بەهرۆز جەعفەر: یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دەرفەت و تەحەدداکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵیادی نزیکەی نیو سەدە تەمەنی یەکێتیەو، کۆنگرەیەکی تەواو جیاواز لە کۆنگرەکانی تر کراوەو، گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە پەیکەربەندی حیزبەکە لە ئارادایە و، یەکێتیش حیزبێکی سەرەکی هەرێمی کوردستانی عێراقەو، بەشداریی گەورەی لە ڕووداوەکانی پەنجا ساڵی ڕابردوودا هەبوەو، ئیتر بەشێکی باشیش لە تەمەنی مناڵی و کاریی سەرەتایی حیزبی و ڕێکخراوەیی ئێمەش لەو حیزبەدا بوە ( بەکورتی یەکجار حیزبایەتیمان کرد یەکێتی بوین). بۆیە زەرورەتە بەدواداچونێک لەبارەی دەرفەت و مەترسیەکانی بەردەم ئایندەی (ی.ن.ک) بکەین:

یەکەم: دەرفەتەکانی بەردەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان
1- دەرئەنجامەکانی کۆنگرەی 4 ی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. یەکێک بو لە هەرە تەحەددا گەورەکانی بەردەم حیزبەکە و تێی پەڕاند. زیاتر لە دە ساڵ ( خوالێخۆشبوو تاڵەبانیش لە ژیاندا بو کێشەکان هەبون) هەریەکەو لە گردێکەوەو هەریەکەو لە سوچێکەوە خەریکی هەموو شتێک بون یەکێتی و کاروباری نیشتیمانی نەبێت. گروپێک لەکەرکوک خەریک بون، گروپێک لای پارتیەوە، هەندێ لە بەغدا، هەندێک لە سلێمانی ئەوەی نەیارەکانی حیزبەکە شەرمیان ئەکرد بیڵێن خۆیان لەمیدیاکان ئەیانوتەوە. تا کۆبونەوەیەکیان ئەکرد لەناو خۆیاندا چوار دانیشتنیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەکرد. بەڵام هەموو وەک کۆتەرە لەسەر ئاو ئەیبینین کۆنگرەی چواری حیزبەکە سەراپا ئەو دۆخەی پێشتری گۆڕی و، بڕیاری سیاسی و دروستکردنی بڕیاری سیاسی گێڕایەوە بۆ حیزبەکە. ئەمە دەرفەتێکە کە ئەکرێ ئومێدی ئەوەی لێ بکرێت کە حیزبەکە ناوەندێکی ئامادەو لەسەر پێ بێت بۆ هەر پێشهاتێکی نەتەوەیی و عێراقی و هەر دیاردەیەکی جیهانی تا بێتە دەست و وەڵامدەری دۆخەکە بێت. بە واتایەکی تر حیزب ئامادە ئەکات بۆ ڕێکخستنی ژیانی گشتی.
2- هەموو ناوچەی سەوز بگەڕێی هەر لە دێگەڵەوە تا سلێمانی تا خانەقین جگە لە شۆفێری تەکسی و کافێتریاو ڕێستۆرانت شتێکی تر نابینی. یەکخستنەوەی بۆردەکانی یەکێتی، ئۆرگانەکانی یەکێتی، دەرفەت ئەدات بە حیزبەکە نەرمە هێزی خۆی بخاتە کار بۆ ئەوەی کۆمپانیاکان، نوێنەرایەتیە جیهانیەکان، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە، براندەکان، پرۆژە گەشتیارییەکان، کۆنفڕانس و فۆڕیومەکان لەناوچەی سلێمانیدا ببینرێن.
3- هەڵکەوتەی جیۆ- کەلتوریی و جەماوەریی یەکێتی ئەو شانسەی بەحیزبەکە داوە کە هەمیشە کراوە بن. ئەوەی لە دەرەوەی خۆیانە، ئەوەی ڕۆژێک بەشێک بوە لە یەکێتی بە ماڵی خۆیانی بزانن. ئەمە ئەو چانسە ئەدات کە حیزبەکە توانای هەڵمژینی قەیرانەکانی بە ئاسانی هەبێت. دروستبونی حیزبەکە خۆی بۆخۆی تەحەددایە. لەو ڕۆژگارەدا کە تەنها خولەکێک بیرکردنەوە بەسە تا بزانین ئەگەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ( کە خەڵک ئەو کاتە ناویان نابو تاوانەوەی کوردستان) دروست نەبوایە چی ئەبو !. لە دیمەشقەوە بۆ ناو زەنگ، لە شارەزورەوە بۆ سێگۆشەی نێوان عێراق و تورکیاو سوریا. لە ئێرانەوە بۆ سوریا. لە چەمی ڕێزانەوە بۆ کەرتی سێێ هەمەوەند بۆ داستانی کەرتی چواری جەباری و حەمک !. رۆژگارێک تەکنەلۆژیاو میدیاو مۆنیکاو پارە نیە. سەدان دەرەتانی تاڵی وەکو داری خلە هەیەو، هێشتا بێ ترس لەبەر سمێڵی دوژمندا شایی و لۆغان ئەکەن!. ئەمە دەرفەتێکە کە هەمیشە هەست ئەکەیت مێژووییەک لە پشت حیزبێکەوە قسە ئەکات کە هەموو تاکێک لە سنورەکەیدا، لە فەلەکەکەیدا سوور سوور بوە لە قوربانی دان.
4- یەکێتی نیشتمانی کوردستان جوگرافیایەکی دیاریکراوی هەیە، سەرمایەیەکی مرۆیی، کۆمەڵێک کۆمپانیاو ، زیاتر لە نیو ملیۆن دەنگدەرو ، هێزی ئاسایش و چەکداری هەیە. تا ئەو چرکەساتە ئێران پاڵپشتیەکی بێ چەندو چونی یەکێتیە. لەسەروو هەموو ئەوانەشەوە دەرفەتی ئازادی و قسەکردن و ڕەخنەکردن و تەنانەت جنێودان و پیلانگێڕیی کردنیش لەسنوری یەکێتی دا هەمیشە کراوە بوە. ئەمەش لانی کەمی حەقی سوپاسێکە بۆ هەموو ئەوانەی لە هەناوی یەکێتیەوە دەرپەڕیون و بە ئازادیی و کەماڵی ئیسراحەت قسەی خۆیان ئەکەن.

دووەم: مەترسیەکانی بەردەم یەکێتی نیشتمانی کوردستان
1- لە ئاستی نێوخۆیی یەکێتی دا، مەترسی ئەوە هەیە ئەم حیزبە بە کەرەستە کۆنەکان بیەوێ ئیدارەی ئەم دۆخە نوێیە بدات. بەتایبەت یەکێک لە سیفاتەکانی سەردەمی ئێستا ئەوەیە خۆی بۆ خۆی ڕۆڵی حیزب هەر نەمێنێت لە جیهاندا یان لایەنی کەم بەرەو کاڵبونەوە بچێت. بەتایبەتی تریش کە یاسای هەڵبژاردنەکان لە عێراق لە ساڵی ( 2019 ) تاوتوێ و ئامادەکراوە. ئەم یاسایە ڕۆڵ بە حیزب نادات. بە کەس و کەسایەتی ئەدات. بە یەک بازنەیی و بە پارێزگا نادات بەڵکو بە قەزاکانی ئەدات. یەکێک لە خراپیەکانی ئەم یاسایە «وێڕای باشیەکانی» ئەوەیە سیاسەتی گشتی دائەبەزێنێتە ئاستێکی بچوک و لۆکاڵ کە نوێنەر لەبری سیاساتی گشتی و ئەرکە ستراتیجیەکان ئەبێت خەریکی خزمەتگوزاریی گەڕەکەکان و دابەزینە ئاستی لاوەکی وەها کە پتر کاری یەکە ئیدارییەکانە. دۆخێکی وەها بۆ یەکێتی مەترسیدارە. چونکە جەماوەر بڕوا بە کەسایەتی و کەرەستە کۆنەکانی حیزبەکە ناکات. بەتایبەت بۆ کەرکوک…خەڵکی وەها هایە دوانزە بۆ سیانزە ساڵە ئەندامی پەرلەمانی عێراقە هێشتا شارەکە ئەناڵێنێت بەدەست گرفتی گەورەوە، بە دەست چارەنوس و ناسنامەوە…
2- مەترسی لا- مەرکەزیی… یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیراسەی هەڵکەوتەی خۆی بکات لینکێکی ئەوتۆی ستراتیژی نیە. بە پێچەوانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان دراوسێی ئێران و تورکیاو سوریاو عێراقیشە. لە ڕووی کێڵگەی نەوتیەکانەوە یەدەگ و ئاستی بەرهەمهێنانی تەنها کێڵگەی خورمەڵە نزیکەی ( 43٪) ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی هەموو هەرێمی کوردستان پێک دێنێت و ئاستی یەدەگ تیایدا ( 2726 ملیۆن بەرمیلە) هەروەها دوای ئەو کێڵگەی شێخان (1001 ملیۆن بەرمیلە). لە ڕووی غازەوە کێڵگەکانی میران و بینا باوی گەورەترین یەدەگی سروشتی غازن (بیناباوی 4.9 تریلیۆن پێ سێجا و میران 3.5 تریلیۆن پێ3) یە. دیارە سنوری ناوچەی سەوزیش غازو نەوتی تێدایە. بەڵام بەشێوەیەکی گشتی بیرکردنەوە لەم ئاستەدا گوناحێکی نیشتیمانی و ئۆباڵێکی مێژووییە لەسەر دوو حیزبی دەستەڵاتدار لە کوردستان. ختوکەدانی ئەم باسە وەک مەترسیەک لەبەردەم ئایندەی یەکێتی و ناوچەیەکدا بۆ ئەوەیە بڕیاری هەڵە لە بارەی لامەرکەزییەوە باجەکەی قورسە. بۆیە پێویستی بە باشتر دیراسەکردن هەیە. مەسەلەن کێڵگەی نەوتی تەق تەق ڕۆژانە لە ( 2015 ) ەدا ( 145 بۆ 150) هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم هێناوە بەڵام لە ( 2020 ) دا ڕۆژانەی بەرهەم ناگاتە ( 14 ) هەزار !. لەلایەکی ترەوە زیاد لە کەسێک و زیاد لە کۆمپانیایەک دەستی لەناو کەرتی نەوتدایە لە ناوچەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
3- تەحەدایەکی قورس لە سەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دوای کۆنگرەی ( 4 ) هەیە. ئەویش نازانرێت دونیا بینی حیزبەکە بۆ ئابوریی، بۆ سیاسەت، بۆ تاک، بۆ دەوڵەت، بۆ پرسە عێراقی و هەرێمایەتیەکان لەسەر چی بنەمایەک دەقی گرتوە. بۆ نمونە ئێران دەوڵەتێکی ئایدۆلۆجیە. تا ڕادەیەک تورکیای ئێستا تێکەڵەیەکە لە نیو- ئیخوانی و لیبراڵی، بچۆ لە پارتیەک بپرسە هیچ نەبێ بە دروشمیش بێت پێت ئەڵێ من کوردایەتی ئەکەم و ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی کوردستان و ئابورییەکی بەهێز چێ ئەکەم… ئەدی یەکێتی نیشتمانی کوردستان؟. تا هەنوکەش بەشێک لە کادرە بنچینەییەکان لایانوایە سۆشیال دیموکراتی ئایدۆلۆجیایە کەچی سوشیال دیموکرات تەنها ڕوئیاو گۆشەنیگایەکە.
4- دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2018 بۆ حیزبی کوردیی بەگشتی و یەکێتی نیشتمانی کوردستان باش ناڵێت. چونکە لە باشترین حاڵەتدا ڕێژەی بەشداری هاوڵاتیان (35٪) بوە. واتە حیزبەکان لە ( 35 ) تاقیکردنەوەیان کردوە نەک لە ( 100 ) . لەو سی و پێنجەش یەکێتی بە حیزبێکی کەوتو ئەژمارئەکرێت. چونکە بەتەنها پارتی هێندەی هەموو حیزبەکان دەنگی هێناوە… کەواتە ئەمە دۆخی ئەوە نیە بە فەیسبوک و بە دروشم و موزایەداتی حیزبی وەڵام بدرێتەوە. دۆخی کردارو پرۆژەیەکی گشتیگیریی هەمەلایەنە. تا کار نەگەیشتوە بەوەی چەند سەرکردە! و هاوڕێیەکی توڕە لە یەکێتی لەولاوە بە پیلانێکی هەرێمایەتی ناوچەی گەرمیان و سولەیمانیش بە دۆخی کەرکوک ببەن!.

سەرئەنجام:
کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان خاڵی وەرچەرخانێکی نوێیە لە مێژووی ئەو حیزبەدا، یەکێتی ئێستا لە یەکێتی دوای دروستبونی ئەچێت کە خەڵک و جەماوەرەکەی ئەیانزانی « شتێک هەر ئەکا». کەرکوک هەناوی ئابوریی و سیاسەت و بیرکردنەوە و جەماوەریی یەکێتیە، ئەگەر بە کەرەستە سیاسی و پەرلەمانی و میدیایی و ئەمنیەکەی چواردە ساڵی ڕابردوو ئاڕاستە بکرێت کوردو یەکێتی بەشێک لە جەستەی خۆیان بۆ هەتاهەتایە لەدەست ئەدەن. دروستکەرانی بڕیاری سیاسی ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەبێت دەوروبەرەکانی خۆیان ئاڕاستە بکەن و راستەوخۆ هەموو پانتاییەکان ببینن نەک دەوروبەرو پانتاییەکان و هەلومەرجەکە ئەوان ئاڕاستە بکات.
لامەرکەزییەت، بابەتێکە پێویستی بە دیراسەی ووردتر هەیە. مەرج نیە لە ساڵی 1991 یان 2004 کاک نەوشیروان یان هەرسەرکردەیەکی تر لایەنگریی لامەرکەزیی یان سەربەخۆیی ئیداریی و سیاسی ناوچەکان بوبێت ئیتر ئەوە بۆ هەموو زەمان و مەکانێک گونجاو بێت. لە دۆخێکدا کە حیزبێک ئیعلانی لامەرکەزیی کردو نەیتوانی خزمەتی ناوچەکەی خۆی بکات ، ئەوکاتە بەرپرسیارێتی وەڵامدانەوەی خەڵک و ڕای گشتی ئەکەوێتە ئەستۆ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت