ڕه‌سوڵ بۆسكێنی: ڕۆڵی باشووری كوردستان لە ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهریدا/ به‌شی ده‌یه‌م.
كۆبونه‌وه‌ی ئه‌حمه‌دبه‌گ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان له هه‌ولێر
دوای ئه‌وه‌ی سوڵتان عه‌بدولحه‌مید ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری بۆ گفتوگۆ یان ڕاستتر بۆ ده‌داوخستنی شێخ نارده نه‌هری بۆ لای شێخ عوبه‌یدوڵڵا و ئه‌حمه‌د به‌گ ماوه‌ی سێ ڕۆژ له‌گه‌ڵ شێخ عوبه‌یدوڵڵا كۆده‌بێته‌وه ده‌رباره‌ی كاروباره‌كان گفتوگۆ ده‌كه‌ن، شێخ به‌نیازی ئه‌وه‌ی كاروباری كوردستان بده‌نه ده‌ست خۆیان و ئه‌حمه‌د به‌گیش به مه‌به‌ستی ڕازی كردنی شێخ بۆ ڕۆیشتن بۆ ئه‌سته‌مبوڵ و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و تێكدانی ڕاپه‌ڕینه‌كه، شێخ عوبه‌یدوڵڵا شێخ عه‌بدولقادری كوڕی و شێخ محه‌مه‌د سه‌عید له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ر ده‌نێرێت بۆ ڕه‌واندز به مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان، ده‌رباره‌ی دروست كردنی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ، دواتر ده‌چن بۆ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ زۆرێك له سه‌رۆك عه‌شایره‌كانی باشووری كوردستان كۆده‌بنه‌وه.
ده‌رباره‌ی چوونی ئه‌حمه‌د به‌گ و شێخ عه‌بدولقادر و شێخ محه‌مه‌د سه‌عید بۆ هه‌ولێر به مه‌به‌ستی چاوپێكه‌وتن و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان، هه‌موو ئه‌م زانیاریانه له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی له دوو نامه‌دا به مێژووی: 18ی ڕەبیعی دووەمی 1298كۆچی (19-3- 1881ز) بۆ عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام ناردووه، وادیاره له ئه‌مه وه‌ڵامی نامه‌یه‌كدا بۆی نووسیوه، له‌و زانیاری و ده‌نگوباسانه‌ی دڵنیا كردووه‌ته‌وه، له‌به‌شێكی نامه‌كه‌دا ده‌ڵێت:
نامەی ژمارە :89
(بەشێك لەنامەكە)
لاپەڕە: 253
مێژوو: 18ی ڕەبیعی دووەمی 1298كۆچی (19-3- 1881ز)
بۆ عەلائولدەولە: ئەمیرنیزان
” نامەی پایەبەرزتانم پێگەیشت، ئەگەرچی هەر هەواڵێك بووبێت، لەنامەی سێ شەمەدا بۆ جەنابتانم نووسیوە، بەڵام دیسان لەڕووی پڕكێشیەوە، ئەمەشتان عەرز دەكەم، ماوەیەك لەمەوبەر هەندێك خێڵ لەگەڵ كوڕەكەی شێخ”عوبەیدوڵڵا”دا –مەبەستی لە شێخ عەبدولقادرە- چوونەتە هەولێر و ماوەیەكیش لەوێ ماونەتەوە، ئەوانەش بریتی بوون لە: هەمزاغای مەنگوڕ، محەمەد ئاغای ئاكۆ و خێڵی (نورەدینی) ئەمڕۆ دوازدە ڕۆژە ڕۆیشتوون و بڕوای تەواو هەیە، ئەمجارە لەجاران زیاتر دڵنیایان كردوون، ئەگینا ئەم گیانفیدایە ئەوەی لاڕوونە، یەكێكیان هەمزاغایە و ئەمساڵ جێیەك نەبووە بتوانێ تیایدا بسرەوێ و جێی ئاشكرای نەبووە، تیایدا نیشتەجێ بێت، كەچی ئەویان لەهەموو كەس زیاتر دڵنیا كردووە و فریوداوە.
ئەمڕۆش كە چوار شەمەیە، دیسانەوە خەڵكم بەرەو لای (ڕەواندز) و (باڵەك) ناردۆتەوە، خوایار بێ بەهیوام دەنگوباسی تەواو بهێننەوە، هەر كاتێ هەواڵی تەواویشیان هێنایەوە، دەستبەجێ بەره‌و لای جەنابتانی دەنێرمەوە، خۆ ئەگەر وایدابنێین بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانیش ئەوانە نەگرێت و لێیان نەپێچێتەوە، ئەوسا بە پشتیوانی خوا، هەرئەوەندەی پایەبەرزی هێژاتان لەكاتی پێویستدا پشتیوانی و هاوكاری ئەم خەزایەتان لوتف بفەرموون، ئیتر نەك هەر عەشایەر، بەڵكو ئەگەر سەرلەبەری ئێل و تایەفەی مامەش –یشم بەكوشت داوە، دەبێ بەجۆرێك خزمەتێكی وا بەدەوڵەت بكەم، بۆ لەمەودوا بۆ ڕۆژگار، بەیادگار بمێنێتەوە، دەبوایە ئەم هەواڵانەم عەرز بكردایە”.
بەگوێرەی ئەم نامەیەی محەمەد ئاغا و بەپێی دەنگوباسی پەرت و بڵاوی تر، كەلە شوێنانی ترەوە هاتووە ئەوە دەسەلمێ، كۆبوونەوەی سەرانی عەشایەر لەهەولێر و چوونی هەمزاغا بۆ ئەوێ و بە دوای ئەمانەشدا بڵاوبوونەوەی بانگەوازنامەكانی شێخ عوبەیدوڵڵا، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، نموونەی یەكێكیانم ناردە خزمەتتان، هەموو ئەمانە بەخواست و ڕەزامەندی و ئیمزای بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانی بووە، پشتیوانی كردنی سەرانی ئەو دەوڵەتەش، لەبەرنامە بۆگەنەكانی شێخ، بەڕادەیەك بووە، یەكێكی وەك هەمزاغا، سەرەڕای ئەو هەموو ترس و لەرزەی پێشتر لە دەوڵەتی عوسمانی هەیبووە، و ناو بە ناوێك بە پەنامەكی و نهێنی، خۆی بەخاكی عوسمانی دادەكرد، و خێزان و كەسانی خۆی، بەدزییەوە لەو سەر سنوورانە دەبینی، دیسانەوەش بەپەلە و پەنامەكی دەگەڕایەوە و خۆی لەكون و كەلەبەری ئەو چیایانەدا حەشاردەدا، كەچی وائێستا، ڕوون و ئاشكرا بەوپەڕی دڵنیاییەوە دەچێتە هەولێر و لەكۆبوونەوەی سەرانی عەشایەردا ئامادە دەبێ. یەكێكیش لە ئامانج و نیشانە زەقەكانی ئەم كۆبوونەوەیە، ئەوە بێت كوڕەكەی شێخ و سەرانی عەشایەر، پەیمان تازە بكەنەوە، ئەوە بەڵگەی ئەوەیە دیسانەوە فیتنە و ئاژاوەیەكی تازە دەقەومێ.
دەنگوباسی تریش، كە گێردراوەتەوە و وەرمانگرتووە، لەدووتوێی نامەیەكدا بووە، كە “شاهنازبەگ” بۆ “فەیزوڵڵا بەگ”ی ئامۆزای نووسیوە، بریتییە لە:
“دەنگوباسی ئەم لایەتان خواستبوو، پۆستێكی دەوڵەتی بەهەمزاغا دراوە، كە بكرێتە قایممقامی پشدەر و بیتوێن و شێخ عەبدولقادری كوڕی شێخ عوبەیدوڵڵاش لە (نەهری) یەوە بۆ هەولێر هاتووە، بەگوێرەی قسەی خەڵكی سلێمانی و جەنابی قایممقامیش، چل سەربازیان داوەتێ، واتە مانگێك دوای بەهار دیسانەوە شەڕ لەگەڵ ئێران‌دا دەست پێدەكاتەوە، پەیتا پەیتاش ئازوقە بۆ سلێمانی دێت، تائێستا (20) هەزار تەغار گەنم بۆ سلێمانی هاتووە، كە هەر تەغارێكی پازدە تەغاری موكریانە و (19) بار تفەنگی كوڵە ( مارتین) یش، كەهەر بارەی (60) دانەیە، لەسلێمانی كەڵەكە كراوە، دووجبەخانەش پڕ لە فیشەك كراون و بەردەوامیش هەر دێت و ڕۆژانەش چەندان دەستە سەربازی دەوڵەت، لەنیوەشەودا، دەگەنە سلێمانی و كەسیش نازانێ بۆ كوێ دەچن، ! بەگوێرەی گەیشتنی ئەم هەموو زەخیرە و كەرەستانە بێت، ئاشكرا دیارە شەڕ دەست پێدەكاتەوە، ئیتر چی دیكە عەرزبكەم! كەس سەری لە كاری ڕۆمی (عوسمانی) دەرناچێ، لە كۆتایی مانگی ڕەبیعی دووەمدا (تەقی پاشا) بۆ سلێمانی دێت، بەڵام ئێستا (10) فەوج سەرباز لەسلێمانیدا ماونەتەوە و هی تریش هەر دێت و دەڕوات و كەسیش نازانێ”.
لە دووتوێی ئەم نامەیەدا دووشت هەیە:
یەكێكیان ئەوەیە، داكۆكی و پشتیوانی كردنی دەوڵەتی عوسمانی لە هەمزاغا، كە سەرچاوە و بنچینەی هەموو بەدكارییەكە، گەیشتۆتە ڕادەیەك، هەر تەنیا بەوە دانەكەوتووە، دڵنیای بكات، بەڵكو پۆستی قایممقامی دوو ناوچەی گرنگی (پشدەر) و (بیتوێن)ی پێداوە، كە هەردووكیان بەسنووری دەوڵەتی مەزنمانەوە چەسپیون و هاوینەهەواری زۆربەی هۆز و ئێلەكانن.
دووەمیشیان ئەوەیە، بەرپرسانی دەوڵەتی عوسمانی، خەریكی تەدارەكسازی و خۆئامادە كردنێكی زۆرن و سەربازی زۆری خۆیان بۆ چەندین جێگای گرنگ ناردووە.
نامەی تریش كە هەمیشە لەولاوە دێن، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەكەن و ئەوە دەسەلمێنن فەرمان لە بابیعالی یەوە هاتووە، تا سەرباری ئەو سەربازە چەكدارانەش كە ئێستا ئامادەن، سەربازی مۆڵەت دراویش بانگ بكەنەوە و پڕ چەكیان بكەنەوە، دەبێ تاكۆتایی ئەم مانگە ئامادە بكرێن”.
كۆتایی هاتنی كۆبونه‌وه‌ی ئه‌حمه‌دبه‌گ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كان له هه‌ولێر
دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رانی عه‌شایردا یاداشتنامه‌یه‌ك ده‌نووسن بۆ بابی عالی له ئه‌سته‌مبوڵ ده‌نێرن، ئه‌حمه‌د به‌گیش به‌ڵێنیان پێده‌دات تاماوه‌ی 40 ڕۆژ ئارام بگرن، تاكو وه‌ڵامه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و كات ئه‌گه‌ر به ئاره‌زووی ئه‌وان بوو باشه، ئه‌گینا ئازادن له‌وه‌ی بڕیاری چی ده‌ده‌ن، ماوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ش دوو شه‌و و ڕۆژی خایاندووه و دوای ته‌واو بوونی كۆبوونه‌وه‌كه، ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ر گه‌ڕاوه‌ته‌وه ئه‌سته‌مبوڵ و شێخ عه‌بدولقادر هاتووه‌ته كۆیه و دواتر هاتووه‌ته بیتوێن، لای مامه‌ندئاغای پیران ماوه‌ته‌وه. تاكو ئه‌و كاته‌ش، كه هه‌موو ئه‌م زانیاریانه له‌گه‌ڵ سێ نامه‌دا ده‌ست حه‌سه‌ن عه‌لی خانی گه‌ڕووسی كه‌وتووه و له‌لایه‌ن ناوبراو له نامه‌یه‌كدا بۆ: عەلائولدەولە: ئەمیرنیزام نووسیوه كه ده‌ڵێت:
نامەی ژمارە : 90
لاپەڕە: 262
مێژوو: 27 ڕەبیعی دووەمی 1298 كۆچی (28- 3- 1881ز)
بۆ: عەلائولدەولە: ئەمیرنیزان
بەفیداتان بم
هەواڵ و ڕووداوەكانی پێشتر و ئەو بابەتانەی پێوەندیان بەم سوپایە و ئەم ناوچەیەوە هەیە، لەنامەكانی ڕابردوودا ڕامگەیاندوون، دیارە چاوی بەڕێزتان پێیان كەوتووە و لێیان ئاگاداربوون، ئەو هەواڵ و زانیاریانەش لەم دوو سێ ڕۆژەدا بەنووسین و بەدەمی دەستكەوتوون، بەو جۆرەن بەدوور و درێژی باسیان دەكەم:
یەكەم/ محەمەد ئاغای مامەش لەنامەیەكدا، كە دوێنێ ناردوویە، ئاوای نووسیوە: ” دەنگوباس وایە ماوەیەك بەر لەئێستا، “یاوەر”ی تایبەتی لەبارەگای قەیسەرییەوە بۆ لای (شێخ عوبەیدوڵڵا) هاتووە و (شێخ قادر) ی كوڕی لەگەڵ یاوەردا بەرەو هەولێر چوون. سەرۆك هۆزەكانیش هەموویان لەگەڵ شێخ قادر و یاوەردا كۆبوونەتەوە، هەر لەوێ نامەیەكیان بەگوێرەی دڵی شێخ نووسیوە و تیایدا زۆریان بە شان و باڵی “شێخ” دا هەڵگووتوە و ئەو نامەیەشیان بەیاوەر داوە و یاوەریش لەوێوە بۆ ئەستەمبوڵ گەڕاوەتەوە و بەڵێنی داوە لەماوەی (40) ڕۆژدا وەڵامی ڕوون و ئاشكرا بەشێخ و سەرۆك هۆزەكان بكاتەوە، ئەوسا بەرنامەی كاری شێخ ڕوون بكرێتەوە و بڕیاری لەسەر بدرێت.
دوا بەدوای گەڕانەوەی یاوەر، سەرۆك هۆزەكانیش هەر كامیان بۆ ماڵی خۆیان گەڕاونەتەوە، شێخ قادریش لە هەولێرەوە بۆ “كۆیە” چووە و لەوێشەوە بۆ “بیتوێن” چووە و لای (مامەند ئاغای پیران) لایداوە و پیاوەكەی منیش هەر لەوێ بەجێی هێشتوون.
چەند ڕۆژێكیش لەمەوبەر هێزێك بۆ ناوچەی “ڕانیە” هاتووە و تائێستاش هەر لەوێ ماوەتەوە. ڕووداوەكان هەر ئەوانە بوون بەڕوونی ڕاگەیەنران.
نامەیەكیش كە پیاوێكی سلێمانی بۆ عوسمان ئاغای گەوركی نووسیوە و ئەویش نامەكەی بۆ ئەم كەمینەیە ناردووە، ئەمە دەقەكەیەتی: ” ئەگەر لە هەواڵی ڕووداوەكان پرسیار دەكەن، (یاوەر) و كوڕەكەی شێخ عوبەیدوڵڵا (شێخ عەبدولقادر) بۆ شاری هەولێر هاتوون و هەمزاغاش بۆ ئەوێ چووە، ئاكامی كارەكەشیان ڕوون نییە، بەڵام ئەوەی ئاشكرایە ئەوەیە، چەند ڕۆژێكی تر، ئەم ناوچەیە گێرە و كێشە و ئاژاوە دایدەگرێ، ئەوەی پێویست بوو وترا، جا بەچی چارەسەری دەكەن بەڕێزتان باشتر دەزانن.
نامەیەكی تر لە عوسمان ئاغای “دریاز”ەوە بۆ (حەسەن ئاغای قوم قەڵا) هاتووە، كه‌پیاوێكی ماقوڵە و ناوەرۆكەكەی ئاوایە”:
ئەحمەد بەگی یاوەر، كەلای سوڵتانەوە ڕاسپێردرابوو، هاتە “نەهری” لەوێشەوە لەگەڵ شێخ قادری كوڕی شێخدا بۆ هەولێر چوون و هەموو هۆزە گەورە و بچوكەكانی گەرمیان و هی تریش، كە لەكوێستانەوە بۆ گەرمیان هاتوون، بانگهێشتن كرد و بۆ هەولێریان بردن، (منیش كەلەوێ بوم). دوو شەو و ڕۆژ لە هەولێر ماینەوە. ئەحمەد بەگ دڵنەوایی زۆری ئەم هۆزانەی كرد و بەرەو ئەستەمبوڵ گەڕایەوە، لەنێوان خۆیاندا بڕیاریانداوە شێخ و ئەم هۆزانە، ماوەی دوومانگ چاوەنواڕبن، تا ئەحمەد بەگ دەچێتە خزمەتی سوڵتان. ئەوسا ئەگەر كاروباری شێخ بەباشی سەری گرت، چاكتر، ئەگەریش وا دەرنەچوو، ئەوا خۆیان ئازادن و هەروەك ساڵی پار، خەریكی كاولكاری و ئاژاوە نانەوە دەبن،. شێخ قادریش تائێستاكە لە “بیتوێن”ە. چەند ڕۆژێكی تریش لێرە دەمێنێتەوە، تا عەشایەر و كوردانی ئەم مەڵبەندە، یەك بخات و یەك ڕایان بكات، ئەوسا بۆ “نەهری” بگەڕێتەوە. لەوێش تا وەڵامی ئەستەمبوڵ دێتەوە، كۆبوونەوەیەك پێك بهێنن،”.
ئەمە ئەو دەنگوباسە ڕاست و باوەڕ پێكراوانەن و ناوەرۆكی هەر (3) نامەكەش لەیەك نزیك و وەك یەك وان… هەواڵێكی تریش كە بیستومە و بێژەرەكەی پیاوێكی باوەڕپێكراوی بیانیە و سوێندم بۆ خواردووە ناوی نەهێنم، ئەمەیەكە:
وەك لەنامەكاندا خوێندتانەوە، دەوڵەتی عوسمانی بەڕاشكاوی، شێخ عوبەیدوڵڵا و سەرۆك هۆزەكانی بەگشتی و هەمزاغای بەتایبەتی لە پشتیوانیی و هاوكاری خۆی دڵنیا كردەوە و وەك لەنامەكانیشدا نووسراوە، ئەحمەد بەگی یاوەر كۆبوونەوەیەكی لەشاری هەولێر پێكهێناوە و هەموو سەرۆك هۆزەكان نامەیان بۆ سوڵتان نووسیوە و لەڕێی ئەحمەد بەگی یاوەرەوە بۆیان ناردووە و داوای یارمەتییان لێ كردووە. هەر لەو دانیشتنەدا هەموو سەرۆك هۆزەكان، سوێند و تەڵاقیان خواردووە، هەموو پێكەوە یەك دڵ و یەك دەنگ، بۆ جارێكی تریش شێخ عوبەیدوڵڵا بەسەرۆك و ڕابەری خۆیان بزانن و بەزوویی و بەكۆمەڵ، ڕووبكەنە ئەم لایە و نیاز و مەبەستیشیان لەبنەڕەتەوە، هەروەك ساڵی پار، داگیركردنی مەڵبەندی موكری و شاری سابڵاخ بێت.
هەر ئەم پیاوە، نامەیەكی شێخ عەبدولقادری شێخ عوبەیدوڵڵای نیشاندام، بۆی نوسیوە، تیایدا وتووە: (60) تمەن لە قەرزەكەی كەلەسەرمە، بۆم ناردیت و ئەوەش لام دەمێنێت، بەم زووانە خۆم بۆ سابڵاخ دێم و دەتدەمەوە.
ئەم دەنگوباسە نووسراوە و دەمییانە، كە عەرز كران، بەجۆرێك لەم ناوچەیە و ناوچەكانی دەوربەر، قاو وابڵاوبوونەتەوە، ئیتر بۆ داپۆشین و شاردنەوە نابن. دژایەتی دەوڵەتی عوسمانیش لەگەڵ دەوڵەتی خۆمان لەو بارەیەوە و نیازی شێخ عوبەیدوڵڵا و دەستوپێوەندەكانیشی بۆ ئاژاوە نانەوەی دووبارە، كە تاو تاو و جارجار تێپەڕیوە، لەبەر ئەوەی هەموویان چاویان لێرەیە و جێی هەموو دڵە ڕاوكێ و مەترسیەكیش شاری سابڵاخ و مەڵبەندی موكرییە. ئەم كەمینەیەش چونكە بەرپرسی ئەم ناوچەیەیە و لەگەڵ ناحەزانی دەوڵەت بەرەو ڕووە، بۆیە بە پێویستی دەزانم ڕابگەیەنم، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشكەییانەی باس كران، دەبێ هۆش و بیری بەڕێزی پایەبەرزتان بە ئێرەوە بێت، تا خوا بەو ڕۆژەنەكات، شل نەبینەوە و ئەو شتە بەپەلانەی بەلای خۆمەوە، بۆ ئەم كارە بەپێویستیان دەزانم، ئەمانەن:
دووەم/ لە سبەنێوە، كە دووشەمەیە و (27)ی ڕەبیعی دووەمە، سوپای میری، كە بریتیە لە سوارە و پیادە و تۆپخانە، لە ماڵان و ئەملا و ئەولا دێنمە دەرێ و كۆیان دەكەمەوە و لەدەرەوەی شار، لەجێیەك كە بەچاكی دەزانم، هەردووكیان بەهەموو كەلوپەلی پاراستنەوە بۆ دامەزرێنم و خۆمیش هەر له‌وێ دەبم.* ئیتر ئه‌حمه‌د به‌گی یاوه‌ری جه‌نگی سوڵتان، له‌پاش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێریان كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك هۆزه‌كانی ناوچه‌كه و ژماره‌یه‌ك له ناودارانی ناوچه‌كه، چاویان به‌یه‌ك كه‌وت و نامه‌ی گله‌ییان بۆ سوڵتان نارد، هه‌ڵوێستی عوسمانیان به‌راورد كرد به هه‌ڵوێستی ڕووسیا كه تیایدا هاتووه: ” بۆچی ده‌وڵه‌تی ڕووس لایه‌نگیری له كۆمه‌ڵ و دینی خۆی بۆ پشتیوانی له‌گه‌ڵ قه‌ره‌په‌پاغ و سڕبستان كردووه، كه‌چی ئێوه كه خه‌لیفه‌ی موسڵمانانن، چۆن ڕازی ده‌بن ده‌وڵه‌تی عه‌جه‌م، بۆ خزمه‌تی مه‌زهه‌بی خۆی، خوێنی ئێمه بڕێژێ و ماڵمان تاڵان بكات و مه‌زهه‌بمان بگۆڕێ و له‌نیشتمانی ڕاسته‌قینه‌ی خۆشمان ئاواره‌مان بكات.” ئیتر عوسمانیه‌كان به‌شێخیان ڕاگه‌یاند ئه‌م ده‌قه‌یان ناردووه بۆ وڵاتان و ئه‌وانیش ڕه‌زامه‌ندی و پشتگیری خۆیان بۆ ڕاگه‌یاندون دژی ڕووسیا، پاش ئه‌وه شێخ له قسه‌كانیدا بۆ خه‌ڵكی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ئه‌وه ڕوون ده‌كاته‌وه هاوكاری فه‌ڕه‌نسا و پرووسیا و به‌ریتانیای به‌ده‌ستهێناوه و داوای یه‌كخستن و خۆئاماده‌كردن له كورد ده‌كات.
په‌راوێز: بە پێی ئه‌م قسه‌یه بێت نزیكەی (4) مانگ ئەم هۆردووەی حەسەن عەلی خان لەماڵانی خەڵك و لەسەر سكی دانیشتوانی سابڵاخ بەخێوكراون و سەربازگەیەكی تایبەتیان نییە.
ماویه‌تی