زاهیر باهیر: ئەوەی کە چالاکی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژێکدا دەیکات جۆری خەباتەکانی دیکە لە 10 ساڵدا نایکەن.
بزوتنەوەیBlack Lives Matter کە لە دوای کوشتنی جۆرج فلۆید لە ئەمەریکا، دەستیپێکرد ئەوە بۆ 3 هەفتەیە بەردەوامە. ئەم بزوتنەوەیە گەر گۆڕانکاری گەورەش نەکات, بەڵام توانی بزوتنەوەکانی خەڵکی لە گەلێك وڵاتا ببوژێنێتەوە، کە لە ڕاستیدا ئەمە هەر بیانویەك نەبوو لە هاوپشتی و کۆمەك بۆ بزوتنەوەکەی ئەمەریکا. بەڵکو هانی خەڵکی دا کە لە زۆر وڵاتا بڕژێنە سەرشەقامەکان دژ بە دەسەڵات و دەوڵەت، دژ بە نادادپەروەری کۆمەڵایەتیی، نایەکسانیی، نەبوونی ئازادیی، دژ بە هەڵاواردن، فاشییەت و ڕایسیسزم، بێ کاریی، جەنگ ، سیاسەتی دەستگرتنەوە[ تەقەشوف]، گرانبوونی هەموو شتێك، کەرەنەتینەکردنی هەموو خەڵك … دژ بەمانەو زۆری تر لەمانەیە.
لە بریتانیا کە تا دوێنێش خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەردەوامبون و لەوە دەکات هەر بەردەوامبێت گەیشتە قۆناخێکی نوێترەوە کە قۆناخی بەکارهێنانی خەباتی یاخود چالاکی ڕاستەوخۆیە.
دەیەها ساڵ زیاترە چەپ و حیزبە چەپەکان لە ڕێگای کەمپەینی واژۆو و چەڵتە چەڵتی نێو هۆڵی پەڕلەمان و دیمانەکردن و نوسینی سەدەها وتار دژ بە ڕایسیسزم و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە و زۆر پرسی تر کرا، بەڵام نەیانتوانی تاکە هەناگاوێك پرسەکە بەرنە پێشەوە، تاکە پەیکەرێکی کەسانی جەنگخواز و تاوانبار و کەسانی ڕایسست و بازرگانانی کۆیلە و کۆیلایەتی، پەیکەری جێنڕاڵە بەرژەوەندخوازەکانی جەنگ، سمبولەکانی کۆڵۆنیالیزم داگرنەخوارەوە… نەیانتوانی تاکە پەیکەرێکی دەغەڵی سمبولیی ئەوەی کە مرۆڤایەتیی قێزی لیدەکاتەو لابەرن.
ئێستا لە بریتانیا لە ماوەی تەنها 2 ڕۆژدا چالاکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگای سەدەها هەزاران کەسەوە کە بەشی هەرە زۆریان لاوان و گەنجانن کە تەمەنیان لە خوار سی ساڵەوەیە ئەو کارانەی کە دەبوایە دەوڵەت لە دوای ساڵی 50 کانی چەرخی ڕابوردووە بیکردایە، ئێستا کەوتە سەرشانی ئەم گەنجانە.
دەوڵەت و پۆلیس و سیاسییەکان، کە هەر لەو کاتەوە باس لە سیاسەتی بەیەکەوە ژیان و دژ بە ڕایسیسزم و دانی هەلی کارکردن و خۆێندن و خانووبەرە چارەسەری تەندروستیی و ژیان .. بۆ هەموو کەس، لەژێر ناوی “ڕەخساندنی هەل بۆ هەموو کەسێك بێ هیچ جۆرە جیاوازیەك ” دەکەن، کەچی هێشتا زۆر یا کەم کۆمەڵ وەکو خۆیەتی. لەگەڵ هەموو ئەوانەی کە باسم کردن و لەپاڵ ئەو هەموو خولی هەڵبژاردن وهاتنی چەپ و ڕاست ولیبراڵ بۆ سەر کورسی دەسەڵات کەچی هێشتا هەموو ئەو پرسانەی کە ناوم هێنان یا هەر وەکو خۆی بەرەوڕوومان وەستاون یاخود زۆر بە کەمی گۆڕانکارییان تێدا کراوە.
لە ئێستادا بزوتنەوە Black Lives Matter لە بریتانیا گەیشتۆتە ئاستی پاکتاوکردن و ڕاماڵینی پەیکەرەکانی کە بووبوونە ڕەمزی سەربەرزی بریتانیا و مێژوی کۆڵۆنیالیزم سوکایەتیکردن بە خەڵکانی ڕەشپێست و ڕەنگجیاوازی تر و خەڵکای ئیتنیکی.
ئەم پێشەوەچوونەش ڕۆژی یەکشەمە لە شاری برستڵ بە هێنانەخوارەوەی پەیکەری Edward Colston دەستیپێکرد کە لە چەرخی هەژدەدا بازرگانی بە هێنانی 100 هەزار پێستڕەش لە ئەریقا و کاریبیانەوە، کردووە، کە نزیکە 14 هەزاریان منداڵ و ژن بوون کە چەند هەزارێکیان ەکە لە ڕێگا تەحەمولی ناو پاپۆڕی گواستنەوەیان لە دەریادا نەکردووە گیانیان لەدەستداوە و لاشەکانیان بوون بە خۆرراکی ماسی و گیانلەبەری ئاویی. پاش ڕاکێشانی پەیکەرەکە بۆ قەراخی ئەو ڕوبارەی کە لە برستڵ دا هەیە و خستیانە ناو ئاوەکە هەر وەکو چۆن ئەو خەڵکانەی کە بە کۆیلەیی دەگوازرانەوە و تەحەمولیان نەدەکرد بە مردوویی و نیوە مردوی خرانە ناو دەریاوە.
دوێنێ ، رۆژی 3شەمە، 09/06 خۆپیشاندانەکان لە زۆر شاری بریتانی دەستیپێکرد. لە هەر شارێك مشتیان لە یەكێك لەو پەیکەرانە گرت کە زانراوە بازرگانێتییان بە کۆیلەوە کردوە یاخود ڕۆڵێکیان هەبووە. یەکێك لەم پەیکەرانە کە لە شارەوانی تاوەرهاملێت بوو لە ڕؤژهەڵاتی لەندەن بەناوی Robert Milligan ، خۆپیشاندەران ویستیان بیهێننە خوارەوە، لە کاتێکدا کە لە ساڵی 2010 وە خەڵکی واژۆ بۆ لابردنی و هاتوچۆی پەڕلەمانتار و دیمانەی میدیای بۆ دەکەن بەڵام هیچ نەکرا . دوێنێ کە خەڵکی بەخۆی بڕیاری خۆیدا کە بیڕوخێنێت ئەو پەیکەرە قێزەوەندە کە ڕەمز بوو بۆ دەسەڵات و دەوڵەتی بریتانی بیهێننە خوارەوە. بەڵام بۆ ئەوەی دەوڵەت و سیاسییەکان و پۆلیس لەوە زیاتر ڕسوا نەبن و بەیاکدانیش لە نیوانی پۆلیس و خۆپیشاندەرانا دروست نەبێت و کە دەبووە خۆپیشاندانی سەرومڕ شارەوانی خۆیان بڕیاریان دا کە بە” حورمەتەوە” پەیکەرەکەبهێننە خوارەوە.
لە شاری ئێدنبرەی سکۆتەلەندە و شاری ئۆکسفۆرد کە چەندەها لەو پەیکەرانەی لێیە ئێستا دەسەڵات بە تەمایە بە ” حورمەتەوە” لایان بدات. لە زانکۆی ئۆکسفۆردی شاری ئۆکسبفۆرد کە دوێنی زیاتر لە چەند هەزار خۆپیشاندەرێك بۆ هەمان مەبەست کۆبونەوە و دەیانویست کە چەند پەیکەرێکی لێیە بە تایبەت پەیکەری Cecil Rhodes. کە دەستی هەبووە لە بازرگانی کۆیلایەتییدا ، بهێننە خوارەوە، بەڵام پۆلیس ڕێگای نەدا و ئەوانیش ئێستا بانگەشەی خۆپیشاندانێکی چڕو پڕیان بۆ ڕۆژی هەینی 12/06 کردووە کە گەر تا ئەو کاتە زانکۆی ئۆکسفۆرد و شارەوانی ئۆکسفۆرد پەیکەرەکە لانەدەن ئەوان بیهێننە خواروە.
ئەمانەی کە دەکرێ هەمووی هەنگاوی شۆڕشگێڕانەیە بە هۆکاری پرسنەکردن و مۆڵەت وەرنەگرتن لە پۆلیس، موجازەفە بە ژیانی خۆیان لەکاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، بەکارهێنانی چالاکی ڕاستەوخۆ، ڕماندنی ی سومبلەکانی کە جێگای شانازی دەسەڵات و دەوڵەت و چینی سەروەر و باڵادەست و دەستەبژێرن. ئەمە جگە لەوەی لە ئەمڕۆوە داخوازی خەڵکی زیاتربووە لەوانە داوا دەکرێت کە پرۆگرامی خۆیندن و پەروەرردە لە زانکۆکانا بگوۆڕێن و ڕەنگدانەوەی قۆناخی ئێستای ژیانی خەڵکی بێت نەك سەردەمی کۆیلایەتیی و مێژوی هێز و باڵایی ئیمپریالیزمی بریتانیی. هەروەها ئەو شوێنانەی یا ئەو هۆڵانەی کە بە ناوی ئەم تاوانبارانەوە ناوبراون تەنانەت ناوی شەقامەکانیش، ئەمانە هەمووی دەبێت بگۆڕێن.
ئەمانە هەمووی لە ئێستادا هەنگاوی شۆڕشگێڕانەن هاوکاتیش دڵنیامان لە تەکانێك لە پێشەوەچوونی بزوتنەوەی خەڵکی، دەکەنەوە، کە زەحمەتە گەڕانەوەی بۆ هەبێت.