بورهان شێخ ڕەئوف: کاریگەرییەکانى کۆرۆنا لەسەر هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى ئەمریکا.
لە وڵاتێکى وەکو ئەمریکا، کە خاوەنى یەکێک کۆنترین سیستمە دیموکراسیەکانە لە جیهاندا. تائێستا ئەوەى بەخۆیەوەنەدیووە کە پرۆسەى هەڵبژاردنەکان تێ یدا دوابخرێت یان ئەنجام نەدرێت لەژێرهیچ بارودۆخێکدا تەنانەت لەسەروەختى شەڕى ناوخۆییشدا لەووڵاتەدا، بەڵام ئەوەى لەئێستادا تێبینى دەکرێت جۆرێک لەگومان و دوودڵى و ساردییەک لەلاى هاوڵاتیانى ئەمریکا دروست بووە لەسەر هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکە، کەبڕیارە 20 تشرینى دووەمى ئەمساڵ 2020 بەڕێوەبچێت بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا (کۆڤید19 ) کەهەڕەشە لەسەرجەم مرۆڤایەتى دەکات.
ئەوەش ئەو گومانەى زیاتر بەهێز کردووەلاى ئەمریکیەکان ئەوەیە، کە حزبى دیموکرت لەهەندێک لە ولایەتەکان هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانیان دواخست، جگە لەوەش هەندێک چالاکى هەڵبژاردن هەڵوەشێنرانەوە لەلایەن هەمان حزبەوە بۆ کاندیدەکانى حزبەکەیان بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایتیەکەو بۆ ڕکابەرى کۆمارییەکان کەسەرۆکى ئێستا ترەمپیان کاندید کردۆتەوە.
لەلایەکى ترەوە بۆچوونێکى دى لەناو ئەمریکیەکاندا هاتۆتە ئاراوە کە گوایە سەرۆک ترەمپ بڕیارى دواخستن یان ئەنجام نەدانى هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکە دەدات لەئێستادا بەهۆى کاریگەری و کاردانەوەکانى ڤایرۆسى کۆرناوە ئەمیش بەکەڵک وەرگرتن لەبارى نائاسایى فیدراڵى، بەڵام یاسا ناسەکانى ئەو وڵاتە لەهەردوو حزب کۆمارى و دیموکراتیش ئەم هەنگاوە بەدووردەزانن، دەبێژن ترەمپ ئەو دەستەڵات و تواناى نیە ئەو هەنگاوە بهاوێژێت.
لە ڕووى دەستوریشەوە دەستورى ئەمریکا بووار نادات هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى دوابخرێت یان ئەنجم نەدرێت لەژێر بارو دۆخێکى قورس و سەختدا نەبێت، ئەویش پێویستى بەیاسادانانە لەلایەن کۆنگریس و ڕەزامەندى سەرۆک کۆمارو نەبوونى هیچ بەربەستێک لەلایەن دەستەڵاتى دادوەرییەوە، هەرچەندەلەساڵى 1845 ەو ئەوپەیمانەى واژۆ کراوە تا ئێستا هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى لەئەمریکادا هیچ گۆڕانکارى و دواخستنێکى تێدانەکراوە.
ئەگەر کەمێک بۆ پێشوو بگەڕیینەوە لەکاتى ڕوداوەکانى 11سپتەبەرى 2001، ڕایەک سەرى هەڵدا لەنێو ڕاوێژکارەکانى ئەوساى سەرۆک جۆرج دەبلیو بۆش، کە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکە دوا بخرێت بەهۆى ئەو ڕووداوانەوە، بەڵام هەرزوو کۆندالیزا ڕایس ڕاوێژکارى ئاسایشى نەتەوەیى ئەوکات بەرپەرچى ئەوانەى دایەوەو، وتى: لەژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێت و ناکرێت هەڵبژادنى سەرۆکایەتى ئەمریکا دوابخرێت، چونکە لەسەردەمى شەڕیشدا و بەتایبەتى ترشەڕى ناوخۆییش دوانەخراوە.
ئەوەى لەهەڵبژاردنەکان لەئەمریکا دواخرابێت، هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان بووە کەلەچەند وێستگەیەکى کەمدا لەمێژووى ئەمریکادا بووە ئەویش لەولایەتى نیۆرک بەهۆى ڕوداوەکانى11 سپتەمبەرەو ، جارێکیش لە ولایەتى فلۆریدا بەهۆى گێژەلووکەى ئێرما ساڵى 2017 ئەوانیش تەنها بۆماوەى دووهەفتە.
ئەوەى زیاترمەبەستم بوو لەم وتارە کورتەدا کاریگەرى پەتاى نەگریسى کۆرۆنایە لەسەر هەلبژاردنە سەرۆکایەتیەکەى ئەمساڵ2020 کە هەندێک لە ولایەتەکان هەمووچالاکی و پرۆسەکانى هەڵبژاردنیان هەڵپەساردووە هەرچەندە حیزبى کۆمارى یەکلایى بوونەوە لەکاندیدکردنى سەرۆک ترەمپ بۆخوولێکى نوێ، دیموکراتەکانیش هەموو چالاکی و ڕیکلام و پڕوپاگەندەکانى نێوان هەردووکاندید جۆبایدن و سیناتۆر بیرنى ساندرزیان گواستۆتەوە بۆسەرى تۆڕى ئەنتەرنێت، دواجار هەمووکۆکن لە سەرئەوەى کە لەڕێگەى پۆستەو ئەلکترۆنیەوە پرۆسەکە ئەنجام بدرێت، پۆستى خۆڕایى دابین بکرێت بۆ ئەندامان و ستراتیجیەتى پاراستنى هەڵبژاردنەکان لە هەموو ولایەتەکانى ئەمریکادا و. لابردنى هەرکۆسپ و تەگەرەیەک کە دێتە ڕێگەی ئەو پرۆسە.