بورهان شێخ ڕەئوف: ئەمریکاو چین لە لێوارى جەنگێکى ساردا.
واشنتۆن و پەکین لە سەر لێوارى جەنگێکى ساردن بەماناى وشە، ئەمە مانشێت و سەردێڕى میدیاو ڕۆژنامەکان نیە، شرۆڤەى شرۆڤەکاران نیە، ئەمە وتەى وەزیرى دەرەوەى چینە ( وانگ یى ) لەمەڕ دوا لێدوان و تۆمەتبارکردنى یەکدى لە نێوان چین و ئەمریکا سەبارەت بە سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
وەزیرى دەرەوەى چین زیاتر مەترسى ئاڵۆزبوونى پەیوەندییەکانى نێوان وڵاتەکەى و ئەمریکاى ئاشکرا کرد، وتى ئەمریکا تووشى ڤایرۆسێکى سیاسى بووە کە بەردەوام هانى کاربەدەستەکانى دەدات پەلامارى چین بدەن، ئامادەیی وڵاتەکە پیشاندا بۆ هەر هەوڵێکى نێو دەوڵەتى بۆ دیاریکردنى سەرچاوەى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا ( کۆڤید 19 ) بەمەرجێک دوور بێت لە دەستێوەردانى سیاسى.
هەر لە میانى هەمان بابەتدا وەزیرەکەى چین وتى هەموو درۆو دەلەسەکانى ئەمریکا ى بە وردو درشتیەوە ڕەتدەکەمەو، وتى هەندێک ناوەندى بڕیار ى سیاسى لە ئەمریکا هەن دەخوازن پەیوەندییەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە وەکو بارمتە دابنێن و بە ئاڕاستەى شەڕى ساردى بەرن و ناکۆکى و ململانێ کۆن و کەڵەکە بووەکانى نێوانمان سەبارەت بە بازرگانى و کۆمپانیاى هواوى و بارودۆخى هۆنگ کۆنگ ماناو ئاڕاستەى ترى بدەنێ بەتایبەتى دواى سەرهەڵدانى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
ڕاستە پێشکەوتنى چین لە هەموو بوارەکانى بازرگانى و گەشەکرد ن و فراوان بوونى پەیوەندییەکانى لە سەر ئاستى جیهان و ئەوەى کە چین پەلامارى هیچ وڵات و گەلێکى نەداوە لە مێژووى نزیکیدا، سەرەڕاى زۆرى ژمارەى دانیشتووانەکەى کە سەروى 1،4 ملیارکەسە هەموو ئەوانە وایان کردووە کە ببێتە هێزێکى خۆشەویست و دۆست بە زۆرێک لە گەلانى جیهان، لە بەرامبەردا ئەم پێشووەچوونە گەورانەى چین مەترسى و دڵڕاوەکێ ى گەورەى لاى ئەمریکیەکان خووڵقاندووە، ئەوەى لە ڤایرۆسى کۆرۆنا مەترسیدارتر و مەزنترە بۆ ئەمریکا ناوى چینە ئەو عملاقەى کە کاتى خۆى ناپلیۆن بۆنابۆرت وتى لێ ى گەڕێن با هەر بخەوێت چین ئەگەر ڕابێت جیهان داگیر دەکات!
مەترسى ئەمریکا لە چین
سەرچاوەى مەترسیە گەورەکەى ئەمریکا لە چین لە ڕاستیدا ڤایرۆسەکەو ئەو کاریگەرییە نیگەتیفانەى نیە لە سەر ئابورى ئەمریکا بە جێ ى هێشت، بەقەد ئەوە ئالنگارییە گەورەیەى کە چین بۆ دۆلارى ئەمریکا کە دراوى نیشتمانییانەو بڕبڕەى پشتى سیستمە ئابووریەکەیەتى، حەفتاو پێنج ساڵە بێ ڕکابەر کۆنترۆڵى هەموو ئاڵوگۆڕى دراوو بۆرسەکانى جیهانى کردووە، لە ئێستادا چین لە زۆر ڕێگەو پێگەوە کۆسپ و ئاڵتەرنەتیفى بۆ دروست دەکات بەمەبەستى کۆتایى هێنان بە هەژموونى دۆلار لە نزیکترین کاتدا.
ڕاستە تا ئێستا لە ئەمریکا کۆرۆنا 1.6 ملیۆن کەس تووش بووە و 100 هەزار کەسى کووشتووە و ئەم ژمارانەش قابیلن بۆ هەڵکشان ئەگەر سەرۆک ترەمپ کرنتین کەم بکاتەوە یان ڕێکارەکان هەڵبگرێت، بەڵام هەڕەشەى گەورەتر بۆ ئەمریکا لە چینەوە پارەو دراوە تازەکەى چینە ( یوان ى دیجیتاڵى ) کە هاتۆتە گۆڕێ و تا ئێستا لە چوار هەرێمى چین کارى ئاڵوگۆڕى پێ دەکرێت لە دواى پێنج ساڵ لە توێژینەوەو پێشخستن.
ئێستا پلانەکەیان سازو ئامادەیە بۆ ئەوەى ببێتە درواێکى یەدەکى جیهانى وەکو دۆلار ئەگەر بەهێزتریش نەبێت.
گرنگى دراوە کەى چین
گرنگى و بە هێزى دراوە دیجیتاڵیە تازەکەى چین ( RMB دیجیتاڵ ) لە دوو خاڵى گرنگە:
1. شکستهێنانى هەر سزاو ئابڵووقەیەک کە ئەمریکا دژ بە چین پیادەى بکات لە داهاتوودا.
2. بەخشینى هێزو توانایەکى جیوسیاسى گەورە بە چین.
کە ئەمەش ئاسانکارى گەورە بۆ کۆمپانیا چینیەکانى وەکو تنست و على بابا دەکات کە لە ئەفریقیاو ئەمریکاى لاتین بەبەربڵاوى کاردەکەن کە دەتوانن لە سەر مۆبایلە زیرەکەکانەوە قەبەترین ئاڵوگۆڕى دراو و بازرگانى بکەن کە لە ساڵى 2018 دا تەنها بایى 41.5 تریلیۆن دۆلار بووە.
هەر لە ئێستاشدا ئابوورى چین یەکەم وڵاتە کە بووژاوەتەوەو لە سەردەمى کۆرۆنادا هەرئێستا 177 کەشتى نەوتى گەورە بەرەو بەندەرەکانى چین دەڕۆن بۆ ئەوەى بارەکانیان بەتاڵ بکەن، جگە لە نیگەرانى ئەوروپیەکان لەسەر کڕینى بەش و سەهمى کۆمپانیا ئەوروپیەکان لە لایەن چینیەکانەوە بە نرخێکى هەرزان بە هۆى کۆرۆناوە ، تەنانەت ئابوریناسێکى ئەوروپا هۆشدارى دا لەوەى کە چین نیوەى جیهان دەکڕێت بە بێ دەنگى و دوور لە هەر هەڵایەک.