بورهان شێخ ڕەئوف: داعش لە بەردەرگاى ماڵەکانمانەوە بۆ سەربانى ماڵەکان.
ساڵى 2014 ئەو کاتەى داعش موسڵیان داگیر کرد و دواتر سێ یەکى خاکى عێراقیشیان بەهەمان دەرد برد، هێشتا پەلامارى مەخموریان نەدابوو، من هەرزوو هەستم بە مەترسیەکە کرد وتارێکى خێرام نووسى و، ئەو کات لە ماڵپەڕى ئاوێنە بڵاوکرایەوە بە ناونیشانى داعش لە بەردەرگاى ماڵەکانمان. وائێستاش جارێکى دى داعش جموجووڵەکانیان بە ئاشکرا دەبینرێت بۆیە ئەگەر جارى پێشوو هاتنە بەر دەرگاى ماڵمان ئەمجارە ئەگەر هەنگاوى خێرا نەنرێت دوورنیە هەڵنەکوتنە سەر سەربانى ماڵەکانمان.
مەترسیەکە لە چییەوە سەرچاوەى گرتووە؟
1. هاتنەوەى ئەمیرەتازەکەى دەوڵەتى ئیسلامى لە عێراق و شام (ئەبو ئیبراهیم قرشى ) و زۆرێک لە سەرکردە مەیدانیەکانى ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستیە بۆ عێراق و نیشتەجێ بوونیان لەم وڵاتە.
2. هێرش و پەلامارەکانى چەند ڕۆژى ڕابردووى داعش بۆ سەر هێزە ئەمنیەکانى عێراق و بە ئامانج گرتنى ئەفسەرو پلەدارەکان ئاماژەى مەترسیدارن و شەقام و خەڵکى عێراقیان نیگەران کردووە.
3. کەڵک وەرگرتن بە سەرقاڵى دەوڵەت و هێزە ئەمنیەکان بە بەرنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆرۆنا و پەلاماردانى دامودەزگاکانى حکومەت بە تایبەتى لە پارێزگاکانى دیالەو سەلاحەدین و کەرکوک.
4. سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەبو ئیبراهیم قرشى و سەرکردە پلە یەکەکانى داعش لە عێراق خەریکى خۆ ڕێکخستنەوەو کۆکردنەوە و هەموو شانە نووستووەکان و ئەوانەى کە دابڕاون و شیرازەى ڕێکخستنیان تێکچووە و گرێدانەوەیان بەیەکەوە بۆ هێرش و پەلامارى نوێ.
ستراتیجیەتى نوێ ى داعش
سەرچاوە کانى هەواڵى نزیک لەو ڕەوتە تیرۆریستیە باس لەوە دەکەن کە دەوڵەتى ئیسلامى کە بە قورسایى خۆى گواستۆتەوە بۆ عێراق و بە تایبەتى ناوچە جێناکۆکەکانى کوردستان هەر لە ئەبو ئیبراهیم قرشى، کە ئەمیرى دەوڵەتەکەیە دواى کوژرانى ئەبوبەکر بەغدادى موبایەعەیان کردووە و عەبدوڵا قەرداش، کە تورکمانەو خەڵکى تەلعەفەرەو موحومەد سەعید مەولا کە لە سەر لیستى تیرۆرى ئەمریکا داواکراوە سترتیجیەتیەکى نوێ یان داڕشتووە بۆ تێکدانى بارودۆخى عێراق بە هەرێمیشەوە کە خۆى لە چوار خاڵدا دەبینێتەوە:
1. شەڕو ڕووبەڕوو بوونەوەى ڕاستەوخۆ لە گەڵ سوپاو هێزە ئەمنیەکان
2. کشانەوەى هێزەکان بۆ شوێنى شەڕەکان.
3. دانانى کەمین.
4. شەڕ لە دوورەوە.
هەربۆیە لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئەو پلانەیان جێ بەجێکردووە لە چەند شوێنێکى جیاوزدا زیانیان بە هێزەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانیش گەیاندووە.
چیاى قەرەچووغ و ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى هەرێم
ئەو مەترسیەى، کە ڕووبەڕووى هەرێمى کوردستان دەبێتەوە ئەوەیە، کە هێزەکانى داعش لەو ناوچانە جێگیر بوون و لاوازى سوپاى عێراق و هێزە ئەمنیەکان و نەبوونى هێزى پێشمەرگە لەو ناوچانە هەڕەشەى جدى و گەورەن بۆ سەر ئایندەى هەرێم و هەموو خەڵکى کورد لەو ناوچانە، کە بەر شاڵاوى جینۆسایدى وەکو ئەوەى شەنگال و ئێزدیەکان بکەون.
ئەوەى زۆر مەترسیدارە چیاى قەرەچووغە کە ناوچەیەکى دوورە دەست و سەخت و عاسیە و پڕییەتى لە کون و ئەشکەوت و تونێلى جۆراو جۆر کە بە ئاسانى کۆنترۆڵ ناکرێت.
لە لایەکى ترەوە هەرچەندە گەیاندنى کۆمەک و خواردەمەنى لە ڕووى لۆجستیەوە کارێکى ئاسان نیە بۆ داعش، بەڵام لە ڕێگەى قاچاغ و پێدانى پارەو دارایى زۆر دەتوانێت پێداویستیەکانى دابین بکات.
چۆنیەتى بەرەنگاربوونەوەى داعش
بۆ کۆتایى هێنان بە پاشماوەکانى داعش پێویستە پلانێکى سەربازى و سیاسى پتەو و هاوبەش لە نێوان سوپاو هێزە ئەمنیەکانى عێراق و هێزى پێشمەرگە دابنرێت بە پشتیوانى هاوپەیمانى نێو دەوڵەتى دژى داعش کە ئێستا چالاکیەکانیان هەڵپەساردووە، جگە لە پلانێکى سیاسى کە چارەسەرى هەموو کیچشەکانى عێراق بکات لە لایەن کابینەى نوێیەوە ئەگەر پێکهێنرا بە سەرۆکایەتى کازمى بۆ ناوچە سوونیەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ حاڵى خۆیان و جێبەجێ کردنى مادەى 140 ى دەستوور و گێڕانەوى هاوسەنگى بۆ وڵات و دوورکەوتنەوە لە حوکمى تائیفی.
لە کۆتایدا دەگەینە ئەو ئەنجامەى کە ئەم کێشەو قەیرانانەى عێراق هێندەى سیاسیە سەربازى نیە و پێویستى بە چارەسەرى یەکجارى و حەکیمانە هەیە و هەموو ئەزموونەکان ئەوەیان بۆ سەلماندین بە سڕینەوەو پەراوێزخستن هیچ پێکهاتەو نەتەوەو ئتنیکێک کۆتایى نایەت.