نەوزادى موهەندیس: کۆرۆنا چى فێرکردین؟
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی
کۆڕۆنا سەرەڕاى مەترسى و زیان و کوشندەییەکەى کە سەرتاسەرى جیهانى گرتۆتەوە و تاڕادەیەکیش مرۆڤایەتى خستۆتە بەردەم مەترسیەکى گەورە و هەموانیش ترس و دڵەڕاوکێ دایگرتوون و ماوەى 3 مانگە نەتوانراوە بەو هەموو پێشکەوتن و داهێنان و زانست و بیرمەند و زانا و لێکۆڵەرەوانەى دونیاوە بتوانن دژە ڤاکسینێک بدۆزنەوە و هەمووان ڕزگاربکەن لە مۆتەکەیەکى ڕەزا گرانى تۆقێنەر. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو ترس و تۆقاندنەشدا کرۆناش وەکو زۆرێک لە دیاردە زیانبەخشەکانى تریش گەلێک سوود و قازانجى هەبوە و کۆمەڵگەلێک وانە و پەندى فێرى هەموو مرۆڤایەتى کرد بە دەسەڵات و بێدەسەڵاتەکانەوە بە دەوڵەمەند و هەژارەکانەوە بە دیکتاتۆر و دیموکراسیخوازەکانەوە بە ئەوپەرى چەپ و ڕادیکاڵ و عیلمانی و نەتەوەییەوە بۆ ئەوپەڕى ڕاستەڕەو و دەمارگیر و کۆنەپارێزەکان بەتێپەڕ بوون بە میانڕەو و ئیسلامى و لیبڕاڵ و ژینگە دۆست و سەوزەکانى دونیاوە،کە بریتین لە:
فێریکردین، دەبێت هەموو مرۆڤایەتى یەک و یەکگرتوو بن لەبەرامبەر هەڕەشە دەرەکیەکانى دەرەوەى گۆى زەوى و بەرامبەر هەر پەتایەکى جیهانگیرى وەکو کۆرۆنا و وەکو دیاردەى تیرۆرى جیهانى و وەکو دەمارگیرى و توندڕەوى بزوتنەوە شەڕانگێزە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیەکان لەهەر کوێى دونیادا بن.
فێریکردین، کە چارەنوسى مرۆڤایەتى هەموو پێکەوە کۆتوبەندە و لەبەرامبەر هەڕەشەیەکى وەکو کۆرۆنادا هەمووان یەک چارەنوسیان هەیە، یان ئەوەتا هەرکەسە و لەدۆڵێکدا و بێ یارمەتى ئەویتر خۆى بپارێزێت کە ناتوانێت لەم سەردەمەى بەجیهانیبونەدا، یانیش دەبێت هەموان پێکەوە و لەیەک سەنگەردا ڕووبەڕووى ببنەوە.
کۆڕنا ناچاریکردین فێرببینەوە ،کە کە هەموو تاک و خێزانەکان دەستلەملانى یەکدى بکەنەوە و بۆماوەیەکى باش لەگەڵ یەکتردا کۆببنەوە و هاوسەرەکانى خستەوە نێو باوەشى یەکترو ڕێژەى لادانى ئەخلاقى و ناپاکی خێزانى و تاوانەکانى تریشى کەمکردۆتەوە و هەمووانى تێگەیاند تەنها بە کۆمەک و هاوکارى و کارى پێکەوەیى دەتوانن ڕووبەڕووى هەر مەترسیەک ببنەوە،و خێزان گرنگ و پیرۆزە نەک تاکەکان بەتەنها.
کۆڕۆنا فێریکردین، نە دونیاى سۆسیالیستى و ئایۆلۆژیا چەقبەستوەکەى و نە دونیاى سەرمایەدارى و ئایدۆلۆژیا هەلپەرست و بەرژەوەندخوازەکەى بەتەنها دەتوانن ڕووبەڕووى پەتایەک و مەترسیەکى جیهانى ببنەوە،بۆیە پێویست دەکات کارى دەستەجەمعى و هاوکارى و تەبایى و ئاشتى جیهانى جێگەى ئایۆلۆژیا چەقبەستوو بێ مۆڕالەکانى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات بگرێتەوە.
کۆرنا فێریکردین، دەبێت مرۆڤایەتى کەمێک و بۆ ساتێک لە ساتەکانى مێژوو و یان لەساتەوەختێکى غافڵگیرى زەمەندا، ستۆپێک بکات لەهەموو ئەو خۆخۆرى و بەرژەوەندپەرستى و هەڵپەى پەیداکردنى سەروەت و سامانە دزراوانەى لەڕێگەى گەندەڵى و نادادپەروەرى و نایەکسانى و بێ یاسایى مرۆڤەکاندا پەیدایان کردوە، و بەسەر کار و کردەوە و بیروباوەڕ و دید و تێڕوانینە مادی پەرستەکانى خۆیدا بچێتەوە و بۆ ساتەوەختێکی کەمیش بێت بگەڕێتەوە بۆلاى ویژدان و مرۆڤایەتى و تێبگات لەوەى کە چارەنوسە حەتمیەکەى مرۆڤ کۆتایى ژیان و مردن و فەنا چوونى ئەبەدیە.
فێرى کردین، کە دۆست و دوژمنى ڕاستەقینە کێن و لە چ ساتەوەختێکدا ڕووى ڕاستەقینەیان دەردەکەوێت، وەک ئەو مامەڵە نامرۆڤانەیە و نادۆستانەیەى ئەوروپیەکان لەگەڵ ئیتالیادا کردیان ،ڕووى قێزەونى هەموو دونیاى ڕۆژئاواو سەرمایەدارى دەرخست کە چەندە هەلپەرست و خۆپەرستن و هیچ مانایەکى ڕاستەقینەیان لا نیە بۆ مرۆڤدۆستى و هاوکارى و یارمەتى گەر بەرژەوەندى و دەسکەوتێکى ئابورى گەورەیان دەست نەکەوێت،کە بەناو هاوپەیمانى سەدان ساڵەى یەکتر بوون و ئیتالیاش بۆخۆى چاکە و شانازى گەورەى مرۆڤانەى هەیە بەسەر هەموو دونیا و ئەوروپا و ئەمریکیەکانەوە لەڕووى سیاسى و ئابورى و داهێنانى زانستى و ئەدەب و هونەر و وێنەکیشان و سەرهەڵدانى ڕەوتە ڕۆشنگەرایى و نوێگەراییەکان و وەک مەڵبەندێکى گرنگى ئاینى مەسیحیەتى کاسۆلیکى لەدونیادا،بەڵام هەموو ئەو چاکەو شانازیانەى بەفریاى نەکەوتن ،بەڵکو تەنها چینیەکان وەکو مرۆڤایەتى دەستى هاوکاریان بۆ درێژکردن.بۆیە گەرەکە هەموان پەند وەربگرین لەوەى کە تەنها بنەماى مرۆڤایەتى هاوپەیمان و برا و دۆستى ڕاستەقینەیە نەک بنەما مادى و ئابوریەکان.
فێرى کردین،کە هیچ زوڵم و چەوسانەوەیەکى مرۆڤ بۆ برا مرۆڤەکەى ترى تاسەر نابێت و نەدەسەڵات و نە سەروەت و سامان و تەنانەت نە زانست و زانیاریەکانیش تاسەر بڕ ناکەن و بەکەڵکى ژیان و ڕزگارکردنى مرۆڤەکان نایەن و لەگەڵ سروشت و دیاردە بەهێز و ترسناکانیدا وەک ( تسونامى و گڕکان و لافاو زریان و هەورە بروسکە و داڕمانى کێو و شاخ و زەوى و بەفرەکان و بڵاوبونەوەى پەتا نادیارەکان و بومەلەرزە و… هتد) هیچیان پێناکرێت و تاکە چارەسەر تەنها تەبایى و پێکەوە ژیان و یەکسانى و دادپەروەریە لەنێوان مرۆڤەکاندا، ئەوەتا سەرۆکى گەورەترین وڵاتى دونیا کە ئەمریکایە و بەهێزترینە لەڕووى سیاسى و ئابورى و ئەمنى و زانستیەوە بێچارە ماوەتەوە و دەستەوستانە لەبەردەم هەڕەشەى سەربازێکى نادیار و جەنگاوەرێکى بچوک، بەڵام مەترسیدارى کۆرۆنادا و هەموو ڕێوشوێنێکى ئابورى و پزیشکى و ئەمنى دەگرێتە بەر هێشتا نەیتوانیوە بگاتە چارەسەرێکى بنبڕ،جا ئەو سەرۆکە بەهێزە و منداڵێکى ڕەشپێستى بێ توانا و هەژار و برسى لە کیشوەرى ئەفریقاشدا هەمان مەترسى ڕووبەڕوویان بۆتەوە و هەمان چارەنوسیش چاوەڕوانیان دەکات.
کۆڕۆنا، فێرى کردین کە هیچ جێگەیەکى ئەمان و دوور لەمەترسى لەسەر ئەم گۆى زەویە گەورە و فراوانەدا نیە بۆ هیچ کەسێک، تەنها ماڵ و خێزان و پاکوخاوێنى و خۆپارێزى لەش و جەستەى مرۆڤەکان خۆیانە.
کۆرۆنا فیرى کردین، کە دەوڵەمەندەکان دەبێت هەمیشە لە بیرى هەژاراندا بن و لەکاتى تەنگانە و مەترسیەکاندا هاوکارى و یارمەتیدەریان بن، چونکە سەرمایەدارەکان دەبێت باش لەو ڕاستیە ئاسمانیە بگەن کە سەروەت و سامانى سەر گۆى زەوى پشکى هەموانى پێوەیە و تیادایە و ئەو سەرمایە و دەسەڵات و کۆمپانیا و کۆشک و تەلار و ڤێلا و ڕەز و باخەى کە پێکەوەت ناوە بە ناڕەوایى و گەندەڵى و چەوساندنەوەى برا مرۆڤەکەت، بەدڵنیایى بەشى هەژارانیشى پێوەیە،بۆیە لەخۆت بوغرا مەبە و خۆت بە زل و بەدەسەڵات مەزانە و ئاوڕێکى مرۆڤ دۆستانە لە مرۆڤەکانى برات بدەرەوە بەوپەڕى لەخۆبووردووى و خاکەڕاییەوە نەک بە لوت بەرزى و بەمنەتەوە.
کۆڕۆنا فێریکردین، کە چەندە مرۆڤەکان زیانبەخشن بۆ خۆیان و بۆ ژینگەکەشیان بەهۆى هەڵپەکردنى زۆریان بۆ باڵادەستبون و بەهێزبونیان بەسەر ئەوانى تردا، لەڕێگەى ململانێ ناڕەواکانیانەوە لە بوارى ئابورى و ئەمنى و پیشەسازیدا،کە هەموو ئەو کارانەى مرۆڤ بونەتە هۆى پیسبوونى ژینگەى گۆى زەوى و کونبوونى بەرگە هەوا و بڵاوبونەوەى چەندین جۆرى پەتا و نەخۆشى لەسەر زەویدا بەهۆى تیشکە زیانبەخشەکانەوە، بۆیە لەماوەى ئەم 3 مانگەدا کە هاتچۆکردن کەم بۆتەوە تاڕادەیەکى باش ڕێژەى گازە زیانبەخشەکان لەهەوادا کەمبنەتەوە و ئاوى دەریاو زەریاکان پاکبونەتەوە و پلەى گەرمى زەوى دابەزیوە و هەواى شارەگەوەرکان پاکبونەتەوە بەهۆى کەمبونەوەى هۆکارەکانى گواستنەوە لە فڕۆکە و کەشتى و شەمەندۆفێر و ئۆتۆمبێل و وەستانى کارگەکانەوە.
بەم شێوەیە کۆڕۆناش وەک دیاردەى قێزەونى تیرۆر و داعشیەکان چەندە زیانى هەبوو لەکوشتوکوشتار و تێکدانى ئاشتى و ئارامى ناوچەیى و جیهانى، بەڵام زۆرێک لە وڵاتان و دەزگا جاسوسیەکان و حیزب و سەرکردە و سەرمادارەکانیش سوودیان لەداعش و تیرۆریستەکان وەرگرت، کۆرناش بەهەمان شێوە لەگەڵ مەترسیەکانیشدا گەلێک پەند و چاکەى بۆ مرۆڤایەتى هێنا.وەکو عەرەب و تەنى دەڵێت ( رب چارە نافعە) کە لەهەموو زیانبەخشێکدا سوودێک هەیە.
جا پرسیارەکە لێرەدایە کە ئایا مرۆڤ و مرۆڤایەتى پەند لەم مەترسیە تۆقێنەرەى کۆرۆنا وەردەگرێت و بەسەر کار و کردەوە و گوتارەکانیدا دەچێتەوە و لە جیاى ململانێ ناڕەواکان دەستلەملانى و پێکەوە کارکردن دەکاتە دروشم و پەرچەمى قۆناغى پۆست کۆرۆنا؟ ئایا دونیاى پێش قۆناغى کۆرۆنا هەروەکو قۆناغى پۆست کۆرۆنا دەمێنێتەوە یان دەبێت جیاوازى زۆرى هەبێت ؟و دەیان پرسیارى تریش.. یان وەکو هەموو ڕووداو کارەساتە جەرگبڕە مرۆڤانەکانى ڕابووردوو لەبیردەکرێت و دەگەڕێتەوە سەر ئاڕاستە پێچەوانە سروشتیەکەى مێژووى مرۆڤایەتى.
کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی