بورهان شێخ ڕەئوف: کازمى لە بەردەم گەردەلوولى قەیرانەکانى عێراقدا.
مستەفا کازمى سەرۆکى دەزگاى هەوڵگرى نیشتمانى عێراق سێ یەم کاندیدە بۆ سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لە سەرەتاى ئەمساڵى 2020 ەوە تا ئێستا کە سەرۆک کۆمارى عێراق بەرهەم ساڵەح ڕایبسپێرێت بۆ پێکهێانى کابینەى نوێ لە دواى شکستهێنانى پارێزگارى پێشووى نەجەف عەدنان زرفى بۆ پێکهێنانى حکومەت و پێشتریش موحەمەد عەلاوى بە هەمان شێوە شکستى هێنا.
کازمى لە تویتێکدا لە 9/4/2020 نووسیبوى بە هەرچوارزمانى عەرەبى و کوردى و فارسى و ئنگلیزى ( بەڵێن بە گەلەکەم دەدەم کە حکومەتێک پێکبهێنم ئامانج و ئاوات و خواستەکانى ئەوان لە پێشینەى کارەکانم بێت، پاراستنى سەروەرى نیشتمان و پاراستنى مافەکان و کاربۆ چارەسەرکردنى قەیرانەکان وپێشخستنى ڕەوڕەوەى ئابوورى بۆ پێشەوە، هەروەها دەبێت چەک بە هەموو جۆرەکانیەوە بە دەستى دەوڵەتەوە بێت.
ئاماژەکان وا پیشان دەدەن، کە مستەفا کازمى متمانەى نوێنەران بە دەست بهێنێت لە ئەنجومەنى نوێنەران، بە پێچەوانەى دووانەکەى پێش خۆى. چونکە لە مەراسیمى ڕاسپاردنەکەى دا سەرۆکى فراکسیۆنە گەورەکانى شیعە ئامادەبوون، جگە لەوەش کۆدەنگیەکى گەورەهەیە لە سەر دەنگدان بە کابینەکەى لەلایەن کوردو سوونەیشەوە، هەرچەندە ئەرکەکەى کازمى هێندە ئاسان نابێت و پێوستى بە هەوڵ و دیالۆگى جدى هەیە لە گەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکاندا بۆ دیاریکردنى وەزیرەکان.
ئالەنگارییەکانى بەردەم کابینەکەى کازمى
1- داخوازى خۆپیشاندەرانى گۆڕەپانەکانى شارەکانى بەغداد و باشوورى عێراق کە ئێستا بە هۆى مەترسى کۆرۆناوە چوونەتە ماڵەو ە کە 700 کوژراو 25 هەزار بریندارو هەزاران کەسیان لە زینداندان و هەڕەشە دەکە، کە بە نەمانى مەترسى ڤایرۆسى کۆرۆنا دەگەڕێنەوە سەر شەقامەکان تا بە دیهاتنى داخوازییەکانیان.
2- چارەکردنى کێشەى دابەزینى نرخى نەوت کە ئەمە کێشەى تازەیە و پێشتر نەبوو، کورتهێنانى گەورەیە لە بوودجەى عێراقدا.
3- بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى نەفرەتى کۆرۆنا کە هەموو جیهانى گرتۆتەوە و ژیانى ئیفلیج کردووە.
4- چەکى دەستى میلیشیا کان کە ئەمەش قەیرانێکى گەورەیە بوونى هەیە و هەڕەشە لە ئارامى و سەقامگیرى عێراق دەکات، مێژووش پێمان دەڵێت لە هەرکوێى ئەم جیهانەدا حوکمى میلیشیاى چەکدار هەبوو بێت بەربەست بووە لە پێشکەوتن و ئارامى.
ئێران و کازمى
هەرچەندە کاتى کوژرانى قاسمى سلیمانى و ئەبومهدى موهەندیس هەندێک تاقم گروهە شیعەکانى نزیک لە ئێران بانگەشەى ئەوەیان دەکرد کە سەرۆکى یەکێک لە دەزگا ئەمنیەکانى عێراق بەشدارە لە و ئۆپەراسیونەدا کە مەبەستیان کازمى بوو، بەڵام ئێستا باس لەوە دەکرێت کە کازمى لە لایەن ئێرانیەکانەوە پشتیوانى گەرمى لێدەکرێت بە حوکمى ئەوەى سیاسەت و هەڵسووکەوتەکانى لە دەزگاى هەواڵگرى هاوسەنگ بووە و توانیوویەتى هاوسەنگى نێوان ئێران و ئەمریکا ڕابگرێت.
ئەمریکا و کازمى
ئەمریکاش خۆشحاڵى خۆیان دەربڕیووە بۆ کاندیدکردنى کازمى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیرانى عێراق، تەنانەت لێکۆڵەرێکى ئەمریکى لە پەیمانگاى واشنتۆن بۆ سیاسەتى ڕۆژهەڵاتى دوور ( مایکڵ نایتس ) دەڵێت: کازمى کەسایەتیەکى نیشتمانى بەهێزە و، بیرمەندە، هەربۆیە ئەگەر بکرێت بە سەرۆک وەزیران ئەوا ڕووبەرێکى فراوان دەخوڵقێت بۆ دیالۆگ لە نێوان عێراق و ئەمریکادا سەبارەت بە بابەتەکانى کۆمەکى ئابورى و چاوپۆشى لە سزاکان و هاریکارى سەربازیش.
لە کۆتاییدا هەرچەند کابینەکەى کازمى کاتیەو بۆ ساڵێکە و دەبێت سەرکردایەتى ماوەى ڕاگوزەر بکات و خۆئامادەکردن بۆ هەڵبژاردنى پێشووەختە کە لە وتارو تویتەکانیدا ئاماژەى پێ نەدا، پێشبینى ئەوە ناکرێت گۆڕانکارى گەورەو کاریگەر بکات، بەڵام ئومێدى ئەوەى لێدەکرێت کە ببێتە کلیل و هەنگاو بۆ سەردەمێکى نوێ کە جیاواز بێت لەمەى ئێستا.