شه‌ریف هه‌ژاری: كورد و، ستراتیژ و ته‌كتیك!
چ حیزبه‌كانی كورد و، چ حكومه‌تی كوردی ئه‌سته‌مه ستراتیژیان هه‌بێ، كه به چه‌ندین ته‌كتیكی یه‌ك له دوای یه‌ك هه‌نگاو بنێن هه‌تاكو ستراتیژه‌كه‌یان دێننه‌دی.
ئێستا له وڵاتانی پێشكه‌وتو وای لێ هاتوه ته‌نانه‌ت كۆمپانیاكانیش ستراتیژ و ته‌كتیكیان هه‌یه. كه‌چی پرسێكی چل ملیۆنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك وه‌ك دۆزی نه‌ته‌وه‌ی كورد، هه‌م له لایه‌ن حیزبهكانییهوهو، هه‌م له لایه‌ن حكومهتهكهشییهوه، هیچ ستراتیژ و ته‌كتیكێكی بۆ ئاماده نه‌كراوه كه كاریی له‌سه‌ر بكرێت!
به‌و مانایه‌ی: كام حیزبی كوردی هه‌یه كه ستراتیژێكی داڕشتبێ و، به چه‌ندین ته‌كتیك له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی دا بیهێنێته‌دی!؟
كام پرۆژه‌ی درێژخایه‌نی حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه كه به ستراتیژێك داڕێژرابێ و، به چه‌ندین ته‌كتیك و ته‌كنیكی تۆكمه له ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی دا بهێنرێته‌دی!؟
كاتی خۆی كه ماسته‌ره‌كه‌م له زانكۆی له‌نده‌ن له‌سه‌ر: (سیاسه‌ت و ستراتیژی به‌ریتانیا له خاكی ئه‌مریكا) خوێند و، ماستهرنامهكهشم له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت نوسی، ئه‌وكات زانیم ئینگلیزه‌كان كه له چه‌ندایه‌تییه‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌كی بچوك بون، ئه‌وه ته‌نیا ئه‌قڵیه‌تی داڕشتنی پلانی (ستراتیژ و ته‌كتیكی)یان بوه كه پێشی خستن و وای لێ كردن هه‌مو دنیا بخه‌نه ژێر دهسهڵاتیانهوهو، ئێستاش زمانه‌كه‌یان بوه‌ته جیهانی و، چه‌ندین قاڕه‌ی جیهانیش وه‌خته له ڕوی زمانییه‌وه ده‌بنه ئینگلیز. ئیتر با ئه‌وه‌ش بوه‌ستێت كه زمانی ته‌كنه‌لۆجیا و توێژینه‌وه جیهانییه‌كانیش هه‌ر ئینگلیزیه.
به بیرم دێ له ده‌ورانی خوێندنی ماسته‌ره‌كه‌م دا، پڕۆفیسۆره‌كانی زانكۆی له‌نده‌ن، كه زۆربه‌یان له زانكۆكانی كامبریدج و ئۆكسفۆردیش وانه‌بیژ بون، به‌رده‌وام ده‌یانوت: ”هه‌ر هێزێكی سیاسیی ده‌بێت خاوه‌ن ستراتیژ و ته‌كتیك بێت و، ده‌بێت هه‌مو ستراتیژێكیش چه‌ندین ته‌كتیكی له‌خۆ گرتبێت. چونكه ستراتیژ به‌بێ تاكتیك، خاوترین ڕێگایه بۆ سه‌ركه‌وتن و، ته‌كتیكیش به بێ ستراتیژ، قڕه-قڕی پێش شكسته! ”.
زۆرجار ئه‌م دێڕه‌یان ده‌وته‌وه: ”Strategy without tactics is the slowest route to victory. Tactics without strategy is the noise before defeat”.
كه‌وابو، گه‌ر پلانێكی ستراتیژییشت هه‌بو، به چه‌ندین ته‌كتیك دیاریت نه‌كردبو كه هه‌نگاو به هه‌نگاو چۆن ته‌كتیك له دوای ته‌كتیك ده‌چییه پێشه‌وه‌و، ئینجا ستراتیژهكهت به‌ده‌ست دێنیت، ئه‌وا ستراتیژهكهت گه‌ر به ئاكامیش بگات زۆر به خاوی به ئه‌نجام ده‌گاو، كاتی زۆری ده‌وێت. هه‌ربۆیه ده‌بێت هه‌مو ستراتیژێك له چه‌ندین ته‌كتیك پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ی خێراتر و سیستماتیكتر به ئه‌نجام بگات.
هه‌روه‌ها، به پێی تێفكرینی ستراتیژی: گه‌ر ته‌نیا پلانی تهكتیكیت هه‌بو به بێ ستراتیژ، به‌وه ده‌وترێت: قڕه-قڕی پێش شكست!
واته: هه‌ر هێزێكی سیاسیی گه‌ر له سیاسه‌تی خۆیدا ته‌نیا پشتی به ته‌كتیك به‌ستبو و، پلانی ستراتیژ و درێژخایه‌نی نه‌بو، ئه‌وا له داهاتودا به‌رهه‌می بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی نابێت.
ته‌نانه‌ت ستراتیژ و ته‌كتیك بۆ ئه‌وه‌ش گرنگه كه بزانیت: چ كاتێك ده‌بێ شه‌ڕ بكه‌یت و، چ كاتێكیش نابێت شه‌ڕ بكه‌یت! بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه هه‌نگاوه‌كانت به سیستماتیكانه سه‌ركه‌وتنی به‌دوادا بێت.
یه‌كێك له تێفكرینه ستراتیژییه‌كانی تر كه پڕۆفیسۆره‌كانی له‌نده‌ن هه‌میشه ته‌ركیزیان له‌سه‌ری ده‌كرده‌وه ئه‌م تێفكرینه ستراتیژییه بو، كه پێی وایه: ”گه‌ر تۆ به وردی خۆت و دوژمنه‌كه‌ت نه‌ناسیت، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌میشه له مه‌ترسی دا ده‌بیت و مه‌ترسیت لێ نابڕێت!”.
زیاتر له‌وانه‌ش، شێوازی كاركردی سیاسیت له ڕوی تێفكرینی ستراتیژییه‌وه ده‌بێت وه‌ها بێت كه دوژمنه‌كانت زه‌نده‌قیان لێت بچێت، به جۆرێ: ”گه‌ر تۆ ته‌نانه‌ت له دوژمنهكهشتهوه دور بویت، ده‌بێت كاركردی سیاسیت به شێوه‌یه‌ك بێت كه هه‌میشه باوه‌ڕ بكات لێیه‌وه نزیكیت و، هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ره‌كیی و هه‌میشه‌ییت له‌سه‌ری! ”.
كاتێك بیر له‌و زانسته ستراتیژییه ده‌كه‌مه‌وه كه له ده‌ورانی ماسته‌ره‌كه‌م دا خوێندومه، بڕوا به‌وه دێنم كه هێزه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان زانستییانه سیاسه‌ت ناكه‌ن و، پلانی ستراتیژییان نییه. هه‌ربۆیه‌شه نابنه هه‌ڕه‌شه‌ی كاریگه‌ر له‌سه‌ر داگیركه‌ران و، تا ئێستا داگیركه‌رانیان به چۆكدا نه‌هێناوه.
سیاسه‌تی هێزه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌كه، بریتییه له: (ته‌كتیك). هه‌ربۆیه‌شه له ڕوی ستراتیژییه‌وه هه‌میشه یان شكست ده‌هێنن، یاخود گه‌ر شكستیش نه‌هێنن، به‌رهه‌میان بۆ كۆمه‌ڵگای كوردی نابێت. چونكه ستراتیژیان نیه و گرنگیش به زه‌مه‌ن (كات) ناده‌ن!
له ڕوی زانستی (ستراتیژی)یه‌وه، كه یه‌كێكه له بواره‌كانی زانستی مێژوی سیاسیی له زانكۆ ناوداره‌كانی ئه‌وروپا، هه‌مو حیزب و حكومه‌تێك ده‌بێت ستراتیژی هه‌بێ و، به چه‌ندین ته‌كتیك پلانی بۆ دابنرێ، تا ئاكامه‌كه‌ی چنگ ده‌خرێ!
به‌هه‌رحاڵ، پێموایه تا كورد له سیاسه‌ت دا پلانی ستراتیژی نه‌بێت، ناتوانێ سه‌ركه‌وتو بێت و، ناشتوانێت بشبێته هه‌ڕه‌شه‌ی كاریگه‌ر له‌سه‌ر داگیركه‌ره‌كانی.
چاره‌سه‌ریش ته‌نیا و ته‌نیا ئه‌وه‌یه: هێزه كوردییه‌كان له قۆناغی ئۆرگانیزاسیۆنی خێڵه‌كی بێنه ده‌ره‌وه‌و، له ڕوی زانستییه‌وه ببنه حیزب و، بۆ هه‌مو هه‌نگاوه چارهنوسازهكانیشیان ستراتیژ و چه‌ندین پلانی تایبه‌تیان بۆی هه‌بێت.
شه‌ریف هه‌ژاری: خوێندكاری دكتۆرا له دبلۆماسییه‌تی نێوده‌وڵه‌تی به‌ریتانی.