بەختیار شارەزوری و سەرکەوتی جیهاز: ئامانجە تەواو نەکراوەکانی نەوشیروان مستەفا.
بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بە مێژودا ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەکەوێ کە کورد لە باشور بوتە قوربانی دابەشکاری جوگرافی و دابەشکاری حکوم لە نێوان هێزە ناوچەیی و بەریەککەوتنی وڵاتانی زلهێزدا، بەرامبەر ئەم دابەشکاریە ئیرادەیەکی یەکگرتو نەبوە بۆ ئەوەی کورد بتوانێت لە دەرفەتە سیاسیەکاندا دژ بەم دابەشکاریە بوەستێتەوە، ئەمەش بوتە هۆی لاوازی ئەو فاکتەرانەی کە دەبێتە هۆی تێپەڕاندنی قۆناغی دابەشکاری و بە تایبەتی تر دابەشکاری نێوان عوسمانی سەفەوی و تورکی و ئێرانی تازە، ئەم دابەشکارییە وەک نەفرەتێکی مێژویی لە کورد ئاڵۆسکاوە. بە درێژایی ئەو مێژوە سەرکردەیەک نەهاتوە پڕۆژەی پێ بێت و هەمو بۆچونەکان لە خۆی کۆبکاتەوە و بتوانێت بە وڵاتانی دراوسێ بڵێ چی تر ئێوە وەک ولاتی درواسێ دەبن و کۆتای بە پاشکۆیەتی ستراتیژی وڵاتان بهێنن و ببینە خاوەن ئاسایشی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆمان، ئەم دابەشکاریە بە ڕونی دیارە (ئەودیو دێگەڵە و ئەم دیو دێگەڵە) لەم نێوەندەدا سەرکردەیەک دروست دەبێت کە بەئاگایە لە قوڵایی مێژو. دەزانێ مێژوی کۆن و تازە چی جۆرە نەخۆشیەکی توش بوە، بەدەر لەمە هەوڵ دەدا لە ڕوی فەرهەنگی و ئەدەبی و زمانەوانیشەوە کار لەسەر ڕوبەڕوبونەوەی دابەشکاری و داگیرکردنی زمانی و فەرهەنگمان بوەستێتەوە. ئەم سەرکردە نەوشیروان مستەفایە.
نەوشیروان مستەفا ئەگەر لە قۆناغەکانی شۆڕشی شاخدا بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بەعس کارتەکانی تری بەکار هێنا بێت، دوای ڕاپەڕین و تۆخبونەوەی داگیرکاری و دابەشکاری نێوان تورکیا و ئێران و لێکەوتەی (ڕێککەوتننامەی ستراتیژی) نێوان تورک و ئێرانیەکان، نەوشیروان مستەفا کار لەسەر ڕێکخستنی تواناکانی کورد دەکات لە باشوردا تا بتوانێ لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی نیشتمانیدا هێزەکان یەکبخات و دەستکاری ڕێککەوتنی ستراتیژی بکات و کۆتایی بە پاشکۆیەتی وڵاتان بهێنێت، ئەگەر چی لە ڕوی سیاسیەوە لە خراپترین حاڵەتدا تێکچونی هاوسەنگی هێز لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دەبێتە هۆی چەسپاندنی مۆدێلە خلیجیەکە بە مانای مۆدێلی پاوانخوازی گشتی لەو مۆدێلە وەلی عەهدیە خراپتر، نەوشیروان مستەفا ئەوەی دەزانی کە ئێران و تورکیا بەرژەوەندیان لەوەدایە کە بنەماڵە و خێڵەکان حکومی خێڵگەرایی و مۆدێلی ئاغای بێت تا کوردی باشور نەتوانێ ببێەتە خاوەن دامەزراوە و سیستەم و بتوانێت هەنگاوەکانی حکومەتێکی دروست و ستسیماتیک و دەوڵەتداری بنێت چونکە مامەڵەکردن لەگەڵ حزب و خێڵ ئاسانترە و ئەم دەوڵەتانە خۆ ئەبوێرن لە داننان بە کیانێکی سەربەخۆی کوردیدا،
بەم هۆیە شەڕی نەوشیروان مستەفا زۆر لە پارتی و یەکێتی گەروەتر بو، ئامانجی ئەو دەرهێنانی کورد بە گشتی و پارتی و یەکێتی بە تایبەتی لە ژێر حوکمی پاشکۆیەتی و لە دەوری پاکێجە نیشتمانیەکەیدا کۆیان بکاتەوە و بەرەیەکی کوردی دروستبکات کۆتایی بە دابەشکاری بهێنێ. لە بەرامبەردا نەک پارتی و یەکێتی نەیانتوانی ئەم داوایەی نەوشیروان مستەفا قبوڵ بکەن بەڵکو لە ترسی بەرژەوەندی کەسی ئەنقەرە و تارانیان هێنایە سەر خەت دژی نەوشیروان مستەفا، ئەگەر چی نەوشیروان مستەفا لە خراپترین ئەگەردا کارتی ناوەندی بەدەستەوە بو کە خۆی کارئەکتەری سەرەکی نوسینەوەی دەستور بوە کە مافەکانی کوردی تیا هاتوە، هەروەک ئەوەی لە بەغداد دەستی کورد دەکەوێ، بە ئێستاشەوە هەوڵی نەشیروان مستەفا بوە لە دەستوردا.
کلتوری کلکایەتی و جاشایەتی بوە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم نەوشیروان مستەفادا ، لەگەڵ ڕوداوەکانیشدا ئەم پڕۆژەیەی نەشیروان مستەفا زەمینەی کارکردن لەسەری خراپتر دەبو بە تایبەت شەڕی داعش، ئەم بۆشاییە و داشکاندنی یەکێتی بۆ پارتی و تێکچونی هاوسەنگی هێز و فرانبونی دەستەڵاتی پارتی دوای ئەوەی تا ئاستێک ئێران پاشەکشەی کرد ، هاوسەنگی هێز لە نێوان پارتی و یەکێتیدا تێک چو پارتی توانی تەواوی جومگە سەرەکیەکانی دەستەڵات داگیر بکات ، خۆ ئەگەر کاری نەوشیروان مستەفا کارکردن بو بێت لەسەر ڕیکخستنی ماڵی کۆردی بۆ ئامانجێک، ئەوا لەسەر هاوسەنگی هێز دەکرا، دوای تێک چونی هاوسەنگی و مل نەدانی پارتی و یەکێتی بۆ پڕۆژەیەکی نیشتمانی و بن بە خاوەن ستراتیژی سەربەخۆی خۆمان، نەوشیروان مستەفا ستراتیژی بو بە گەڕانەوەی هاوسەنگکردنەوەی هێز لە نێوان هێزەکاندا و ڕێککەوتنامەی سیاسی نێوان بزوتنوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیامنی کوردستان (ناسراو بە رێکەوتنی دەباشانی لێکەوتەوە). بۆیە زەمینە و تەمەن بواری نەدا پڕۆژەی کۆتایهێنان بە پاشکۆیەتی و چاکسازی و عەدالەت بکاتە ئەمری واقع.
ئامانجە تەواو نەکراوەکانی نەوشیروان مستەفا بریتین لە:
1- کۆتایهێنان بە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان تورکیا و ئێران، بەڵام کلتوری پاشکۆیەتی بەربەستێکی گەورە بو.
2- بەدیهێنانی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، بەڵام دابەشکاری و قۆرخکاری نێوان سەرانی پارتی و یەکێتی نەیهێشت.
3- حکومەتی هاوڵاتی ، بەهۆی پلانی قورس دژی و تەخوینکردنی و دەستێوەردانی ئێران و تورکیا نەیهێشت.
4- هاوسەنگی هێز، بەهۆی پەرتەوازە بونی یەکێتی و دووباڵ، نەیتوانی ئەم هاوسەنگیە بگێڕێتەوە لە دەباشان.
خۆ ئەگەر حکومداری تا کاتی نەوشیروان مستەفا هەر بەدەست شۆڕشگێڕەکانی شاخەوە بوبێت یان نەوەکانیان ئەوا سەرەکیترین کارئەکتەری شاخ نەوشیروان مستەفا بوە. گرنگی ئەم پیاوە ئەوەیە تەنها کاری بە یەک کارت دەکرد ئەویش کارتی سەرچاوەی مرۆیی بو، لە کاتێکدا دەیتوانی کارتی هێز و کارتی ئابوری و کارتی پشت بەستن بە هێزی ناوچەیی و کارتی شەرعیەتی شۆڕشگێری پلە یەک و کارتی بڕوانامە و ڕۆشنبیری و کارتی سیاسی بەکار بهێنێت، بەڵام لەبەر ئەوەی بتوانێت ناو ماڵی کوردی بۆ ئامانجی کۆتایهێنان بە ڕێککەوتنی ستراتیژی و پاشکۆیەتی وڵاتانی ناوچەیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و سیستەمێکی تەندروست ڕێک بخات، تەنها پشتی بە توانی مرۆیی و هێزی خەڵک دەبەست لە چوارچێوەی خەباتێکی بێخوێن و مەدەنیەوە. دوای خۆشی سەرکردە مێژو کردە تا ئێستاش ئەقڵیەتی کوردی توانای بەرهەمهێنانی سەرکردەی خێرای نیە بە پێی پێداویستی قۆناغەکان، بەداخەوە هەم زەمینە و هەم تەمەن بواری نەدا ئەو ئاماجانەی کاری بۆ ئەکرد تەواو بکات.
دواجار هەرچۆنێک بتەوێ ئەم هەرێمە ڕێک بخەی تەنها یەک ڕێگە هەیە ئەویش دەچێتەوە سەرمیتۆدەکانی نەوشیروان مستەفا .