سەرکۆ یونس: بازاڕ و ڕەمەزان و کۆرۆنا.
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکەو جیهان بەبارودۆخێکی ناسروشتی و دەگمەندا تێ ئەپەڕن کە دەتوانین بلێن تا ئێستا بەم شێوەیە نەبووە و رووی نەداوە.
سەرهەڵدان و بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە ئابوری جیهانی توشی گەورەترین داڕمان و شکست کردوە بەرهەمهێنان تا نزمترین ئاست دابەزیوە بەتایبەت لەکەرتی پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار.
لەلایەکی ترەوە سەرەڕای لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئابوری هەرێم و نەدانی مووچە و دواکەوتنی لەوادەی خۆی و دابەزینی نرخی بەرمیلی نەوت بۆ ( 20 )دۆلار و کەمبونەوەی داهاتی ناوخۆیی هەرێم بەهۆی ڕاگرتنی دەوامی فەرمی فەرمانگەکانی حکومەت و قەدەغەی هاتوچۆی نێوان شارەکانی کوردستان و بەرتەسکبونەوەی جموجوڵی بازرگانی و هاتوچۆی بازارەکان هەموو ئەمانە کاریگەری نێگەتیڤی خستوەتە سەر شانی حکومەت و هاوڵاتیانەوە بەگشتی مووچەخۆران بەتایبەتی وا مانگی ( 4 ) ی ساڵی دارایی( 2020 ) لەکۆتاییەکەیدایە و هێشتا مووچەی مانگی یەکی موچەخۆرانی هەرێم نەدراوە و هەواڵی دڵخۆشکەریش بوونی نی یە!
بەم بارودۆخەوە هاونیشتیمانیانی بێ پارەی هەرێم چوونە مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە کە بەداخەوە هاتنی ئەمساڵی ڕەمەزان بێ پێشەکی و بێ پێشوازی موسڵمانان و بەبێ نازی دەنگ وسەدای منارەی مزگەوتەکانی کوردستان گەشت پێمان و ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات ئەوا ئەمساڵ ڕەمەزانێکی وشک و بێ جووڵە و جەژنێکی سادە و بێ ناز بەڕێ دەکەین… بەسەیرکردنێکی رۆژانەی بازاڕ لەم ڕەمەزانەدا تێبینی ئەکەین ئەو گەرموگوڕیی و بازاڕگەرمی جارانی پێوە دیار نی یە و تەنانەت جیاوازترە لەرەمەزانی ساڵانی قەیرانی دارایی و نیومووچە.سیما و ڕوخساری هاونیشتیمانیان و کڕیارانی بە ڕۆژوی مانگی ڕەمەزان ساردوسڕن و دەیان نیشانەی نائومێدیان لێ ئەخوێنرێتەوە و دەیان گرفتی دارایی و قەرزو کێشەی کۆمەڵایەتیان پێوە دیارە کە ئاگر لە دڵ و دەروونی مرۆڤ هەڵئەگیرسێنێت..!
ئابوری وبازاڕ لە ڕەمەزاندا تایبەتمەندی خۆی هەیە هەر لە جموجوڵ و گەرموگوڕی بازاڕەکان و هاتو هاواری دەمەوئێوارانی فروشیاران شێوازێکی تایبەت دەبەخشێت بە ژیانی ڕۆژانە و خواستی بەکاربەران لەم مانگەدا پێچەوانەی یاسای تایبەت بەخواست دەجوڵێتەوە و بەڵام بەم بارودۆخەوە ناتوانرێت ئامانجەکانی فرۆشیاران و بازرگانان بهێنتە دی.
لەڕاستیدا بارودۆخی ئابوری ودارایی دانیشتوانی هەرێم لەوپەڕی خراپیدایە و تا بێت بارو گوزەرانی هاونیشتیمانیان بەرەو خراپتریش دەڕوات و هیچ دەڵاقەیەکی ئومێدبەخش بوونی نی یە و حکومەتی هەرێمیش تا ئێستا بێ باک و بێ دەستەڵات سەیری بارودۆخەکە دەکات و چاوەڕێ ی کۆمەکی خێرۆمەندان و دەوڵەمەندەکانی هەرێمن کە باری سەر شانی حکومەت سووک بکەن و بەسامانەکانیان جموجوڵێک بدەن بە بازاڕەکان.
جێگای دەستخۆشی و سوپاس کردنی هەموو ئەو بەڕێزانەی لەم کاتەدا سفرەی بەتاڵی ماڵێکی هەژاری ئەم هەرێمە پڕ دەکەنەوە و دەستگیرۆیی کەمئەندامان و هەژاران و بێ نەوایان و ئاوارەکان دەکەن ئەم هەڵوێستەیان جێگای ڕێزوتەقدیرە…
ئومێدەوارین لەزووترین کاتدا حکومەتی هەرێم بەجدی کار بکات بۆ ڕزگار بوون لەم بارودۆخە چونکە چیتر هاونیشتمانیان و مووچەخۆران و کەمئەمدامان ناتوانن بەرگەی ئەم بارودۆخە بگرن .
پێمان وایە باشترین هەنگاو کە لەم کاتەدا حکومەتی هەڕێم پێ ی هەستێت بەزووترین کات رێکەوتنە لەگەڵ ناوەند و ڕادەست کردنی مەلەفی نەوتە بەحکومەتی فیدڕاڵی و هەوڵ بدرێت غازی کوردستان لەڕێگەی بەغداوە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت چونکە لەم کاتەدا نرخی نەوت لەنزمترین ئاستدایە و خواستی جیهانی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە کەمبووەتەوە و داواکاری بۆ نەوت لەپاشەکشێدایە واباشترە بیر لەسەرچاوەی تری ووزە بکرێتەوە، کە غازە و هەرێمی کوردستان لەم سامانە دەوڵەمەندە وخواستی لەسەرە و نرخیشی بەرزە.
هەروەها لەئێستادا باشترین دەرفەتە بۆ گەشەپێدان و برەوسەندنی کەرتی کشتوكاڵ بەسەرجەم سێکتەرەکانی بەروبومی دانەوێڵە و میوە وبەروبومی سەوزە و سامانی ئاژەڵ وماسی ومریشک، بەپێشخستنی ئەم کەرتە ئابوری هەرێم لە هاوردەنی بەروبومی کشتوکاڵی تاڕادەیەک رزگاری دەبێت و خۆژێنی بۆ دروست ئەبێت و دەبێتە هۆی ڕەخساندنی هەلی کار بۆ ڕێژەیەک لە دەستی کاری بێکاری هەرێم ..
هەروەها گرنگی دان بەکەرتەکانی پیشەسازی و گەشتوگوزارو بازرگانی بەهەمان شێوە ڕێگاچارەی ڕزگارکردنی ئابوری هەرێمن ئەگەر گرنگیان پێ بدرێت و بەپلان و کەسانی شارەزاو دەستپاک بسپێرێن..
- بابەتەکانی تری سەرکۆ یونس
سەرکۆ یونس: پارەو بێ پارەیی.
-سەرکۆ یونس: ووردە سەرنج، لەسەر بڕیاری ڕاگرتنی هەندێ لەباجەکان.
-سەرکۆ یونس: بڕوانامە، یان مەعریفە.
- All Posts