ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا/ به‌شی حه‌وته‌م.
هێرشی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ سه‌ر شاری ورمێ
هێزه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئه‌وه‌نده چالاكانه هێرشه‌كانیان ئه‌نجامدا، له‌ماوه‌یه‌كی كه‌م توانیان ناوچه‌یه‌كی زۆر ئازاد بكه‌ن و گوشاربحه‌نه سه‌ر شاری ورمێ، له‌و باره‌یه‌وه ئابۆت كۆنسۆڵی گشتی به‌ریتانیا له ورمێ له 7ی تشرینی یه‌كه‌می 1880 بۆ تۆمسن ده‌نووسێت، ورمێ له‌ژێرده‌ستی كورده‌كان دایه به‌فه‌رمانده‌یی شێخ سادق، هیچ شتێك نیه رێ له شێخ سادق بگرێ بۆ داگیركردنی ورمێ، ئه‌و هێزانه‌ی له‌به‌رده‌ستی ئیقبال الدوله دان دوو فه‌وجن، به‌ڵام له‌ناوچه‌كه‌دا په‌رش و بڵاو بوونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر كورده‌كان له‌پڕ په‌لاماری ورمێ بده‌ن، زۆر زه‌حمه‌ته حاكمه‌كه بتوانێت به‌رگری بكات، ناتوانێت به‌هه‌موو زیاتر له 700 كه‌س كۆبكاته‌وه، ورمێ یش بێگومان هه‌مان چاره‌نووسی سابڵاخی ده‌بێت.
به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی به‌سه‌رۆكایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا په‌لاماری ورمێی دا، قۆرتی هاته‌ڕێ، كاربه‌ده‌ستانی ئێران به‌یارمه‌تی هێزه ناوچه‌ییه‌كانی ئه‌وێ بۆ ماوه‌یه‌ك خۆیان پێ ڕاگیرا. دۆخی ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی كوردی ده‌وری ورمێ كه به سه‌رۆكایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بوو كه‌مێك ئاڵۆزی تێكه‌وت، كاربه‌ده‌ستانی ئێران به‌یاریده‌ی هێزه‌كانی ناوشار توانیان ماوه‌یه‌كی درێژ خۆیان ڕاگرن و به‌رهه‌ڵستی بكه‌ن، شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه ئابڵوقه‌ی ورمێی دابوو، له (21)ی تشرینی یه‌كه‌مدا دوو كه‌سی به نامه‌وه نارد بۆ شاری ورمێ و داوای له دانیشتوانی شار كرد به‌خواستی خۆیان شاره‌كه بده‌ن به‌ده‌سته‌وه، ئیقبال الدوله بڕیاری به‌رگری دا‌و خۆی به‌سێ فه‌وجه‌وه له‌نێو دیواره‌كاندا قایبم كرد. مه‌لا گه‌وره‌كانی شار له وه‌ڵامی ئه‌مه دا دڵسۆزی و مل كه‌چێتی خۆیان پیشانی شێخ دا، به‌رامبه‌ر به‌مه ئیقباڵ ئه‌لده‌وله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری شاری ورمێ كه‌وته خۆ كۆكردنه‌وه و قایم كردنی شووره‌ی شاره‌كه.
پێنج كەس له خەڵكی شاری ورمێ بەنوێنەرایەتی چوون بۆ لای شێخ بۆ مۆڵەت وەرگرتن بەمەبەستی دواخستنی له گرتنی شاری ورمێ، نوێنەرەكانی شار بۆ ئه‌وه‌ی شێخ له گرتنی شاره‌كه دوابخه‌ن چوون داوای مۆڵه‌تی لێ بكه‌ن چه‌ند ڕۆژێك هێرشه‌كه دوا بخات بۆ ناو شاری ورمێ، ئه‌و نوێنه‌رانه بریتی بوون لە: سەید موڕتەزای ئەمین شەرع، ئاغا میر جەعفەری پێشنوێژ، ئاغا سەید ئیسماعیلی سەرۆك بازرگانان، حاجی میر جەباری ڕەوزەخوێن و ئاغا میرزا غەفوور، ئەم دەستەیە لەسەرووی چۆمی (ئاجو)ی شارەوە، تووشی شێخ عوبەیدوڵڵا و لەشكرە فراوان و ئامادە و پڕجۆش و هەراوهوریاكەی بوون، كە بە زرێ و چەك و ئاڵای سپی و تەدارەكی جەنگی و گۆوەندەوە، لەهاوئاوزەنگی و تەك شێخ عوبەیدوڵڵا بەرەو شار دەهاتن، نوێنه‌ره‌كان لە ئەسپەكانیان دابەزین و ئاوزەنگیان ماچكرد و عەرزیانكرد، تەشریف هێنانی حەزرەتی شێخ بۆ ورمێ ئینشائەڵڵا یەكجار موبارەك و پیرۆزە و هەموو دانیشتوانی شار، چاویان لە چاكەی حەزرەتی شێخە، زۆر بەپەرۆشەوە تامەزرۆی ئەوەن لەبەرامبەر هەموو هاوشاردا، بەمیهرەبانی و دڵنەرمیەوە لەگەڵیاندا هەڵسوكەوت بفەرموێ.
شێخ لەوەڵامدا وتی: “ئەگەر ئێوەی خەڵكی ورمێ كەلـلەڕەقی مەزهەبی بەلاوە بنێن، هەروا دەبێ، و سۆزی زۆرتان بەرامبەر دەنوێنرێ”، ئەوانیش وتیان لەحەزرەتی شێخمان داوایە، دوو ڕۆژی ترمان موڵەت بەخەڵكی ورمێ پێ مەرحەمەت بفەرموێ، تا لەگەڵ ئیقبال دەولەدا قسەبكەین، چونكە ئێمە لەگەڵ هەموو خەڵكی شاردا بەڵێنمان داوە گوێڕایەڵی فەرمانتان دەبین و ئەگەر ئەویش هەروا نەكات، لەشار دەریدەكەین و ئەوسا تەشریف بۆ شار دەهێنن.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا تێ گه‌یی مۆڵه‌ته‌كه‌یان بۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی شار نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ته‌فره‌دانی ئه‌و و بۆ به‌سه‌ربردنی كات بووه، تا خۆیان بۆ به‌رگری ئاماده‌بكه‌ن، شێخ لەوەڵامی ئەوانەدا وتبووی دەزانم ئێوە درۆ لەگەڵ مندا دەكەن و ڕووی لە میرزا غەفوور كرد وتی: ئەی پێم نەوتیت، مەیەڵن ئیقبال دەولە بێتە شار؟ ئەی چۆن هێشتان و ڕێگاتان دا بێتە شارەوە؟
دوای ته‌واو بوونی ماوه‌ی مۆڵه‌ته‌كه، ئه‌وسا شێخ بڕیاریدا په‌لاماری شاره‌كه بدات، ئیقباڵ ئه‌لده‌وله به‌و نیازه‌ی وه‌خت وه‌ده‌ست بخات، په‌نای برده‌به‌ر (ئابۆت)ی كۆنسۆڵی به‌ریتانیا و داوای لێ كرد بكه‌وێته نێوانیانه‌وه و ناوبژیان بكات، ئابۆت له‌و نامه‌یه‌ی له (22)ی تشرینی یه‌كه‌مدا نووسیویه‌تی ده‌ڵێت:” ئیقباڵ ئه‌لده‌وله داوای لێ كردم پیاوه‌تی له‌گه‌ڵدا بكه‌م و وا له‌شێخ بكه‌م له‌گه‌ڵیا بچێته مه‌یدانی گفتوگۆوه و ڕازی بكات، بۆ ماوه‌یه‌ك واز له‌شه‌ڕ بێنێ، به‌ڵكو له‌و ماوه‌یه‌دا بتوانێ ده‌نگی خۆی به پایته‌خت یان ته‌ورێز بگه‌یه‌نێ”.
(ئابۆت) گورج هاته مه‌یدانه‌كه‌وه و كه‌وته‌كار، هه‌ر ئه‌و ڕۆژه كه‌وته‌ڕێ، به‌و نیازه‌ی خواسته‌كه‌ی ئیقباڵ ئه‌لده‌وله به‌شێخ بگه‌یه‌نێ و داوای لێ بكات بۆ ماوه‌یه‌ك په‌لاماردانی شاره‌كه بوه‌ستێنێ. به‌ڵام شێخ گفتی نه‌دا له‌گه‌ڵ ئیقبال ئه‌لده‌وله دانیشێ و گفتوگۆی له‌گه‌ڵدا بكات، شێخ عوبه‌یدوڵڵا ئامانجی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردی بۆ (ئابۆت) ڕوون كرده‌وه، هه‌روه‌ها ناحه‌زی و نابه‌دڵی خۆی به‌رامبه‌ر كاربه‌ده‌ستانی ئێران ده‌رخست، هه‌ر دوای ئه‌مه شێخ، خه‌لیفه سه‌ید موحه‌مه‌دی دونیادیده‌ی نارده لای (ئابۆت) به‌و نیازه‌ی وا له (ئابۆت) بكات بڕوا به‌نیاز پاكی و په‌یوه‌ندی چاكخوازی شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌رامبه‌ر به ده‌وڵه‌وته ئه‌وروپاییه‌كان بكات و عه‌داله‌تی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كوردی بۆ دووپات بكاته‌وه، سه‌ید موحه‌مه‌د دۆخی كورده‌كانی بۆ (ئابۆت) ڕوون كرده‌وه، ئه‌و دۆخه‌ی له‌وه‌دا نه‌مابوو چاوی لێ بپۆشرێت، ئه‌وه‌ی بۆ ده‌رخست چۆن كاربهستان و مووچه‌خۆره ئێرانیه‌كان یاسا ده‌خه‌نه ژێر پێ، به‌تایبه‌تی كرده‌وه ناڕه‌واكانی موته‌سه‌ڕیفی ورمێی ده‌ست نیشان كرد، له ئه‌نجامی ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه، (ئابۆت) ده‌نووسێت: ” شێخ نیازی وایه له هه‌موو ئه‌و عه‌شره‌تانه‌ی توركیا و ئێران بدات كه خه‌ریكی تاڵانی و جه‌رده‌یین، چونكه ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته ئه‌وه‌یان له‌باردانیه و له ده‌ستیان نایه سنووره‌كانیان له جه‌رده‌یی و تاڵانی كردن بپارێزن و یاسا بچه‌سپێنن و مافی ڕه‌وا به گاور و موسڵمانه‌كان بده‌ن و به‌یه‌ك چاو سه‌یریان بكه‌ن و ڕێگا بۆ گه‌شه‌كردنی خوێنده‌واری و پیشه‌سازی و قوتابخانه و كڵێسه‌كان پاك بكه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت ته‌نیا یه‌ك شته ئه‌ویش پشتگیری كردنی مه‌عنه‌وی ده‌وڵه‌ته ئهوروپاییهكانه، شێخ داوا ده‌كات تاقی بكرێته‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌یتوانی كوردستان پێك بهێنێ و له‌وێ حكومه‌تێكی قایم و به‌هێزی دروست نه‌كرد، ئه‌وه با له‌به‌رده‌م دادگای نوێنه‌رانی ئه‌وروپادا دادگایی بكرێت و ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش چی ده‌بێت باببیێت”.
به‌ریتانیا نه‌یده‌ویست ده‌سه‌ڵاتێكی تازه‌ی گه‌نجی خاوه‌ن هێز له‌ناوچه‌كه سه‌رهه‌ڵ بدات، له‌به‌ر ئه‌وه (ئابۆت) له نوێنه‌ری شێخی گه‌یاند دووبه‌ره‌كی نێوان كورد و ئێرانی به‌لاوه گرنگ نیه و گرنگیه‌كی ئه‌و تۆی پێ نادا، (ئابۆت) ئاگای له‌وه بوو (300) له ئاسوورییه شاخاوییه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی میترۆپۆل ماریۆزیف، لایان داوه‌ته ته‌ك كورده‌كان هه‌وڵی دا ئاسوورییه‌كان به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له ده‌وروبه‌ری گۆماوی ورمێ ده‌ژیان، له دواڕۆژدا نه‌ده‌نه ته‌ك كورده‌كان، هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته خێرا خۆی گه‌یانده كڵێسه و له‌وێ له خه‌ڵكه‌كه‌ی گه‌یاند به‌ریتانیا هه‌میشه چاوی له چاكه و چاره‌نووسی دانیشتوانه گاوره‌كانه، له‌به‌رئه‌وه ده‌بێ له بزووتنه‌وه‌كه‌ی كورد دووره په‌رێز بووه‌ستن.
ئابۆت ده‌ڵێت: كاتێ ورمێم جێ هێشت شێخ به 6.000 كه‌سه‌وه بارگه‌ی له‌خوار چیای سیر لێدابوو، نامه‌یه‌كی دامێ بۆ كوڕه‌كه‌ی (سدیق) كه زۆر به‌ڕێز و لوتفه‌وه پێشوازی لێ كردم.
شێخ عوبه‌یدوڵڵا بڕیاریدا په‌لاماری ورمێ بدات
شێخ هێرشی بۆ سه‌ر ورمێ له 22ی تشرینی یه‌ك ده‌ستی پێكرد له‌هه‌موولاوه گه‌مارۆی شار درا، به‌ڵام تا 28ی مانگیش هیچی ئه‌وتۆیان نه‌كرد، بۆ سه‌ردیواره‌كان كورده‌كان ته‌نیا یه‌كجار تا ناو ده‌روازه‌ی چهرباش هاتن، به‌ڵام به زیانه‌وه پاشه‌كشه‌یان پێكرا. دانیشتوانه‌كه ویستیان ته‌سلیم بن، به‌ڵام ئیقبال الدوله بڕیاری دا به‌رگری له‌شاره‌كه بكات.
له (23)ی ئه‌یلولدا كاتێك شێخ بڕیاری دا په‌لاماری ورمێ بدات، (ئابۆت)ی ئاگاداركرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی گاوره‌كانی ورمێ پیا بگه‌ن شاره‌كه به‌جێ بهێڵن. داوای له (ئابۆت) كرد له‌گه‌ڵ سیمۆن ئاغای ئه‌رمه‌نیدا شار به‌جێ بهێڵن و شار به‌جێ هێشتنیش بۆ دانیشتووه گاوره‌كان ڕێك بخات. (ئابۆت) له بیره‌وه‌ریه‌كانیدا ده‌ڵێت: ” به‌و پێشنیاره ڕازی بووم، به‌یانی سه‌عات نۆ له‌گه‌ڵ دكتۆر كۆهران و دوو پۆسته‌چیه ئێرانیه‌كانم ڕوومان كرده ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ی شار”، به‌ڵام ئیقبال ئه‌لده‌وله كه‌وته گولله باران كردنیان و ناچاری كردن بگه‌ڕێنه‌وه، شێخ كه به‌مه‌ی زانی داوای له (ئابۆت) كرد به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی بداتێ تا له دواڕۆژدا به‌به‌ڵگه ده‌ركه‌وێت كرده‌وه‌كه‌ی شێخ تا چ ڕاده‌یه‌ك پیاوانه و مه‌ردانه بووه، به‌ڵام ئابۆت خواسته‌كه‌ی به‌جێ نه‌هێنا.
توركیا به‌وپه‌ڕی ئاگاییه‌وه ده‌یڕوانیه ته‌شه‌نه‌كردنی ڕووداوه‌كان له ئێران، توركیا له‌سه‌رێكه‌وه كه بۆ سوودی خۆی ده‌گه‌ڕا یارمه‌تی پێكهێنانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی ده‌دا دژی ئێران، له‌سه‌رێكی تریشه‌وه له‌سه‌ركه‌وتنه‌كانی كورد ده‌سڵه‌میه‌وه، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر له‌سه‌ره‌تا كه بزووتنه‌وه‌كه له خۆكۆكردنه‌وه دابوو، ئه‌سته‌مبوڵ كه‌وته خۆئاماده كردنێكی جه‌نگی ته‌واو، هه‌ر له ڕۆژانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌دا هێزی جه‌نگی عوسمانی له ئه‌رزوروم كۆبوونه‌وه.
لێدانی ڕاپه‌ڕینه‌كه له‌لایه‌ن ئێران به هاوكاری ده‌وڵه‌ته بێگانه‌كان
له‌م دۆخه ناهه‌موار و ئاڵۆزه‌دا حكومه‌تی ئێران به‌هه‌موو جۆرێك هه‌وڵی ده‌دا بزووتنه‌وه‌كه‌ی كورد له‌ناوبه‌رێت، به‌فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی شا هێزه سه‌ره‌كیه‌كانی ئێران به‌سه‌ركردایه‌تی گشتی ئیعتماد ئه‌لسه‌ڵته‌نه به‌ره‌و ته‌ورێز كه‌وتنه‌ڕێ، به‌شێكی تری هێزی سوپاش به‌سه‌رۆكایه‌تی حه‌مزه میرزا حیشمه‌ت الدوله، له 4ی تشرینی دووه‌می 1880 له‌تارانه‌وه كه‌وته‌ڕێ، ژماره‌ی هێزه به‌یه‌ك گه‌یشتوه‌كانی ئێران 20.000 هه‌زار سه‌رباز و 20 تۆپخانه و 12یان تۆپی كرۆپ، بوون. ئه‌فسه‌ری ئه‌وروپایی (نه‌مساوی) له‌گه‌ڵ ئه‌م هێزه‌دا بوون، به‌قسه‌ی زۆر سه‌رچاوه ئه‌و هێزانه‌ی له تارانه‌وه هاتبوون له‌لایه‌ن ئه‌فسه‌ره نهمساوییهكانهوه مه‌شقیان پێ كرابوو، چه‌ندین هێزی تر به‌ره‌و ناوچه‌ی شه‌ڕه‌كه هاتن، له‌و كاته‌دا هێزه‌كانی كورد گه‌مارۆی ته‌ورێزیان دابوو.
ئێران داوای پشتگیری كۆمه‌كی سه‌ربازی ڕووسیای كرد دژی كورده‌كان، به‌و باوه‌ڕه‌ی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێ ده‌كرێ زۆر گه‌وره‌تر ده‌گرێته‌وه و بۆ سنووری ڕووسیاش بڵاوبێته‌وه، ڕێگا به‌هێزه‌كانی ڕووسیا ده‌درێت له خاكی ئێران‌دا مانۆڕ بكات بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشه‌كه‌ی كورد دامركێنێ.
هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ ناردنی هێزه‌كانی ده‌رباری قاجار بۆ شه‌ڕه‌كه، ته‌قه‌للا دیپلۆماسیه‌كانی شا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێنا، كاتێك هێزی كورد هه‌ڕه‌شه‌ی له ته‌ورێز كرد، ته‌نگه‌تاوی ده‌وڵه‌تی شای ئێران گه‌یشته ڕاده‌یه‌ك هاواری برده‌به‌ر هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ڕووسیا و ئینگلیز بۆ بڵاوه پێكردنی جوڵانه‌وه‌ی كورد داوای یارمه‌تی و پشتگیری لێ كردن، تزاری ڕووس هات به‌ده‌نگ بانگه‌وازی شاوه و بۆ ئه‌وه‌ی جوڵانه‌وه‌كه له چوارچێوه‌ی خۆی نه‌ترازێ و ناوچه‌ی تر نه‌گرێته‌وه سوپای ڕووسیای له‌سه‌ر سنوور مۆڵ دا، ئه‌لیكسانده‌ری دووه‌م فه‌رمانی دا به‌هێزه‌كانی ڕووسیا لهقافقاس بچنه سه‌ر سنووری ئازه‌ربایجانی خواروو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌كاتی پێویستدا به‌قازانجی ئێران خۆیان له شه‌ڕ هه‌ڵقورتێنن، كاربه‌ده‌ستانی چار كه ئه‌ركی دۆستایه‌تی سه‌رشانیان به‌رامبه‌ر حكومه‌تی شا به‌پێویست داده‌نا، هێزێكی گه‌وره‌یان له نه‌خچه‌وان له نزیك سنووری ڕووسیا و ئێران به‌سه‌رۆكایه‌تی ئهلخازۆف كۆكرده‌وه. له ئه‌نجامدا كوردستان وه‌ك قه‌ڵه‌مڕه‌وێكی داخراو بۆ هه‌ر سێ سوپاكه‌ی ئێران و توركیا و ڕووسیای تزاری مایه‌وه.
ژماره‌یه‌كی زۆر قۆزاقه‌كان گه‌یشتنه نه‌خچه‌وان و بۆ جولفا، پێدهیچێت ڕووسیا ته‌عزیزاتی زۆری له زه‌خیره‌ی جه‌نگ بنێرێت بۆ قارس، ڕووسیا مه‌ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو ئه‌گه‌ر یاخی بوونی كورده‌كان به كوردستانی توركیا و ئێرانه‌وه سه‌ربكه‌وتایه و ئهمارهتێكیان پێكبهێنایه، ڕووسیا دوژمنێكی یه‌كجار گه‌وروه‌ی بۆ په‌یدا ده‌بوو، له‌نزیك قارس و بایه‌زیده‌وه به‌ره‌نگاری بوایه‌ته‌وه، ئاماده‌بوو ده‌وروبه‌ری ئه‌لیكسانده‌ر پول و تفلیس كاول و وێران بكات، له‌به‌رئه‌وه حكومه‌تی ڕووسیا ڕیوشوێنی خۆپاراستن دانا، به‌رامبه‌ر هه‌ر ڕووداوێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراو.
شای ئێران هه‌ر به‌وه‌ش نه‌وه‌ستا خۆی بۆ لێدانی بزووتنه‌وه‌كه‌ی كورد ئاماده بكات، به‌ڵكو په‌نای برده به‌ر ڕووسیا و به‌ریتانیاش، به‌و نیازه‌ی به‌جووته زۆر له‌توركیا بكه‌ن ڕێ و شوێنێك بدۆزێته‌وه بزووتنه‌وه‌كه‌ی كوردی پێ له‌ناوبه‌رێت. له‌لایه‌كی تر گه‌له‌كۆمه‌كێی دیپلۆماسی، ڕووسی، به‌ریتانی، ئێرانی له ئه‌سته‌مبوڵ توانی بابی عالی ناچار بكات، هێزه‌كانی خۆی له موش، بدلیس، ئه‌رزروم، ئه‌رزنجان، وان كۆبكاته‌وه و به‌ره‌و هه‌كاری و مه‌ڵبه‌نده‌كانی ڕاپه‌ڕینی بنێرێ، شوێنه ستراتیجیه‌كان بگرن و سنووری ئێرانی – عوسمانی قایم بكه‌ن.
ته‌یمورخانی سه‌رداری ماكۆ به‌گه‌رمی خۆی بۆ لێدانی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی كورد ئاماده‌كرد، تاڕاده‌یه‌كی زۆر هه‌موو هێزه جه‌نگیه‌كانی خانێتی پڕ چه‌ك كرد، مینۆرسكی له‌و گه‌شته‌یدا كهبهخانێتی ماگین دا كردی له ڕاپۆرته‌كه‌یدا ده‌نووسێت: “له منداڵ و پیاوانی پیری به‌ته‌مه‌ن به‌ولاوه كه‌سی تر نه‌ماوه‌ته‌وه”، جگه‌له‌مه‌ش ته‌یمورخان زۆری له دانیشتووانه ئه‌رمه‌نه‌كان كرد به‌شداری په‌لاماردانه‌كه‌ی كورد بكه‌ن.
شێخ كه‌بیستی ته‌یمورخان به‌له‌شكرێكی پێنج هه‌زار كه‌سه‌وه له سه‌ڵماسه‌وه به‌ره‌و ورمێ كه‌وتۆته‌ڕێ سوپایه‌كی دوو هه‌زار چه‌كداری به‌سه‌رۆكایه‌تی موحه‌مه‌د سدیق نارده‌سه‌ر، به‌ڵام ته‌یمورخان توانی ڕێگاكه‌ی خۆی بگۆڕێت و له ڕێگایه‌كی تره‌وه به‌ره‌و شاری ورمێ بڕوات، ئه‌وسا شێخ عوبه‌یدوڵڵا ناچاربوو ڕووبه‌ڕووی ته‌یمورخان بووه‌ستێ.
سه‌ره‌تای شكستی ڕاپه‌ڕینه‌كه
پێكداهه‌ڵپژانی خوێناوی له‌نێوان سوپای ئێران به‌پشتگیری جاشه ده‌ره‌به‌گه‌كانی ئێران به‌سه‌ركردایه‌تی ته‌یمورخانی سه‌رداری ماكۆ و له‌نێوان كورد ڕوویدا، له‌یه‌كه‌م بهیهكداچووندا له نزیك (بیلاوی) شێخ عوبه‌یدوڵڵا تووشی نه‌هامه‌تی هات، له 19ی تشرینی دووه‌می 1880 هێزه‌كانی شێخ له ورمێ كشانه‌وه. شێخ ناچار بوو به‌هێزه‌كه‌یه‌وه به‌ره‌و جانیسقهڵا بگه‌ڕێته دواوه. دوای ئه‌و شه‌ڕانه شێخ عوبه‌یدوڵڵا ناچاربوو ڕوو بكاته كێوه سه‌خته‌كانی كوردستان. دوای هێرش و تێكهه‌ڵچوونی دژوار و خوێناوی، بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی (22) ڕۆژ له (12- 11- 1880) هێزه‌كانی كورد به‌سه‌ركردایه‌تی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له قۆڵی ورمێ به تێكشكاوی به‌ره‌و مه‌رگه‌وه‌ڕ و برادۆست پاشه‌كشێ ده‌كه‌ن، ته‌یمورخان شوێنی كه‌وت، له‌ڕێگاش كه‌وته ئازاردان و تاڵان كردنی دانیشتووه بێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی كورد و ئه‌رمه‌ن و ئێرانیه‌كانی ورمێ.
ڕاپه‌ڕیوه‌كانی تریش ئه‌وانه‌ی به‌ره‌و سابڵاخ – ته‌ورێز ده‌ڕۆیشتن كه‌وتنه دۆخێكی ناهه‌موار و ته‌نگانه‌یه‌كی پڕ ئه‌ندێشه‌وه، كاربه‌ده‌ستانی ئێران بێ به‌زه‌ییانه تۆڵه‌یان له كورده‌كان سه‌نده‌وه. هه‌وڵی داگیركردنی (موراغا)شی دا له‌دواییدا به‌بۆنه‌ی شه‌ڕی ناوخۆوه نه‌یتوانی هێرش بكاته سه‌ر ته‌ورێز و هێزه‌كه‌ی پارچه پارچه بوو. له12ی تشرینی دووه‌م 1880 هیزه‌كانی شیخ قادر و هه‌مزاغا كشانه‌وه، له‌و كاته‌دا له‌شكری كورد 1500 كه‌س زیاتر نه‌بوو، چونكه زۆرایه‌تی خێڵه‌كان ڕۆیشتبوونه‌وه بۆ ماڵه‌كانیان به‌و تاڵانیه‌ی ده‌ستیان كه‌وتبوو له میاندواو.
خۆفرۆشتنی سه‌رۆكه كورده‌كان، ڕاكردن و به‌جێ هێشتنی هێزی ڕاپه‌ڕیوه‌كان شێخ عه‌بدولقادر و هه‌مزاغای ناچار كرد خێرا بگه‌ڕێنه‌وه به‌ره‌و دواوه، هێزی ڕاپه‌ڕیوان زیانێكی زۆریان لێ كه‌وت.شێخ عه‌بدولقادر له‌و نامه‌یه‌دا بۆ باوكی نارد هۆی سه‌ره‌كی لێ قه‌ومان و ژێركهوتنهكهی ده‌باته‌وه سه‌ر خۆفرۆشتنی سه‌رۆكه كورده‌كان،” هه‌ندێك له پیاوه‌كانم وازیان هێنا و لایان دایه لای دوژمن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش تووشی نه‌هامه‌تی هاتین، پیاوه‌كانم ئاره‌زووی هه‌ڵاتنیان هه‌بوو، ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژێك هه‌وڵم دا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و كهموكوڕییهدا بگرم، ئه‌گه‌ر ترس و له‌رز داینهگرتنایه ئه‌وه له‌سه‌رخۆ و به‌ئاسانی دابین ده‌كران.”
ئه‌و زیانه‌ی ساڵی (1880) له ڕاپه‌ڕیوه‌كان كه‌وت، به‌زۆری به‌هۆی ئه‌و سه‌رۆك عه‌شره‌ته كوردانه‌وه بوو، ته‌نیا جه‌رده‌یی و تاڵانی كردن هانی دابوون بێنه ڕیزی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌وه، دۆخی ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ش هێنده‌ی تر به‌ره‌و نووشوستی چوو، له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌ره‌به‌گێكی كوردی به‌شداربووی ڕاپپهڕینهكه ئامانج و مه‌به‌ستیان ته‌ماع و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیان بوو.
دوای كشانه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا له ورمێ ئێرانیه‌كان ده‌ستیان كرد به سوتاندنی گونده‌كانی كورده سونیه‌كان له 13 و 14ی تشرینی دووه‌می 1880 چه‌ندین هه‌زار له هێزی نیزامی و هاوڵاتیان ڕۆیشتن بۆ باڵۆ و تاڵانیان كردووه، ماڵه‌كانیشیان ئاگرتێبه‌رداوه، وا باس ده‌كرێ 50 كه‌س له دانیشتوانه نێرینه‌كان سه‌ربڕدرابن، ئه‌و هێزه‌ی به‌دوای شێخدا چوو دۆزیبونیهوه، زۆر له‌كابرایه‌ك كرابوو كه‌لله‌سه‌ری كوڕه كوژراوه‌كه‌ی بكات به‌دامێنی جله‌كانیه‌وه و به‌ناو كه‌مپه‌كه‌دا بیانگێرن و پیشانی خه‌ڵكی بدات، پاشان سه‌ربازه ئێرانیه‌كان ته‌جاوز و خراپه‌كاریان كرده سه‌ر گوندی تریش. خراپه‌كاری و ته‌جاوه‌زی زۆری هێزه ئێرانیه‌كان له‌ورمێ و سابڵاخ دا، بۆته هۆی ناڕه‌زایی سه‌فیری تورك له‌تاران به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ئێران.
هێزه‌كانی ئێران به‌درێژایی ئه‌و ڕێگاوبانه‌ی پێیدا ده‌ڕۆیشتن گونده‌كانی كوردیان تاڵان ده‌كرد و ده‌سوتاند، هه‌ر كوردێكیان به‌رده‌ست بكه‌وتایه ده‌یانكوشت، به‌زه‌ییان به منداڵ و ئافره‌ت و پیره‌كاندا نه‌ده‌هاته‌وه، هێزه‌كانی سوپاسالار كه‌له تارانه‌وه نێردرابوو، گه‌لێك له گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری سنه‌یان سوتاند، به‌وته‌ی ڕۆژنامه‌ی (وه‌قت) سوپاسالار فه‌رمانی دابوو هێزه‌كانی به‌زه‌ییان به‌كوردا نه‌یه‌ته‌وه و گونده‌كانیان بسوتێنن و هه‌رچی گه‌نم و جۆیهكیان هه‌یه له‌ناوی به‌رن و به‌برسیه‌تی به‌جێیان بهێڵن.
پیلان گێڕانی مه‌زنانی كورد و شكانی هێزی كوردان
ئەم مەزنانەی كورد ژێربەژێر و بەنهێنی لەناو خۆیاندا بڕیاریاندا بوو شێخ عەبدولقادر و هەمزاغا بگرن و بیاندەنە دەست ئیعتماد سەڵتەنە، ئەوانیش بە پیلانەكەیان زانی و لە نیوەشەودا بەچل سوارەوە ڕووە و سابڵا‌غ ڕۆیشتن، دووسێ ڕۆژێ لە سابڵاغ‌دا مانەوە و دوایی عه‌بدولقادر و هێزه‌كه‌ی ڕوویان كردە مەرگەوهڕ، لەگەڵ باوكی بەیەك گەیشتەوە. ڕۆژی (10- 11- 1880ز) دوو سه‌عات دوای خۆئاوا بوون، شێخ عه‌بدولقادر و هه‌مزاغای مه‌نگوڕ، له سابڵاخ چوونه‌ده‌رێ و هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ش به‌دوایاندا نزیكه‌ی (500) خێزانی سابڵاخی به‌خۆیان و ماڵ و منداڵه‌وه له سابڵاخ ده‌رچوون و ڕوویان له (سه‌رده‌شت) و (بانه) و شوێنه سه‌خته‌كانی تر كرد. ته‌قه‌ی تفه‌نگ و ده‌مانچه و هاوار و ناڵه‌ی ژنان و منداڵان و هاتوهاواری سه‌یر و سه‌مه‌ره، له‌سابڵاخ و ده‌روبه‌ری هه‌ڵده‌ستا، و تا به‌ره‌به‌یانی ئه‌و شه‌وه هه‌ر به‌رده‌وام بوو. كه‌ڕۆژ بووه‌وه، له ئاماری (1400) بنه‌ماڵه، ته‌نیا (300) خێزان له سابڵاخدا مابوونه‌وه، كۆشك و ته‌لاری ماڵان له گۆڕستان ده‌چوو. شێخ عوبه‌یدوڵڵا و عه‌بدولقادر و محه‌مه‌د سدیقی كوڕی له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له هێزه‌كانی له‌مانگی (ذی الحجه‌ی 1297 – تشرینی دووه‌می 1880) له‌سنوور په‌ڕینه‌وه بۆ ناو خاكی عوسمانی و گه‌ڕانه‌وه بۆ ناوچه‌ی شه‌مدینان. هەمزاغاش ڕووە و لاجان بە ئێلەكەی خۆیەوە چووە ساری قامیش، كەجێگایەكی سەخت و هەڵەموتە، قایمكاری دامەزراند، عەبدوڵڵاخانی زەرزا و مەزنانی تریش هەریەكەیان ڕووی لەلایەك كرد و هەندێ لەسەرانی موكری لەوانە خانباباخان و قادرئاغا و گوڵاوی ئاغا و ئەحمەد بەگ هاتنە لای لەشكری ئێران و هەریەكەشیان پاكانە و پۆزش و تاوانی خۆی ڕوون كردەوە و داوای لێبوردنیان خواست. به‌ڵام خان بابا خانی كوڕی مه‌جیدخان كوژرا. له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و گونده‌ی له‌شكری ئێران ناردرا بۆ پاراستنی له‌و گونده‌وه ته‌قه كرا بوو، هه‌ندێ سه‌ربازی ئێرانی كوژرابوون، له ئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ئیعتماد ئهلسهڵتهنهش بۆمبارانی گونده‌كه‌ی كرد و خانیشی سه‌ربڕی،ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ش شكستی هێناو ته‌نانه‌ت نه‌یتوانی ناوچه‌كانی سنه و كرماشان بگرێته‌وه كه به‌شێكی گرنگ و فراوانی كوردستان بوو.
میسته‌ر تۆمسن ده‌ڵێت: ئێستا هیوای حكومه‌تی ئێران بوژاوه‌ته‌وه به‌وه‌ی بتوانێت له ڕێگای گفتوگۆوه یه‌كبوونی كورده‌كان بترازێنێت و له‌ت له‌تیان بكات، ئه‌م هیوایه‌ش له‌و ناڕێكیانهوه دێت، ئێستا له‌ناو كورده‌كاندا ده‌ركه‌وتووه هه‌ندێ له‌و كوردانه شێخیان به‌جێ هێشت و حه‌ز ده‌كه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاته‌كه‌ی خۆیان بۆ لای شا.
كشانه‌وه‌ی هه‌مزاغا و هێزه‌كه‌ی بۆ سنووری عوسمانی
پاش ئه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه شكستی هێنا و كشانه‌وه شێخ عوبه‌یدوڵڵا و شێخ عه‌بدولقادر چوونه خاكی توركیاوه، زۆربه‌ی عه‌شره‌ته كورده‌كانی ئێران ملكه‌چی خۆیان پیشانی شادا، عه‌شره‌تی مه‌نگوڕ به‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌مزاغا له‌مه‌یداندا مایه‌وه و ده‌ستبه‌رداری به‌رهه‌ڵستی كردن نه‌بوو، ئه‌و عه‌شره‌ته‌ی له‌سه‌ره‌تای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی ئێران‌دا نه‌گه‌یشته یهكاڵاكردنهوهیهكی مام ناوه‌ندی، شا هێزێكی چوار فه‌وجی سواره‌ی نیزامی به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی خانی ئه‌فشار نارده‌سه‌ر ئه‌م عه‌شره‌ته مل نه‌ده‌ره، سه‌ربازه ئێرانیه‌كان گونده‌كانی هه‌مزاغایان وێران كرد، گه‌لێك له كورده‌كانیان كوشت و به‌دیل گرت، به‌وته‌ی هه‌واڵ نووسی هێزه‌كانی ئێران، هه‌زاره‌ها وشتر به باری گرانی تاڵانیه‌وه له گونده‌كانی عه‌شره‌تی مه‌نگوور به‌دی ده‌كران.
هه‌مزاغا له‌گه‌ڵ چه‌ند چه‌كدارێكی كوردا خۆی گه‌یانده ناوچه شاخاویه‌كانی سه‌رسنووری توركیا -ئێران، له‌وێ كه‌وته خه‌باتی پارتیزانی، هه‌مزاغا شه‌به‌یخونی له هێزه پێشڕه‌وه‌كانی ئێران كرد و ترس و له‌رزی له‌ناویاندا بڵاوكرده‌وه.
هێزەكانی دەوڵەتی ئێران لە قۆڵی موكریان، دوای پاشەكشێ پێكردنی هێزەكانی كورد لەناوچەكانی : میاندواو، موكریان، ڕۆژی دووشەمە (22- 11- 1880ز) هەموو بەئامادەبووونی (میرزا حسین سوپاسالار) لە گوندی (قەرەقشلاق)ی نزیك سابڵا‌غ، یەكیان گرتەوە، و ڕۆژی سێ شەمە (23- 11- 1880ز) لە قەرەقشڵاق كۆبوونەوەیەكی بەربڵاوی سەربازییاندا لە قەرەقشڵاق بڕیار دەدەن ببن بە دوو بەشەوە، بەدوو قۆڵدا بچن بۆ شوێن كەوتنی هێزەكانی شێخ عوبەیدوڵڵا و شێخ عەبدولقادر، لە قۆڵی (مەرگەوڕ) و هێزەكانی هەمزاغای مەنگوڕ، لەناوچەی لاجان و سەردەشت، هێزی یەكەمیان بە سەركردایەتی (حیسامولمولك) بۆ قۆڵی مەرگەوەڕ، هێزی دووەمیان بەسەركردایەتی (حەسەن عەلی خانی گەڕووسی) پێكهات، ئەوەشی دەمێنێتەوە، بۆ سندوس (نێوان سابڵا‌غ و شنۆ) بگوێزرێتەوە.
ڕاپه‌ڕینه‌كه و به‌ند و بالۆره‌ی دوژمنانی
دوژمنانی كورد بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی بایه‌خی ڕاپه‌ڕین و شۆڕشه‌كانی كورد هه‌میشه به‌ندوبالۆره‌ی ئه‌وه‌یان لێ داوه، ئه‌م شۆڕشانه به دهستكیس و پیلانی لایه‌نی تر دروست بووه، تائێستاش به‌رده‌وام لێی ده‌ده‌نه‌وه، گوایه بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ده‌ستنێژی ئینگلیز و ئه‌مریكایی و سه‌هیۆنیزم و ئێران و سۆڤیه‌ت و گه‌لێك لایه‌نی دیكه‌ن، تائێستا له زمان بهڵگهنهێنیهكانی حكومه‌تی به‌ریتانییه‌وه ڕاده‌ی بێ ویژدانیی ئه‌و جۆره بوختان و تۆمه‌تانه‌مان به‌پێی توانا نیشان ده‌ده‌ن، یاخود ناو ناتۆره‌ی ناشیرینیان ده‌رباره‌ی بڵاو كردۆته‌وه وه‌كو كوشتن و تاڵانی و ڕاو و ڕووت كردن، له 3ى ئابى 1880 مستر گۆشن بۆ ئێرل گرانڤیل ده‌نووسێت:” ده‌رباره‌ی مه‌سه‌له‌ی كورده‌كان له ویلایه‌تی وان دا، زۆر كه‌م مهسهیهك هه‌بووه ئه‌وه‌نده قسه‌م له‌سه‌ر كردبێ، له‌گه‌ڵ عابدین پاشادا ئه‌وه‌نده‌ی پێویستی مامه‌ڵه كردن به‌توندی له‌گه‌ڵ ئه‌م بانده ڕووتكهرهوانهدا، من زۆر جار گه‌ڕاومه‌ته‌وه بۆ ئه‌و ڕاپۆرته به‌رده‌وامانه‌ی پێم ده‌گات ده‌رباره‌ی ئه‌و تاڵانیانه‌ی ده‌كرێن، ئه‌و سیسته‌مه‌ی بابی عالی په‌یڕه‌وی كردووه له‌وه‌ڵامدا ئه‌وه ده‌رده‌خات پێوه‌نانێكی زۆر هه‌یه، به‌و ڕاپۆرتانه‌ی بهمن و خه‌ڵكی تریش ده‌گه‌ن، به‌ڵام ئه‌و سه‌رپێچی كردنانه كه ڕووی داوه پێویسته بخرێته پاڵ ئه‌و باندانه‌ی سنووری ئێرانیان به‌زاندووه، سوپاس بۆ خوا لهویلایهتهكهدا تائێستا هیچ شتێك ڕووینه‌داوه شایانی باسكردن بێ، زیاتر له هه‌موو كاتێ كه‌سانی نیه‌ت خراپ هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئاسایی ترین شت زل بكه‌ن، ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین سروشت و گرنگی هه‌ر حاڵه‌تێك به‌بێ دواكه‌وتن بڵاو بكه‌ینه‌وه. شه‌وی پێنج شه‌مه‌ی ڕابردوو ده‌نگه ده‌نگێكی گه‌وره په‌یدابوو ده‌رباره‌ی حاڵه‌تێك كه 800 سه‌ر مه‌ڕ دزراوه، بهخێرابی دوو تابور نێردرا بۆ لێكۆڵینه‌وه، به‌پێی شایه‌تی قه‌شه‌كانی كلێسه ژماره‌ی مه‌ڕه دزراوه‌كان كه‌م كراوه‌ته‌وه بۆ 30 سه‌ر، ئه‌مه سیسته‌می پێوه نانه. له‌كاتێكدا كاربه‌ده‌ستانی كونسۆڵخانهكانی ڕووس ه به‌ریتانیا ڕاستیه‌كانیشیان زانبیوه، به‌ڵام هه‌رگیز درێغیان نه‌كردووه له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌م تانه و ته‌شه‌ر و به‌ند و باوانه بۆ به‌دناو كردنی كورد و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی له ڕاپه‌ڕینی شێخ عوبه‌یدوڵڵاش به‌هه‌مان شێوه له كاردابوون بۆ به‌دناوكردن و گومان خستنه سه‌ر ڕاپه‌ڕینه‌كه.
ماویه‌تی