هۆشیار جەمال: مافیاکانی کوردایەتی.
ناسیۆنالیزم، یاخود کوردایەتی لە سادەترین پێناسەیدا “هەوڵدان بێت بۆ مافەکانی نەتەوەی کورد لە پاراستنی زمان و کلتوری نەتەوەکەی، هەوڵدان بێت بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی و دەرچوونی بێت لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرانی خاکەکەی، دابین کردنی ژیانێکی دادپەرەوەرانە بێت لە سایەی ئەو دەسەڵاتەی حیزبانەوە، کە خۆیان بە نوێنەری کوردایەتی لە هەرێمی کوردستان دەزانن” ئەوا تێدەگەین حیزبە زلهێزەکانی کوردستان، کە بریتین لە پارتی و یەکێتی. هەتا لەشاخ بوون ئەم بابەتی کوردایەتیە ئامرازێکی باشبووە بۆ چوونە ململانێ لەگەڵ دەسەڵاتە دیکتاتۆریەکانی عێراق و سۆزی خەڵکیان ڕاکێشاوە، بەڵام لەناوەڕۆکدا ئەو کوردایەتییەی باسیان لێوەکردووە تەنها وەک ڕێگایەک بەکاریانهێناوە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات.
هەردوو حیزبەکە لە جیاتی پاراستنی زمان و کلتور و نەتەوەکەیان، هەر لە قۆناغی شاخدا خوێنی گەنجەکانی خۆیان دەڕشت لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندی شەخسی و مانەوەی شەخسەکانی سەرەوەی حیزبەکانیان.
هەر بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئەمان بووە هۆکارێک بۆ ڕووداوی هەڵەبجە و ئەنفال. ئەوان کە هاتنە شاریش لەسەر جەستەی کوردایەتی ژیان. بەڵام لە جیاتی دەوڵەتداریی و دروستکردنی دەوڵەتی دامەزراوەیی، یەکەم هەنگاو کەوتنە دزینی کەرەستە و پێویستی فەرمانگە حکومەیەکانی ئەو کات و دواتر لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازادانەی دوای بەعسدا کەوتنە تەزویرکردنی دەنگی هاوڵاتیان، کە لە ڕێگایەوە هەنگاو بەهەنگاو هەڵبژاردنیان لە ڕێگایەک بۆ دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، گۆڕی بە ڕێگایەک بۆ بێ ئومێدکردنی هاوڵاتیان لە گۆڕانی حوکومرانی.
دواتر شەڕی ناوخۆیان هێنایە بەردەرگای هەموو ماڵێکی ئەم هەرێمەوە. لە جیاتی دروستکردنی پێکەوە ژیان لە نێوان هاوڵاتیان، هەموو ماڵێکیان کرد بە دوژمنی ئەوی تر و شارچێتیان داهێنا.
لە بری پاراستنی زمان، وایان لە هاوڵاتی کرد لە سنوری سلێمانی گاڵتە بە زاراوەی خەڵكی دهۆک و زاخۆ بکات، یان بەپێچەوانەوە. تەنانەت لە نێوان زاراوەکانی سلێمانی و گەرمیاندا گرفت دروست بکەن. خەڵکیش بوو بە بەشێک لەو ململانیەی ناشیرینانەی کە ئەوان دەستیان پێکردبوو. تەنانەت ئەم حیزبانە وایان لەخەڵکی کرد لە جیاتی ئەوی هەوڵبدان لە لادێکان بژی کە دەتوانن بڕبڕەی پشتی ئابوری بن و ئاسایشی خۆراک دابین بکەن، هاوڵاتی شار ڕقی لە خەڵکی گوندبێت و هەستی خۆبەکەم زانین دروست بکات لە لای خەڵکی گوندەکان.
لەدوای ئەم کارانە قۆناغی ڕوخانی حکومەتی بەعس دەستی پێکرد کە لێرەوە کوردایەتی دووبارە خۆی نوێکردوە لە ڕووی دروشمەوە. هەر ماوەی جارێک وەک کارتی فشار بەکار دەهات، بەتایبەت پرسی سەربەخۆی کوردستان.
بەڵام لە ژێر ئەم ماسکەدا هەزاران کەس بەهۆی هاتنی ئەو پارە زۆرەی بەغداوە بوون بە ملیاردێر و سەرانی دەسەڵاتداری کورد بوون بە مافیای کوردایەتی.
مافیای کوردایەتی “ئەو کەسانەن لە جیاتی پاراستنی زمان بە بەرنامە و لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەوە کە لەسەر حسابی خەڵكە ڕەشوڕووتەکەی هەرێم کە مێشکیان پرکراوە لە کوردایەتی زمانی کوردی دەشێوێن و ئەخلاقی کۆمەڵگا تێکدەدەن”.
ئەمانەئاشتی کۆمەڵایەتیان شێواندووە و لە تەنیشتی دروشمی ئازادی و یەکسانی بۆ گەلی کورد، ئازادیان لە کەدارکردو یەکسانیان لە نێوان دوو ئەندامی یەک خێزاندا نەهێشت و خۆیان بوون بە خاوەنی باخ و فێلا و کۆمپانیا و سەروەت و سامانێکی زۆر لە بانکەکانی ئەوروپا.
بەشێک لەم سەرکردایەتیەی کوردە لە جیاتی پاراستنی نەتەوە، هێزی داگیرکەریان هێنایە ناو خاکی کوردستان و چاوساغی داگیرکەریانکرد بۆ شەری کوردانی بەشەکانی تری کوردستان.
بەرهەمی دروشمەکانی کوردایەتی بۆ هاوڵاتیان بریتی بوو: لە دورکەوتنەوەی لە ئاینەکەی، وێران بوونی زمان، ڕوخاندنی هەستی نیشتمانپەروەری، بێ هیوابوون لە هەڵبژاردن، ژیان کردن بێ مووچە و پارانەوە لەبەردەرگای ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرس بۆ ژەمێک نان، نەتوانین بۆ سەردانی کردنی پزیشکێکی پسپۆر بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکانی، نەبوونی ئاوی پاک و کارەبا کە پێداویستی سەرەتای هەر هاوڵاتیەکن.
نەبوونی هەلی کار و لەبەرامبەردا خۆ بچوککردنەوە لەبەردەمی شەخس و حیزبدا بۆ دەستکەوتنی هەلێکی کاری ناشایستە بە بڕوانامە و بوارە ئەکادیمەیەکەی خۆی.
بەڵی کە بەرهەمی دروشمەکانی کوردایەتی ئەمانە بووبێت بۆ هاوڵاتیان، ئەوا ژیانی فیرعەون ئاسابووە بۆ خاوەن دروشمەکان و خۆیان و کەسوکاریان و عەشیرەت و پاش دزەکانیان لە باشترین زانکۆکانی جیهان دەخوێن و لە باشترین نەخۆشخانەکانی جیهان چارەسەر بۆ خۆیان وەردەگرن و سوپایەکی گەورەش لە ڕاگەیاندنەوە پشتیوانیانە و بەرگریانیان لێدەکات.
چینێکی کۆیلەش هەیە کەتا ئێستاش وێنەی ئەم سیاسیانەی بە گۆشەکانی ماڵەکەیەوە هەڵواسیەوە لە جیاتی پێگەیاندنی منداڵەکەی بە پەروەردەی دروست، باسی پاڵەوانی سەرۆکی حیزبی بۆ دەکات، کە ئەم وێنەکەی هەڵواسیەوە لە ژوورەکەیدا.