هۆشیارجەمال: عێراق نیشتمانی سەرۆکە کوژراوەکان لە پێش زاینەوە تا ساڵی 2003 .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕەنگە کەس گومانی لەوە نەبێت ئەم زەمینەی لە ئێستادا ئیراقی پێدە گوترێت، کە پێشتر بە ناوی جیاجیاوە دەناسرا، وەک (وڵاتی نێوان دوو ڕوبار و دۆڵی فورات و میزۆپۆتامیا) یەکێکە لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتەکانی نێو کیشوەرەکانی جیهان لە بەرهەم هێنانی شارستانیەتی جۆراو جۆردا، کە هەریەک لەو شارستانیەتانە لەقۆناغی جیادا لەبەشێکی ئەم خاکەدا بنیاد نراون، لەنموونەی شارستانیەتی سۆمەری و ئەکەدی و گۆتی و بابلی و کلدانی ئاشوری و ساسانی و ئیسلامی و… هتد.
دیارە هەریەکەیان بە ئاست و قەبارەی جیاجیا پشکیان هەبووە لە داهێنان و نەخشاندن و دەستکەوتەکانی نێو مێژووی مرۆڤایەتی، بەڵام شارستانیەتەکانی عێراق لە سەرجەم قۆناغەکاندا بریتی نین لە داهینان و دەستکەوتو دۆزینەوە، بەڵکو بەشێکی مێژووی ئەم خاک و خەڵك و شارستانیەتانە پرن لە دیاردەی قێزەون و کلتوری کوشتن و تۆقاندن و تیرۆر وێران کاریی تا ئەو ئەندازەی خودی پاشاو خەلیفە و والی و سوڵتان و سەرۆکەکانیش بوونەتە قوربانی ململانێ و جەنگی نێوخۆی.
مێژووی کوشتنی پاشاو سەرۆکە کوژاوەکانی عێراق لە پێش زاینەوە دەست پیدەکات، کە یەکەم پاشا ناوی “لوکاک زاکیری” یە. کە ماوەی 25 ساڵ فەرمانڕەوا بووە، سەرئەنجام ئەم پادشایە لەلایەن پادشایەکی ئەکەدیەوە دەکوژرێت و کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی دەهێنرێت، بەمەش سەردەمێکی نوێ لەفەرمانڕەوایەتی سەرجۆنی ئەکەدی لە عێراقی کۆن دەست پێدەکات.

شا ڕیمۆش
ئەم پاشایە توانی کۆنترۆلی دەوروبەری وڵاتی بابل و پاشان شاری (ئاکاد)ی کرد بە پایتەخت و ناوی خۆیانا پاشای ئەکەد، دواتر پەلامارەکانی بۆسەر وڵاتانی تر دەست پێدەکات، وەتوانی ناوچەی ئیبلا لەسوریا داگیر بکات و پاشان هێرشەکانی بۆسەر چیاکانی ئۆرۆس و خاکی ئیلام دەست پێبکات، بەمەش توانی ئیمراتۆرێتێکی گەورە بنیاد بنێت، بەڵام هەندێک ئامار باس لەوەدەکەن کە لە سەردەمی ئەم پاشایەدا 17 هەزار کەس لەکاتی حکومرانی ئەمدا کوژراون و بگرە ژمارەیەکی زۆر دیلیان هەبووەو بە شێکیان دەکوژرێن، سەرەڕای تاڵان و ڕاو ڕوتێکی زۆر، وەک زانراوە ئەم پاشایە سڵی لەکوشتن نەکردۆتەوە، بۆنموونە تەنها لە پەلامارەکانیدا بۆسەری پاشماوەی سۆمەریەکان 5700 کەسی لێ بەدیل گرتوون و کوشتونی، سەرئەنجام ئەم پاشایە لە کۆشکەکەی خۆیدا کوژراوە، کە زۆربەی ئاماژەکان بۆئەوە دەچن لەلایەن براکەیەوە کوژراوە.

منیشتوسو
ئەم پاشایە ماوەی 15 ساڵ فەرمانڕەوایەتی دەکات، ئەو راپەرینانەی پێشتر بوونی هەبوو لە عیراق ڕووبەڕی ئەمیش دەبێتەوە، بەڵام بەزەبری هێز دایمرکاندۆتەوە، بەپیی زانیارەکان کۆتایی ئەم پاشایە، لەناو کۆشکەکەی خۆیدا کوژراوە، ئاماژەیە بە بوونی پیلانێکی ناوخۆیی دەدەن، چونکە نە لەدەرەوە و نە لەمیدانی جەنگدا نەکوژراوە.

شا نعمانی کوڕی المونزیر
هەندێک لە سەرچاوەکان دەڵێن سەردەمی ئەم شایە سەردەمێکی پر لە ئارامی و ئاشتەوای بووە، هەندێکیش بە پێچەوانەوە دەڵێن سەردەمی حکومڕانیەکەی پڕ بووە لە توندو تیژی و کوشت و کوشتار، سەبارەت بەکوشتنی ئەم شایە چەندین چیرۆک دەگوترێ، بەڵام ئەوەش زانراوە شا نعمان لە لایەن کیسراوە دەستگیر کراوەو بە دیلی دەبرێتەوە پایتەخت و لەوێ دەیکوژن.
جگە لەم پادشایانە چەندین پادشای تر لە پێش زاین لەعێراق حوکمیان کردووە یان کوژراون یان خۆیان کوشتوە، کە بریتین لە (شا ئەبین سین، شا ئەو توحیکال، شا شرکلی شری، شا سیلی ادد، شا ڕیم سین، شا یەخدون لیم، شا توکولتی، شا شاروکینی، شا سەرجوونی دووەم، شا سەنحاریب، شا شمش شمکوکین، شا ئەمیل مەردوخ، شا نەرجال، شا، المنز بن ماء، شا عومەری کوڕی هیند).
ئەم شەپۆلی کوشتن و خوێن ڕشتنە بەردەوامبووە لە هاتنی ئیسلامەوە تا سالی  1258 چەندین پاشای تر کوژران. کە بە شەهیدکردنی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبی نالیب دەست پێدەکات، کە لەدوای ئەوەی خەواریجەکان لەدژی ئیمامی عەلی و معاویە وەستاون، سەرئەنجام بەڕێگای پیلانێکەوە کار بۆ تیرۆکردنی هەریەک لە ئیمامی عەلی و معاویە و عەمری کوڕی عاس دەکەن بۆ جێبەجی کردنی ئەم پیلانەش سێ کەس تەرخان دەکەن کەچی ئەرکی تیرۆکردنی عەمری کوڕی عاس شکس دەهێنێت، بەڵام ئەوەی کەبۆ تیرۆرکردنی ئیمامی عەلی تەرخان کرابوو سەرکەوتوودەبێت و ئیمامی عەلی شەهید دەکرێت.
ئیمامی حەسەنی کوڕی ئیمامی عەلی، کە دەسەڵاتی گرتە دەست لە ڕیگای پلانێکەوە شەهید دەکرێت، کە زۆربەی سەرچاوەکان چیرۆکی لەناوبردنی ناوبراو دەگەڕینەوە بۆ ئەوەی معاوەیە لە ڕیگای پێدانیدەست کەوت و چەند بەڵینێکەوە بۆ (جعدە بنت الاشض) ی خیزانی ئیمامی حەسەن، بەفیتی معاویە دەرمان خواردکراوە پاشان دوای ماوەیەک ئیمام بەو هۆکارە دەمرێت و سەردەنێتەوە.

خەلیفە ئەلئەمین کوڕی هارون رەشید
ئەم خەلیفەیە دەسەڵات دەگرێتە دەست لەهەنگاوی یەکەم دابە فەرمانێک لە (المائون)ی برای دەکاتە والی خۆراسان و دەوروبەری، بەڵام دواتر ناکۆکی و ململانێی توند دەکەوێتە نێوان هەردوو براوە، تا ئەو ئاستەی شە ڕ و خوێن ڕشتنی لێدەکەوێتەوە، کە بەرئەنجام ئەمین دەکوژریت و لەکۆماوی خوێندا سەردەنێەوە.

خەلیفە ئەلموستە نجد
وەک دەگێرنەوە ئەم خەلیفەیە یەکێک لە کارە قێزەونەکانی قرکردن و کوشتنی خەڵکی شاری حلە بووە، کەسوپای ناردە سەر شارەکە و زیاتر لە 4000 هەزار کەسی کوشت، دواجار خەلیفە توشی نە خۆشی دەبێت و چواردەورەکەی پلان دادەنێت بۆ کوشتنی لە ڕێگای پزیشکەوە، کە پلانەکە بەم شێوەیە دەبێت کە پزیشکەکە ئامۆژگاری خەلیفە دەکات کە بۆماوەیەک لە گەرماوێکدا بمێنێتەوە، کاتێک خەلیفە ئەم پێشنیارە ڕەت دەکاتەوە، بڕیار دەدەن بە زۆر بیکەنە گەرماوەکەوە و دەرگاکانی لێ دابخەن، پاش ماوەیەک مانەوە بەهۆی بەرزی پلەی گەرمیەوە گیان لەدەست دەدات. جگە لەم خەلیفانە زۆربەی خەلیفەکانی تری ئەو کات کوژارون یان خۆیان کوشتوە وەک ( خەلیفە ئەلموستەعیسم،خلیفە ئەلراشد، خەلیفە ئەلموستەرەشید، خەلیفە عبدوللەی کوڕی موعتەز، خەلیفە ئەلموقتەدر، خەلیفە ئەلموعتەمەد، خەلیفە ئەلموهتەدی، خەلیفە ئەلموعتەز، خەلیفە ئەلموستەعین، خەلیفە ئەلمونتەسیر، خەلیفە ئەلمتەوەکیل).
ئەم شەپۆلی کوشتن و خوێن ڕشتنەی هاوڵاتیانی عێراق و پاشاکان و خەلیفەکان هەر بەردەوامی هەیە لە ساڵانی 1258 بۆ 1921 بەردەوام بوو کە چەندین پاشای تر کوژراون. و لەدوای کەوتنی دەوڵەتی عەباسی لەسەر دەستی مە‌غۆلەکان ئیتر وەک وڵاتێکی یەکگرتوو بوونی نەما، دواتر کوشتو کوشتاریکی زۆر ڕوویدا بەتایبەت لە بەغداد و هەندێک شار و شارۆچکەی تر و یەکەم سەرکردەی ئەم قۆناغە کە دەکوژرێت ” عەلائەدین ئەلجوینی”یە کە لە خانەوادەیەکی ئیرانی لە دایک بووە و شارەزایەکی باشی لە بواری ئەدەب و بەڕێوەبەردندا، دواجار ئەم سەرکردەیە لەکاتی چون بۆمزگەوت بە چەقۆ دەکوژرێت .

سوڵتان ئەحمەد
ئەم سوڵتانە لەسەرەتادا هەندێک چاکسازی و گۆڕانکاری بکات، بەڵام هەر لەناوخۆی وڵاتدا ڕێگری بۆ ئەم هەوڵانەی دروست بوو، چونکە فەرماندە و پلەدارە عەسکەریەکان ڕێگربوون لە چاکسازیانە و لەدوای دروستبوونی شەڕو ئاژاوە سوڵتان ئەحمەد دەکوژرێت.

قازی زادە عەلی پاشا
ئەم پاشایە دووجار حوکمی بەغدادی کردوە یەکەم جار لە سالی 998ک و دواتر لەکار دەخرێت و چەند پۆستیکی تری پێ دەدرێت و پاشان بۆجاری دووم دەبێتەوە حاکمی بغداد ودواتر لە ساڵی 1031 ک دەکوژرێت.

جەمال پاشا
ئەم پاشایە بە ڕەچەڵەک کوردە، دوای گەیشتنی بە دەسەڵات سەردانی چەندین پرۆژە دەکات و چەند گۆرانکاریەک دەکات لەساڵی 1922 ئامادەی دانانی بەردی بناغەی هیڵی شەمەندەفەردەبێت، ئەم پاشایە لای نەتەوەی عەرەب بە خوێنڕێژ ناسراوە، لەکۆتاییدا هەردووکورەکەی و خۆی دەکوژرێن.
ئەمە جگە لە چەندین پاشای تر کە لەم سەردەمەدا کوژراون وەک (شا سالح، فۆلازی کوڕی ئیسان، جیهان شا، بیر بۆداق، خەلیلی کوڕی حەسەن، ئیبراهیم خان، زولفیقار، ڕۆستەمی کوری مەسقود ، محەمەدی کوری یوسف، موراد بەگ، یوسف پاشا، بەکر سۆباشی، دەلی حوسێن پاشا، سەمین موسا پاشا، مستەفا پاشا، سلێمان پاشا، نازم پاشا).
لەدوای کۆتایی هاتنی جەنگی یەکەمی جیهان و روخاندنی دەوڵەتی عوسمانی و پێکهێنانی دەوڵەتی عێراق و دیاری کردنی سنوری، کە وا ئیستا دەگاتە نزیکی سەد ساڵ و دوو جۆر سیستەمی حکومڕانی بوونی هەبووە سیستەمی پاشایەتی و سیستەمی کۆماری، کە لەسەردەمی پاشایەتی دا سێ پاشا حکومی کردوە، وەک شافەیسەڵی یەکەم گومان هەیە کوژرابێت و شا غازی گومان هەیە کوژرابێت، بەڵام شافەیسەڵی دووەم لەساڵی  1958 لەسەردەستی ئەفسەرە ئازادیخوازەکان بە سەرپەرشتی عبدولکەریم قاسم خۆی و زۆربەی خێزانەکەی کوژران.

عبدولکەریم قاسم
یەکەم سەرۆکی سیستەمی کۆماریە، کە حوکمی عێراقی کردوە، هاوڵاتیانی ئەو سەردەمە شاهیدی ئەوە دەدەن کەسەردەمێکی زێرین بووە و عێراق لە قۆناغێکی نوێدابووە، بەڵام دواتر و لەساڵی 1963 لەسەر دەستی بەعسیەکان کوژرا و پاشان عبدولسەلام عارف بووە سەرۆک کۆماری عێراق و گومان لەجۆری مردنەکەی دەکرێت، کە لەکاتی سەردانی بۆشاری بەسرە بە مەبەستی بەسەرکردنەوەی چەند پڕۆژەیەک، بەڵام فرۆکەکەی لە ئاسماندا بەشێوەیەکی گومان دەکەوێتە خوارەوە.

سەدام حوسێن
یەکێکە لە دیکتاتۆرترین سەرۆکەکانی عێراق، کە بەرپرسە لەکوشتنی هەزاران کەسی وڵاتەکەی خۆی بەتایبەت هەردوو نەتەوەی کورد و عەرەبی شیعە جگە لەجەنگی هەشت ساڵەی لە گەڵ ئیران و هێرش بۆسەر کوەیت، دواجار لەسالی 2003 لەلایەن ئەمریکاوە روخینرا، و پاشان لەسالی 2006 لەسێدارەدا. ئەم سەرۆک و پاشا خەلیفانەی لە عێراق حوکمیان کردوە دواجار دوای خۆیان وڵاتێکی پر لەشەر و نیمچە ئاشوب جەنگی بەردوامیان بە جێهێشت.
تێبنی/ بۆ ئامادەکردنی ئەم بابەتە سود لە کتێبی عێراق… نیشتمانی پاشا و سەرۆکە کوژراوەکان حەسەن بارام بینراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت