نوری کەریم: کێ کۆماری کوردستانی روخاند؟ بەشی پێنجەم و کۆتایی.
هەرەسى کۆمارى کوردستان
موحەمەد حوسەین سەیفى قازى لە تەورێز بوو، بۆ وتووێژ لەسەر پەیمانى هاوکارى، صەدرى قازى وەک نوێنەرى کۆمار لە پەرلەمان بوو لە تاران، سەرلەشکر ئایروم، سەرگورد کیشاوەرزى هاتبوونە مەهاباد بۆ گفتوگۆ، باروودۆخ لە تەورێز و مەهاباد ئاسایى بوو، کتوپڕ باقرۆڤ بڕیارى مۆسکۆ بە پیشەوەرى دەدات (تەورێز چۆڵکەن بۆ لەشکرى ئێران، پیشەوەرى لە چەند کاتژمێرێکدا رادەکات بۆ باکۆ و لە دوواکاتەکاندا پێشەوا ئاگادار دەکات (من رۆیشتم تۆش وەرە بۆ باکۆ) پێشەوا نامەیەک بۆ بەکر حەوێزى دەنێرێت (تەورێز خیانەتى لێکرا، جەعفەر پیشەوەرى و غولام یەحیا رۆیشتن بۆ رووسیا، پەیوەندى لەگەڵ دوژمن ببڕە و یەکێک لە جێى خۆت دابنێ و بەرە و مەهاباد بگەڕێوە تا چارەیەکى وەزعى خۆمان بکەین)(99) شایانى وتنە پیشەوەرى لە دڵسۆزییەوە نەبوو پێشەواى ئاگادارکرد، ئەگەر پێشەواش وەک ئەو کلکى مۆسکۆ بووایە هەڵبەت فەرمانێکیان بۆ ئەویش دەردەکرد، چۆڵیکە و راکە! دەمەدەمى دامەزراندنى کۆمارى کوردستان، رووداوەکان چۆن تیژ تێدەپەڕین، بەر لە گرتنى مەهابادیش رووداوەکان بەهەمان خێرایى تیژ تێدەپەڕین، لە هەردوو رووداوەکەشدا کۆمارى کوردستان دامەزراندنێکى سپى و هەرەسێکى سپى بوو، خوێنى تێدا نەڕژا هەتا 31/3/1947 و لە سیدارەدانى پێشەواو هەڤاڵەکانى.
دوا بەدوواى گرتنى تەورێز لە 11/12/ 1946 دا و گەڕانەوەى دامودەزگاى شاى ئێران، فەرماندەى لە شکرى چوارى ئێران لە کوردستانى خۆرهەڵات، سەرهەنگ هۆمایۆنى 16/12/1946 بەشێوەیەکى ئاسایى بێ تەقە و هێرش و بەرگریکردن (دێتە مەهابادەوە و لە ماڵى قازى میوان دەبێت و نانى نیوەڕۆ پێکەوە دەخۆن)(100)، سەدری قازیش کە هێشتا لە تاران بوو وەک نوێنەرى مەهاباد لە پەرلەماندا، لەوێوە دەڵێت: (من لە رێکوپێکى بەڕێز لیوا هۆمایۆنى زۆر رازى و خۆشحاڵم.. بەهۆى ئەم بارودۆخەوە دانیشتوان بەخۆشیەوە خەریکى بەدەستەوەدانى چەکن)(101) رەوتى رووداوەکان ئەوە دەردەخەن پێشەواش وەک پیشەوەرى فەرمانە رەشەکەى ستالین جێبەجێدەکات، کە بۆ سەرۆک کۆمارى ئازەربایجانى سۆڤێت – باکۆى ناردووە، کە پێویستە بەپەلە تەورێز بۆ لەشکرى ئێران چۆڵبکات. بەڵام پێشەوا ئەو کارەى شەرەفمەندانە و بەوپەڕى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى و لە خۆبوردەییەوە کرد و گیانى خۆی و هەڤاڵەکانى دەکاتە قوربانى، ئەگەرچى خۆبەدەستەوەنەدان و بەرگریکردنیش ئەگەرى سەرکەوتنى هەبوو… بەڵام پێشەوا دووا بڕیارى دابوو، بارزانى مستەفا زۆر هەوڵیدا و دڵنیایکرد توواناى داکۆکیکردن و ماندووکردنى هێزەکانى دوژمنیان هەیە.. پێشەوا لەوەڵامدا دەڵێت چاک دەزانم کە حکومەتى ئێران لە سێدارەم دەدات، بەڵام من لە خۆشیدا لەگەڵ خەڵکى مەهاباد بووم ئاوا لە ناخۆشیشدا بەجێیان ناهێڵم، مردن و ژیان لەگەڵ ئەواندایە، گەر ئێستا بەجێیان بهێڵم عەشیرەتەکانى مەهاباد بەردبارانمان دەکەن، بەکوشتنى خۆم (بەمردنى خۆم. ن. ک) رازیم، نەوەک مەهاباد بەوێرانى ببینم، فەرموو با بچین بۆ خانەقاى نەهرى (مزگەوتى هەباس ئاغا) ئەگەر میللەت بیروڕاى وابوو بەجێیانبهێڵم، ئەوا مانعم نیە ئەگەر نا دەمێنمەوە تا لەشکرى ئێران دێتە مەهاباد)(102) هەڵەیەکى پێشەوا کردى ئەوە بوو هێشتا باوەڕى بە مۆسکۆی قەڵاى گەلانى چەوساوە و بەشخوراو مابوو! بەوە پشت ئەستوور بوو لەگەڵ هەریەک لە لایەنەکانى هاوکێشەکەدا جۆرە پەیوەندییەکى هەبوو، باقرۆف لە باکۆ، قەوام سەڵتەنەت و چەند وەزیرێک لە تاران و بەردەوام خۆى یا لە رێگەى حاجى بابە شێخ سەرۆک وەزیرانى کۆمارى کوردستانەوە لە زۆر شت ئاگاداریان دەکردن جگە لەمانەش هیوایەکى بە ناسیاوى و نزیکى لە شاى ئێرانەوە هەبوو کە رێزى تایبەتى لێدەگرت و ئەنگوستیلەى ئەلماسى بەخەڵات پێدابوو.
ئەم هۆیانە پێشەوایان هێنابووە سەر ئەو باوەڕەى ستالین و حەمە رەزا شا وەها رێککەوتوون هیچ لایەک زیانى پێنەگات و لە شکرى ئێران دوواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى نوێ دەگەڕێتەوە جیگاى خۆى و ئەویش بە جۆرێکى دیکە دەستەڵات وەردەگرێتەوە، ئیتر چ پێویست بە بەرگرى و خوێنرشتن دەکات، یا مەهاباد چۆڵبکات، روو زەردى نیشتمان بێت، یا ئەوەیە باوەڕى بە سۆڤێت نەمابوو، کە بەر لە مەهاباد باکۆیان فرۆشت، هاوکارى تاران هەڵدەبژێرێت بە ئاشتى و دوور لە توندوتیژى و خوێنڕشتن بگەڕێتەوە و ئەویش لە ژێر سایەى دەستەڵاتى شادا سەرپەرشتى بەڕێوەبردنى مەهاباد بکات، ئەوەى هێنابوویە سەر ئەو باوەڕەش ئەوەبوو هۆمایونى و لەشکرەکەى وەک میوان هاتنە نێو مەهابادەوە و خودى سەرلەشکر لە ماڵى پێشەوا دادەبەزێت، پێشەوا لەو نهێنییە تێنەگەیشتبوو هۆى هەڵوێستى نەرم و دۆستانەى ئێران لە نیازپاکى نییە بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ مەترسى هێزى بارزانیان کە سوور دەیزانى بەرژەوەندییەک لە وەدا نییە لەم کاتەدا لەگەڵیاندا تێکهەڵچێت، بەرنامەکەشیان ئەوەبوو هێزى بارزانیان و مەهاباد لەیەکتر دابڕن و وەک دوو کێشەى جیاواز مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن، پێشەواش بەدەستى خۆى ئەو رێگەیەى بۆ خۆشکردن کە بڕیارى مانەوە و بەرگرینەکردنى هەڵبژارد، ئەگەر چى دەبوو بەرچاوى رووناک بێت و دوواپەردەى سیناریۆکە لەوەدا ببینێت کە (سەمەدۆف) نوێنەرى سۆڤێت لەمەهاباد رۆژى پێشوتر هەڵاتبوو، ئەوەندە شپرزەبوو ئامێرى بێتەلەکەى بەجێمابوو، لەگەڵ ئەنوەر دڵسۆز و خانەوادەکانیان چووبوونە ورمێ بەونیازەى لەوێوە بچنەوە رووسیا)(104) هەربەوەدا دەبوو پێشەوا بە بڕیارى خۆیدا بچێتەوە، ئەگەر ستالین و قەوام سەڵتەنەت رێککەوتوون، نوێنەرى سۆڤێت لە مەهاباد بۆوا شپرزە دەبێت، ئاشکرایە ئەو ماستە موویەکى تێدایە، بەڵام نەک موویەک، ئەو گوریسەى تێدا بوو کردیانە ملى پێشەوا و سەیفى قازى و ێەدرى قازى و هەڤاڵەکانیان، سەرۆک وەزیرانى ئێرانیش قەوام سەڵتەنەت کلاوى کردە سەر ستالین و دوواى ئەوەى بە نووکە قەڵەمێک هەردوو کۆمارى ئازەر و کوردستانى ناچارى خۆبەدەستەوەدانکرد و ئاو بەئاگردا کرا، قەوام دەست لە وەزارەت دەکێشێتەوە و وەزارەتێکى نوێ دامەزرا ونەچووە ژێر بەڵێنەکانى قەوام سەڵتەنەت کەدابووى بە ستالین و مافى بەرهەمهێنانى نەوتى ئێرانیشیان دایە بەریتانیا و ئەمەریکا و ستالینیش لە هەردوو جەژنەکە بوو.
پەراوێزەکان :
تێبینی : ئەم وتارە گوڵبژێرێکی بەشی 8 بەرگی 3 ی کتێبی پانۆرامای دیرۆکی کوردە ، بەهۆی ئەو گوڵبژێری یەوە ژێدەرەکان بەرو دوا کەوتون.
50- هەژاری موکریانی،پێشەکی شەرەفنامە،چاپی کوردی.هەروەها بڕوانە شەوکەت شێخ یەزدین،بارزانی لەمەهابادەوە بۆ ئاراس.لا/462 -464
54- نەجەف قولى، لەمەهابادى خوێناوییەوە، وەرگێڕانى شەوکەت شێخ یەزدین – هەولێر (200 ل /201).
56- هەمان سەرچاوە ل/193.
57- هەمان سەرچاوە ل/194 – 195.
60- هەمان سەرچاوە ل/195 – 196 .
59- نەجەف قولى ل/12.
61- سەددام حسەین 1980 یەکلایەنە ئەو پەیمانەى هەڵوەشاندەوە.
62- نەجەف قولى، هەمان سەرچاوەى پێشوو ل/210.
63- شەوکەت شێخ یەزدین، بارزانى لە مەهابادەوە.. لە فارسییەوە گۆڕیوێتى، هەولێر 2001 ل/ 223 – 224.
65- هەندێک سەرچاوە 17/12/1945 و شەوکەت شێخ یەزدینیش دەڵێت 14/12/1944!.
67- عوسمان دانش کورد پەروەرێکى خەڵکى سلێمانییە و براى کاکە رەشیدى موختارى قسە خۆش و باوکى هونەرمەندى شانۆکار و سینەماى کوردى کامەران. ووشەى دانش واتا کەسێکى دانا.
68- بەکر حەوێزى، هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /18.
70- هەمان سەرچاوەى پێشوو ل198 لە رۆژنامەى کوردستان زمانحاڵى حدکا ژمارە/14. رۆژى 24/11/1324 هەتاوى وەریگرتووە.
71- نەجەف قولى، هەمان سەرچاوەى پێشوو، ل /198.
47 – بەکر عەبدولکەریم حەوێزى لە یادداشتەکانیدا دەڵێت نوورى ئەحمەد تەها مولازمى یەکەم بوو.
48- شەمزینى عەزیز، دکتۆر ل/12.
72- شەمزینى، هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /43-44.
97- تەفرەشیان، هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /90.
98- هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /296.
99- بەکر حەوێزى، هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /90.
100- نەجەف قولى، هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /202.
101- هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /هەمان لاپەڕە.
102- بەکر حەوێزى، هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /91-92.
104- هەمان سەرچاوەى پێشوو ل /هەمان لاپەڕە.