنی دەوامی فەرمی و نافەرمی واتە وەستاندنی هەموو جوڵەیەکی خەڵک جگە لەو کارانەی، کە پێویستن بە تایبەت خزمەتگوزاریەکانی کەرتی تەندرووستی.
پاشان گووتی [دەزانین کەئەم دۆخە قەیرانی ئابووری درووست دەکات و پێدەچێت کەرتی تایبەت هەزارەها کارمەند بنیرنەوە بۆماڵەوە، بۆیە ئیمە جارەسەرمان بۆئەوەش دانەوە. سەرەتا هەرچی مووچە خۆری میریە تائەو ماوەی لەماڵەوەن مووچەکانیان بەردەوام دەبێت. سەبارەت بە کەرتی تایبەتی مەزن وەک کۆمپانیاکان، کارگەکان و بانکەکان، وە پرۆژە گچکەکان وەک دوکان و ڕێستورانت و قاوەخانە و بووتیکی تاکە خاوەن، هەموو ئەمانەش قەرەبوو دەکرێنەوە، جا بۆ ئەمەش حسابی 3 مانگمان کردوە وە بۆ ئەم قەیرانە 285 ملیارد کرۆنمان لە سندوقی قەیرانەکان تەرخان کردوە. هەر بەم نزیکانە چەندین لیژنەی تایبەت دەستبەکار دەبن بۆ خەمڵاندنی ئەو زیانانەی بەر ئەو بزاوتە ئابوریانە دەکەون.]
ئەم هەنگاوانەی سەرۆک وەزیران خەم و دڵەڕاوکێی هەمووانی ڕەوانەوە، کە دەترسان کارەکانیان لەدەست بدەن یا کۆمپانیاکان مایە پوچ ببن.
تائیستا خۆی و ستافەکەی سێ جار هاتونەتە سەر تەلەفزیۆن و دلنیایی و ڕینمایی نوێیان داوتە خەلک. بەڵێ گەر دەسەڵاتێک خەمخۆری هاوڵاتیانی بێت، کار بۆ هێورکردنەوە دڵنیاکردنەوەیان بکات دەبی وەک ئەم حکومەتەی دانمارک بێت. نیشانی دا کە پەرۆش و خەمخۆری هاولاتیانیەتی، بەتایبەتی لەم کاتە هەستیار و مەترسیدارەدا کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت.
حەقیقەتێک هەیە، کە دەڵێت: دەوڵەتداری شایانی ئەو کەسانەیە کە لێیدەزانن، ئەوانەی بیر لە ئایندەی وڵاتەکەیان دەکەنەوە و هاوڵاتی لە کنیان پلەی یەکەمە، ئەوانەی بە بەرنامە کاردەکەن وپاشەکەوت دەخەن بۆکاتی قەیران و تەنگانە. بەڵام دەسەڵاتە پاشکەوتوو و نادڵسۆز و بێ پلانەکان، ئەوانەی کە دەسەڵات بە دەرفەتێک دەزانن بۆ دزی و گەندەڵی و هاوڵاتی پێگەو بەهایەکی ئەوتۆی نیە لایان، ئەمانە لەیەکەم بەرەنگاربوونەوەی قەیراندا شکست دێنن.
دەسەڵاتدارانی هەرێم لە بێ بەرنامەیدا بۆ ئەم قیرانە، بەتایبەتی نەبوونی بودجەو نەخۆشخانەی پێویست، وادەزانن بە بەخشینی مووچەی مانگێکی سەرۆک وەزیران و هەندێک ئیجرائاتی ڕووکەشی قەیرانەکە چارەسەر دەکەن. بە هەست و سۆز وکاری عەفەوی و بەخشینی مووچەی ئەم و ئەو ناتوانریت بەرەنگاری ئەم قەیرانە مەترسیدارە ببنەوە، بەڵکو پێوستی بە ستافێکی خاوەن بەرنامەی تۆکمە هەیە.پێوستی بە بودجە هەیە کە دەبوو لە سندوقی قەیران بۆی تەرخان بکریت، ئەو سندوقەی کە بوونی نیە.
گەر حکومەتێک لە خەمی هاوڵاتیانیدا بێت دەبوو بیری لەم ڕۆژە بکردایەتەوە {مەبەستم هەر پێشهات و ڕووداوی نەخوازراوە} بیری لەو کەسانە بکردایەتەوە کە بژیوی ژیانیان لەسەر کاری ڕۆژانەیە و تەنها بەوە دەژین کە هەزارەها کرێکارو خاوەن پیشەی بچوک و دوکاندار و جۆرەها شۆفێر دەگرێتەوە، ئەوانە گەر بۆماوەیەکی دریژ لەماڵەوە بمیننەوە بەچی بژین؟ دەبوو دەسەلات پلانێکی قەرەبووکردنەوەی هەبووایە بۆیان، هاوشێوەی حکومەتەکەی دانمارک؟
ئاخر دەمێک دەسەڵاتێک خەڵک دەنێرێتە ماڵەوە [کە من بە کارێک باشی دەزانم بۆ خۆپاراستن لە پەتاکە] دەبوو بیری لە چارەنووس و بژێویان بکاتەوە، چونکە ئەوە ئەرکی دەسەلاتەو هەر دەسەڵاتە بەرپرسە لە پاراستنی ژیان ودابینکردنی بژێوی هاولاتیان.
کاری ئەو سەرمایەدارو پارەدارانە راستبیت کە هاتنە مەیدان و لە ماوەیەکی کەمدا چەندین خەستەخانەی تایبەت بە پەتاکەیان درووست کرد، یاخود دەستی هاوکاریان بۆ هەژارو نەدارەکان درێژکرد. جا گەر ئەوانە نەبوونایە دەبوو خەڵک بە بێئومیدی چاوەڕێی قەدەری نادیاریان بکردایەو حکومەتیش لەسەرەوە سەیری بکردایە، چونکە وەک مەسروور بارزانی گووتی توانای حکومەت و کەرتی تەندرووستی سنووردارە. جا هیوادارم پەتاکە تەشەنە نەکات و لەو سنوورە دەرنەچێت کەمەسروور ئاماژەی پێکردوە، دەنا کارەسات ڕوودەدات.