شه‌ریف هه‌ژاری: به‌ڵگه‌نامه‌ی به‌ریتانیا: له‌ كه‌ركوك و چه‌مچه‌ماڵ و سلێمانیه‌وه‌ تا هه‌ڵه‌بجه‌ و بیاره‌ بۆ لای حامید به‌گی جاف و شێخ عه‌لائه‌دین!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌م دوو به‌ڵگه‌نامه‌ی ئینگلیزییه‌‌ و، هه‌م كورته‌ی نوسینی گه‌ڕیده‌یه‌كی ئینگلیزه‌ له‌ مانگی ده‌ی ساڵی 1943 دا، من هه‌ر سێ سه‌رچاوه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كه‌ له‌م وتاره‌دا‌ بۆ خوێنه‌ران كورت ده‌كه‌مه‌وه‌ وه‌ك یه‌ك بابه‌ت. به‌ڵام گه‌ر خوا ته‌مه‌نی دا پاش خوێندنی دكتۆراكه‌م، هه‌ندێك بابه‌تی به‌ڵگه‌نامه‌یی تر له‌سه‌ر مێژو، سیاسه‌ت و كلتوری كورد كه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی به‌ریتانیا و ئه‌مریكا دان، له‌ چه‌ندین كتێبی ترم دا چاپ و بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌.

ئه‌مه‌ بابه‌ته‌كه‌یه به‌ كورتی:
له‌ مانگی ده‌ی ساڵی 1943 له‌ كه‌ركوك ڕۆشتمه‌ ته‌كیه‌ی تاڵه‌بان. زۆرینه‌ی خه‌ڵكه‌كه‌ یه‌كجۆر جلوبه‌رگی كلتوری كورده‌واریان له‌به‌ر دابو. دواتر به‌ وردی ته‌واوی گرد و بانه‌كانی كه‌ركوك گه‌ڕام، ئینجا ڕۆشته‌ سه‌ر ڕوباری نه‌وت و گڕی باباگوڕگوڕ.
پاشان ڕۆشتمه‌ شارۆچكه‌یه‌ك به‌ ناوی چه‌مچه‌ماڵ كه‌ هی هه‌مه‌وه‌نده‌كان بو. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌نده‌ی من له‌وێ بوم كاری بازرگانیی، جوتیاری، ئه‌سپ سواری و ئه‌سپ فرۆشیان ده‌كرد و، ئاشتی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌یان دا كێشا بو، به‌ڵام هه‌مه‌وه‌نده‌كان به‌ ئازایه‌تیی و شه‌ڕانی بون، ناسراون.
پێشتریش چه‌ندین جار سوپای عوسمانییه‌كانیان شكاندوه‌ و، شه‌ڕی سوپای ئینگلیزیشیان كردوه‌. حوكمی ئه‌و ناوچه‌یه‌ی خۆیان ته‌نیا خۆیان ده‌یكه‌ن و، باج له‌ هه‌ر كاروانه‌ بازرگانییه‌ك وه‌رده‌گرن كه‌ به‌ كه‌ركوك و سلێمانیی دا تێپه‌ڕ بوبێت.
هه‌مه‌وه‌نده‌كان زۆرینه‌یان ئاغا و سواره‌ن. خانه‌دانن و سفره‌یان به‌ ده‌یان جۆر خواردن ده‌ڕازێننه‌وه‌. خواردنه‌كانیان كلتورییه‌ و زۆر به‌ تامه‌.
دواتر ڕۆشتمه‌ سلێمانی، تێبینیم كرد كه‌ بازاڕی كه‌ركوك له‌ هی سلێمانی به‌رفراوانتر بو.
له‌ سلێمانی به‌ كه‌سایه‌تییه‌كی پیر كه‌ ڕوناكبیر و شاعیر و خوێنده‌وارێكی وردبین و ئه‌زموندار بو به‌ ناوی (حاجی تۆفیق) كه‌ پێیان ده‌وت (پیره‌مێرد) و، كه‌سێكی تر به‌ ناوی (سه‌ید ڕه‌فیق حیلمی)، ئاشنا بووم.
سلێمانی واته‌ شاری كتێب، ناوه‌ندی چاپكردنی كتێب و، مه‌یدانی نوسه‌رانی كورد بو.
له‌ سلێمانی نزیكه‌ی نزیكه‌ی چوار سه‌د كتێب به‌ زمانی كوردی چاپكرابو.
سلێمانی هه‌ر شاری چاپكردنی كتێبی كوردی نه‌بو، به‌ڵكو مه‌یدانی زمانی كوردی و، ناوه‌ندی كلتوری كوردیش بو.
بازاڕی سلێمانی بچوك بو، هه‌روه‌ها ڕێڕه‌وی ناو بازاڕ و ناو دوكانه‌كانیشی هه‌ر بچوك بون، به‌ قه‌د هی كه‌ركوك نه‌ده‌بو.
پاش چه‌ند ڕۆژێك، پێمخۆش بو سه‌ردانی هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ورامان بكه‌م.
هه‌ڵه‌بجه‌ دایكی ده‌شتی شاره‌زور و هه‌ورامانه‌. هه‌ڵه‌بجه‌ شاری حامید به‌گی جاف بو. حامید به‌گ دوو كۆشكی زۆر گه‌وره‌ی هه‌بو. ئه‌وه‌ی سه‌یر بو به‌ ستایلێكی مۆدێرنی ئه‌وروپی دروست كرابون.
ئه‌وكاته‌ كوڕه‌كه‌ی حامید به‌گ خوێندكار بو له‌ به‌غداد. كاتێك ڕۆشتمه‌ ناو یه‌كێك له‌ كۆشكه‌كانی حامید به‌گ، نامه‌یه‌كی خۆناساندم پێ بو، كه‌ كوڕه‌كه‌ی حامید به‌گی جاف له‌ به‌غداد پێی دام و پێی وتم: “ئه‌م نامه‌یه‌ له‌گه‌ڵ خۆت دا ببه و بیده‌ره‌ ده‌ست باوكم”.
له‌و ماوه‌یه‌ی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ مامه‌وه‌، زۆر خۆشحاڵ بوم. شه‌وانه‌ له‌ كۆشكێكی حامید به‌گ ده‌مامه‌وه‌، ستایلی ناو ژوره‌كانی كۆشكه‌كه‌ی ڕێك ئه‌وروپی بو، ژوره‌كانی ڕازاوه‌ و قه‌شه‌نگ بون.
له‌ كۆشكه‌كانی حامید به‌گ دا شه‌تره‌نج و مه‌شروب هه‌بو، ئازادانه‌ جۆرێك مه‌شروبی به‌تامم ده‌خواست. هه‌روه‌ها ژورێكی تری ئه‌و كۆشكه‌ی كه‌ منی تێدا مابومه‌وه‌ تایبه‌ت بو به‌ داوده‌رمانی ته‌ندروستی.
هه‌ڵه‌بجه‌ بازاڕێكی دڵگیر و به‌رفراوان و پڕبه‌رهه‌می هه‌بو. پڕ بو له‌ به‌رهه‌می جوتیار و باخه‌وانه‌كانی. هه‌روه‌ها جۆره‌ها قوماشی ڕه‌نگاوڕه‌نگ و باڵنده‌ و مریشك له‌ دوكانه‌كان دا هه‌بون. زۆربه‌ی دوكانه‌كانی بازاڕ له‌ به‌ردێكی لاكێشه‌یی تایبه‌ت به‌ هونه‌ری ته‌لارسازی بنیاد نرابون.
ژن و كچانی هه‌ڵه‌بجه‌ وه‌ك پیاوان ده‌هاتنه‌ ناو بازاڕ. هه‌مویان كڵاوێكی پڕ زه‌نگیانه‌ و نه‌خشونیگاریان له‌سه‌ر بو كه‌ پێی ده‌وترا (فێس). ژنه‌كانیان گۆره‌وییه‌كی درێژیان له‌ پێ ده‌كرد كه‌ وه‌ك پوزه‌وانه‌ وابو.
زۆرینه‌ی خانوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ باخچه‌یه‌كه‌ی ڕازاوه‌ی تێ دابو، هه‌ر ماڵێك باخچه‌ی خۆی هه‌بو.
دامه‌زراوه‌ كارگێڕییه‌كانی حكومه‌ت بریتی بو له‌ نه‌خۆشخانه‌ و گرتووخانه‌. نه‌خۆشخانه‌كه‌یان گه‌وره‌بو. ئه‌وكاته‌ی من له‌وێ بوم ڕێژه‌یه‌كی زۆری نه‌خۆش تێیدا چاره‌سه‌ریان وه‌رده‌گرت، هه‌مو نه‌خۆشه‌كان توشی مه‌لاریا بو بون.

                                                                                                                                     
چوارده‌وری هه‌ڵه‌بجه‌ هه‌موی كرابو به‌ توتن.
خانه‌خوێكه‌م بریتی بو له‌ حامید به‌گی جاف و ئامۆزایه‌كی كه‌ ناوی حه‌سه‌ن به‌گی جاف بو. زۆر زانیاریم لێ وه‌رگرتن له‌ باره‌ی به‌گزاده‌كانی جاف و هۆزه‌كانی جاف.
حه‌سه‌ن به‌گی جاف كتێبخانه‌یه‌كی گه‌وره‌ و ڕازاوه‌ی هه‌بو. خوێنده‌وارێكی پێگه‌یشتو بو. كتێبه‌كانی عه‌ره‌بیی و توركیی و فارسی بون. زۆربه‌ی كتێبه‌كانی مێژویی بون. ئیتر كه‌وتینه‌ مشتومڕی درێژ له‌سه‌ر مێژوی كورد و مێژوی جاف*.

*(مشتومڕه‌كه‌یان كه‌مێك دورودرێژه‌، بۆیه‌ لێره‌دا دامنه‌نا).
به‌هه‌رحاڵ، من ده‌شمویست هه‌ندێك شت له‌ شاخه‌كانی هه‌ورامان ببینم، بۆیه‌ بڕیارم دا سه‌ردانی گوندی بیاره‌ بكه‌م، كه‌ شوێنگه‌ی شێخ عه‌لائه‌دین سه‌رۆكی ئاینی گروپه‌ ئاینییه‌كانی ته‌ریقه‌تی نه‌قشبه‌ندی و قادری بو. هه‌رچه‌نده‌ تا ئه‌وكاته‌ش سه‌رۆكی گروپه‌ ئاینییه‌كان شادومان بون كه‌ كاریگه‌رییه‌كی به‌هێزیان به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌وه‌ ماوه‌، به‌ڵام تێبینی ئه‌وه‌م كرد كه‌ سه‌ره‌تای سه‌رده‌مێك هاتبووه‌ كایه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌ عه‌شیره‌یی و خێڵه‌كییه‌كان له‌ ناو كورد دا به‌هێزتر ده‌بون هه‌تا په‌یوه‌ندییه‌ ئاینیی و ڕۆحییه‌كان**.
**(لێره‌دا به‌ دورودریژی باسی ده‌روێش و عارفه‌كان و، ململانێی نێوان شێخ عه‌لائه‌دین و محمود خانی دزڵی ده‌كات، به‌ڵام من زۆر كورتی ده‌كه‌مه‌وه‌).
له‌ بیاره‌ شه‌و چه‌ندین جار له‌ ده‌نگێك خه‌به‌رم بویه‌وه كه‌ له‌ خانووه‌كه‌ی به‌رانبه‌رمه‌وه‌‌، ئه‌یان وت: “هه‌ی هوو، هه‌ی هوو”.
بۆ به‌یانییه‌كه‌ی دره‌نگ خه‌به‌رم بویه‌وه‌، ڕۆشتمه‌ ده‌ره‌وه‌و سه‌ردانی ئه‌و خانووه‌م كرد كه‌ شه‌و به‌ ده‌نگی به‌رز ده‌یانوت: ”هه‌ی هوو، هه‌ی هوو”. زانیم كه‌ ئه‌وه‌ شوێنی پیاوانی ئاینییه‌، پێیان ده‌وت: (خانه‌قا) یان (خانه‌قای گه‌وره‌ی بیاره‌).
خانه‌قا كۆشكێكی گه‌وره‌ بو، له‌ به‌ردی به‌هێز دروست كرابو، حه‌وشه‌یه‌كی پانوبه‌رینیش له‌ ناوه‌ڕاستی دا بو.
له‌ لای سه‌ره‌وه‌ی گرده‌كه‌ی خانه‌قاوه‌، ته‌قه‌ ته‌قی داینه‌مۆیه‌كی كاره‌بایی ده‌هات، شێخ عه‌لائه‌دین دابینی كردبو كه‌ گڵۆپی كاره‌بایی ده‌به‌خشیه‌ هه‌مو خه‌ڵكی بیاره‌.
هه‌رچه‌نده‌ كورده‌كان زۆر ڕه‌فتاری ئه‌رێنیان هه‌یه‌، به‌ڵام یه‌كێك له‌ ڕه‌فتاره‌ نه‌گۆڕه‌كانیان كه‌ چووه‌ته‌ خوێنیانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: هه‌رگیز له‌ ناو خۆیان دا وازیان له‌ خۆخۆری نه‌هێناوه‌. بیری ته‌نگه‌تیله‌ی عه‌شیره‌یی گه‌وره‌ترین هۆكاری مانه‌وه‌ی خۆخۆرییه‌ له‌ ناو كورده‌كان دا.
له‌ خانه‌قای بیاره‌،پاش ته‌واوبون له‌ زكر، عارفه‌كان ئه‌هاتن و له‌به‌رده‌م پێیه‌كانی شێخ عه‌لائه‌دین دا خۆیان ده‌دا به‌ زه‌وی دا و، ده‌سته‌كانی شێخیان ماچ ده‌كرد. ئینجا شێخ عه‌لائه‌دین لای بۆ كردمه‌وه‌و پێی وتم: “دوژمنه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌م محمود خانی دزڵییه‌. محمود خان سه‌رۆكی كورده‌ هه‌ورامییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی كوردستانه‌ ده‌ستی گرتووه‌ به‌سه‌ر هه‌مو هه‌ورامان له‌ ڕوی ئێران دا و، ده‌ستی به‌سه‌ر سامانه‌كانی منیش دا گرتووه‌و، به‌ره‌و ئێره‌ دێ”.
تێگه‌شتم، خێرا، سواری یه‌كێك له‌ ئه‌سپه‌كانی خودی شێخ عه‌لائه‌دین بوم و، پاسه‌وانی ده‌كرام له‌ لایه‌ن یه‌كێك له‌ عارفه‌كانییه‌وه‌و، به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ گه‌ڕامه‌وه‌. به‌خه‌مه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ میهره‌بان و میواندۆسته‌ی بیاره‌م به‌جێ هێشت.
به‌درێژایی گه‌ڕانم به‌ كه‌ركوك، چه‌مچه‌ماڵ، سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه‌ و بیاره‌ دا، تێبینیم كرد یه‌كێكی تر له‌ ڕه‌فتاره‌ نه‌رێنییه‌كانی كورده‌كان ئه‌وه‌یه‌: “گه‌ر یه‌ك شه‌و له‌لای هه‌ر یه‌كێكیان بمێنیته‌وه‌، هه‌مو شتێكی خۆیت به‌ دۆست و دوژمن و ڕاز و نیازه‌كانیه‌وه‌ له ‌لا باس ده‌كات، كه‌چی ده‌شیه‌وێت هه‌مو نهێنی و ڕاز و نیازێكی تۆش بزانێت و تۆش بۆی باس بكه‌یت!”.
تێبینیی: ئه‌م بابه‌ته‌ هه‌م دوو به‌ڵگه‌نامه‌ی ئینگلیزییه‌‌ و، هه‌م كورته‌ی نوسینی گه‌ڕیده‌یه‌كی ئینگلیزه‌ له‌ مانگی ده‌ی ساڵی 1943 دا، من هه‌ر سێ سه‌رچاوه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییه‌كه‌ له‌م وتاره‌دا‌ بۆ خوێنه‌ران كورت ده‌كه‌مه‌وه‌ وه‌ك یه‌ك بابه‌ت. به‌ڵام گه‌ر خوا ته‌مه‌نی دا پاش خوێندنی دكتۆراكه‌م، هه‌ندێك بابه‌تی به‌ڵگه‌نامه‌یی تر له‌سه‌ر مێژو، سیاسه‌ت و كلتوری كورد كه‌ له‌ به‌ڵگه‌نامه‌ نهێنییه‌كانی به‌ریتانیا و ئه‌مریكا دان، له‌ چه‌ندین كتێبی ترم دا چاپ و بڵاو ده‌كه‌مه‌وه‌.

شه‌ریف هه‌ژاری: خوێندكاری دكتۆرا له‌ دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت