ئارپاك سه‌رگه‌تی: خۆپیشاندان، گه‌مه‌ی تاڵی سیاسه‌تی برسیكردن.
هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك به بێ قبووڵكردنی فه‌رهه‌نگی رخنه و رخنه‌گرتن ناتوانێت رێگاكانی گه‌شه‌و پێشكه‌وتن ببڕێت، به پێچه‌وانه‌وه ده‌سه‌ڵاتێكی چه‌ق به‌ستوو، دڕنده و دكتاتۆر دروست ده‌بێت، كه توانایی چاره‌سه‌ركردنی بچووكترین قه‌یرانی نیه و هه‌میشه له‌ناو قه‌یراندا درێژه به ژیانی سیاسی خۆی ئه‌دات.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م كومه‌ڵگایه نه‌گاته ئه‌م ئاسته پێویسته مافی رخنه‌گرتن و ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین وه‌كوو ئه‌سڵێكی سه‌ره‌كی له ده‌ستوورو یاسادا جێگیر بكرێت. به دڵنیاییه‌وه ئه‌م مافه وه‌كوو هه‌موو مافه‌كانی تر له هه‌رێم، پێشێل كراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو توقاندنه، خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر ڕژانه سه‌ر شه‌قام و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خۆیان گه‌یانده ده‌سه‌ڵاتداران.
بێ هیوابوونی جه‌ماوه‌ر له حكومڕانی ڕه‌هاو بێباكی ده‌سه‌ڵاتداران، سیاسه‌تی برسیكردنی خه‌ڵك و به‌شداریكردنی ئه‌حزابی چاكساخواز له سه‌قامگیربوونی ئه‌م سیسته‌مه له هه‌رێم وایكرد، جه‌ماوه‌ر جارێكی‌تر شه‌قام به ته‌نیا پشت و په‌نای خۆی له‌قه‌ڵه‌م بدات.
مامۆستایانی شارێك، كه سه‌نته‌ری قورسایی و كارتی سه‌ركه‌وتنی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار بوو، له شه‌قامه‌وه ده‌نگی دلێری خۆی هه‌ڵبڕی و داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی شكۆ‌و كه‌رامه‌تی پێشێل كراوی خۆیانیان كرد. درێژه‌دان به سیاسه‌تی چه‌ن ساڵه‌ی برسی كردنی خه‌ڵك، زۆربوونی مه‌ودای نێوان چینی هه‌ژارو ده‌وڵه‌مه‌ند، داڕمانی هه‌ژه‌موونی ده‌سه‌ڵاتخوازی هه‌رێم له به‌رانبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی، زۆربوونی ناعه‌داله‌تی سیاسی و ئابووری، به‌دیارده‌كردنی تاڵانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات، بێ پلانی و بێ به‌رنامه‌یی له حكومڕانی، ململانێی ئه‌حزابی سیاسی و قوربانی كردنی تاكی كورد بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی، وایكردووه كه جه‌ماوه‌ر ته‌واو بێ هیوا بێت.خه‌ڵك په‌ڕگیرتر ده‌بن و مه‌ودای نێوانی شه‌قام و ده‌سه‌ڵات فراوانتر ده‌بێت. به‌دڵنیاییه‌وه له‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكی دكتاتۆردا، جه‌ماوه‌ر ده‌گاته ئاستێك كه به جێگای دڵ به‌ستن به سیاسه‌تی شكست خواردووی چاكسازی، له ڕێگای شه‌قامه‌وه بیر له گۆڕینی ده‌سه‌ڵات بكاته‌وه. له‌به‌رانبه‌ردا چوون ده‌سه‌ڵاتی دكتاتۆر تووشی شكستی ئایدیۆلۆژی بووه و قه‌یرانی سیاسی و ئابووری سه‌رتاپێی جه‌سته‌ی داگرتووه، هیچ ڕێگاو پروژه‌یه‌كی له‌به‌رده‌ست نیه بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه، بۆیه یا ده‌ست ده‌بات بۆ قووتی خه‌ڵك و سیاسه‌تی برسیكردنی جه‌ماوه‌ر هه‌ڵده‌بژێرێت، یان به شێوازێكی دڕندانه هه‌وڵی سه‌ركوتكردن و هه‌ناسه چنینی شه‌قام ئه‌دات.