پشکۆ ناکام: ووردە باس.
* هیچ شتێک ئەوەنە نامهێنێتە پێکەنین بەقەد ئەوەی کە باس لە یەک ریزی کورد ئەکرێ بە تایبەتی لەلایەن بنەماڵە و پارتی پاشکۆیەوە کە بەردەوام دوای هەر خروقات و فەزیحەیەکی سیاسی و نیشتمانيی دەست ئەکەن بە لێیانی دەهۆڵی یەک ڕیزی بۆ لەبیربردنەوی فەزیحەکەیان ، ئاخر تۆیەک کە هەرچی داەاتی ووڵاتە بەتاڵانت بردوە و بۆت بکرێ چەم و جۆگە و دارستانەکانیش ئەفرۆشی و پارەکەی ئەخەیتە تەنکەی باخەڵتەوە داوای یەک ڕیزی لەخەڵک ئەکەیت؟! یەک ریزی تاک لایەنی؟ یەکریزی بەتاڵان بردن و دزینی قووتی خەڵک ؟ یەک ریزی بەگژا چوونی پارچەکانی تری کوردستان،؟ یەک ریزی وێران کردنی ئابووری کوردستان؟ تۆ بە کام رووی سیاسی و کۆمەڵایەتیشەوە داوای یەک ریزی ئەکەی لە کاتێکا لە بەغا جگە لەسەنگەری پەرژەوەنی بنەماڵەیی و حیزبی هیچ سەنگەرێکی ترت نیە، تۆیەک کە ئامادەی لەسەر دانەنانی وەزیرێکی کۆیلەی بنەماڵەکەت دونیا وێران بکەیت” دیارە هەر بە قسە” و ئامادە نەبیت نەوت رادەستی ناوەند بکەیت ومیللەت و مووچەو بژێوی خەڵک بخەیتە ژێر پێتەوە، چۆن داوای یەک ریزیم لێ ئەکەیت؟ رەنگە هەندێ بۆچوونت هەبێ زەمانی رایات و گەڵاڵە بیخواردایە بەڵام ئێستا ناخوات وئەو چکلێتە با هەر لە گیرفانتا بێ و دەریمەهێنە و ووریابە تێکەڵی دۆلارەکان و نەوتاویی نەبێ. پێوەری یەک ریزی نیشتمان پەروەری و ئینسان دۆستیە، سەیرێکی خۆت لە ئاوێنەی مێژوو بکە بزانە ئەو پێوەرانە تۆ ئەگرێتەوە؟!ئەوەی داوای یەک ریزی ئەکا ئەبێ جیاوازی نێوان ئاشبەتاڵ و هەرەس، داگیرکەر و دۆستی بنەماڵە، دزی و خێر، خۆسەپێنەر و هەڵبژێراو، تەزویر و سەرکەوتوو بزانێ تا جێی متمانەی خەڵک بێ لەو یەک ریزییە، یەک ریزی زەرورەتێکە بۆ دانانی میللەت لە پلەی یەکەما، کە بنەماڵە چووە پلەی یەکەم یەک ریزییەکە خزمەت بە بنماڵە ئەکات نەک میللەت، ئەو جۆرە یەک ریزییەش لای میللەت مەرفوزە و سەرچاوەیەکیشە بۆ خەو بینین بە یەک ریزییوە..منێک خەڵکی شارێک کە زیاتر لەدووسەد ساڵە خوێنی لێئەتکێ. فرمێسک ئەرێژێ، ویران و کاوول ئەکرێ، ئابڵۆقەی لەسەر دائەنرێ، بۆ لەگەڵ بنەماڵەیەک یەک ریزبم کە بەتەنگ مێژووی پڕ شکۆی شارەکەمەوە نەیەت، بۆ؟
* کۆرس لە گۆرانیا ئەو کەسانەن لە پشت گۆرانی بێژەوە کۆپلەی گۆرانییەکە وەک خۆی ئەڵێنەوە و هونەرێکی باوە، بەڵام کە لە سیاسەتا کۆرس هەبوو مەسەلەکە ئەگۆڕێ وەک ئەوەی لە گاڵتەجاڕی پارلەمانە کارتۆنییەکەی هەولێر دیمان کە چۆن کۆرسێک بەناوی” کۆتا کورسییەکانی پێکهاتەکان” رێک ئەوەی بنەماڵە و پارتی ویستیان ئەوانیش بێ کەم و زیا هەمان کۆپلەیان ووتەوە،! ئاخر کەسێک بە سێسەد دەنگی تەزویر بکرێتە کۆرس لە پارلەمانا چ مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر دیموکراسی و سەربەخۆیی بیرکردنەوە و بریاریان، جا بنەماڵە کە خۆیان بە تەزویر لە پارلەمان زۆرینەن ئەم کۆرسەش بەتەزویری ئەوان چونەتە پارلەمان بەڵام وەک کۆرس لە ریزی پشتەوە ئەبێ چ مەهزەلەیەک لەو پارلەمانە ڕووبات؟ گەر دیموکراسی بە غەڵەت خۆی پیا کرد شکم نیە خۆی ئەکوژێ.. خۆ سبەی بنەماڵە بریاری ئەوەی هەرێم بخرێتە سەر تورکیا بخاتە پارلەمانەوە بە هەمان دەنگی گروپی کۆرس تێئەپەرێنرێت.. یان سیستەمی پاشایەتی/ بنەماڵەیی بخرێتە دەنگ یانەوە بە هۆی گروپی کۆرسەوە جارێکی تریش ڕووی مێژوو و دیموکراسی ڕەش ئەکەنەوە، پارلەمانێک خۆی کارتۆنی بێ، ئەو گروپی کۆرسەش جگە لە ” کاغەز” چی تر نیە لەناو ئەو کارتۆنەیا.
* جوزەلەژەن و شایەرەکانی دەسەڵاتی هەرێم ئەوەنە بە هاتنەکایەی مەسەلەی لامەرکەزی بۆ سڵێمانی سەغڵەت بوون کە جار و بار قسەی زۆر عەنتێکە ئەکەن وەک: پاراستنی یەک پارچەیی خاکی هەرێم وەک ئەوەی تاپۆی ئەم خاکە وا لە قاسەکانی بنەماڵە و لەگەڵ داهاتی نەوتا هەڵگیراوە! تێناگەم ئەی هەر هەمان خاک نیە کە پڕ کراوە لە سوپای تورکی؟ هەر هەمان خاک نیە کە سی و یەکی ئاب کرا بە میوانخانەی سوپای بەعس؟ هەر هەمان خاک نیە لە ریفراندۆمی جوانەمەرگا تا پردێ رایان کرد دۆست و ئاشنا نەبونایە هەولێر ئەخرایە سەر مادەی سەد و چل.
کە دوو برا لەیەک ماڵا ئیدارەیان نەکرد پێکەوە ئەبێ هەر یەکەیان ماڵی خۆی هەبێ، جا ئێمە کە” برا”ش نین بۆ ئەبێ هەر لە یەک ژوورا بین کە بە درێژایی مێژوو هەوڵ دراوە و هەموو ئەگەرەکان تاقی کراونەتەوە و سەرئەنجام هەر بە ڕێک (نە) کەوتن تەواو بوە، ئێمە لەسەر قسەکەی سەرۆکی بنەماڵە کە ووتبوی: ئێمە لە ماڵی خۆمان و ئەوانیش لە ماڵی خۆیان ئەڵێین : زۆر سوپاس ئەزبەنی بۆ ئەو ئامۆژگاریە و بۆ یەک جار بەقسەت ئەکەین و ئێمە ئیتر لەماڵی خۆمانا دائەنیشین و بە لامەرکەزییت ئەسپێرین.
- Latest Posts by
پشکۆ ناکام: بەرد…
-پشکۆ ناکام: دەستکێش..
-پشکۆ ناکام: دوور لە خوا.
- All Posts