ئه‌رکی حکومه‌ت دابینکردنی بژێوی ژیان و مووچه‌ی خه‌ڵکیشه نه‌ک ته‌نها پاراستنی ته‌ندروستییان.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
له کاتێکدا تەواوی دونیا و له نێویشیدا خه‌ڵکی باشوری کوردستان رۆژانی ژیانیان له ترس و دڵه‌ڕاوکه‌ی په‌تای شومی کۆرۆنادا به‌سه‌ر ده‌بەن. حکومه‌تی هه‌رێمی باشوری کوردستان هەر زوو که‌وته خۆی بۆ وڵامدانه‌وه‌ی دۆخه‌که، بە ڕێکاره‌کانی بۆ پاراستنی دانیشوانی هەرێم لە پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا کۆڤید 19. وه‌ک سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شار و شارۆچکەکانی هەرێم و شەونخوونی پزیشکان، کارمەندانی کەرتی تەندرووستی، هێزەکانی پۆلیس و ناوخۆ لەپێناو کۆنتڕۆڵکردنی ئەو پەتایە و پاراستنی گیان و تەندروستیی هاوڵاتیان. ئەم دۆخە وای کردووە کە خەڵکی بە گشتی لە ماڵەکانی خۆیاندا لەکەرەنتینەدان و رێژەیەکی زۆری ئەم خەڵکە یان مووچەخۆری دەوڵەت وخانەنشنە یان کرێکار و کاسبکار و کارکەری گوزەرانی رۆژانەیە. لە ناویانیانیشدا خەڵکانێکی هەژار و دەست کورت و کەم دەرامەت هەن کە بۆیان ناچێتە سەر ئەگەر رۆژانە کرێکاری و کاسبی نەکەن.
لەلایەک دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان، لەلایەکی تریشەوە وەستانی جموجۆڵی بازار و کاری کرێکاری و کاسبی رۆژانە، باری ئابوری بە گشتیی خەڵکی هەراسان کردووە و دۆخەکە لە مەترسیدایە. دەنگۆی ئەوەش هەیە کە گوایە حکومەت بە نیازە موچەی فەرمانبەران کەمبکاتەوە.
لەم کاتە هەستیارەدا بە ناوی چاکسازیەوە حکومەت خەڵکانێکی تێکۆشەر و قوربانیدەری رۆژانی سەختی خەباتی ئازادیخوازی کوردستان نان‌بڕاو دەکرێن و بە هۆی باری نالەباری ئابوریەوە یان بە هەر هۆیەکی نامۆ و ناروونەوە زیاتر لە ٤ مانگە موچە بەسەر فەرمانبەران دابەشنەکراوە. لە کاتێکتدا لە عێراق دا سەرەڕای غیابی حکومەت و بەڕێوەبەریی، رەوشی ئابوری و موچە ئاسایی یە.
جگە لەوەی کە باشوری کوردستان هەرێمێکی دەوڵەمەند و خاوەن چەندین کۆمپانیای فرۆشتنی نەوت و گازە، هەروەها داهاتی ناوەخۆشی هەیە، بودجە و موچەی فەرمانبەر و معاشخۆرەکان لە بەغدادەوە بۆ دێت. بەڵام نا شەفافی و لاوازی ئەدای راستەقینەی پەڕلەمان زۆربەی خەڵکیی کە هەرگیز شایەنی ئەم دۆخە نییە! لە ژێر هێڵی هەژاریدایە و بە دەست گەندەڵیەوە دەناڵێنێ.
ئێمه وه‌ک کۆمیته‌ی مافه‌کانی مرۆڤی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وەیی کوردستان ک ن ک ـه، ڕامان وایه: راسته که پەتای کۆڕۆنا و بابەتە ئابورییەکە قەیرانێکی تری مەزنە بۆ دانیشتوانی هەرێمی باشوری کوردستان، بەڵام پێویستە حکومەتی هەرێم هاوشێوەی هەموو حکومەتەکانی جیهان چارەسەری پێبێت و بیر لە ئەلتەرناتیڤێکی گونجاو بکاتەوە. بڕینی مووچە و مینحە و دەرماڵەی خەڵک چارەسەر نیە، بەڵکو کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە. باشترین چارەسەریش قەرەبووکردنەوەی خەڵکی یە لە ڕووی ئابوری لەم قۆناغە سەختەدا.
ئه‌رکی حکومه‌ت هه‌ر پاراستنی ته‌ندروستی و ده‌رکردنی رێکاره یاساییه‌کان بۆ خۆپارێزییان له په‌تاکه نییه! به‌ڵکو ئه‌رکی دابینکردنی ژیان و سه‌رچاوه‌ی ماددی و گوزه‌رانی خه‌ڵکیشه.
ئه‌مه‌ش هیچی له رێکاره یاساییه‌کان که‌متر نییه و ته‌واوکه‌ری کاری حکومه‌ت و سه‌رۆکایه‌تی وه‌زیرانه. ناردنه ماڵه‌وه‌ی خه‌ڵک بێ بیرکردنه‌وه له دابینکردنی بژێوی و مووچه‌کانیان. ئه‌وه‌نده و بگره زیاتر له په‌تاکه مه‌ترسیداره بۆ دانیشتوانی هه‌رێمی باشوری کوردستان.
کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان – ك ن ك
١ ی نیسان
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە