نوری کەریم: کێ کۆماری کوردستانی روخاند؟ بەشی سێیەم.
ئاهەنگى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان
هەڵکردنى ئاڵاى نەتەوەیى هەر گەلێک خۆى لە خۆیدا رووداوێکى مێژوویى پڕ بایەخە، تەنانەت لاى ئەو نەتەوانەش کە لە سەردەمێکى سەربەخۆییەوە دەگوێزنەوە سەردەمێکى نوێى سەربەخۆیى و ئاڵایەکى نوێ بەرزدەکەنەوە جیاواز لە ئاڵاى پێشوو، وەک ئاڵاى نوێى ئەڵەمانیا دوواى رووخانى هیتلەر، ئیتالیا دوواى مۆسۆلۆنى و رووسیا و نەتەوەکانى بلۆکى سۆشیالیست دوواى هەرەسى یەکێتى سۆڤێت و… هتد. نەخوازە بۆ نەتەوەى کورد کە بۆ یەکەمین جار لە مێژووى دوور و درێژى خەبات و راپەڕین و شۆڕش و قوربانى و ماڵوێرانى و خوێن و فرمێسکدا ئاڵاى کۆمارێکى سەربەخۆى کورد بەرزدەکاتەوە دوواى ئاڵاکەى خویبوون لەسەر لوتکەى ئارارات و ئاڵاکەى حکومەتى مەلیک مەحموود لە سلێمانى. ئەفسەرێکى شۆڕشى بارزان و کۆمارى کوردستانیش رائید (پێشڕەو) بەکر عەبدولکەریم حوێزى ئەو رۆژە لە گۆڕەپانى چوارچراى سابلاخ ئامادەبووە و ئەو ئاهەنگە پڕ شکۆیەى چۆن بینییوە بۆمان دەگێڕێتەوە: چەند رۆژێک بەر لە هەڵکردنى ئاڵاى سێ رەنگى کوردستان، دێهات نشین و عەشیرەتەکان گەورە و بچووک ژن و پیاوو منداڵ پۆل پۆل بەرەو مەهاباد دەهاتن. شار بەرگى خۆشى و شادى پۆشیبوو، سەرتاسەرى مەهاباد رازابووەوە. رۆژى 26/ ک2/ 1946 (65) دانیشتوانى مەهاباد و دەرووپشتەکەى رژابوونە مەیدانى چوارچرا، جوانى جل و بەرگیان و بەزم و شایى و خەندەى سەر لێوانیان ئازادى و سەربەخۆیى تێدا دەبینرا، درووشمى (نەمرى (نەمریى ن.ک) بۆ پێشەواو کورد و کوردستان) لە هەموو لایەک دەنگى دەدایەوە، ئاڵا سێ رەنگەکەى کوردستان بەرزکرایەوە، تەقەى تفەنگ و هەلهەلە و جۆش و خرۆشى خەڵکەکە گەیشتبووە ئاسمان.. پێشەوا لەژێر ئاڵاى کوردستاندا (ئەمڕۆ خۆشترین رۆژە لە ژیانى هەموو کوردێکدا.. گەلى کورد وەک گشت گەلانى جیهان مافى تایبەتى و سەربەخۆیى هەیە، سەدان ێاڵە بۆ ئەم ئامانجە پیرۆزە خەبات دەکات، هەزاران قوربانى لەو رێگەیەدا پێشکەش کردووە.. ئێمە ئێستە سەربەخۆین، دۆستى گەلێک بەهێزیشمان هەیە، هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان فیداکارییەکى زۆرى دەوێ تابیپارێزێ، ئەو ئەرکە پیرۆزەش کەوتۆتە سەرشانى ئێوە و ئەو چرایە نابێت بکوژێتەوە.. رۆحى پاکى شەهیدان وابەسەر سەرتاندا دەسوڕێتەوە هەر سستى و کەمتەرخەمییەک لە گیان فیداکردن، ئەوانە موحاسەبەمان دەکەن). (66) عوسمان دانش فرمێسک لە چاوانى دەبارى لە هۆش خۆى چوو(67). رۆژى 22/1/1946 یش دامەزراندنى کۆمار راگەیاندرا بەسەرۆکایەتى پێشەوا قازى وەک یەکەمین سەرۆککۆمارى کوردستان و فەرماندەى گشتى چەکداریش، بەدوواى ئەوەشدا کابینەى وەزیران دامەزرا. هەمان رۆژى دامەزراندنى کۆمار پێشەوا قازى موحەممەد روودەکاتە پێشمەرگە بارزانییەکان و دەڵێت (سەرمان بڵندە پێتان، جێى شانازیمانن، ئێوەن نموونەى خەباتى پاڵەوانانەى کوردایەتى، سەد سوپاس بۆ ئێوە و سەرۆکتان مەلا موستەفاى بەڕێز). ئەمجا روودەکاتە جەماوەر ( ئەى جەماوەرى کورد، ئەى بەچکە شێرانى کورد، سڵاوتان لێبێت، ئەو ئەرکە گرنگەى کە ئێوە بە منتان سپاردووە، داوا لە خواى مەزن و ئێوە دەکەم یارمەتیم بدەن تاکو بتوانم هەتاسەر ئەم کارە بۆ بەرژەوەندى میللەتەکەم بەرمەسەر و بەرامبەر بە ئێوە و خواى مەزن خەجاڵەت نەبم)(68). کابینەی وەزارەتەکەی کۆماری کوردستان:
1- حاجى بابە شێخ/ رەئیس هەیئەت (سەرۆک وەزیران)
2- موحەمەد حوسەین سەیفى قازى/ جەنگ (وەزیرى بەرگرى)
3- موحەممەد ئەمین موعینى/ کیشوەر (وەزیرى ناوخۆ)
4- ئەحمەدى ئیسلاحى/ ئیقتیێاد ( وەزیرى ئابوورى)
5- کەریمى ئەحمەدەین/ پۆست و تەلیگراف
6- حاجى رەحمان ئێلخانى زادە/ موشاور (وەزیرى راوێژکار)
7- مەنافى کەریمى/ فەرهەنگ (وەزیرى رووناکبیرى)
8- سەدیقى حەیدەرى/ تەبلیغات (وەزیرى گەیاندن)
9- خەلیلى خوسرەوى/ وەزیرى کار (وەزیرى کار و ئاوەدانى)
10- حاجى موستەفاى داودى/ تیجارەت ( وەزیرى بازرگانى)
11- مەحموودى وەلى زادە/ کیشاوەرزى (وەزیرى کشتوکاڵ)
12- سمایلى ئێلخانى زادە/ وەزیرى رێگاوبان
شەهید عەبدولڕەحمانى قاسملوو لەوباوەڕەدایە کابینەکە لە چواردە وەزیر پێکهاتووە و ناوی دوو وەزیری دیکەشی دەخاتە سەر:
13- موحەممەدى ئەیوبیان/ بیهدارى (وەزیرى تەندروستى)
14- مەلا حوسێنى مەجدى/ عەدلییە ( وەزیرى داد)
وەزیرەکان لەبەردەم سەرۆک کۆمار پێشەوا قازى موحەممەد دا یەک لە دوواى یەک سوێندیان خوارد بە قورئانى پیرۆز، دروشمى کۆمارى کوردستان و ئاڵاى کوردستان: (من بەخودا و بە کەلامى عەزیزى خودا، بە نیشتمان، بە شەرافەتى میللەتى کورد، بەئاڵاى موقەدەسى کوردستان سوێند دەخۆم کە تا ئاخیر هەناسەى ژیانم و رژاندنى ئاخیر تنۆکى خوێنم بەگیان و بەماڵ لە رێى راگرتنى سەربەخۆیى و بەرزکردنەوەى ئاڵاى کوردستاندا تێ بکۆشم و نیسبەت بە رەئیسى جمهورى کوردستان و یەکێتى کورد و ئازەربایجان موتیع و وەفاداربم)(70) .نەجەف قولى پسیان پەیامنێرى تایبەتى رۆژنامەى ئیتلاعاتى تارانى تێبینییەکى وورد و بەمانا و بە توێکڵ لە هەمبەر ئەو کات و ساتەى بەمجۆرە تۆمارکردووە (دوواى سوێند خواردن قازى موحەممەد ئەنجامى هەڵچوونى دەروونى و شادمانى، دەلەرزى، ئەوانەى ئەو گەمەیەشیان هێنابووە گۆڕێ پێدەکەنین) (71) . شێخ ئەحمەد و بارزانى مستەفا و براکانى، ئەفسەرەکان و کۆمەڵێک رووناکبیر بە خاو و خێزان و منداڵەوە چوونە ئەودیو (بارزانى و هێزەکەى، ئەفسەران، رووناکبیران چوونە ئەودیو، موقەدەم عیزەت عەبدولعەزیز، رائید میرحاج ئەحمەد، موقەدەم مستەفا خۆشناو، پارێزەر هەمزە “مەبەستى لە هەمزە عەبدوڵڵایە، یەکەمین سکرتێرى پارتى دیموکراتى کورد بوو. ن.ک”، رائید عەزیز عەبدوڵڵا، رائید جەلال ئەمین، ئەندازیار نوورى ئەحمەد تەها،(47) رائید خەیروڵڵا عەبدولکەریم، رائید بەکر عەبدولکەریم، پارێزەر موحەممەد قودسی “ئەفسەر بوو نەک پارێزەر. ن.ک”، پەنجا نوێنەرى کوردى عێراق و دوو هەزار پیادە چوونە پالڕ کوردى ئێران و داواى سەربەخۆیی کوردستانیان کردووە)(48) جگە لەوانە ملازمى یەکەم نوورى شیروانى، ملازمى یەکەم ئەندازیار ێاڵح عەبدولعەزیز و شەریف نوعمان جێگرى ئەفسەر پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردبوو، جگە لە بەکر عەبدولکەریم هەموویان بڕیارى لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو بوو.