ستارە عارف: زینی وەرتێ و سەلیمی و مورتەزەقەی ڕۆژ و گەمەی دەزگا سیخوڕییەکان.
ئەحمەد ئەلمسماری، کە بەڵگەی بونی مورتەزەقەکانی ڕۆژی ڕۆژئاوای کوردستان لەلیبیا بڵاودەکاتەوە سەرسوڕمانی خۆی پیشاندەدات و دەڵێت: چۆن دەبێت کورد ببێتە تیرۆبیست!، مەبەستی ئەوەیە کورد کە خاک و خەڵکی داگیرکراوە، چۆن دەبێتەوە تیرۆریست و مورتەزەقەی ئەو وڵاتە داگیرکارانەی خۆی؟.
ئەمە ئەو پرسیارە زۆر گرنگەیە چەند سەدەیە مێشکی هەمو کوردێکی مەرد و بە کەرامەتی خواردوە، من چەندجار نوسیم ناکرێت کۆمەڵێک مورتەزەقەی ڕۆژئاوای کوردستان لەسەر بودجە و داهاتی دزراوی خەڵکی کوردستان دژی کورد لەلایەن بنەماڵەی بارزانیەوە لەهەولێر بەخێوبکرێن و بە پلەی یەکەم بکرێنەوە بە گژی باشوری کوردستاندا، کەسانێک هەبون بەهۆی کورتبینیەوە ئەمەیان بە پارچەچێتی ناوبرد، کەچی لیبیا سەری لەو تیرۆرە سوڕماوە.
تاوانەکە لەئەستۆی هەردو بنەماڵەیە لەدژی یەکتر باشوری کوردستان، یان ڕاستر سلێمانی و هەولێریان پڕ کردوە لەو کەسانەی لاشەی ئەم پارچەیە وەک کەلاکێک بۆ قازانج و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنن و ئەو کاتەیشی کاریان پێی نەما، هەمو باشور دەدەنە بەر توانج و پلاری ساختە و بێکەڵک..
پارتی و یەکێتی وەک یەک عەقڵیەت و یەک کلتوری سیاسی و پاشخانی گەمار و تژی لەخیانەت، ئەو کاتەی لەسەر بەرژەوەندییە ئابوری و بازرگانی و قاچاخچێتیەکانیان ناکۆکن، خۆیان دەهێننە ڕیزی ئۆپۆزسیۆن و بەرەی گەلەوە و دۆسیەی دزی و خیانەتەکانیان دژی یەکتر هەڵدەدەنەوە، بە جۆرێک ئەگەر زۆر وریا نەبیت دەکەویتە ناو گەمەکەیانەوە.
لەتازەترین سیناریۆیاندا دو هەفتەییە بەهۆی ناکۆکیانەوە ڕێگەی نێوان شەقلاوە و بالیسانیان لەم قۆناغی کۆڕۆنا و قەدەغەی هاتوچۆیەدا لەخەڵک داخست و بەهۆی دواخستنیەوە لەبازگەکان ژنێکی دوگیان تا گەیشتە نەخۆشخانەی هەولێر کۆرپەکەی لەدەستدا و پاشان بەڵێننامەیان پێ پڕکردەوە، کە پشکنین بۆ منداڵەکەیان لەپزیشکی دادوەری نەکەن، ئەمە بە تەنیا تاوانێکی گەورەی ئەو دو بنەماڵەییە، بارگرژییەکانی قەسرێ و زینی وەرتێ لەنێوان پەکەکە و ی ن ک و پارتی، کە ماوەیەکە ئەو ناوچەیە بۆتە خاڵی گەرمی ململانێکانیان بە پیلان و چاودێری تورکیا و ئێران و عێراق تەنیا لەسەر هەژمونی دەستةلاتی هەر سێ هێزەکەیە و هیچ پەیوەندی بە بەرژەوەندی و پاراستنی میللەتەوە نیە و ئەوەی لەناوەندەدا سەرگەردان دەبێت تەنیا خەڵکی باشوری کوردستانە، لەدوێنێ شەوی 14 لەسەر 15- 4- 2020 وە تورکیا دوجار ئەو سنورە و ئاواییەکانی وەک هەمیشە بۆردومانکردوە، نەک بارەگا ڕەباییەی حزبی.
لەکۆتایی مانگی ئازارەوە بە بیانوی قەدەغەی هاتوچۆ و کۆڕۆناوە هێزێکی لیوا هاوبەشەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لەزینی وەرتێ جێگیرکراوە، کە ناڕەزایی لای یەکێتی و پەکەکە دروستکردوە و پەکەکە دەترسێت ئەو هێزەی وەزارەت بە پیلانی تورکیا بەرەو قەندیل مل بنێت و یەکێتیش ئەو سنورە بە شوێن هەژمونی خۆی دەزانێت و دەترسێت پارتی ناوچەکە داگیربکات، لەکاتێکدا لیواکە هێزێکی هاوبەشی نێوان ی ن ک و پدک یە و سەر بە وەزارەتە و وەزیری پێشمەرگەیش یەکێتیە، لەم مەسەلەیەدا پەکەکە و یەکێتی بەهۆی هاوپەیمانیان لەگەڵ ئێران هاوبۆچونن، ئەم هێزانە ئێستا دژی یەکتر ڕوی چەکەکانیان لەیەکترە و میللەتی بێکەسیش بە فڕۆکەی تورک بۆردومان دەکرێت.
لەکاردانەوەی ئەم ڕوداوە هەردو بنەماڵە و دو دەزگا بەدناوەکانیان، دۆسیەی تەسلیمکردنەوەی مستەفا سەلیمیان هێنایە ڕۆژەڤ و پارتی بۆ شاردنەوەی خیانەتەکانی ئەم کەیسەی ئیستسمار کرد، یەکێیتش بۆ کپکردنی ئەو تاوانە و ئەوانیتری چەند ڕۆژە ڤیدیۆی بە ناو پێشمەرگەی ڕۆژ و مورتەزەقەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی، کە لەهەولێر لەسەر قوت و بودجەی خەڵکی کوردستان ڕاهێنراون و لەلیبیا شەڕ بۆ تورکیا دەکەن، فەیسبوکی پێ تەنیوە و بڵاوکردۆتەوە، خەڵکیش هەزاران قەیران و گرفتی ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئاسایشی ڕوی تێکردوە و ڕۆژ بە ڕۆژ ڕەوشی بەرەو خوارتر دادەکشێت.
لەملایشەوە جەنگێکی مەترسیدار و قێزەون یەخەی ئەم پارچەیەی گرتوە و هەر سێ هێزەکەیش پارێزەری نین و غەمیان میللەت نیە، دو دەزگای سیخوڕی گومانلێکراو یاری بە هەستی نیشتمانی خەڵک دەکەن، ئەم دو هێزە مێژوکەیان پڕە لەتاوان و خیانەت جێگەی متمانەی خەڵک نین و پەکەکەیش بە هەمان شێوە تەنیا هەوڵی هەژمون و دەستةلاتدارێتی لەباشور دەدات، کەواتە نابێت خەڵک بکەوێتە گەمەی ئەم دەزگا نا نیشتمانیانەوە، هەر پشتگیری ولایەنگرییەکی ئەوان دەچێتە خانەی پشتگیری و پشتیوانی تورکیا و ئێران و عێراقەوە، بە تەنیا دەبێت بە نەفرەت بکرێن و ڕەفتارەکانیان سەرکۆنە بکەین.