زاهیر باهیر: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی ئەمەریکا بەرەو کوێ؟
ئەوەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات نە ڕوداوێکی سەرسوڕهێنەرە و نە تازەیە و نە کۆتایی ئەم جۆرە کاردانەوەیەی خەڵکیشە. حکومەتە یەك بەدوایەکەکانی ئەمریکا ناتوانن نە فێری وانە وەرگرتن لە ناڕەزاییەکانی پێشتری خەڵکەکەی ببن, نە دەشتوانن دەسگەی دەوڵەت لە پرسی رایسیزم و فاشیزم و نایەکسانی و بەتاڵەیی خەڵکەکەی و زوڵموزۆری پۆلیس و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتیی،پاکبکەنەوە.
ئەمەی کە ڕوودەدات لە ماوەی 50 تا 60 ساڵەی ڕابوردووە چەند جارێکی دیکەش ڕوویداوە، چەندجارێکیش لە لایەن دەوڵەتەوە بەڵێنی درۆ بە خەڵکی دراوە، کە گوایە جارێکی تر ئەمە ڕووناداتەوە چارەسەری بنەبڕیی، بۆ دادەنێن.
بێ گومان قسە و درۆی سیاسیی هەرگیز بروای نابێت پیبکرێت ئەمە چ جای ئەوەی کە ئەوان باس لە گۆڕانی ڕیشەیی ناکەن کە زەمینەسازیی ئەو ڕوداوانەیە. ئەوان دەیانەوێت ئەوە بە خەڵکی بگەیەنن ئەمانەی کە ڕوودەدات کاری مرۆڤێکی، دەستەیەکی، بەڕیوەبەرێکی، فرماندەرێکی خراپە، نەك دەوڵەت و حکومەتەکەی و دەستورەکەی.
زیاتر لە شەش شەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکیی لە ئەمەریکا لە زیاتر لە 15 دەڤەریدا / هەرێمیدا بەردەوامە. لە ئەمڕۆوە لە چەندەها شاردا هێزی تایبەتی و سەربازیان هێناوەتە سەر شەقامەکان بۆ سەرکوتکردن و دامرکاندنەوەی خۆپیشاندەران. ترامپ پەیتا پەیتا هەڕەشە دەکات و خۆپیشاندەران بە ” ئاژاوەچی و بەڵتەچی و تێکدەر و ئەنارکیست” ناو دەبات. بی گومان پەیامەکانی نەك هەر ناتوانێت بچوکترین کارایی ئاشتەوایی بگەیەنێت، بەڵکو خەڵکی زیاتر ڕکئەستورتر و تووڕەتر لە دەوڵەت و حکومەت دەکات. هەر لەبەر ئەمەش ژمارەی خۆپیشاندەران و بەیەکادانەکان لەگەڵ پۆلیس-دا لە زیادبووندان، ئەمەش بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوو لاو دەسگیرکردنی زیاتر لە 4500 گەرچی گرانە کە ژمارەیەکی تەواو ڕاستت دەستبکەویت بە هۆی ئەوەی کە کە لە چەندەها شاری گەورەدا خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.
ئایا کوشتنی تاکە کەسێك ئەوە دەهێنێت؟
ئەوەی کە لە ئەمەریکا روودەدات لەسەر پرسی کوژرانی تاکە کەسێك نییە. پرسەکە زۆر زۆر لەوە گەورەترە. خەڵكانی ڕەشپێست و ئیتنیکییەکان ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی ئەوێ پێکدەهێنن، ئەمەریکای ئێستا بە هاوکاری و کاری وزە پڕوکێنی باوك و دایك باپیران و نەنك و و باپیرە گەوەرە و دایەگەورەی ئەمان دروست بووە. لەگەڵ ئەوەشدا پشکی زۆری بێ کاریی، بێ خانووبەرە، هەڵوەشاندنەوەی خێزان، قەرەباڵخی نێو بەندیخانەکان، بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان، نەبووەکان، هەڵواردن و بەکارهێنانی ئاڕاستە و مەیلی ڕایسسیتانە بەرانبەریان….. بەر ئەمان دەکەوێت.
هەموو ئەمانەیە کە خەڵکی خستۆتە سەر شەقامەکان و توندووتیژی بەکاردەهێنن و بێ متمانە ببن بەرانبەر نەك هەر پۆلیس بەڵکو سەرۆکی شارەوانیەکان و هەموو بەرپرسێك تا دەگاتە سەرۆکی دەوڵەت.
خەڵکانێک کە ئەم هەموو ماوە دوورودرێژە زوڵموزۆریان لێدەکرێت ڕووبەرووی ئەوانەی سەرەوە دەبنەوە کە ناوم هێنان، و بەڵێنی درۆیان پیدەدرێت و گوێیان لێ ناگیرێت و قسەیان ناڕوات ، ئیتر جگە لە توندوتیژی دەکرێت چ ڕێگایەکی دیکە بگرنەبەر تاکو وەکو هاووڵاتییەکی سپیی ئەمەریکی تەماشایان بکرێت؟ داخوازییەکانی ئەمان نە گۆڕینی سیستەم بووە و نە گۆڕینی حکومەت، بەڵکو باشکردنی ژیانیان بووە لە هەموو بوارەکاندا، داخوازییەك بووە کە هەر هیچ نەبێت وەکو هاووڵاتیەکی سپی پێست تەماشایان بکرێت.
کە ئەمانە هیچی نەکرێت ، هەڵبژاران هیچ نەگۆڕێت ، کەڵەکەی زیاتری سەرمایە و بوونە بەهێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتی چیهانی ، خێرێکی بۆ ئەمان تیادا نەبێت .. ئایە بێ لە گرتنەبەری توندوتیژی تاکو ئاوڕیان لێبدرێتەوە لای ئەوان، ڕیگا چارەیەکی دیکە هەیە؟
ئەم هاوپشتیی و خەمخۆرییە بۆچی بۆ کورد ناکرێت، ئەی کورد مرۆڤ نییە؟
دوێنێ ڕۆژی یەکشەمە، 31/05، لە هەندێك وڵاتی وەکو بریتانیا، ئەڵمانیا، دانیمارك خەڵکێکی زۆر هاتنە سەر شەقام و بەردەم سەفارەتی ئەمەریکی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان بەرانبەر بە دەوڵەتی ئەمریکی.
بۆچی بۆ کورد ناکرێت ؟
دەبیت لە یەك شت تێبگەین ئەویش زۆر جار کە خەڵکی دێتە سەر شەقام پەیوەندی بە ڕەوایی و ناڕەوایی پرسسەکەوە نییە [ دیارە پرسی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا پرسێکی یەکجار رەوایە ] بەڵکو زۆر جار میدیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت و دەیانجوڵێنێت.
هەر میدیایە ڕووداوەکان بە باش و خراپ بڵاو دەکاتەوە ، هەر میدیایە کە رەوایەتی ناڕەوایەتیی بە کەیسەکان دەدات. میدیاش میدیای ڕژیمە و ئیدی لە ئەمەریکا یا ئەوروپا ، هەر وڵاتێکی دیکە بێت هەتا بە وڵاتانی عەرەبیشەوە، کە زیاتر پشگیریی جۆرە پرسێك دەکەن کە لە بەرژەوەندی دەوڵەتەکان و سیستەمەکە بێت.
دەوڵەتی تورکیا کە ئەو پەڕی دووژمنایەتی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان دەکات و هاوکات خۆشی ئەندامی ناتۆیە و دۆستی دەوڵەتانە ، لەم لاشەوە پەکەکە و یەپەگە و یەپەژە بە هێز و زەبری میدیا کراونەتە تیرۆریست، حکومەتی تورکیش بە دیمۆکراتیی ، ناکرێت لێرەدا میدیا پرسی کورد یاخود ئەو هەمو کارەساتەی کە بەسەر کوردستانەکانا هاتووە بە ڕەوا نیشان بدات و بە سۆزەوە باسی بکات. هەر لەبەر ئەمە، یا هەر باسی ناکات و دەیشارێتەوە ، یاخود زۆر بە کەمی ، یا کە باسی دەکات دەیشێوێنێت. لەبەر ئەم هۆکارە پرسی ئێمەی کورد کش و ماتە ، هەر ئەمەشە کە لە ئەوروپادا ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە بۆ ئێمە ناکرێت.
با ئەوەش بڵیم کە ئێمە خۆشمان لە ئەوروپا و وڵاتانی دەرەوە نەك هەر پشتگیری خەڵکی وڵاتەکانی کە لێی دەژین لەو کێشانەی کە هەیە و بەشی زۆریشی خۆمان دەگرێتەوە، بەڵکو پشتگیری پرسەکەی خۆشمان ناکەین.
ئەمەی کە لە ئەمەریکا ڕوودەدات و میدیای ئەوروپی زۆر بە گەرمی باسی دەکەن و پیشانی دەدەن ، ئەمانە بە پلانە چونکە سەرمایەدارانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە دەیانەویت ترامپ ئاوا تڕۆ بیت گەر لە ێستادا دەست لەکار نەکێشێتەوە دڵنیایی ئەوە بکەن کە لە مانگی نۆڤەمبەردا هەڵنەبژێرریتەوە . ئەمان دەزانن ترامپ بەو سیاسەتانەی کە بەڕێیدەکات زەربەیەکی گەورە لە سەرمایەداران و سیستەمەکە دەدات وەکو ئەمەی کە ئێستا ڕوودەدات لە ئەمەریکا.
ئەمەریکا بەرەو کوێ؟
وەکو وتم ئەمەی کە روودەدات نە جاری یەکەمە و نە دواجاریش دەبیت، هاوکاتیش ئەم خەڵکە نە ڕوخانی دەولەتی دەوێت و نە تێشکانی سیستەمەکە. لە بە ئومێدترین حاڵەتدا لابردنی ترامپە ، کە ئەمەش کەمتر چاوەڕواندەکریت.
ئەمەریکا و سیستەمەکەی بەمە ناڕوخیت، ڕەنگە دەمووجاوەکان بگۆڕێن بەڵام خودی سیستەمەکە هەر لەوێ دەمێنتەوە. سستەمی سەرمایەداریی کە ئەمەریکا لە سەری سەری هەڕمەکەیدایە پێکهاتەیەکی هەرەمیی ئابووری و سیاسی و کوڵتوری و فەرهەنگی و پەروەدەیی و بازاڕییە [ مارکێت] . بەشە سیاسییەکەی کە حکومەتە و خەڵکی دەیەوێت بیرۆخێت ، هەرە بەشە لاوازەکەی سەرمایەدارییە ، بۆیە بە ڕوخانی حکومەتێك هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، چونکە قەوارە ئابورییەکە و ئەوانەی دیکەی کە ناوم هێنان ساخ و سەلامەتن، هەیکەلەکە وەکو خۆی ماوەتەوە تەنها ڕیزێك دوو ڕیزی لێڕوخاوە ، دروستکردنەوە ئەوەش ئاسانە.
خەڵکی گەر خۆی ڕێکنەخات لە ڕێکخراوە جەماوەرییە ئاسۆییەکانا، گروپە ئاسۆییە ڕادیکالەکان لەسەرکار و لە گەڕەک و لە شەقامەکان و لە زانگۆکاناو هەوڵی گۆڕینی بنەرەتی لە بنەوەی کۆمەڵ و بە پەلکێشان بۆئەو لایەنانەی کەو وتم ، گەر ئەمانە نەکرێت گۆرانکاری بنەڕەتی بەدیناهێنرێت.
لەگەڵ وتنی ئەوانەشدا ، مانای ئەوە نییە کە دەبیت ناڕەزایی خەڵکی لە پێناوی داخوازییە ڕەواکانیانا ڕەتبکرێنەوە، بە پێچەوانەوە هاوکاری و هاوپشتی و کۆمەكپێکردنیان کار و ئەرکی هەموو کەسێکی چەپ و سۆشیالیست وکۆمۆنیست و نقابیی و ئەنارکیستەکانە.
من دڵنیام ئەو خۆپیشاندانانە کە ڕوودەدات زۆر شت دەگۆڕێت نەك هەر بە فشاری خۆپیشاندەران، بەڵکو بە فشاری بزنس و بریتانیاش بۆیە هەندێك شت کە ڕوویانداوە تا ئێستا ، رەنگە جارێکی دیکە روونەدەنەوە. ئەم خۆپیشاندانانە ، دەرسی خۆی نەك هەر بە دەوڵەتی ئەمەریکا دەدا، بەڵکو بە بریتانیا و وڵاتانی دیکەش. پێیان دەڵێت چی تر ژیان ئاوا ناڕوات و خەڵکی گۆرانکاری لە زۆر بواری ژیانیا دەوێت.