ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا/ به‌شی نۆیه‌م.
هه‌وڵی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی ڕاپه‌ڕینه‌كه،
دوای گه‌یشتنه‌وه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا و هێزه‌كه‌ی به‌نه‌هری و چاوخشاندنه‌وه و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی و هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخه‌كه، دوو مانگ دوای گیرسانه‌وه‌ی له نه‌هری، دیسان شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌وڵی جوڵانه‌وه‌یه‌كی نوێی دا، كه له نه‌هرییه‌وه ده‌ست پێ بكات، جارێكی دیكه هه‌وڵه‌كانی ده‌ست پێ كرده‌وه، بۆ خۆئاماده كردنه‌وه‌ی بۆ درێژه‌پێدانی ڕاپه‌ڕین، هه‌رچه‌نده خۆئاماده‌كردنی ئه‌م جاره له‌چاو هه‌لومه‌رجی جاری پێشوو سه‌خت تر بوو، چونكه جه‌ماوه‌ری كوردی ڕۆژهه‌ڵات به‌هۆی دزی و تاڵان و سوتاندنی ماڵ و دیهاته‌كانیان و كوشتن و ده‌ربه‌ده‌ریان له‌لایه‌ن هێزه تاڵانچیه‌كانی ئێران، باری ئابووریان تا ئه‌وپه‌ڕی خراپ بوو و باری ده‌روونی خۆشیان شێوا بوو، له‌لایه‌كی تریش ئێران له ڕۆژهه‌ڵات و ڕووسیا له باكوور هێزه‌كانیان له‌سه‌ر سنوور مۆڵدرابوون و هێزه‌كانی عوسمانیش له‌ناو وڵات به‌هه‌موو شوێنێكدا بڵاو ببوونه‌وه و په‌یوه‌ندی نێوان شاره‌كانیان بڕی بوو، له‌گه‌ڵ ئهوەشدا بە پەلە و بێ هەدادان كەوتە تەقەلای هەمەلایەنەی وەك:
1- دابین كردن و حەواندنەوەی ئەو لێشاوی (100) هەزار ئاوارە كوردەی لە ئەنجامی شۆڕشە‌كە‌دا چ وەك لایەنگر و پشتیوانی شۆڕش و چ لە ترسی پاراستنی سەر و ماڵیان، لە جێگا و ڕێگای خۆیان هەڵكەنرابوون و بەو زستانە لە سنوورەكانی ئێران – عوسمانی چووبوونە قەڵەمڕەوی عوسمانی لەوێ گیرسابوونەوە.
2- دەست پێ كردنەوەی كاری دیبلۆماسی و پەیوەندی تازە دروست كردنەوە لەگەڵ دەوڵەتاندا، بۆ ئاگا‌داربوو‌نیان لە كێشەی كورد، بە تایبەتیش لای دەوڵەتانی ڕووسیا، ئیگلستان، ئێران-عوسمانی.
3- كڕین و پەیداكردنی چەك و تهقەمەنی و پێویستی شۆڕش.
4- بەسەركردنەوەی زۆربەی ڕێبەرانی خێڵ و ناودارانی كورد و نامەی تایبەتی بۆ نووسین و بانگهێشتنیان بۆ پشتیوانی لە شۆڕش و بەرزكردنەوەی ورە و زیندووكردنەوەی گیانی هیوا و ئاوات تیایاندا.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تورك داوای چاوپێكه‌وتن و گفتگۆی شێخ عوبه‌یدوڵڵایان ده‌كرد بۆ هێمن كردنه‌وه و بانگ هێشتی بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، شێخ عوبه‌یدوڵڵا بانگه‌وازی بۆ سه‌رۆك هۆز و خێڵه‌كان كرد و له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی دا نامه و ڕاسپارده‌ی بۆ ناردن، تاكو به‌شداری ڕاپه‌ڕینه‌كه بكه‌ن، له‌م باره‌یه‌وه حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی له 3ی ڕەبیعی دووەم 1298 كۆچی (4- 3- 1881ز) له نامه‌یه‌كدا بۆ ناسره‌دین شای قاجار ده‌نووسێت: “دوێنێش كە دوایین ڕۆژی (ڕەبیعی یەكەم) بوو، ئەم هەواڵە ڕاست و دروستە، كە دەماودەم هاتووە، بەگیانفیدا گەیشتبوو لەبەر ئەوەی بڵاوكردنەوەی بانگەوازنامە تازەكانی شێخ عوبەیدوڵڵا و چاوپێكەوتنی لەگەڵ كاربەدەستانی بابی عالی دا، هیچ گومانێك نەماوە، بۆیە ئاگاداركردنەوەی بەڕێزتان بەپێویست زانرا، ده‌رباره‌ی هەواڵی هەمزاغاش، داروباری نازانرێ، چونكە لەهەموو جێگایەكدایە، هەندێ جاریش لە “پشدەر”ە داروباری ژێرەو ژوور بووە، و كەسی بەدەورەوە نەماوە و تەنیا ماوەتەوە، به‌ڵام سەرەڕای ئەوەی ئێل و هۆزەكەی لەبەرامبەریدا ئەو پەڕی ملكەچیان هەیە، هێشتا چەند كەسێكی ئەم خەڵكەی لەگەڵدایە، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هەمزاغا كەسێكی ئازا و دەست لەگیان بەرداوە، هەر ئەوەندەی بەفر بتوێتەوە و ڕێگاوبان بكرێنەوە، ئیتر ئەگەر هەر خۆشی بەتەنیا بمێنێتەوە، وەك دز لەم و ئەو كونەوە سەر دەردێنێ و خۆی نیشان دەدات، بەلەبەرچاوگرتنی ئەو سەرنجانەی عەرز كران، دەبێ هەڵسوكەوتی غافڵ نەبین و لێی ئەرخایەن نەبین.
…. ئێستاش بەهاتنی ئەو ئەفسەرە* جەنگیە و دیداری لەگەڵ شێخ عوبەیدوڵڵا و هێنانی خەڵاتی قایممقام بۆ برا و كوڕی گەورەی هەمزاغا و ڕێپدان و پشتیوانی لەئێلی مەنگوڕ، لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە و ئەوەی تائێستا بۆ ئاژاوەی (عەبەیدوڵڵا)، كارێكی وانەكراوە، وادەردەكەوێ ئەم دەوڵەتە سەبارەت بەم كێشەیە چاوپۆشی بكات”.
له دوایین بەشی پەڕەگرافی، نامەیەكی تری میرزا نیزام حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی به مێژووی: 8ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی- (9- 3- 1881ز) بۆ ئەمینولمولك: میرزا عەلی خان – (ئەمینولدەولە) ده‌نووسێت: لە سێی ئەم مانگەدا بانگەوازنامەكانی (شێخ عوبەیدوڵڵا)م بەتەلگراف عەرزكردن و دەقی بانگەوازێكیشم بەپۆستدا بۆ ناردن، ئێستا پەیتا پەیتا هەواڵ دێت، گوایە شێخی مەلعون، خەریكی خۆسازدانە بەرەو ڕەواندز. لەم خۆ سازكردنەش مەبەستی ئەوەیە لەگەڵ ئەو خێڵانەی لەدەرەوە و ناوەوە پێوەندی بووە، ئێستا هەموویان لە گەرمیان و لەخاكی عوسمانی‌دا، دەست بدەنە دەستی یەك و دیسانەوە ببنە مایەی كارەساتێك، بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە لەم ماوەیەدا هەواڵی بۆ هەندێ لایەنگرانی خۆی لە (سڵدوز) ناردووە، تا خۆیان لە (قەرەپەپاغ) دووربخەنەوە، چونكە شێخ نیازی شۆڕشی هەیە و بۆ ئەمەش لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە ڕێگای پێدراوە”.
بێگومان ئێران و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌و هه‌وڵ و ته‌قه‌لایانه بێ ئاگانه‌بوون، به‌تایبه‌ت ئێران ده‌یویست هه‌رچی زووتره شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌ستگیر بكرێ و كۆتایی به شۆڕشی كورد بهێنرێ، له‌وباره‌یه‌وه مسته‌ر تۆمسن له 31 كانوونی دووه‌می 1881 له نامه‌یه‌كیدا بۆ ئیرل گرانڤیل ده‌ڵێت: دوێنێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران دوو بروسكه‌ی بۆ خوێندمه‌وه، كه شێخ عوبه‌یدوڵڵا به‌كرده‌وه چالاكانه خه‌ریكی خۆئاماده‌كردن و سازدان بووه، بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی كاری دوشمنكارانه له‌گه‌ڵ ئه‌م وڵاته، حكومه‌تی توركیش هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه بۆ ڕێگرتن لێی له‌كۆكردنه‌وه و سازدانی له‌شكر و كڕینی چه‌ك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. ئه‌وه گریمانێكی زۆر ده‌بێت له‌به‌هاردا هوروژمێكی نوێ له‌ناو توركیاوه بۆ ناو ئێران ڕوو بدات.
له 1ی فێبریوه‌ری 1881 چه‌ندین نامه له‌نێوان نوێنه‌رانی به‌ریتانیا و شادا ئاڵوگۆڕ كران سه‌باره‌ت به هه‌وڵی نوێی شێخ عوبه‌یدوڵڵا ده‌دوێت و مه‌ترسی ئه‌وه ده‌كه‌ن، له‌وه‌رزی به‌هاردا سه‌ر له‌نوێ ده‌ست پێبكاته‌وه، پاشان بۆ به‌رهه‌ڵستی كردنه‌وه‌شی، ئێران هه‌وڵی دڵنیاكردنه‌وه‌ی هاوكاری و دۆستایه‌تی به‌ریتانیا و ڕووسیای ده‌كرده‌وه، بۆ پشتگیری كردنی، له‌ڕاستیدا ڕووسیا و به‌ریتانیا هه‌ڵوێستێكی نه‌گۆڕیان به‌رامبه‌ر ئێران و بارودۆخه‌كه هه‌بوو. هه‌رچه‌نده شێخ عوبه‌یدوڵڵا هه‌وڵی جوڵانه‌وه‌یه‌كی نوێی دا، به‌ڵام بارودۆخه‌كه له‌بار نه‌بوو، له ڕێگرتنی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ عوبه‌یدوڵڵا پاشان ئێران و ڕووسیا و به‌ریتانیا به‌هه‌موو جۆرێك هانی عوسمانییه‌كانیان ده‌دا ڕێگا له بزوتنه‌وه‌كه‌ی شێخ بگرێت، هه‌روه‌ها هێزی عوسمانی گه‌مارۆی پردی نێوان شێخ و شاره‌كانی نێوقه‌ڵه‌مڕه‌وی عوسمانییان دابوو، بۆ ئه‌وه‌ی هیچ هاوكارییه‌كیان بۆ نه‌چێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وانیش هێزه‌كانی ئێران له‌سنووری ئێران – عوسمانی دا بوون و به‌ره‌ی خۆرهه‌ڵاتیان ته‌نیبوو، له‌به‌ره‌ی خۆرهه‌ڵاتیشه‌وه هێزه‌كانی ڕووسیا له‌ماكۆ و جوڵفا بوون بۆ دژایه‌تی كردنی ڕاپه‌ڕینه‌كه. خاڵێكی هه‌ره گرنگ بریتی بوو له تێكچوونی پێوه‌ندی نێوان خێڵه‌كانی كورد، واته نه‌مانی یه‌كێتی كوردان، ئه‌ویش له‌ڕێی داگیركردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه كوردنشینانه‌ی له‌لایه‌ن قاجاره‌كانه‌وه چه‌ندین جۆر سزادانیان به‌رامبه‌ریان ده‌گرته‌به‌ر.
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ تورك
له‌گه‌ڵ بانگه‌واز و هه‌وڵه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ دووباره جۆشدانه‌وه‌ی خه‌ڵك بۆ ڕاپه‌ڕین، بۆ ئاڵۆز نه‌بوونی بارودۆخه‌كه كاربه‌ده‌ستانی تورك ده‌یانویست شێخ به‌خۆشی بخه‌نه داوه‌وه، كه‌وتنه هاتوچۆ بۆ لای و گفتوگۆ له‌گه‌ڵیدا بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌ن بۆ ئه‌سته‌مبوڵ، هه‌وڵیاندا ڕه‌زامه‌ندی شێخ به‌ده‌ست بێنن، تا واز له شۆڕشه‌كه‌ی بێنێ، سوڵتان عه‌بدولحه‌مید نوێنه‌ری تایبه‌تی خۆی (ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری) نارده لای به‌مه‌به‌ستی قایل كردنی شێخ تا سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات، ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری جه‌نگی سوڵتان، له‌پاش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی شێخی كرد، دوای گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵا و سێ ڕۆژ له‌لای شێخ مانه‌وه، شێخ عوبه‌یدوڵڵا له‌گه‌ڵ شێخ عه‌بدولقادری كوڕی و شێخ محه‌مه‌د سه‌عید دا ناردی سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد، تا له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان و ژماره‌یه‌ك له ناودارانی ناوچه‌كه، چاویان به‌یه‌ك بكه‌وێت. بۆ ئه‌وه‌ی خواستی سه‌رۆك هۆزه‌كان بزانن بۆ پشتیوانی شێخ و دروست كردنی قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، شێخ ده‌بێ خۆشی هیوای به‌به‌ڵێنه‌كانی تورك هه‌بووبێ، چونكه به‌و بۆنه‌یه‌وه نامه‌ی بۆ كورده‌كانی سنوور و لایه‌نگران و ئاواره‌كان نووسیوه و ئاماژه‌ی به‌و بابه‌ته داوه.
له‌نامه‌یه‌كدا كه بۆ (محەمەد ئاغای ئاكۆ)ی نووسیوه، هانی داون یه‌كدڵ و یه‌كگرتووبن و تیایدا ئاگادار كراوه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تانی تره‌وه پشتیوانی له كێشه‌ی كورد كراوه و شێخ به‌هیوایه له داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌موو كاروباره‌كان به‌گوێره‌ی خواستی كورد بێت، ئینجا داوای كردووه له‌سه‌ردانی شێخ عه‌بدولقادر و شێخ محه‌مه‌د سه‌عید له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌دبه‌گی یاوه‌ر بۆ هه‌ولێر بچن كۆببنه‌وه و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، له‌و باره‌یه‌وه حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی فه‌رمانده‌ی مه‌هاباد، یه‌كێك له‌و بانگه‌وازنامانه‌ی شێخی ده‌ستكه‌وتووه و له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كی خۆیدا شای ئێرانی له‌و هه‌وڵه ئاگادار كردووه‌ته‌وه، له ڕەشنووسی دامێنی تەلگرافێكدا، لە مێژووی (3ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی) (4- 3- 1881ز) بۆ ناسره‌دین شای ناردووه، ده‌ڵێت:
نامەی ژمارە:63
لاپەڕە: 191
مێژوو: 3ی ڕەبیعی دووەمی 1298كۆچی (4- 3- 1881ز)
ڕەشنووسێكە لە دامێنی تەلگرافێكدا، لە مێژووی (3ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی) پێوەیە بۆ خۆڵی، بەرپێی موبارەك عەرز كراوە:
“لەو ڕێكەوتە چاكانەی لەكاتی تەواو كردنی ئەم نامەیەدا بووم، لەلایەن ئیبراهیم ئاغای برای خوالێخۆش بوو (گوڵاوی ئاغا)وە، كە بۆ ڕاپەڕاندنی هەندێ كار و وەرگرتنی (پێشكەشی)ی خەڵكی (سەردەشت) ناردبووم، نامەیەك گەیشت، دیارە دەبێ ئەسڵی یەكێك لەو بانگەوازانە بێ كە شێخی مەلعون، ناردوویەتی و بەدەست ئیبراهیم ئاغا كەوتووە و ئەویش هەمان نامەی بۆ ئەم گیانفیدایە ناردووە، كە ئاراستەی (محەمەد ئاغای ئاكۆ)ی كردووه، كە یەكێكە لەسەرانی عەشایری قەڵەمڕەوی عوسمانی، لەم نامەیەشەوە، ئەو گێڕانەوەی (محەمەد ئاغای مامەش) دەسەلمێ، كە پێشتریش وتبووی ڕاستە و بەمۆری خودی (شێخ عوبه‌یدوڵڵا)ەوەیە و ئەمەش دەقی نامەكەیە: ” دۆستی ڕاستگۆی پایەبەرز: محەمەد ئاغای ئاكۆ- خوا بتپارێزێ” دوای گەیاندنی سڵاوی ئەوپەڕی دۆستانە، ئەگەر لەڕووی دۆستایەتی و ڕاستیەوە، لەمن دەپرسیت، سوپاس بۆ خوا و دنیا و كاروباریش بەدڵی دڵسۆزانە، لەلایەن دەوڵەتی پایەبەرزی عوسمانیەوە، هێژا و بەختەوەر: جەنابی ئەحمەد بەگی یاوەری تایبەتی حەزرەتی موبارەكی شاهانە، بۆ هەندێ كاری تایبەتی و نهێنی هاتووە، لە هیممەتی پیرانی مەزنەوە ئەوەی مەبەست و ئاواتی ئێمە بووە، هەر ئەمەیە، لە دەوڵەتاندا عەجەمیان بە ناهەق داناوە، و هەقیان بە ئێمە داوە، بۆ ڕێنوێنی و شارەزایش، جەنابی یاوەر و هاوڕێكانی، نوری چاوان، شێخ عەبدولقادر و شێخ محەمەد سەعیدم تا ڕەواندز و هەولێر لەگەڵ دا ناردوون، بۆیە بە پێویستم زانی پێشتر ئێوەش ئاگادار بكەمەوە، تا پێشوازی و چاوپێكەوتنی ناوبراو بكەن، چونكە لە هەموو ڕوویەكەوە، ئاگاداری‌یان لە هەموو شتێكە و هەموو باسێكیان بە تەواوی بۆ شیدەكەنەوە.
بەكورتی لەلایەن دەوڵەتانەوە، كاروبار بەدڵی ئێمەیە، ئەوەندە هەیە، دەبێ خەڵكی كوردستان یەكدڵ و یەكگرتووبن، سوپاس بۆ خوا، كوردستانی قۆڵی ئەنادۆڵ، یەكدڵ و یەكگرتوون، هیوادارم لە قۆڵی عێراقیشەوە هەروابن، غیرەتی ئایین و ئیسلامیش لەدەست مەدەن، هەمیشە چاوەڕێی موژدەی سەلامەتیتانم، ئیتر بەدوعا”.
12ی ڕەبیعی یەكەمی 1298 كۆچی- (12- 2- 1881ز)
لەم بانگەوازنامەیەوە ئەوە دەسەلمێ، لەڕێگای (ئەحمەد بەگی یاوەر)ەوە لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی یەوە، دڵنیایی و پشتیوانی تەواو بە (شێخ) دراوە، ئەگینا ئەم هەر لەخۆیەوە و بێ پرس، ناتوانێ ئاوا بەئاشكرا، ئەم بانگەوازنامانە بۆ سەرانی عەشایری قەڵەمڕەوی عوسمانی و كەسانی تر و شوێنانی تر بنێرێ.
دەوڵەتی پایەبڵیندی ئێمەش، بەڵگەی لەمە چاكتری چنگ ناكەوێ، لەسەر ئەو گوێنەدانەی دەوڵەتی عوسمانی، كە نایەوێ خراپەكارییەكانی شێخ لەناوبەرێ و لەبارەی پشتیوانی كردنی نهێنی و ئاشكرای ئەو دەوڵەتەشەوە، بەڵگەی لەم بانگەوازنامە چاكتر بەدەستەونین، كە گیانفیدا بەهه‌مان نۆكەردا، كە ئەم تەلگرافنامەیەم پێدا ناردووە، هەمان ئەم بانگەوازنامەیەشم كردۆتە هاوپێچی و بەناونیشانی جەنابی وەزیری كاروباری دەرەوەشدا بۆ تەورێزم ناردووە و لە سەرۆكی پۆستەخانشم سەلماندۆتەوە، دەبێ ئەم نامەیە بەتایبەتی بە تاران، بە جەنابی وەزیری كاروباری دەرەوەش بگەیەنن و بەرچاوی ڕووناكی هومایۆنانەشدا تێپەڕبێ.
3ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی- (4- 3- 1881ز)
یه‌كێكی تر له بانگه‌وازنامه‌كانی شێخ عوبه‌یدوڵڵا كه بۆ مامه‌ند ئاغای پیرانی ناردووه، تیایدا ئاگادار كراوه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانی و ده‌وڵه‌تانی تره‌وه پشتیوانی له كێشه‌ی كورد كراوه و شێخ به‌هیوایه له داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌موو كاروباره‌كان به‌گوێره‌ی خواستی كورد بێت،(ههم‌زاغال119) هه‌ڵبه‌ت هه‌ندێك كار و ڕاسپارده‌ی نهێنی هه‌ن له‌ناو نامه‌دا جێیان نابێته‌وه و بۆ نووسین ناشێن، شێخ ئه‌و ڕاسپاردانه‌ی به‌ده‌می به‌نوێنه‌ره‌كه‌ی خۆیدا ڕاسپاردووه، تاكو بیگه‌یه‌نن به مامه‌ندئاغا و لایه‌نی پێوه‌ندیدار، بانگه‌وازنامه‌كه ده‌ست حه‌سه‌ن عه‌لی خان كه‌وتووه و ئه‌ویش له‌گه‌ڵ چه‌ندین زانیاری تر ده‌رباره‌ی هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكانی شیخ عوبه‌یدوڵڵا بۆ درێژه‌پێدانی شۆڕش، له‌گه‌ڵ نامه‌یه‌كدا له مێژووی: 10ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی (11- 3- 1881ز) ئاراسته‌ی ناسره‌دین شای قاجاری كردووه و ده‌ڵێت:
نامەی ژمارە: 64
لاپەڕە: 194
مێژوو: 10ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی (11- 3- 1881ز)
لە(3ی ڕەبیعی دووەم)دا، دەقی نامەیەكی (محەمەد ئاغای مامەش) و وێنەی نامەی (شێخ عوبەیدوڵڵا)م بەتەلگراف عەرزكردووە و ئەسڵەكەشی لە ڕێگای پۆستی تەورێزەوە، بۆ جەنابی وەزیری كاروباری دەرەوەم ناردبوو، لەم دوو ڕۆژەشدا هەندێ زانیاری تر، بەگیانفیدا گەیشتوون، بریتین لە:
یەكەم: دیسانەوە وێنەی بانگەوازنامەیەكی تری شێخ عوبەیدوڵڵایە، بۆ (مامەندئاغای پیران)**ی نووسیوە و ئەمەش دەقەكەیەتی:
“پایەبڵندی ڕاستی پیشە، مامەند ئاغا- خوابیپارێزێ”
هەمیشە هاوجووتی سەرفرازی بێوەی بیت. ئیتر ئەگەر لەڕووی خۆشەویستی پاكەوە هەواڵمان بپرسیت، سوپاس بۆ خوا، كاروبار بەدڵی دڵخوازانە، لەم ڕۆژانەدا (ئەحەمەد بەگ)ی یاوەری تایبەتی حەزرەتی سوڵتان، سەربارەت بەبڕێ كاری تایبەتی و نهێنی، تەشریفی بۆ ئێرە هێنا بوو، لەبەخشندەیی خواوە كاروبار بەدڵی دڵسۆزانە. هەموو دەوڵەتان، دەوڵەتی عەجەمیان بەتاوانبار و ناهەق داناوە و هەق بە ئێمە دراوە، هەموو دەوڵەتان نیازیان وایە كوردستان بدەنە دەست خۆمان، ئەگەر لەخەڵكی كوردستانەوە شتێك نەوەشێتەوە، كار تەواو بووە، ئەوەندە هەیە ئێمە لەسەر یەكێتیی خۆمان سوور بین و ئاوارەكان ئارامیان هەبێ و ددان بەخۆیان بگرن و بۆ لای عەجەم نەگەڕێنەوە، چونكە عەجەم گەیوەتە تەنگانە و بەقسەی پڕووپوچ و تەڵەكە، هەوڵی دڵدانەوە و ڕاكێشانی هەڵاتووەكان دەدات، دیارە تا بۆتان دەكرێ ورەیان بەرز بكەنەوە و هانیان بدەن و ئامۆژگاری هەڵاتوەكان بكەن و بڵێن ئەم هەمووە ددانتان بەخۆتاندا گرتووە، كەمێكی تریش ئارام بگرن، چونكە كاروبار بەدڵی هەمووان دەبێ، بۆیشم دەركەوتووە ئەو جەنابە، بۆ پشتیوانی و دڵنەوایی ئێوە تێدەكۆشێت. ئافەرین بۆ ئێوە. دیارە ئێوەش لە جاران زیاتر پشتیوانیان دەكەن.خوا بیەوێ پاداشتی ئێوە بەهەدەر ناچێ.
بۆ ڕێزڵێنان و بەڕێكردنی جەنابی یاوەر، نوری چاوانم: شێخ عەبدولقادر و شێخ حەمە سەعیدم تا ڕەواندز و هەولێر لەگەڵدا ناردن، بەپێویستم زانی پێشتر ئێوەش ئاگادار بكەمەوە، كە پێشوازی و دیتنی پێویستە و ئێوەش لەهەموو هەواڵێك ئاگاداربن. بڕێ كاریش هەن، لەنامەدا جێگایان نابێتەوە. ئیتر دنیا بەدڵتان دەبێت. خوا بتانپارێزێ.
دووەم: نامەیەكە مەلا محەمەدئەمین سابڵاخی، كە ئێستا خۆی لە (بانە)یە و بۆ (مەلا عەبدوڵڵا)ی برای لە سابڵاخ نووسیوە و ئەمەش دەقەكەیەتی:
” داوای دەنگوباستان كردبوو، ئەمڕۆ- كە ڕۆژی پێنج شەمە، ڕێكەوتی 3ی ئەم مانگەیە- نامەیەكی (حاجی كەریم)، بۆ برایەكی هاتووە، بۆ كاری بازرگانی لێرەیە، تیایدا نووسیویەتی: ڕۆژنامەیەكی ئینگلیسی، كە بۆ (كەریم قەرانتین) هاتبوو، ئەوەی تێدا چاپ كراوە، هەرچی كوردستانە، بە(شێخ عوبەیدوڵڵا)یان داوە، جەنابیشیان ڕازیبوون، هەموو ڕۆژێكیش سەرباز و زەخیرەیەكی زۆر بۆ (سلێمانی) دێت.
نووسیویشێتی: دەبێ (70) حەفتا تابووریش بخرێتە ژێر دەسەڵاتی شێخ عوبەیدوڵڵاوە. جگەلەمە، ئیتر هەواڵێكی تر نییە، بەڵام ئاشكرایە ئەم بەهارە، ئاژاوە و فەرتەنەیەكی گەورە، دەقەومێ، ئیتر خۆشتان سەرپشكن، پێویستی بە وتنی ئێمە و مانان نییە و خۆتان عەقڵتان هەیە.
سێیەم: لە زمانی (حاجی ئەبوبەكری ڕەواندزی)یەوە- كەجێی باوەڕە- ئەوە بیستراوە: ئەحمەد بەگی یاوەری جەنگی سوڵتان (عەبدولحەمید)، دوای ئەوەی (3) ڕۆژ لەماڵی شێخ عوبەیدوڵڵا ماوەتەوە و چەندان جار بە دوو قۆڵی، وتوێژی نهێنیان كردووە و دوای ئەوەی شێخی ئەرخایەن كردووە، ئەوسا لەگەڵ شێخ عه‌بدولقادری كوڕی شێخ و شێخ محەمەد سەعیدی برازای شێخ عوبەیدوڵڵادا، گەیشتوونەتە (ڕەواندز) و قایممقامی ئەوێ ئەوەی پێویستی ڕێز و حورمەت بووبێت، بەجێی هێناوە و لەماڵی (مستەفا بەگ) یش، ئەسپێكیان بە ڕەختی زیوەوە پێشكەش بە كوڕی شێخ كردووە.
هەر بەو جۆرە، هەمان دەستە، لەوێشەوە بەرەو (هەولێر) چوون و لەوێش بەڕێنوێنی و ئامۆژگاری (ئەحمەد بەگی یاوەر) كۆبوونەوەیەكیان بەو سەرۆك عەشایەر و جەماوەرە كردووە، كە پێشتر شێخ عوبەیدوڵڵا لە هەموو ناوچەكانەوە بانگهێشتنی كردوون و هەر لەوێش- كە ناوەندی تەلگرافخانەیە- تەلگرافێكی تێروتەسەلیان بۆ خاوەن شكۆ سوڵتان، بە سكاڵا و گازەندەوە ، بەمجۆرە كردووە:
“…بۆچی دەوڵەتی ڕووس، لایەنگیری لە كۆمەڵ و دینی خۆی، بۆ پشتیوانی لەگەلی (قەرەپه‌پاغ) و (سربستان) كردووە، كەچی ئێوە كە خەلیفەی موسڵمانانن، چۆن ڕازی دەبن، دەوڵەتی عەجەم بۆ خزمەتی مەزهەبی خۆی، خوێنی ئێمە بڕێژێ و ماڵمان تاڵان بكات و مەزهەبمان بگۆڕێ و لە نیشتمانی ڕاستەقینەی خۆشمان ئاوارەمان بكات”!؟..
ئەمە پوختەی ئەو دەنگوباس و نموونەی ئەو نامانەبوون، لەم دووسێ ڕۆژە، چنگخراون، چەند ڕۆژێكیشە هەر ئەم دەنگوباسانە، زۆر لەناو خەڵكدا بڵاون و پێویستیشە بوترێ، بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵانە، لەم سنوورانە، بەتایبەتیش لەم شارەدا، كاردانەوەی خراپی هەبێ، لەوانە: لەو ڕۆژەوەی ئەم هەواڵانە بڵاو بوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی (سەردەشت) لە نیشاندانی ملكەچییاندا بۆ دەوڵەت بیانوویان دۆزییەوە و ناو بە ناوێك ملكەچی و دانی (باج) و هاتنی خۆیان، بەبەڵێنی ئەمڕۆ و سبەینێ بەسەردەبرد، كەچی لەو ڕۆژەوەی ئەو هەواڵانە بڵاوبوونەتەوە، ئیتر لە دانی (باج)یش، خۆیان نەبان كردوو و (مامەندئاغا)ش كە بۆ وەرگرتنی (باج) بۆ ئەوێم ناردبوو، دەنگیان داوە.
بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئەم بانگەوازنامانەوە، كە بەلای زۆرەوە ڕاستن و هەر بەو جۆرەش دوو ڕۆژ لەمەوبەر عەرزم كردبوو، پێكهێنانی سەربازگەیەك لە (لاجان)، یەكجار پێویستە، تا ئەگەر لەلایەن شێخی مەلعونیشەوە، بزووتنەوەیەك ڕووبدات، ڕێگای سەرەكی و دەربازگەی ئەو، هەر (شنۆ) و (لاجان)ە، بەهەموو لێكدانەیەكیش كە هەیە، وا بەچاكتر دەزانرێ، هەتا زووتر ئەوێ قایم بكرێ، باشتر دەبێ و ئەو هێزەش بۆ ئەم مەبەستە، لەبیری ڕۆشنی ئێوەدایە، با زووتر لە (دارالخلافە- تاران) ەوە ڕووە و ئەم سنوورە بنێردرێ.
( لەدامێنی ئەم ڕاپۆرتەدا و هەر بە مێژووی سەرەوە، ئەم پەڕەگرافەش بەشێوەی چەلیبا*** نووسرابوو):
لەدوای تەواو كردنی ئەم نامەیەدا، ئەوەش عەرز دەكەم لەچەند ڕۆژی بەروودا، جاسوسێكی تایبەتم بۆ (سلێمانی) ناردبوو، لەم ساتەدا گەڕایەوە و نامەیەكی لە (مستەفا سابڵاخی) یەوە، – كەئێستا لەسلێمانییە، بۆ (قادرئاغا)هێناوە و ناوەرۆكەكەی كت و مت وەك ئەو دەنگوباسانەی سەرەوەیە، سەرباری ئەوانەش نووسیوێتی: پەیتا پەیتا لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی یەوە، هێزی سەرباز و جبەخانە، بۆ (سلێمانی) دێن، هەر لەو ڕۆژەدا (3) تابوور سەرباز بۆ ناوچەی (پشدەر) نێردراوە و لە ئەستەمبوڵیشەوە، تەلگراف گەیشتووە، كە هەموو هێزی عەرەبی عێراق خۆیان لەبەر بكەن و چەكدار بكرێن و چاوەڕێی فەرمانی تازەبن.
10ی ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی (11- 3- 1881ز)
په‌راوێزه‌كان:
* مه‌به‌ست له ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری جه‌نگی سوڵتان عه‌بدولحه‌میده، كه وه‌ك نوێنه‌ری تایبه‌تی سوڵتان هاته لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا تاڕازی بكات سه‌ردانی ئه‌سته‌مبوڵ بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سوڵتان.
** هۆزی پیران له بیتوێن نیشته‌جێن، ئه‌و كاته سه‌رۆكی هۆزه‌كه مامه‌ندئاغای پیران بوو، ناوه‌ندی هۆزه‌كه‌ش گوندی سه‌رخمه بوو له بیتوێن.
*** چەلیبا: شێوەیەكی تایبەتی خەت نووسینە، كە خۆشنووسەكان بۆ مەشق و ڕاهێنان و نموونەی خۆشنووسی خۆیان بەكاری دەهێنن، ئەمجۆرە نووسینە زۆرتر حەرف و نووسین، لەسەر یەكتر دووبارە دەكەنەوە و تێكەڵاو و پێكەڵاو دەكەن. بۆ ئاگاداری خوێنەرانیش دەبێ بڵێم كە: حەسەن عەلی خانی گەڕووسی- خاوەنی ئەم نامانە، یەكێكە لەخۆشنووسە بەناوبانگه‌كانی ئێران.
ماویه‌تی