بەهێز حوسێن: سەرنجێک لەسەر ڕونکردنەوەکەی کاک مەلا بەختیار.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە
پاش ئەوەی 7ی ئەم مانگە پارتی و (پێکهاتەکان) پارێزبەندی سەر سۆران عومەریان هەڵگرت، کاک مەلا بەختیار نامەیەکی گلەیی ئامێزی لە کاک مەسرور بارزانی و پارتی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەوەی گوتبوو کە دەبوو کاک مەسرور گوێی بەو نامەیە بدایە کە تێیدا داوای لێکردبوو پارێزبەندییەکە هەڵنەگرن، کاک بەختیار نووسیوێتی ئەبوو کاک مەسرور گوێی بەو نامەیە بدایە کە یەکەمجارە ئەو نامە و داوا لە سەرۆکی حکومەت بکات لە مێژووی خۆیدا.
هەروەها لەو ڕونکردنەوەیەدا کاک بەختیار نموونەی ئەوەی هێناوەتەوە کە ( كاتی خۆی، كاتێك ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی، پێش دەركردنی سەرۆكو فراكسیۆنی گۆڕان، بەیاننامەیەكیان دەركرد، لە كۆبونەوەی رەسمیدا بە شادڕەوان نەوشیروان مستەفام گوت: كێشەی نێوان خۆتان و پارتی چارەسەر بكەن، ئەگینا پارتی بڕیاری توند دژتان دەدات. كاكە عومەری سەید عەلی پرسی: ئەگەر پارتی ئێمە دەربكات، ئێوە چی دەكەن؟ وەڵامم دایەوە: ئێمە دژی دەركردنتان دەبین. بەڵام دۆخی پەرلەمانو حكومەتی هەرێمیش تێکنادەین.).
سەرنجی من ئەم خاڵانەیە:
1- کاک بەختیار 40 ساڵ زیاترە مامەڵە لەگەڵ پارتی دەکات، بە چ کلۆجێک نامەیان بۆ دەنێرێت کە بۆ تەنهاجارێکیش ئەوان نە گوێیان لەو و نەلەکەسی ترگرتووە و ئەو ویستوویانە کردویانە!؟.
2- داوا کردن لە سەرۆکی حکومەت کە لەو دۆسییە خۆش بێت، واتای ئەوەیە حەقی بەلاوەیە و دەبێت کەرەم بکات و لێخۆش بێت، بەبێ ئەوەی بۆ تەنها جارێکیش داوا لە پارتی کرابێت بەرامبەر هەموو ئەوانەی کردوویانە و ناحەقی بوون داوایان لێکرابێت داوای لێبوردن بکەن و پۆزش بهێننەوە، کە تا ئێستاش نەیانهێناوەتەوە.
3- کاک بەختیار کە باس لەوە دەکات چۆتە لای کاک نەوشیروان و عومەری سەید عەلی و پێی وتوون ئەگەر پارتی سەرۆکی پەرلەمان دەربکات خۆ ئێمە حکومەت و هەرێم هەڵناوەشێنینەوە، ئەوە ئەو هەڵەیە کە بەردەوامبوون لەسەری ئەوەندەی تر پارتی دەکات بە کەڵەگا.
ئاخر لەسایەی کیان و حکومەت و پەرلەمانێک پارتی چی بوێت و چۆنی بوێت بیکات و ئێوەش قەبووڵی بکەن و تێکی نەدەن، ئەوا ئەو کیان و هەرێمە هەر نەبێت باشترە، هەموو دەست بەوەوە بگرین هەرێم و حکومەت و پەرلەمانەکەی بمێنێت و پارتی بێ حیسابکردن بۆ کەس حاکم بێت، ئەوا کفری کوردانە و دیموکراسیانەیە… ئاخر ئەمە بۆ لە پێناوی پارتی!؟
4- پێمخۆشە سەرکردایەتی یەکێتی گۆڕاوە و وەک سەرکردایەتی سەرەتای یەکێتی کە هەموویان وەک ئەو سەردەمەی کاک بەختیار گەنج و بە حەماس بوون، نایانەوێت تەسلیمی پارتی بن و دەیانەوێت جیاوازتر سیاسەت و ململانێ بکەن، سەردەمی تەواو غروربوونی پارتی، گووتار و هەڵوێستی دەوێت، نەک ئەوەی ساڵانێکە لە سەرکردایەتی پێشووی یەکێتی بینیوێتی .
هەمووی لە پێناو نەبوونی شەڕ و دوو ئیدارەیی و تێکنەچوونی کیانی هەرێم قەبووڵ کراوە و هەر پارتی سەروەر و سەردەست و نوێنەر بووە، کە خۆی بەتەنگەوە نەیەت خێرە خەڵکی تر خەمیان بێت ؟
خۆ ئەگەر تێکچێت یەکەم کەس لەخۆیان تێکدەچێت ، بۆیە نابێت چۆک شل بکرێت و سیاسەتی ڕابردووش بەرامبەر پارتی تورێکی قوڕاوی ناهێنێت.
٭ ئەزانم کاک بەختیار چەندێک لەو مێژووە دەترسێت کە گەنجێتی لەپێناو داناوە و قوربانی بۆ داوە ، بەڵام دەبێت دانبنێن بەوەدا کە لەسەردەمی سەرکردایەتی ئەوان کوردستان بەم دۆخە گەشتووە و باشترە دەرفەت بدەن سەرکردایەتی نوێ کوردستان لەهەیمەنە و هەژموونی پارتی ڕزگار بکەن.
وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە