زاهیر باهیر: ئەوانەی کە هەمیشە قوربانی دەستی جەنگ و قەیرانەکانن.
کۆرۆنا کە قەیرانێکی ئابووریی قووڵی دروستکردووە و بریتانیا لە دوای ساڵی 1932 وە بەخۆیەوە نەبینوە هەر وەکو هەمو قەیرانەکانی دیکە زیاتر لە سەری کرێکاران و هەژاران و خەڵکانی ئاساییدا شکاوەتەوە و دەشکێتەوە. هەمیشەش لە قەیران و جەنگەکانا ئافرەتان و پیر و پەککەوتە و منداڵان لە ڕیزی پێشەوەی قوربانییەکانەوە بوون.
ئەمڕۆ لە بریتانیا و لەسەردەمی کۆرۆنەدا دیسانەوە زیاتر لە هەمووان ئافرەتانن کە پشکی شێری ئەم قوربانییە پێکدەهێنن نەك لەیەك لاوە، بەڵکو لە زۆر لایەنەوە.
لە کاتێکدا کە یاسای یەکسانی لە کرێ و موچەدا لە بریتانیا لە 29/05/1970 بڕیاری لەسەردرا، دەبوایە ئەو بۆشاییەی موچە یاخود کرێی کە لە نیوانی ڕەگەزیی پیاوان و ژناندا هەیە وردە وردە بنەبڕ بکردایە، کەچی پاش 50 ساڵ هێشتا لە زۆربەی شوێنەکانی سەرکاردا ئەو بۆشاییە بە ڕێژەی لە سەدا 15 هەر ماوە.
لە قەیرانە داراییەکەی 2008 دا کە هەتا دەستپێکردنی کۆرۆنا-ش لە بریتانیا هەر بەردەوامبوو، لە سەدا 86 ی کارایی بڕینی بیمەکان و دەرکردنی کرێکاران لە کارەکانیان، لەسەری ژناندا شکایەوە.
هاتنی کۆرۆنا و قەیرانی ئابووریی بە دوایدا ئەوەشی کە لە 50 ساڵی رابوردوودا کرا، لەوە دەکات گەر هەمووی لە دەست نەچێێت ئەوە بەشی زۆری لە دەستبچێت.
ئەمڕۆ ئافرەتان لە بەشی باڕ و کۆفی شۆپ و چێشتخانەکان و هۆتێلەکان و شوێنەکانی بەشی گەشتیاریی و هێڵەکانی فڕین و خزمەتگوزارییدا لە سەدا 67 کۆی پیاوانی کرێکاران پێکدەهێنن، لە کاتێکدا کە کۆرۆناش ئەم بەشەی زۆر باش کوتاوە لەوە ناکات هەتا بەهاری ساڵی ئایندە، 2021، دۆخەکە بگەڕیتەوە باری ئاسایی، کەواتە لێرەشدا هەر ژنانن کە باجی گەورە دەدەن.
ژنان لە بەشەکانی باخچەی منداڵان و پەروەردە و تەندروستی و بەتایبەتی دایەنگاکانا [ ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی تەمەن بچوك] کاری سەرەکی دەکەن. هەر لەم بەشی ئاگابوون لە ساوایان و منداڵانی بچوك، ڕیژەی کارکردنی ژنان لە سەدا 97. بەشێکی ئەمانەش کارەکانیان لەدەستدەچێت پاش ئەوەی کە دایکانی ئەو ساوا و منداڵانە لە کارەکانیان دەردەکرێن یاخود ناچاردەکرێن کە کارەکانیان بەجێبهێڵن ئەو کاتە خۆیان ئاگایان لە ساوایان و منداڵەکانیان دەببێت.
کولتوری خاوەنکار لە کەرتی تایبەتیی-دا، نادەوڵەتیی، وایکردووە کەمتر ئافرەتانیان وەرگرتووە، کاتێکیش کە وەریشیان گرتوون بە پارەی کەمتر لە پیاوانی هاوەڵکاریان، بووە، ئەویش لەبەر ئەوەی ئافرەتان بە حوکمی بوون بە دایك یا دیکبوونیان ئەگەریی لەسەر کار دواکەوتنیان هەیە، دووگیان دەبن، منداڵیان نەخۆش دەکەوێت، توندووتیژییان بەرانبەر بەکاردەهێنرێت، هەموو ئەمانەش یانی بزربوونیان لەسەرکار و بەرهەمهێنانی کەم. لەم ساتە وەختەشدا باشترین بیانوو هەیە بۆ خاوەنکار کە ژنان لەسەر کار دەرکەن، یاخود لە ئایندەدا وەریاننەگرن. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نوێ، ساڵانە 54000 ئافرەت هەر بەو هۆکارانەوە لەسەر کارەکانیان دەردەکرێن.
توندوتیژی دژ بە ژنان لە بریتانیادا بووەتە شتێکی ئاسایی هەفتەی لە 2 بۆ 3 ئافرەت لە لایەن هاوژینەکانیانەوە، یاخود برادەرە کوڕەکانیانەوە یا لە لایەن کۆنە مێردو کۆنە بۆیفرێند و یا لە لایەن خێزانەکانیانەوە، دەکوژرێن.
لەم سەردەمی کۆرۆنایەشدا بەکارهێنانی توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەموو وەختێك زیاتری کردوە. بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمی ڕۆژی 09/04 لەو کاتەوەی کە کۆرۆنا دەستیپێکردوە ڕێژەی پەیوەدنیکردنی ئافرەتان بە هێڵی هاوکاریی و کۆمەكپێکردنەوە سەبارەت بە تووندووتیژی کە بەرانبەریان بەکارهێنراوە، بە ڕێژەی لە سەدا 26.88 لەچاو پێشترا زیادیکردووە.
هەر بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی دیکە لەوەتی کۆرۆنا هاتووە لە سەدا 47 ژنان کارەکانیان لەدەستداوە و لە سەدا 14ی دیکەیان نێرداراونەتە ماڵەوە بە موچەی لە سەدا 80 ی سەر کاریان، بەڵام زەمانەتی گەرانەوەیان بۆ سەر کارەکانیان کەمە.
لە سەدا 69 ئەوانەی کە کار دەکەن و موچەکەیان کەمە ژنانن، کە تەنها یەک لە دە کەسیان دەتوانن لە ماڵەوە کارەکانیان ئەنجامبدەن و ئەوانی دیکەیان کارەکانیان وەکو کاری پاککردنەوە و کار لە باڕ و دووکان و سوپەرمارکێت و شوێنەکانی دیکەدا و شۆفێری پاس و کاری شەمەنەفەرەکانی سەر زەوی و ژێر زەوی، دەبێت ڕۆژانە لەسەر کار ئامادەبن، ئا لەم بارەشدا کە لە ئێستادا لە بریتانیا شوێنەکانی سەرکار داخراون، بەشی زۆری ئەوانیش کاریان نییە.
ئەمانە هەمووی بەڵگەن کە قوربانییەکانی دەستی هاوردەکانی کۆرۆنا، بەشی هەرە زۆریان ئافرەتانن، بۆیە دەتوانین بڵێن کۆرۆنا ڕێسەکەی 50 ساڵ لەمەوبەری لە بریتانیا کردەوە بە خوریی.