محه‌مه‌د عه‌بدوڵا: كۆرۆنا ده‌ڕوات، به‌ڵام…
(ئه‌گه‌ر كۆرۆنا ڕۆیشت‌و و ویژدانمانی نه‌جوڵاند، ئه‌وا دڵنیابن ئێمه ئافاتین له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه، چونكه ڤایرۆسه‌كه ته‌نیا بۆ كوشتن نه‌هاتووه، به‌ڵكو هاتووه تا له‌غه‌فڵه‌ت به‌ئاگامان بێنێته‌وه).
ئه‌م وته‌یه‌ی سه‌ره‌وه نازانم هی كێیه، له‌فه‌یسبووكدا به‌عه‌ره‌بی خوێندمه‌وه، به‌ڵام زۆر جوان بوو به‌لامه‌وه‌و بۆ ماوه‌یه‌ك خستمیه بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵه‌وه.
كۆرۆنا تێده‌په‌ڕێت، وه‌ك چه‌ندین ئافاتی دیكه، كه به‌درێژایی مێژوو ڕووی له‌م سه‌ر زه‌مینه كردووه‌و دوا ئافاتیش نابێت. چه‌ندمان لێبكوژێت و چه‌ندمان كاره‌ساتبار بكات، هه‌ر تێده‌په‌ڕێت و ده‌ڕوات و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه مرۆڤه‌كانن.
ڕه‌نگه دوای خۆی سیستمی ئابووری جیهان و شێوازی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌تان و سه‌رله‌به‌ری شێوه‌ی ململانێكانی نێوان زلهێزه‌كان بگۆڕێت، ئه‌وه‌ی وه‌ك خۆی ده‌مێنێته‌وه مرۆڤبوونه‌و سه‌رله‌نوێ مرۆڤایه‌تی تۆختر ده‌كاته‌وه.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كۆرۆنا تێپه‌ڕی و تۆ نه‌گۆڕایت، ئه‌گه‌ر بیركردنه‌وه‌كانت وه‌ك خۆیان مانه‌وه، ئه‌وا هه‌ڵه‌یه‌ك هه‌یه، یان تۆ هه‌ر له‌زووه‌وه مرۆڤ نه‌بوویت، یانیش تۆ ئافاته ڕاستهقینهكهیت.
به‌درێژایی مێژوو له‌كاتی هه‌موو كاره‌سات و شه‌ڕو ئافاتهكاندا مرۆڤه‌كان له‌شوێنی خۆیان ڕایانكردووهو به‌شوێن په‌ناگه‌دا گه‌ڕاون، ئه‌مجاره هه‌ڵهاتن نییه‌و بۆت دێته شوێنی خۆت، ئیتر تێبگه كه‌س پارێزراو نییه، ئه‌و هه‌موو درۆیه‌ی كردت بۆ به‌ده‌ستهێنانی پاره نابێته فریادڕه‌ست، كۆی سنووره‌كان داخراون و چیتر جیهان گوندێكی بچكۆله نییه‌و ملیۆنان كیلۆمه‌تر سنوور دیسانه‌وه بوونه‌وه به‌ڕێگر.
تا سه‌رده‌می نوێ ده‌ستی پێنه‌كردووه، بیربكه‌ره‌وه بزانه پێش كۆرۆنا تۆ كرابوویته چ ئاله‌تێك و به‌گژ كێدا كرابوویتهوه، بزانه به‌ناوی سیاسه‌ت و ئابووری و جیهانگیری و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیاو …و… چۆن خهڵهتێنرابوویت و دوای چ سه‌رابێك خرابوویت و چه‌ند فرسه‌خ لهمرۆڤبوونهوه دوورخرابوویتهوه.
مرۆڤ دڕنده‌ترین بوونه‌وه‌ری سه‌ر زه‌وییه، تاكه بوونه‌وه‌ری درۆزانیشه، بێگومان ترسنۆكترینیشیانه، هه‌ر كه ڕووبه‌ڕووی نادیار بووه‌وه، كه هه‌ستی كرد مه‌ترسی بۆسه‌ر ژیانی هه‌یه‌و بێده‌سه‌ڵاته، ئیتر ڕووده‌كاته‌وه ئاسمان و زه‌لیلانه ده‌پاڕێته‌وه، خۆی هه‌زاران خورافه دروستده‌كات و هه‌رخۆشی باوه‌ڕیان پێدێنێت، چه‌ند ڕاستی پێبڵێیت باوهڕناكان، به‌ڵام به‌دوای بچوكترین درۆ ده‌كه‌وێت تا باوه‌ڕی پێبهێنێت. له‌سه‌رده‌می كۆرۆناو دواكۆرۆناش خورافه بازاڕی گه‌رمده‌بێت.
ئه‌گه‌ر كۆرۆنا بۆ مرۆڤاكانی دیكه به‌ئاگاهێنانه‌وه بێت، ئه‌وا بۆ مرۆڤی كورد دووجار به‌ئاگاهێنانه‌وه‌یه، ده‌بێ دوای كۆرۆنا تێبگه‌یت سه‌ده‌یه‌ك كوردایه‌تی چی پێكردیت، ده‌بێت ئاگات لێبێت هه‌ستی ڕه‌گه‌زپه‌رستیت بهكوێی گه‌یاندیت، ده‌بێت له‌خۆت بپرسیت حیزبایه‌تی مانای چییه.
ته‌نیا بۆ عیبره‌ت:
ئیلۆنا ستالهر، پۆڕنستارێكی ئیتالیهو ته‌مه‌نی حه‌فتا ساڵه. له‌جه‌نگی یه‌كه‌م و دووه‌می كه‌نداودا جه‌سته‌ی خۆی، كه تاكه سه‌رچاوه‌ی داهاتی بوو، خستیه به‌رده‌م سه‌دام حسێن به‌مه‌رجێك پاشه‌كشه بكات و جه‌نگ ڕوونه‌دات بۆ پاراستنی گیانی مرۆڤه‌كان، له‌م سه‌رده‌می كۆرۆنایهشدا (80) ملیۆن دۆلاری به‌خشی بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا. تۆ ئازادیت به‌كێی به‌راورد ده‌كه‌یت، به‌ڵام دڵنیابه ئه‌و كه‌سه زۆر لهسامانهكهی ئیلۆنای زیاتر دزییوه.
- Latest Posts by محەمەد عەبدوڵا
محەمەد عەبدوڵا: ئەنفال لە ڕوانگەیەکی دیکەوە.
-محەمەد عەبدوڵا: هەڵەبجە، شەڕی کۆتایی.
-محەمەد عەبدوڵا: گەمەی حوکمڕانی.!
- All Posts