نەبەز گۆران: حوكومەتێكی بێ متمانە.
لە سەروەختی پەتاكەدا، بەشێك لە هاوڵاتییان رستەیەكیان بڵاودەكردەوە، ئەو رستەیە ئەو پەڕی متمانە نەبوون بوو بەم حوكومەتە، كاتێك سەرمایەداران دەیانوویست هاوكاری مرۆیی بۆ خەڵك ئامادەبكەن، زۆرێك دەیانووت: ” پارە و هاوكارییەكانتان مەدەنە دەست حوكومەت، چونكە دەستی پیسەو ئەو بڕە هاوكارییەش دەخوات.” هەڵبەتە خەڵك مافی خۆیەتی متمانەی بەم حوكومەتە حیزبییە نەبێت، چونكە ئەزموونی رابردوو فێریكردین ئەو دەستە و تاقمە حیزبیانەی حوكومڕانی ئەم هەرێمە دەكەن، هیچ كات دەستیان نەپاراستووە لە بردنی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە و هەمیشە وەك نمونەی دەست پیسی تەماشا كراون.
لە كابینەكانی پێشودا، ئەوەی سەرۆكی كابینە بوو، دەستێكی باڵای هەبوو لە فراوانكردنی پیسخۆریی و تێوەگلانی زۆربەی دامودەزگاكانی حوكومەت و بردنی هەرێم بۆ لێواری قەرزێكی زۆر، كە تاكو چەندین ساڵی دیكە هاوڵاتییان لەژێر ئەو قەرزەدا باجەكەی دەدەن. لەم كابینەیەشدا كە رانتێكی سیخور سەرۆكایەتی دەكات، لە دەركەوتە سەرەتاییەكیانییەوە روونە، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەوەی پێشودا نییە و، پیسخۆری بەردەوامە و لە گەشەكردندایە، جگە لەوەی هەوڵی زۆر دەدات بۆ دروستكردنی كێشەی ئایدۆلۆژی و حیزبی لەگەڵ حیزبەكەی بەرامبەری و، دروستكردنی جیاوازی قوڵ لەنێوان شارەكان و ناوچەكاندا.
تەواوی ئەو حیزبانەی لە باشووری كوردستانن، دینەمۆیەكن بۆ بەهێزكردنی ئەم مۆدێلە حوكومڕانییە پیسخۆرە. پێناچێت بە ئاسانی متمانەیەك لەنێوان خەڵك و حوكومەتدا دروستببێت، گەرچی لەشكرێك لە ئایدۆلۆژی بەردەوام سەرقاڵی ستایشكردن، سەرقاڵی ئاوەژوكردنەوەی راستییەكانن، ئەمما ئاگایی هاوڵاتییان لەوە تێپەڕیكردوە ئیدی بەم ئاوەژوكەرانە بتوانرێت ئەو هەموو پیسخۆرییە بشادرێتەوە و متمانە بەو دەستە و تاقمەبكرێت لە هەناوی حیزبەوە هاتوونەتە ناو حوكومەت و، دامەدەزگاكانیان نەخۆشخستووە. كار گەیشتوەتە ئەو رادەیەی جەسارەت بكەن بیر لە دەسكاریكردنی موچەی فەرمانبەران بكەنەوە. بێگومان دەستبردن بۆ موچەی فەرمانبەران و یاریكردن بە سایكۆلۆژیای فەرمانبەران، تەنها لەو كارەكتەرە حیزبیانە دەوەشێتەوە هیچ بنەمایەی ئاكاری بەرێوەبردن لەخۆیاندا شك نابەن و لە بەتاڵبوونەوەیەكی ئاكاریدا دەژین.
حوكومەتەكە لاوازە، قەرزێكی زۆری لەسەرە، حیزب و منداڵەكانی جومگەكانی حوكومەتەكەیان داگیركردوە و پەرێشانیانكردوە. هەركەسێك دێتە شوێنی ئەوەی پێشوو، جیاوازییەكی نییە، هەر حیزبێك بەژداری لە حوكومەتەكەدا دەكات سیماكەی دەگۆڕێت بۆ سیمایەكی بێزراو، ئەو دامودەزگایانەی پێویستە چاودێری حوكومەت بكەن زۆر لاوازن. پەرلەمان بووەتە شوێنی كۆمەڵێك كارەكتەری ناو دونیای شاشەكان (موزیعی موچەقەبە) ئەم كارەكتەرانە دابەشبوون بەسەر دوو دەستەدا، دەستەیەكی ملكەچی ستایشكەر، كە نانەكەیان لەو ستایشەوە وەردەگرن رۆژانە بۆ دەسەڵاتدارانی دەكەن، ئەشێت ئەم دەستەیە بەخولقەت بەوجۆرە پەروەردەكرابن لەرێی ملكەچی بۆ سەروی خۆیانەوە هەست بە بوونی خۆیان بكەن. دەستەی دووهەمیش، كۆمەڵێك زۆر بڵێی كاتین، لەو بوكەشووشانە دەچن كە پەنجەیەك دەنێیت بە سكیاندا جیقەیەكیان لێوە بەرز دەبێتەوە، لە هەموو حاڵەتێكدا هەردوو دەستەكە بوونەتە شوێنی نوكتە و گاڵتەپێكردنی زۆرێك لە خەڵك.
ئایدۆلۆژیای حیزبی لەبری كاڵبوونەوە هەوڵی تۆخكردنەوەی دەدرێت. قسە لەسەر داهات ناكرێت، چونكە كەوتوەتە دەست _باندە_ حیزبییەكان. زۆرێك لە میدیاش چوەتە قۆناغێكی حیزبییەوە، حیزب بەشێوەیەكی چڕ لە رێگەی رانتە سیخوڕەكانەوە خۆی خزاندوەتە ناو زۆربەی میدیاكانەوە و بەو ئاراستەیە دەیانبات خزمەت بە كارەكتەرە دەسەڵاتدارەكان بكەن، داهاتەكەشیان لە سامانی گشتی خەڵكەوە دەست دەكەوێت. هەموو كەناڵە تەلەفزیۆنییەكانیان داهاتەكەیان سامانی گشتییە و خزمەت بە تاكە كەسێكی دەسەڵاتداردەكەن، كە ئەو تاكە كەسە جگە لە پیسخۆرێك هیچی دیكە نییە.
ژاوەژاوی ناو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و زۆر بڵێی موچە قەبەكان، هیچ گۆڕانێك لە دۆخی خەڵك و هیچ رێگریییەك لە پیسخۆریی كەم ناكاتەوە. زۆربەی ئەوانەی دەیانەوێت وا خۆیان پیشانبدەن بەرگری لە دەنگی خەڵك دەكەن، بریتین لەو كەسە دەمامكدارانەی موچەیەكی قەبەی زۆریان هەیە و ژیانێكی باشیان بۆخۆیان و منداڵەكانیان دەستەبەركردوە و، ئیدی بە ژاوەژاو و سەرئێشاندنی خەڵك هەوڵی جوانكردنی سیمای خۆیان دەدەن، كە پێیان ناكرێت و رۆژ بەرۆژ باشتر ماهیەتیان دەردەكەوێت. ئەوانەشی پێیانوابوو بە هاتنی ئەم رانتە سیخورە بۆ سەرۆكی كابینە، ئیدی مۆدیڵێكی نوێ و حوكومەتێكی باش دێتە ئاراوە، ئەو خۆشباوەڕانەبوون هیچ كات لاپەڕەیەكی مێژوویان نەخوێندبووییەوە و هیچ كات ئەزمونێك لە یادەوەرییاندا نەمابوو، تا هەڵسەنگاندنێكی دروست بكەن بۆ دۆخەكە. بە گۆڕینی سیمایەكی ئایدۆلۆژی بۆ سیمایەكی ئایدۆلۆژی دیكە، سیستەمی حوكومڕانی گۆڕانی بەسەردا نایەت. لە بونیادەوە سیستەمەكە نەخۆشە، ئەوەی نەخۆشی خستووە هەر ئەوانەن كە پێیانوایە بە گۆڕینی سیمایەك سیستەم دەگۆڕێت!
فشارەكان لە رێگەی دونیای شاشەكانەوە كاریگەری خۆی هەیە، ئەو فشار و دەنگ بەرزكردنەوەیەش كپبكرێتەوە (كە خەونی رانتە سیخورەكان كپكردنەوەیەتی) بێگومان موچەی فەرمانبەرانیش كە دوا شتە دەیانەوێت دەستی بۆ ببەن، بەكپكردنەوەی دەنگەكان ئەو موچەیەش بە تەواوەتی دەكەوێتە مەترسییەوە. هاوڕێك نووسیبووی:” ئەم حوكومەتە لە وەكیلی ئارد دەچێت.” بێگومان حیزب و منداڵەكانی و دەستەو تاقمەكان گەیاندیانە ئەو ئاستە، ئیشی تەنها بووە بە دابەشكردنی موچە كە لە_بەغداد_ەوە دێت، كەچی هێشتا كەسانێك هەن ستایشی حوكومەتێك دەكەن لە یەكەم رۆژی پەتاكەوە موفلیس بوونی خۆی راگەیاند. حوكومەتێك بەم جۆرەبێت چاو ببڕێتە موچەی فەمانبەرەكانی، وەزیری دارایەكەی بێشەرمانە باس لە دەسكاریكردنی موچە بكات، بێگومان ئەو حوكومەتە هەرگیز جێگەی متمانەی خەڵك نابێت.