رزگار شێخ حه‌سه‌ن: هه‌ولێك له پێناو ڕزگاركردنى پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستاندا.
وتنه‌وه‌ى وانه‌كان به ڕێگاى ڕاسته‌وخۆ له باوترین و ناسراوترین كارى مامۆستایانه كه كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بۆ فێركردنى خوێندكاران، ئه‌م رێگایه ده‌یان ساڵه به شێوه‌یه‌كی رۆتین پیاده ئه‌كرێت بێ ئه‌وه‌ی پێشكه‌وتنێكی ئه‌وتۆی به خۆوه ببینێت، به‌مه‌ش له پرۆسه‌ی فێركردندا مامۆستایانی ئێمه و سیستمی په‌روه‌رده‌ییمان سودێكی ئه‌وتۆی له سیستمی فێركردن و په‌روه‌رده‌یی وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان وه‌رنه‌گرتوه، به‌ڵكو وه‌ك رۆتنێكی پیشه‌یی ئه‌م كاره‌ی ئه‌نجامداوه، بۆ گۆرینی ئه‌م بارودوخه سیستمی په‌روه‌رده و به‌رپرسیارانی هه‌وڵیانداوه توانای په‌روه‌رده‌یی و فێركاری مامۆستایان گه‌شه پێبده‌ن،، هه‌وڵیانداوه مامۆستا ئه‌نجامی نموونه‌یی پێشكه‌ش بكات، كه دیاره ئه‌مه‌ش ئه‌نجامی باوه‌ربوونی سیستمی په‌روه‌رده‌یه به توانا و لێهاتوییه‌كانی مامۆستا.
چه‌ندین رێگا هه‌یه نیشانده‌رێك بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی زانستی و لێهاتووی مامۆستایان، یه‌كێك له دیاترین ئه‌و نیشانده‌رانه بریتیه له ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى تاقیكردنه‌وه‌كان، وه‌زاره‌ت ده‌ستكه‌وت و تواناى مامۆستایان نیشانى ڕاگه‌یاندنه‌كان ده‌دات، له پێشكه‌وتنه پهروهردهیهكان دڵنیامان ده‌كاته‌وه، سه‌ره ئه‌نجام هاوڵاتى تاكه ئاواتی تێپه‌ڕاندنى قۆناغێكى خوێندنه به منداڵه‌كه‌ى، دواجار ئه‌م دهسكهوتهى به‌دیهات ،هیچ داواكاریهكى نامێنێت، ساڵانى ڕابوردوو به هۆى دۆخى هه‌رێم له‌و ته‌نگژه داراییه‌ی كه توشى هاتبوو بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندن هاته ئاراوه و به‌شێك له كاتى خوێندن به هه‌ده‌ر ڕۆشت، به‌ڵام نه په‌روه‌رده‌كاران، نه پسپۆڕانى بوارى به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، نه دایك وباب به خه‌م بوون، سه‌ر ئه‌نجام ساڵى خوێندن ته‌واو كرا به‌ڵام ئامانجه په‌روه‌رده‌ییه‌كان بهدینههــات، هه‌موو به‌رزبونه‌وه‌یه‌كی ده‌نگى ناڕازى له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ناحهقیهدا، تۆمه‌تبار ده‌كرا به پیاوى حكومه‌ت، دواجار هه‌موان گه‌یشتینه ئه‌م ئه‌نجامه؛ له‌شكرێك له قوتابی نه‌خوێنده‌وارمان پێشى خۆمان دا، ئێستا هێنده ده‌نگمان لاوازه له‌به‌رده‌م دایك وباوكدا، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر دواكاریهكمان بۆ هاوكاری لهبهرزكردنهوهى تواناى زانستى قوتابى، به‌ده‌نگى به‌رز ده‌ڵێن ئێوه‌ن هۆكارى دواكه‌وتنى تواناى زانستى منداڵهكانمانن به هۆى داواكاریه‌كانتان به دابینكردنى موچه، ئه‌وه‌ى زۆرترین نیگه‌رانى لاى من دروست ده‌كات ته‌نها له‌شكره نه‌خوێنده‌واره‌كه نیه، به‌ڵكو ئه‌و مامۆستا مانگرتوانهیه كه بێ هیچ ئه‌نجامێك و به ده‌ستى به‌تاڵ جارێكى تر گه‌ڕاونه‌ته‌وه خوێندنگاكان و فێرى ئه‌ده‌بیاتێك له قسه‌كردن بون هه‌موو شتێك به ڕه‌ش و سپی ده‌بینن، واتا گه‌یشتۆته ئاستێك زمانى خۆنیشاندانهكانى گواستۆته‌وه ناوه‌نده‌كانى خوێندن و ڕێگه‌نادات هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ توانا‌و لێهاتوى بكرێت به بیانوى نه‌بونى موچه، به‌ڵكو هه‌موو قوتابیان به قهرزادارى خۆى ده‌زانێت، زۆر كه‌م مامۆستا ده‌بینیت كه ئه‌ركى مامۆستایه‌تى وه‌ك فێركارێكى په‌روه‌رده‌ى ببینێته‌وه، به ڵكو ته‌نها فه‌رمانبه‌رێكه كارده‌كات به زمانى كات و پاره، واتا هیچ لــه زانسته په‌روه‌رده‌ییه‌كان په‌ره پێنادات تا بگاته ئاستى زانستى په‌روه‌رده كرا‌و، به پێى ئه‌و ئه‌زمونه‌ى كه له‌ناو سێكته‌ره‌كانى په‌روه‌رده به‌ده‌ستم هێناوه، دڵنیام هۆكارى ههرهسهرهكى په‌ككه‌وتنى سیسته‌مه جیاكانى په‌روه‌رده، به‌شى زۆرى مامۆستایان لێى به‌رپرسن.
لــه ئێستا به هۆى هاتنه پێشى ئه‌م دۆخه كه ڕوبه‌ڕوى هه‌موو دونیا هاتوهبۆتهوه، هۆكارى ڕاوه‌ستانى پرۆسه‌ى خوێندن، كه‌دیاره هۆكارێكى سروشتى ناچاریه توشى مرۆڤایه‌تى هاتوه، مه‌ترسیه‌كانى هێنده گه‌وره‌ن ناكرێت فه‌رامۆش بكرێت، هه‌رێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى وه‌رزێك و 30 ڕۆژ له خوێندنى تێپه‌ڕاندوه، به‌ڵام زیاتر له 70 ڕۆژ له خوێندن به هۆى خۆپارێزى و كهرانتینا له ده‌ستچووه، واتا خوێندن له‌به‌رده‌م مه‌ترسی نه‌گه‌یشتن به‌و ئامانجانه‌یه كه‌له پێناویدا ده‌وڵه‌ت خه‌رجیه‌كى زه‌به‌لاحى بۆ ته‌رخان كردوه، ئایا ده‌كرێت هه‌مان كارى ساڵانى ڕابوردو دوباره بكه‌ینه‌وه قۆناغ تێپه‌ڕێنین له پێناو چۆڵكردنى قۆناغى یه‌كه‌مى خوێندن، تا ئاماده‌بین بۆ وه‌رگرتنى منداڵانى ته‌مه‌ن ڕێگه پێدراو بۆ ساڵى خوێندنى 2020-2021، ئایا من وه‌ك باوكێك كوا مافى فێربونى منداڵه‌كانم، ئایا ئه‌كرێت بۆ هه‌ریه‌ك له‌م دۆخانه ڕو له كوردستان ده‌كات ژماره‌یه‌ك منداڵ و فێرخواز گرفتار بن و به پێی پێویست فێر نه‌بن، بێگومان ده‌لێم نه‌خێر ناكرێت، ئیتر بهسێتى به ڕێكردن و دروستكردنى له‌شكرێك له نه‌خوێنده‌وار، گه‌ر به ئێمه‌ى په‌روه‌رده‌كار ده‌ڵێن، چیتان ده‌وێت، دڵنیابن سازش له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندن ناكه‌ین به ژماره‌یه‌ك ڕۆژ، یان بهفێركردنى له دوره‌وه به‌ناوى فێركردنى ئه‌له‌كترۆنى، تا به ته‌واوى ورده‌كاریه‌كانى نه‌زانین له شێوه، پێشكه‌شكردن، ئامانج، هه‌ڵسه‌نگاندن، ڕون نه‌بێت، لام گرنگه پێشنیارى خۆم بنوسم بۆ تێپه‌ڕاندنى خوێندن به هیوام بتوانین هاوكاربین، پرس پێكراوبین لــه كێشه په‌روه‌رده‌ییه‌كان ..
وڵاته پێشكه‌وتوه‌كان هاوشێوهمانن له دواكه‌وتنى خوێندن:
ڕێگاكانى فێركردن له سیسته‌مه جیاوازاكانى دونیا به پێى ئاستی پێشكه‌وتنیان جیاوازه له وڵاتانه‌ی ئاستێكی به‌رزی پێشكه‌وتنی په‌روه‌رده‌یی و فێركارییان برێوه ، چه‌ندین ته‌كنیكی نوێی ئاسانكاری له‌به‌رده‌ستدایه كه بتوانن به كه‌مترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر پرۆسه‌ی په‌روه‌رده قۆناغی كۆرۆنا تێپهریین، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ده‌سته‌به‌ربوونی پێداویستی خوێندن به شێوه‌ی جیاواز، بۆ نموونه به‌كارهێنانی كۆمپیوته‌ر به شێوه‌ی به‌بڵاو، بوونی ئهپلیكهیشتنی تایبه‌ت له قوتابخانه و ناوه‌نده‌كانی فێربوون، بوونی ئینته‌رنێت له هه‌موو ماڵێك، ئه‌مه سه‌ره‌رای خه‌رجكردنی ملیاره‌ها دۆلار له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه په‌روه‌رده‌ییه‌كان.
هه‌رێمى كوردستان:
بێگومان گرنگه بزانین ئێمه ئاستی پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له رووی په‌روه‌رده‌ییه‌وه چۆن و له كام ئاستدا پۆلێن ئه‌كرێت، تا خۆمان ببینین و بزانین چیمان بۆ ده‌كرێت له گه‌ڵ قۆناغی كۆرۆنا كه بێگومان كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر سیستمی په‌روه‌رده هه‌یه، له‌وانه‌یه ئێستا كات ڕێگه نه‌دات به شێوه‌یه‌كی زانستی ئه‌م هه‌ڵسه‌نگاندنه ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵكو لێده‌گه‌ڕێین تا له كاتێكى تردا داتا و نیشاندهرهكان نیشان بده‌ین و توانا پهروهردهیهكانى هه‌رێم به داتا و زانیاری ورد بخه‌ینه روو و به‌راوردی بكه‌ین له‌گه‌ڵ سیستمه په‌روه‌رده‌ییه پێشكه‌وتوه‌كان.
لێره‌دا ئه‌مه‌وێت به پێى تێگه‌یشتنی خۆم و ئه‌و ئه‌زمونه‌ى له په‌روه‌رده به‌ده‌ستم هێناوه ،پێشنیار بكه‌م له‌م دۆخه هه‌ستیاره‌ی هه‌رێمی كوردستان په‌یره‌وی چ جۆره پرۆسه‌یه‌كی فێركاری و په‌روه‌رده‌یی بكرێت تا بتوانین وا بكه‌ین په‌روه‌رده له هه‌رێمی كوردستان ئامانجه بنه‌ره‌تییه‌كانی خۆی بهدیبهێنێـت و ته‌نها به‌رێكردنی ساڵ و ده‌رچواندنی خوێندكاری فێرنه‌بوو نه‌بێت، ئه‌وه‌ی من لێره‌دا پێشنیاری ئه‌كه‌م بریتیه له فێركردنی خودی یاخود پلانی كیلهر.
فێركردنى خودى (پلانى كیلهر) چییه؟
ڕێگاى( فێركردنى خودى) یان پلانى( كیلهر) یه‌كێك له ستراتیجهكانى فێربونى تاكه‌كه‌س، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى تاك به‌هه‌وڵى خۆدى خۆى فێرده‌بێت، هاوكات فێربون له پۆلدا نیه به‌ڵكو فێرخواز خۆى شوێن و كات دیاریده‌كات، له‌م رێگای فێركردنهدا پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی به ئامانجی خۆی ئه‌كات، ئه‌م رێگایه له فێركردن له پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیدا ئه‌م هه‌نگاوه په‌روه‌رده‌ییانه له خۆ ئه‌گرێت ( تێگه‌یشتن، قه‌باره‌ى زانیارى ، فیدباك، پێداچونه‌وه ، چاودێرى، ئاڕاسته‌كردن، ڕێنمایی، هه‌ڵسه‌نگاندنى قه‌باره‌ى دابه‌شكراو، هه‌ڵسه‌نگاندنى كۆتایی )، (خوێندكارى ده‌رنه‌چوو له ڕێگاى دوباره‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن و نیشانكردنى لاوازى ده‌توانێت هه‌ڵسه‌نگاندن دوبارهبكاتهوه
چۆن سود له فێركردنی خودی ( پلانی كیلهر) وه‌ربگرین له هه‌رێمی كوردستان؟
پێشنیار ئه‌كه‌م به هه‌نگاوانه‌ی خواره‌وه سوود له پلانی فێركردنی خودی وه‌ربگرین له هه‌رێمی كوردستاندا و به‌و هۆیه‌وه بتوانین ساڵێكی سه‌ركه‌وتوو له فێركردن و په‌روه‌رده به ئاكان بگه‌یه‌نین:
یه‌كه‌م/ دیاریكردنى پرۆگرامى نه‌خوێندراو
له هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا به‌شه وانه‌ی نه‌خوێندراو دیاری ئه‌كرێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه ، پێویسته له‌سه‌ره‌تای پلان نیشاندراو بێت
دووه‌م/ دابه‌شكاری پرۆگرام به‌سه‌ر به‌شه وانه‌دا، دواتر پرۆگرام به‌شێوه‌یه‌كی ورد و زانستی دابه‌ش ئه‌كرێت به‌سه‌ر بهشهوانهكاندا
سێیه‌م/ هه‌نگاوی سێیه‌م ده‌ستنیشانكردنى مامۆستاى به ئه‌زمونه تا وانه جیاوازه‌كان بڵینه‌وه، ژماره‌یه‌ك مامۆستای به ئه‌زموون له پۆلێكى نمونه‌یدا ( واته ژماره‌ی خوێندكاره‌كانی دیاریكراو بێت ) مامۆستا وانه بلێته‌وه و پاشان ئه‌م وانه وتنه‌وه‌یه دیكۆمێنت بكرێت له رێگای تۆماركردنی ده‌نگ و ره‌نگه‌وه، واتا گرنگه بۆ هه‌ر پرۆگرامێك كه له چه‌ند به‌شه وانه‌یه‌ك پێك دێت ، ژماره‌یه‌ك مامۆستاى جیاواز به به‌پێى جیاوازى وتنه‌وه‌و لێهاتوى به‌شداربن، تا فره‌یى له وتنه‌وه‌و لێهاتوى به‌دیبێت، كه ده‌بێته هۆكارى هاوكارى له حه‌زى گوێگرتن و گه‌یاندنى زانیارى جیاواز له ڕ‌وى پێشكهشكردنهوه بۆ قوتابی.
چواره‌م/ ئاماده‌كردنى ژماره‌یه‌ك پرسیار، له‌سه‌ر هه‌ر وانه‌یه‌ك ژماره‌ى پێویست له پرسیار ئاماده ده‌كرێت، هاوپێچى تۆماره‌كه بكرێت تا قوتابیان دواى گوێگرتن بتوانێـ هه‌ڵسه‌نگاندن بكات و ئاسۆی تێگه‌یشتنی فراوان بێت.
پێنجه‌م/ گه‌یاندنى زانیارى به ڕێگاى سیدى ، قوتابخانه‌كان ڕاسته‌و خۆ به پلانێك دیكۆمینتهكان و سیدیهكان بگه‌یه‌ننه ده‌ستى كه‌سوكارى قوتابیان ڕێنماییان پێبدرێت به پێى شوین و جۆر‌و ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تیان له گه‌ڕه‌كه‌كاندا.
شه‌شه‌م/ دروستكردنى گروپى مامۆستا‌و دایك وباوكان: به پێى تایبه‌تمه‌ندی و قۆناغه‌كان، گروپه‌كان دروست بكرێت، تا له ڕێگه‌ى تێل و چات به‌رده‌وام چاودێرى قوتابیان بكه‌ن له به‌رامبه‌ر ههرپێویستیهكدا مامۆستایان هاوكاربن بۆ قوتابیان.
مامۆستایان ده‌وامى فهمى له قوتابخانه‌كاندا بكه‌ن : گرنگه مامۆستا بێته قوتابخانه‌و له‌كاتى پێویست كه‌هه‌ندێك دایك و باوك ناتوانن سیسته‌مه‌كه به‌كاربێنن له‌به‌ر نه‌خوێنده‌وارى ئه‌مان له ڕێگه‌ى ڕاسته‌وخۆ به‌گرنگى دان به خۆپارێزى تاك بۆ تاك قوتابیان فێربكه‌ن.
حه‌وته‌م/ هه‌ڵسه‌نگاندن، له‌م ئاسته‌دا پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن به‌رێوه ده‌چێت، ده‌بێت به‌رده‌وام بۆ هه‌ر هه‌فته‌یه‌كى خوێندن له ڕێگه‌ى گروپه‌وه پرسیار ئاڕاسته بكریت ،داوا بكریت وه‌ڵامه‌كه بگه‌ڕێته‌وه به له‌به‌ر گرتنه‌وه واتا نوسینى له‌سه لاپه‌ڕه‌و وێنه‌گرتنى، دیسان هاوكارى ئه‌و دایك وبابانه بكرێت كه نهخویندهوارن یان به‌شدارنین له‌سیستم به ڕێگه‌ى ڕاسته‌و خۆ كاریان له‌گه‌ڵ بكرێت.
هه‌شته‌م/ كۆتا هه‌ڵسه‌نگاندن، قوتابیان ئاماده ده‌بن له قوتابخانه‌كان له‌كاتى دیاریكراو به ڕێنماى خۆپارێزى تا هه‌ڵسه‌نگاندنى كۆتایی بكرێت.
تێــبینـى: قۆناغه‌كانى یه‌كه‌م و دووه‌م ده‌توانرێت گه‌ر ئه‌م فێركردنى خودییه نه‌یانگرێته‌وه ده‌وام بكه‌ن، وه‌ده‌توانرێت به هۆى پۆلى خوێندنی زۆر ڕه‌چاوى دوری نێوانیان یان چاودێرى خۆ پارێزى بكرێت، دیاره ژماره‌ى قوتابی كه‌م و بونى ژماره‌ى مامۆستاى زیاد ده‌توانێت كۆنترۆڵى جێبه‌جێكردنى ڕێنماییه ته‌ندروستیه‌كان بكرێت.
گرنگه به‌ڕێزان ئه‌م پێشنیاره له‌به‌رچاو بگرن كه تێكڵاوكردنێكه له فێركردنى خودى و دوور و كۆمپیوته‌ر و ڕاسته‌وخۆ، واتا هه‌وڵمداوه سود وه‌رگرم له‌هه‌موو جۆره‌كانى فێركردن، تا له‌وه تێبگه‌ین ئاسان نیه سیسته‌مێك كه پێشتر پراكتیك نه‌كراوه ئێستا بمانه‌وێت جێبه جێى بكه‌ین، وه‌پاشان ڕه‌چاوى درێژهكێشانى دۆخه‌كه بكرێت، تا بتوانین سه‌ركه‌وتنێك نیشان بده‌ین له ئاستى زانستى، وه هه‌وڵ بده‌ین خوێندن له پۆله‌كان بهێنینه ده‌ره‌وه ڕزگاری بكه‌ین له ده‌ست مامۆستاى نه‌شاره‌زا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ئه‌م شێوازه چاوى دایك و باوك و قوتابی ده‌كاته‌وه تا چاودێرى مامۆستا بن بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى، وه‌پاشان جیاوازى شێوازه‌كانى مامۆستا له‌یه‌ك وانه ده‌بینن كه گرنگه قوتابى چاو كراوه بێت تا بتوانێت خۆى هه‌وڵى فێركردن بدات یان دایك و باوك به هۆى ئه‌م دیكۆمێنتانهوه له وانه‌كان لهبهردهستێتى ده‌توانێت هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ قوتابى و لێهاتوى مامۆستا بكات له ساڵانى خوێندن یان له خوێندنهكانى كه‌تى تایبه‌ت تا چه‌ند منداڵه‌كه‌ى فێركراوه چه‌ند منداڵه‌كه‌ى فێركراوه.